سەرۆکی ئۆکراینا ئاشکرای دهكات کە روسیا بەیەکجارەکی ئۆکرایناو تەواوی جیهانیی لەدەستدا. بهپێویستیشی دهزانێت كه لەچوارچێوەی ئەو گەمارۆیانەی لەمەودوا دەخرێنە سەر مۆسكۆ، بیر لەوە بکرێتەوە پشت لەنەوتی ئەو وڵاتە بکرێت.
ئاوێنه: ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی، سەرۆکی ئۆکراینا لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، نوێترین رونکردنەوەی لەبارەی ئەو هێرشانەوەدا کە لە ٢٤ی شوباتەوە لەلایەن روسیاوە کراوەتە سەر وڵاتهكهی.
زێلێنسکی وتی، سوپای روسیا لەشارەکانی زاپۆریژییاو خێرسۆن پەلاماری "تیرۆیستی" دژبەخەڵکی مەدەنی ئەنجامداوە و رایگەیاند، "داگیرکاران کەوتوونە دوای هەر کەسێک کە پەیوەندیی لەگەڵ سوپای ئۆکراینا یاخود دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەیە. لەو بڕوایەدان بە ئەنجامدانی ئەم کارەیان دەتوانن بە شێوەیەکی ئاسانتر ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەن. ئەوان کارێکی زۆر هەڵە دەکەن و خەریکی خۆ هەڵخەڵەتاندنن".
زێلێنسکی جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی ئۆکراینا رووسیا بە هەند هەڵناگرێت و گوتی: "رووسیا بە یەکجارەکی ئۆکراینای لەدەستدا. تەنانەت رووسیا تەواوی جیهانی لەدەستدا. لە مەودوا لە هەموو لایەکەوە پشتی تێدەکرێت".
زێلێنسکی ئاماژەی بەبەرقەرارکردنی ئاشتی لەئۆکرانیاداو وتی، سوپای ئۆکراینا لەم رووەوە ئەرکی سەرشانی بەتەواوەتی و بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەجێگەیاندووە.
سەرۆکی ئۆکراینا ئاشکرای کرد تا ئەمڕۆ ٩١٨ ناوچەی نیشتەجێبون لەئۆکرانیا لەژێر دەستی "داگیرکەران" رزگارکراوە و باسی لەوە کرد لە پێناو رزگارکردنی ژیانی خەڵکی سڤیلی ماریوپۆڵ هەرچییەکی لەدەستیان هاتبێت ئەنجامیان داوە.
زێلێنسکی سەرنجی بۆ گەمارۆکانی سەر روسیا راکێشاو ڕایگهیاند، "ئەمە بەس نییە بۆ وەستاندنی سەربازانی رووس، پێویستە لەچوارچێوەی ئەو گەمارۆیانەی لەمەودوا دەخرێنە سەر رووسیا، بیر لەوە بکرێتەوە پشت لە نەوتی ئەو وڵاتە بکرێت. پێویستیشە جیهان بزانێت کە ئەو پارەی لە بەرامبەر پێفرۆشتنی وزە بە رووسیا دەدرێت، بووەتە هەڕەشە بۆسەر دیموکراسی و لەم بارەیەوە بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی بدات".
زێلێنسکی جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە سیستمی دارایی رووسیا بەتەواوی بلۆک بکرێت و رایگەیاند: "تەنیا لەم رێگەیەوە دەتوانرێت کۆتایی بە جەنگ بهێنرێت".