رایتس ۆوچ: كۆمەڵگەی ئێرانی گوشار دەكات بۆ كۆتاییهێنان بە قەدەغەی ئامادەبونی ژنان لە یاریگاكان
  2022-04-08       567       

هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران هەفتەی رابردو لە شاری مەشهەد رێگرییان لە دەیان ژن كرد بۆ چونە نێو یاریگا بۆ بینینی یارییەكی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیان بەرامبەر بە لوبنان، لە ئێستادا هەڵمەتەكان لەپێناو كۆتاییهێنان بە قەدەغەی ئامادەبونی ژنان فراوانتر بون و تەنها لە ریزەكانی ژناندا نەماونەتەوە بەڵكو چین و توێژی دیكەی كۆمەڵگەی ئێرانیش لەو پێناوەدا گوشار دەكەن.

ئاوێنە: بەپێی راپۆرتێكی هیومان رایتس ۆوچ هەفتەی رابردو دەسەڵاتدارانی ئێران رێگرییان كرد لە چونە ژورەوەی دەیان ژن بۆ نێو یاریگایەك لە شاری مەشهەد بۆ بینینی یاری نێوان هەڵبژاردەی وڵاتەكەیان و هەڵبژاردەی لوبنان لەچوارچێوەی پاڵاوتنەكانی جامی جیهانی 2022دا، وێڕای ئەوەی تیكتیان كڕی بو هەروەها گرتە ڤیدیۆكان دەریدەخەن كە بە سپرای هێرشكراوەتە سەر ئەو ژنانە.

ژنانی ئێرانی زیاتر لە 15 ساڵە هەڵمەتیان دژ بە قەدەغەی چونیان بۆ نێو یاریگاكان دەستپێكردوە. لە ساڵی 2019 لەژێر گوشاری ژنانی ئێرانیدا، یەكێتی تۆپێی نێودەوڵەتی ناسراو بە فیفا، دوایین وادەی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران دانا تاوەكو رێگە بە ئامادەبونی ژنان لە یاریگاكاندا بدەن. دوای مانگێك حكومەتی ئێران رێگەی بە ژمارەیەكی كەم لە ژنان دا تا ئامادەی یارییەكی پاڵاوتنی جامی جیهانی بن لە یاریگای ئازادی.

بەپێی هیومان رایتس ۆوچ لەو كاتەوە دەسەڵاتدارانی ئێران شێوازی جیاجیایان بەكارهێناوە بۆ رێگری لە ژنان تا لەنێو یاریگاكان سەیری یارییەكان بكەن.

هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاندوە، رێگرییەكەی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆتە مایەی فراوانبونی گوشارو هەڵمەتەكانی دژ بە قەدەغەی ئامادەبونی ژنان لە یاریگاكان، بەشێوەیەك كە ئێستا ئەو گوشارانە تەنها لە ریزەكانی ژناندا نەماونەتەوە، وەرزشكاران و پیاوانی خولیاری وەرزشیشی گرتۆتەوە.

دوای رۆژێك لە یارییەكەی نێوان ئێران و لوبنان، دامەزراوەی "كارزار"، كە پێگەیەكی ئەلیكترۆنی نێوخۆییە بۆ ئیمزاكردن و بەرزكردنەوەی  ناڕەزایەتییەكان، داوای لە سەرۆكی ئێران كرد لێكۆڵینەوە لە روداوی رێگری لە دەیان ژنەكەی یاریگاكەی مەشهەد بكات.

هەروەها لە ڤیدیۆیەكدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، پیاوانی هاندەر لە یاریگایەكی نێو ئەسفەهان، رۆژی 31ی مانگی رابردو، بەدەنگی بەرزو پێكەوە دروشمی "جیاوازی نییە لەنێوان ژنان و پیاواندا، هەمومان تۆپی پێمان خۆش دەوێت" دەڵێنەوە.

هەروەها لای خۆیشییانەوە چەندین یاریزانی تۆپی پێی ئێرانیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەی سەر ژنان بۆ ئامادەبونیان لە یاریگاكان دەكەن.

هیومان رایتس ۆوچ جەختی كردۆتەوە كە دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێران كۆتایی بەو جیاكارییە بهێنن و ئەو قەدەغەیە لەسەر ژنان هەڵبگرن.

جەختیشی كردۆتەوە كە دەبێت فیفا پشتیوانی لە مافەكانی ژنانی ئێرانی بكات و رێگەنەدا ئێران كە ئەندامێكی یەكێتی تۆپی پێی جیهانییە یەكێك لە یاساكانی فیفا پێشێلبكات كە دەستەبەركردنی مافی یەكسانە بۆ ژنان و پیاوان لە روداوە وەرزشییەكاندا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×