چوارچێوەی هەماهەنگی: بەبێ سازانی سیاسی ئامادەی دانیشتنی‌ پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار نابین
  2022-03-19       616       

په‌رله‌مانتارێكی‌ چوارچێوەی هەماهەنگی  شیعەکان ده‌ڵێت، بەبێ گەیشتنە سازانێکی سیاسی‌و لێکتێگەیشتن لەنێوان هاوپەیمانی سێ قۆڵی‌و چوارچێوەی هەماهەنگیدا، ئەوان ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار نابن. هاوكات به‌بۆچونی‌ په‌رله‌مانتارێكی‌ دیكه‌ی‌ چوارچێوه‌ی‌ ناوبراو، شکستی پەرلەمان لەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، هانی دادگای فیدڕاڵی دەدات بۆ دەرکردنی بڕیارێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و پێکهێنانی حکومەتی کاتی تا بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی نوێ.

ئاوێنه‌: عارف حەمامی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراکسیۆنی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ شەممە بەمیدیا عێراقییەکانی راگەیاندووه‌، لەدانیشتنی داهاتوی پەرلەماندا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەبێ سازانی سیاسی لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی‌و رەوتی سەدر، ئەوان ئامادەی دانیشتنەکە نابن.

وتیشی‌، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پەیوستە بەگەیشتن بەرێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هەموو لایەنەکانەوە،  هیچ کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار جا هی پارتی بێت یان یەکێتی، بەبێ رێککەوتن لەگەڵ سەرجەم هێزە شیعییەکاندا تێناپەڕینرێت.

بڕیاره‌ ڕۆژی شەممەی‌ داهاتو 26 ئازار، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی‌ عێراق بۆ بەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار به‌ڕێوه‌بچێت.

عارف حەمامی باسی لەوەشکردووه‌، لەئێستادا کات لەبەردەمیادا کەمبووەتەوەو پێویستە پەرلەمانیش سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت، ئەمەش وایکردووە پەلە بکرێت لەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو هەر دواخستنێک لەبەرژەوەندی عێراق نییە.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌، ئەحمەد موسەوی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی ده‌ڵێت، شکستی پەرلەمان لەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، هانی دادگای فیدڕاڵی دەدات دەستوەردان بکات بۆ راگرتنی پێشێلکاری دەستوریی، ئەویش لەرێگەی دەرکردنی بڕیارێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و پێکهێنانی حکومەتی کاتی تا بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی نوێ.

به‌وته‌ی‌ ئه‌و، ناکرێت دۆخی سیاسی عێراق بەمشێوەیە بمێنێتەوەو هەمو کاتە دەستورییەکان پێشێل بکرێن بەهۆی ئەوەی ناکۆکی سیاسی هەیە.

موسه‌وی‌ پێشبینی‌ ده‌كات كه‌ ئەگەر ناکۆکییەکان بەردەوام بن، دادگای فیدڕاڵی لەم پرسەدا رۆڵی یەکلاییکەرەوە ببینێت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش بژاردەیەکی جددییە.

تائێستا پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ له‌سه‌ر كاندیدێكی‌ هاوبه‌ش بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق ڕێكنه‌كه‌وتون، یه‌كێتی‌ به‌رهه‌م ساڵحی‌ بۆ خولێكی‌ دیكه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمار كاندید كردۆته‌وه‌و پارتی‌-یش ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كاندید كردووه‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ پۆسته‌كه‌.

هاوكات ئاسۆ فەرەیدون، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق ده‌ڵێت، "بێ رێککەوتنی سیاسی لەنێوان شیعەو کورد، دانیشتنی رۆژی 26ی 3 ناکرێت‌و سەرۆک کۆماری عێراقیش هەڵنابژێردرێت".
 
بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، پێویستە دو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان کە دەکاتە 220 ئەندام لەدانیشتنەکەدا ئامادەبن. 
 
ئاسۆ فەرەیدون پێیوایە "بێ رێککەوتن، رێژەی یاسایی تەواو نابێت، لەوانەش بێ رێککەوتن لەنێوان یەکێتی و پارتی و لەوە گەورەتریش لەنێوان هەموو لایەنەکانی شیعەدا، واتە سەرۆک کۆماری لە 26ی 3 بێ رێککەوتن هەڵنابژێردرێت".

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×