لەدوای هێرشەكەی سەر هەولێر، ئەمریكا سزای نوێی بەسەر كەسێك و چەند دامەزراوەیەكی ئێرانیدا سەپاند
  2022-03-30       592       

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سەپاندنی سزای بەسەر كەسێك و چەند دامەزراوەیەكی ئێرانیدا راگەیاند كە پەیوەندییان بە بەرنامە موشەكییەكەی تارانەوە هەیە، ئەوەش لەدوای هێرشە موشەكییەكەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێرو هێرشە موشەكییەكەی حوسییەكان بۆ سەر دامەزراوەی ئارامكۆ لە سعودیە لەم مانگەدا.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە لە هەنگاوێكی نوێیدا، سزای بەسەر كەسێكدا لە ئێران بەناوی محەمەد عەلی حسێنی و تۆڕێك لە كۆمپانیاكانی ئەو كەسەدا سەپاندوە كە كەرەستەی بۆ پەرەپێدانی بەرنامە موشەكییە بالیستییەكەی سوپای پاسداران دابینكردوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، سزا نوێكان یەكەیەكی سوپای پاسداران كە بەرپرسیارێتی پەرەپێدانی بەرنامەی موشەكە بالیستییەكانی ئێران و هەروەها دامەزراوەی كیمیایی "پارچین"ی ئەو وڵاتە، لەخۆدەگرێت..

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەم هەنگاوەی وەزارەتەكەیان لەدوای هێرشە موشەكییەكەی سوپای پاسداران لە 13ی ئەم مانگەدا بۆ سەر هەولێرو هەروەها هێرشە موشەكییەكەی حوسییەكان لە 25ی ئەم مانگەدا بۆ سەر دامەزراوەكانی ئارامكۆ دێت لە سعودیە.

هەروەها وتوشیەتی، پەرەپێدان و فراوانكردنی موشەكە بالیستییەكانی ئێران "هێشتا هەڕەشەی جدییە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی."

برایان نیڵسۆن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا بۆ كاروباری تیرۆرو زانیاریی دارایی وتویەتی: ئەم هەنگاوە پابەندیی ئەمریكایە بۆ رێگەگرتن لە پەرەپێدان و سودوەرگرتنی تاران لە موشەكی بالیستی پێشكەوتو.

هەروەهعا وتوشیەتی: لەكاتێكدا ئەمریكا لە هەوڵی گەڕانەوەی ئێران و پابەندبونی تەواوەتی ئێرانە بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە، ئێمە دودڵ نابین لە كردنە ئامانجی كەسانێك كە پشتیوانی لە بەرنامە موشەكییە بالیستییەكەی ئێران دەكەن.

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئێمە لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە ناوچەكە هاوكار دەبین تاوەكو هەنگاوەكانی ئێران لەوانە پێشێلكردنی سەروەری دراوسێكانی، رابگرین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×