بۆردی كارگێڕی تویتەر رازی بون بە فرۆشتنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكە بە 44 ملیار دۆلار بە ئیلۆن مەسك، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای تێسلاو دەوڵەمەندترین كەسی جیهان.
ئاوێنە: ئیلۆن مەسك، كە كەمتر لە دو هەفتە لەمەوبەر ئۆفەری كڕینی تویتەری خستبوەڕو، رایگەیاند، تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر خاوەنی "چەندین توانای بێشومار"ە كە دەتوانێت بیانخاتەگەڕ.
هەروەك ئاماژەی بەوەشدا كە دەست دەكات بە كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكەدا هەر لە كەمكردنەوەی سنوردارێتییەكان لەسەر ناوەڕۆك و لابردنی هەژمارە ساختەكان.
كۆمپانیای تویتەر پێشتر ئۆفەرەكەی ئیلۆن مەسك-ی رەتكردەوە بەڵام ئێستا داوا لە هاوبەشەكانی دەكات دەنگ بدەن بۆ رازی بون بە فرۆشتنی بە ئیلۆن مەسك.
بەپێی گۆڤاری فۆربێس، ئیلۆن مەسك دەوڵەمەندترین كەسی جیهانە كە سەروەتەكەی بە نزیكەی 273.6 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
ئیلیۆن مەسك وتبوی، ئازادی بیروڕا، بەردی بناغەی دیموكراسییە، تویتەریش گۆڕەپانی ئەلیكترۆنی شارێكە كە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی كاروبارە گرنگەكانی ئایندەی مرۆڤایەتییەوە دەكرێت.