ڕوسیا: کۆگایەکی چەکی ئەمریکا و ئەوروپامان کردە ئامانج
  2022-04-24       584       

سوپای ڕوسیا ئاشکرایکرد، کۆگایەکی گەورەی چەک و کەرەستەی چەنگییان لە ئۆدێسای ئۆکرانیا کردووەتە ئامانج، کۆگاکە ئەو چەکانەی تێدابوون کە ئەمریکا و ئەوروپا ڕەوانەی ئۆکرانیایان کردووە.

ئاوێنە: وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا باس لە هێرشەکە دەکات و دەڵێت، سوپای وڵاتەکەی بە مووشەکی دوورمەودا و ورد لە پێکانی ئامانجدا هێرشەکەیان ئەنجامداوە، کە کۆگایەکی چەک و کەرەستەی جەنگی لە نزیک فڕۆکەخانەی ئۆدێسا کراوەتە ئامانج و سەرجەم چەکەکانی ناو کۆگاکە لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاوە ڕەوانەی ئۆکرانیا کرابوون.

وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ڕوونیشیکردووەتەوە، هەر ئەمڕۆ شەممە 22 پێگەی سەربازیی ئۆکرانیایان کردووەتە ئامانج و سێ لەوانە کۆگای چەک بووە لەنزیک ئیلیچیۆڤکا و کراماتۆرسک و بەتەواوی وێرانکراون.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی ڕایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانەکەی ڕوسیا لە ئۆدێسای باشووری ئۆکرانیا لانیکەم هەشت هاوڵاتیی سڤیل کوژران و 18ی دیکە برینداربوون.

زیلینسکی دەڵێت، حەوت مووسەک ئاراستەی ئۆدێسا کراوە و یەکێک لە مووشەکەکان لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی هاوڵاتییانی سڤیل کەوتووەتەخوارەوە.

گرنگیی کۆنترۆڵکردنی ئۆدێسا بۆ ڕوسیا دەگەڕێتەوە بۆ دابڕانی ئۆکرانیا لە دەریای رەش لەئەگەری بەتەواوی گرتنی ئەو شارەدا لەلایەن ڕوسیاوە.

ئۆدێسا سێیەم گەورە شاری ئۆکرانیایە لەدوای کیێڤ و خارکیڤ، بە پایتەختی باشووری ئۆکرانیا ناودەبرێت.

بەپێی پێگەی بلومبێرگی ئەمریکی، 70%ی بازرگانیی ئۆکرانیا لەڕێگەی بەندەرەکانی ئۆدێساوە دەکرێت، بەبێ ئۆدێسا ئۆکرانیا بەشێوەیەکی زۆر کاریگەر و گەورە لەبازاڕەکانی جیهان دادەبڕێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×