بڕیارەکەی بەریتانیا سەبارەت بە کۆچبەران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
  2022-04-15       1022       

بەریتانیا ئەوەی ئاشکرا کرد، کە لە چەند هەفتەی داهاتوودا، کۆچبەرە پیاوە سەڵتەکان لەڕێگای فڕۆکە و بە تکتێکی یەکسەرە دەنێرێتە وڵاتی ڕواندا لە کیشوەری ئەفریقا.

ئاوێنه‌: دوێنێ بەریتانیا گرێبەستێکی لەگەڵ وڵاتی ڕواندا واژۆ کرد، بەپێی ئەو گرێبەستە، بەریتانیا ئەو پەنابەرە تازانە، دەنێرێتە ڕواندا، کە لەڕێگای (لۆری) و (نۆکەندی مانش)ەوە دەگەنە بەریتانیا، تا ئەو کاتەی داواکاریی پەنابەرییەکەیان یەکلایی دەبێتەوە.

هەر بەپێی ئەو پرۆژە یاسایە، ئەگەر پەنابەرییەکەیان پشتڕاست کرایەوە دەهێندرێنەوە بەریتانیا و ڕێکارە یاساییەکانیان بۆ جێبەجێ دەکرێت، ئەگەریش پەنابەرییەکەیان ڕەت کرایەوە، ئەوا هەر لەوێوە بۆ وڵاتی خۆیان دەنێردرێنەوە.

ڕاگەیاندنەکانی بەریتانیا بڵاویان کردەوە، جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە بە چەند قۆناغێکە، قۆناغی یەکەم بریتییە لە ناردنی پەنابەرە پیاوە سەڵتەکان.

بەپێی هەواڵێک، کە لەدەزگای بی بی سی بەریتانییەوە بڵاوکراوەتەوە،چاوەڕوان دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا قۆناغی یەکەم بچێتە بواری جێبەجێکردن.

لە لایەکی دیکەوە بۆریس جۆنسۆنی سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە ڕێگریی لەو شەپۆلەی کۆچبەران دەکرێت، کە ڕۆژانە خۆیان دەگەیەننە بەریتانیا.

لە لایەکی دیکەوە، ئەو پرۆژەیە بووەتە جێگای ڕەخنەگرتن لە دەوڵەتی بەریتانیا لە لایەن چالاکوانانی مەدەنی و مافی مرۆڤ کە بە (پرۆژەی نامرۆیی)ناوزەد کراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×