حوسییەكان هێرشیان كردە سەر سعودییە
  2022-03-21       596       

حوسییەكانی یەمەن كۆمەڵێك فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و موشەكیان ئاڕاستەی دامەزراوە سەرەكییەكانی وزەی سعودیە كرد، لە یەكێك لەو شوێنانەدا ئاگركەوتەوە و لە شوێنێكی دیكەدا بۆ ماوەیەكی كاتی بەرهەمهێنانی نەوتی ڕاگرت.

ئاوێنه‌: ئەم هێرشەی حوسییەكانی یەمەن بۆ سەر سعودیە ئاماژەیە لەسەر زیاتربوونی هێرشەكانی حوسییەكان بۆ سەر سعودیە لەكاتێكدا كە جەنگی یەمەن دەچێتە هەشتەیەمین ساڵییەوەو گفتوگۆكانی ئاشتی ڕاگیراون.

هاوپەیمانێتی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیە كە دژی حوسییەكانی یەمەن دەجەنگن و پشتیوانی لە حكومەتی یەمەن دەكەن، وتی: هێرشەكان هیچ زیانێكی گیانیان لێنەكەوتۆتەوە، بەڵام لە كۆمەڵێك شوێنیانداوە كە سەر بە یەكێك لە گرنگترین كۆمپانیاكانی وزەی جیهانەو زیانی بە خانوو و ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانی مەدەنی گەیاندووە.

هاوپەیمانێتیەكە وتیشی: لە دوورەوە بەلەمێكیان تێكشكاندووە كە پڕبووە لە تەقەمەنی و لەلایەن حوسییەكانەوە ڕەوانەی باشووری دەریای سوور كراوە.

چەند كاتژمێرێك دوای ئەوەی بەڕێوبەری كۆمپانیای زەبەلاحی نەوتی ئارامكۆی سعودیە (ئەمین ناسر) بە ڕۆژنامەنووسانی وت هێرشەكان هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت نەبووە، وەزارەتی وزەی سعودیە دانی بەوەدانا كە یەكێك لە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان زیانی گەیاندووە بە كۆمپانیای پاڵاوگەی یانبو ئارامكۆ سینۆپیك و بۆتە هۆی ئەوەی بۆ ماوەیەكی كاتی بەرهەمهێنانی نەوت لە پاڵاوگەكەدا كەم ببێتەوە.

دواتر هێرشێكی دیكەی ئاسمانی تانكێكی بەنزینی لە وێستگەی دابەشكردنی ئارامكۆ لە شاری جەددە كردە ئامانج و ئاگرێك كەوتەوە.

ئەم هێرشانە تیشك دەخەنە سەر فراوانبوون و وردی تواناكانی حوسییەكان بۆ لێدانی ئامانجە سعودییەكان، هەروەها تیشك دەخاتە سەر ئەو بۆشاییەی كە لە بەرگرییە ئاسمانییەكانی سعودیەدا هەیە، لە ساڵی 2019 دا لە هێرشێكی ئاسمانی ئاڵۆزدا بۆ سەر دامەزراوەكانی ئارامكۆ نزیكەی نیوەی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودییەی ڕاگرت، دواتر ئەمەریكا و سعودیە وتیان هێرشەكە لە ئێرانەوە ئەنجامدراوە.

وتەبێژی حوسییەكانی یەمەن كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەكرێت (یەحیا ساری) وتی : حوسییەكان ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوان و گەورەی سەربازییان ئەنجامداوە، ئەوەش وەكو تۆڵەیەك لە دوژمنكارییەكانی هاوپەیمانێتیەكەی سعودیەو گەمارۆكانیان كە بوونەتە هۆی كەوتنەوەی قەیرانێكی گەورە لە یەمەندا.

لە ساڵی 2014 دا جەنگی یەمەن دەستیپێكرد، ئەوەش دوای ئەوەی حوسییەكان سەنعای پایتەختی وڵاتەكەیان گرت، سعودیەو هاوپەیمانەكانیشی وەكو پشتیوانییەك لە حكومەتی یەمەن هەڵمەتێكی ئاسمانی ڕووخێنەرییان دژی حوسییەكان دەستپێكردو تاوەكو ئێستا ئەو جەنگە بەردەوامە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×