وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە رایگەیاند: بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ ژمارەی حاجیانی لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات بۆ یەک ملیۆن حاجی زیاد کردوەو مەرج و رێكارەكانی حەجیش ئاشكرا دەكات.
ئاوێنە: وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە وڵاتەكەی بڕیاری داوە بۆ وەرزی ئەمساڵی حەج، ژمارەی حاجیان لە ناوەوەو دەرەوەی سعودیە بۆ یەك ملیۆن حاجی زیاد بكرێت كە بە بەرزترین رێژە دادەنرێت بەراورد بە دو ساڵی رابردو.
وەزارەتی حەج و عومرە باسی لەوەشکردوە، زیادکردنی ژمارەی حاجییان بۆ هەر وڵاتیک بەپێی پشکی تایبەتی بۆ دادەنرێت بە جێ بەجێکردنی رێنمانییە تەندروستییەکانەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، پێویستە ئەو كەسەی ئەمساڵ حەج دەكات تەمەنی لە (65) ساڵ كەمتر بێت، ڤاكسینی وەرگرتبێت و پشكنینی نێگەتیڤی كۆرۆنای پێ بێت كە 72 سەعات بەسەر كاتەكەیدا تێپەڕ نەبوبێت.