نیشتیمانی سارا، رۆمانێک دەربارەی جوەکانی سلێمانی
  2022-04-24       633       

شوان عەبدوڵڵا حەمەد

 

ئەم پاشنیوەڕۆیە لە خوێندنەوەی ڕۆمانی "نیشتمانی سارا" لە نووسینی "میران ئەبراهام" بوومەوە. پێم خۆش بوو وەکوو خوێنەرێک چاوپیاخشاندێکی بۆ بکەم و پوختەی تێگەیشتنی خۆم لەبارەیەوە بخەمە ڕوو.

سەرەتا، وەکوو هەر ڕۆمانێکی مێژووی، ئەم ڕۆمانەش کۆمەڵێک زانیاری مێژوویی پێدام کە ڕەنگە من تەنها دەماودەم و لەملاولا بیستبێتم، تایبەت سەبارەت بە ژیان و گوزەرانی هاوزمانە جووەکانمان لە شاری سلێمانی و عێراق بە گشتی. ئەمە خۆبەخۆ باشترین دەستکەوتی ئەم ڕۆمانەیە بۆ من، واتە بە باشترین شێوە توانی چاوی من لەبارەی مێژوویەکی کۆنی شارەکەمەوە بکاتەوە و تێمگەیەنێت کە چۆن چۆنی ئەو مرۆڤە کوردانە ئاوارەکران و لە خاک و زێدی باوبابیرانی خۆیان وەدەرنران.

لەو ماوەیەی سەرقاڵی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بووم، ڕووداوەکان بە بەردەوامی دەیانبردمەوە بۆ ساڵەکانی ناوەڕاستی نەوەدەکان و سەر شیوی جوولەکان و خانووە قوڕینە دووقاتەکەی کە خاڵە حەمەی مام بارامی خاڵی باوکم بۆ ماوەیەک ڕێگەی دا تێیدا بژین. ئێستە دەزانم کە ڕەنگە ئەو خانووەش لە ئەسڵدا کوردە جووەکان دروستیان کردبێت و ئەوان خاوەنی بن، هەرچەندە تا ئێستەش کەس نەیزانی بە دیاریکراوی کێ خاوەنییەتی. بەم پێیە یەکێکی تر لە سوودەکانی ئەم ڕۆمانە تێرکردنی هەستی نۆستاڵجیای من بوو، بە گەڕانەوەم بۆ ئەو دەوروزەمانەی کە لە چاو مێژووی ناو ئەم ڕۆمانەدا هێندە کۆن نییە.

لەم دوو خاڵە هەرە گرینگە زیاتر، من شتێکی ئەوتۆم لەم ڕۆمانەدا نەدۆزییەوە، بۆیە لای خۆمەوە حەزم کرد هەندێک لە خاڵە لاوازەکانیشی بخەمە ڕوو.

. هەڵبەت وەکوو هەموو ڕۆمانێک، ئەم ڕۆمانەش خاڵی لاوازی تێدەکەوێت و زۆریشی تێدایە، هەر لە چۆنێتی ڕێنووس و گێڕانەوەی ڕووداوەکان و تەنانەت بە هەڵە تێکەڵکردنی کارەکتەرەکانیش، بەڵام هەرچی هەیە من بەجێی دەهێڵم بۆ خەڵکی تر و جەخت دەخەمە سەر یەک خاڵی سەرەکی کە ئەویش پێکهاتەی "سترەکچەر" ڕۆمانەکەیە، کە بە بۆچوونی من خاڵی هەرە لاوازییەتی و جەرگبڕانە کەموکورتی کردووە.

. لێرەشدا ناکەومەوە ئەوەی کە هەڵە گەورەکە لە پێکهاتەی ڕۆمانەکەدا چییە و چۆنە، بەڵکوو جۆرێکی تر لە ڕەخنە بەکاردەهێنم و خۆم دەخەمە جێگەی نووسەر و دەڵێم: "گەر من نووسەری ئەم ڕۆمانە گرینگە مێژووییە بومایە، چیم دەکرد؟" چۆنم دەگێڕایەوە و چۆن چۆنی پێکهاتەی ڕۆمانەکەم لەو کلاسیکییەتە لە گێڕانەوە قوتار دەکرد و پێکهاتەیەک و سیمایەکی پۆستمۆدێرن و سەردەمیانەم پێ دەدا، کە ئەمڕۆ لە گێڕانەوەی ئەدەبیدا باوە.

. سەرەتا بە چیرۆکی سارا دەستم پێ دەکرد، تایبەت لەو جێگەیەوە کە وەکوو دێوانەیەک شەوان ماڵەوە جێدەهێڵێت و دەچێتە سەرجادەکەی سەرشەقام کە پێشتر گۆڕستانی مردووە جووەکانی شاری سلێمانی بووە. لەوێ ئێسکە دەرخراوەکانیان کۆدەکاتەوە و دەیانکاتە کۆشی ژێرکراسەکەیەوە و لەگەڵ خۆی بۆ ماڵەوەیان دەباتەوە، لێرەوە درێژەم بە ڕووداوەکان دەدا...

. هەر لەگەڵ سەرەتادا، ئەو بەشەم دەگێڕایەوە کە نووسەر کردوویەتی بە بەشی دوو و ناوی لێ ناوە "نیشتیمانی من". تا ئەو جێگەیەی ساراش دەمرێت بە هیچ جۆرێک باسی جوولەکە و جوولەکەبوونم نەدەکرد، تا خوێنەر خۆی هەندێک لێگەڕینی بکردایە. بەڵکوو کاتێک سارا دەمرد و سالار داوای لە سازگاری ژنی سامی فەرەج دەکرد بە دەستووری خۆیان بیشۆن و بینێژن، ئەم مەسەلەیەم وەکوو نهێنییەک دەهێشتەوە و دواتر سازگار بە سەرسڕماوییەوە لە مێردەکەی دەپرسی و لە گفتوگۆیەکی نێوانی ئەو دوانەدا جوولەکەبوونی سارا و هەڵبەت سالاریشم دەردەخست.

. خاڵی گرینگ ئەوە دەبوو کە لە هەموو ئەو ڕووداوانەی ڕوویان دەدا، ئەم نهێنییەم دەپاراست و لەگەڵ ئەوەش ونبوون و دیارنەمانی دایک و باوکی سارا و مەحمودی برای و باپیرە خایمم بە نهێنی دەهێشتەوە و ڕێگەم دەدا خوێنەر خۆی کەمێک سەرەلەقە بەدوای شوێن و جێگە و هۆکاری ونبوونیاندا بکات.

. لە بەشی دوودا، خوێنەرم لەگەڵ خۆمدا هەڵدەگرت و دەمبردن بۆ هۆڵەندا و بۆ ساڵانی نەوەدەکان کە سالار و ئارۆن لەگەڵ خێردا و ئێلین دەژیان. پاشان باپیرە خاییم بە شێوەیەکی گوماناوی و پڕ نهێنی لە ئیسرائیلەوە دەهێنا و دەمبرد بۆ هۆڵەندا و لەوێوە دەمهێنانەوە بۆ عێراق و کوردستان. باپیرە خایمم دەبردە سەر شیوەکەی گەڕەکی جوولەکان و لەوێوە ڕووداوەکانی بەشی یەکەمم دەگێڕایەوە کە نووسەر ناوی ناوە "کتێبێک بۆ یادەوەرییە شەرمنەکان".

. بەشی کۆتاییم بەجۆرێک دەگێڕایەوە کە هەر بەشی کۆتایی ئێستەی ڕۆمانەکە بێت، بەڵام تێکەڵەیەکم لە یادەوەری و گەڕانەوە بۆ مێژوو لێ دروست دەکرد و کۆتاییەکەییم بەجێدەهێشت بۆ خوێنەر. چارەنووسی باپیرە خاییم لە سلێمانی نادیار دەکرد و لە نێوانی مردوو و زیندوو دەمهێشتەوە، تا خوێنەر بە ئارەزووی خۆی بڕیاری بدایە، کامیانی هەڵدەبژارد.

لەژێر ڕوناکایی ئەو خاڵانەی سەرەوە و بە کەمێک دەستکاریکردنەوە لە ئسلوبی گێڕانەوەکەیدا، دەکرا ڕۆمانەکە کاریگەرتر بوایە و خۆیشی لەو ڕەخنە جدییە بپاراستایە کە من ناوی دەنێم "جەڕاندن لەناو فەزای کلاسیکی چیرۆکدا". هەڵبەت چەندە تام و چێژی خۆی هەبێت، هێشتا ئەم جۆرە لە گێڕانەوە لە دونیای پۆستمۆدێرندا باوی نەماوە، لەهەمان کاتیشدا خوێنەر بێزار دەکات و ڕێگەی پێ نادات خۆی بەدوای ڕووداوەکاندا بچێت و ببێت بە خوێنەرێکی بیرکەرەوە، ئەم جۆرە گێڕانەوانە هەست و عەقڵبزوێن نین.

خاڵی کورت و پوخت، گەر من ڕۆمانەکەم بنووسیایە، ڕێک قڵپم دەکردەوە و بەشەکانی سەرەتام دەهێنایە کۆتایی و لە میژووی نوێوە دەستم پێ دەکرد و بە ساڵەکاندا وەکوو فیلمێک دەگەڕامەوە.

لەگەڵ ڕێزی زۆرم بۆ کاک میران ئەبراهام، دەستخۆشی لێ دەکەم و ماندوونەبێت.


 

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×