بایدن: سوپای روسیا لەئۆکراینا لەباردۆخێکی خراپدایە
  2022-03-22       448       


جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، روسیا لەئۆکراینا موشەکی هایپەرسۆنیکی بەکارهێناوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە سوپای روسیا لەبارودۆخێکی خراپدایە. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرایناش ده‌ڵێت، پێویستە ئەو پرسانەی کە لەگەڵ مۆسكۆ دانوستانی لەسەر دەکرێت، لەئۆکراینا بخرێنە ریفراندۆمەوە.

ئاوێنه‌: جۆ بایدن بەمەبەستی هەنگاونانی پێویست لەجەنگی روسیا - ئۆکراینا لەکۆشکی سپی لەگەڵ زیاتر لە ٢٣٨ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەمریکی کۆبووەوە.

بایدن سوپاسی بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری کرد لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستانەی دژی رووسیا نواندوویانەو وتی، "ڤلادیمیر پوتین هەرگیز پێشبینی ئەوەی نەکردبو وڵاتانی ئەندام لەناتۆ بەو شێوەیە یەكگرتو هاودەنگ بن. لەئێستادا وڵاتانی ناتۆ لەوپەڕی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیدان، تاکە هۆکاری ئەمەش پوتین-ە".

بایدن ئەوەیشی خستەڕو کە وڵاتی ئۆقیانووسی گەورەش (هیندستان، ژاپۆن، ئوسترالیا) دژی رووسیا هاودەنگن.

بایدن جەختی لەوە کردەوە، کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەروسیا بەهەڵپەساردنی چالاکی و کارەکانیان گورزێکی گەورەیان بەئابوریی روسیا گەیاندووە، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەمریکا لەماوەی ساڵی رابردوەوە تا ئێستا جگە لە هاوکاری ئابووری بە بەهای دوو ملیار دۆلار هاوکاریی بەرگری پێشکەشی‌ ئۆکراینا کردووە.

جۆ بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە سوپای ئۆکراینا بەتێکشکاندنی تانک و هەلیکۆپتەرەکانی سوپای روسیا گورزێکی "کوشندە"ی لەروسیا وەشاندووە، وتیشی، "هەر وەکو ئاگادارن هەفتەی رابردوو رووسیا لەئۆکراینا مووشەکی هایپەرسۆنیکی بەکارهێنا. ئەمە دوا کارت بوو کە رووسیا توانی دژی ئۆکراینا بەکاری بهێنێت.

هۆکاری بەکارهێنانی ئەو جۆرە مووشەکە لەلایەن روسیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سوپا لەبارودۆخێکی خراپدایە. پوتین بەرلە دەستپێکردنی جەنگ، بەو رادەیە پێشبینی یەکریزی و بەهێزی سوپای ئۆکراینا و هەماهەنگی وڵاتانی ناتۆی نەکردبوو".

بایدن بانگەشەکانی روسیای لەبارەی ئەوەی "ئەمریکا لەئۆکراینا تاقیگەی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی هەیە" رەتکردەوە و هۆشداریدا لەوەی ئامانجی روسیا لەو جۆرە بانگەشانە ئەوەیە چەکی لەو جۆرە لەئۆکراینا تاقی بکاتەوە.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌، سەرۆکی ئۆکراینا لەلێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، ھەرچەندە وڵاتەکەی ئەندامی ناتۆ نییە، بەڵام وڵاتانی ھاوپەیمان ئامادەن پشتیوانی لەمەرجەکانی بەئەندامبوونی ئۆکراینا لەناتۆدا بکەن.

وتیشی‌، پێویستە ئەو پرسانەی کە لەگەڵ روسیا ئەگەری دانوستانیان لەسەر ھەیە، بە پرسەکانی گەرەنتی ئەمنییەوە، بخرێتە ریفراندۆمەوە لە ئۆکراینا.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئه‌وه‌شی‌ وت، "ھەروەکو بە تیمی دانوستکارم راگەیاندووە، ئێوە لە کاتێکدا کە باسی ئەو ھەموو گۆڕانکارییە دەکەن کە لەوانەیە مێژوویی بن، ناتوانین ھیچ شتێک بکەین، دەبێ بەرەو ریفراندۆم بچین. گەل بڕیار لەسەر شێوازی دانوستان دەدات".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×