دیاسپۆرای کورد، کۆمەڵگەیەکی خەیاڵی ترانسناشناڵ
  2022-04-28       694       

 بەرزوو ئەلیاسی   

پرۆفیسۆر لە بەشی کاری کۆمەڵایەتیی زانکۆی لینایۆس /سوێد

وەرگێڕانی لەئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

پێشەکی

 ئەم باسە لە پێکهاتن و دروستبوونی دیاسپۆرای کورد دەدوێ، لەگەڵ بایەخدانیکی تایبەت بە کۆمەڵگە کوردییەکان لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا. چەمکی دیاسپۆرا (پەڕەوازە یان پەڕاگەندە - و) بە شێوەیەکی باو بەکارهێنراوە بۆ وەسفکردنی پەرت و بڵاوبوونەوەی جوو بە هەموو جیهاندا و پەیوەستبوونی سۆزداری و سیاسی و کولتووریی بەردەوامیان بە نیشتمانی دایکی جووەوە. دروستبوونی دیاسپۆراکانی وەک ئەوەی جوولەکە و ئەرمەنەکان لەڕووی مێژووییەوە بەستراوە بە سیاق و حاڵەتی بێدەوڵەتی و وێرانکردنی نیشتمانەوە (بڕوانە کێننی، ٢٠١٣). بەپێچەوانەی دیاسپۆراکانی جوولەکە و ئەرمەنەوە، کورد هەر بە کۆمەڵگەیەکی  گیرخواردووی نێوان سنوورەکان ماوەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ لە ئاژاوە و پشێویی سیاسی و نەیتوانیوە لەڕووی سیاسییەوە ئۆتۆنۆمی یان دەوڵەتسازی بۆ خۆی بەدیبێنێت. چەمکی دیاسپۆرا لەنێو کۆمەڵە دیسپلینێکی جیاوازدا گونجێنراوە و جێکراوەتەوە کە بریتییە لە مەودایەکی بەرفراوانی بۆچوون و تێڕوانین. بەزۆری وا دادەنرێت کە پێکهاتنی دیاسپۆرا پەیوەندییەکی سێ لایەنە لەخۆدەگرێت لەناو وڵاتی ڕەسەن و وڵاتی نیشتەجێبوون و ئەو گرووپە ئیتنیکییەی کە لەناو یان بەسەر دەوڵەتە جیاجیاکاندا پەرش و بڵاوبووەتەوە (کۆهێن، ٢٠٠٨؛ سافران، ٢٠٠٥).

  چەمکی دیاسپۆرا جێگەی ململانێ و مشتومڕە بەتایبەتی لە پەیوەندیدا بەو ڕێگە و شێوانەی کەوا دیاسپۆرای تێدا وێنادەکرێت وەک قەوارەگەلێکی کۆنکریتی و دیاریکراو و وای لێ چاوەڕوان دەکرێت کە یەکبگرێتەوە لەگەڵ پێوەرەکانی پۆلێنکردندا (ئەنتیاس، ١٩٩٨؛ بێتس و جۆنز، ٢٠١٦؛ بروبەیکەر، ٢٠٠٥، ڕەگازی، ٢٠١٧؛ سۆیساڵ، ١٩٩٨). ئەنتیانس (١٩٩٨) و سۆیساڵ (١٩٩٨) سوور بوون لەسەر ئەوەی کە چەمکی دیاسپۆرا پێچەوانە نیە لەگەڵ ئیتنیک و ڕەگەزدا چونکە بەلای بەرهەمهێنانەوەی گەوهەریی (ئیسێنشیالیزمی) سنوورەکانی ئیتنیک و ڕەگەزدا دایدەشکێنێت و تەگەرە دەخاتە ڕێگەی  پێکهاتنی شوناسی ترانس - ئیتنیکی  و یەکگرتوویی. ڕەگازی (٢٠١٧: ٧) چوارچێوەیەک دادەنێ بۆ بەرهەڵستی کردنی بێپەروای دیاسپۆرا و ڕوونیدەکاتەوە کەوا شتێک نیە ناوی دیاسپۆرا بێت و دیاسپۆرا نە کۆمەڵگەی گوێزراوەیە نە ترانسناشناڵ. ئەم لە چوارچێوە گرتنەی ئەو نووسێنێکی بنەڕەتیی بروبەیکەر (٢٠٠٥) لەسەر دیاسپۆراوە زۆر بەرز دەینرخێنێت و بانگەشەی بۆ دەکات، کەوا بروبەیکەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کەوا چەمکی دیاسپۆرا هێزی دەلالەت وتیگەیشتن و شیکاریی لەدەستداوە چونکە بە ڕێگەیەکی جیاوازی نەکردن بەکارهاتووە بۆ لەخۆگرتنی مەودایەکی بەرفراوانی شوناس. بەپێی بروبەیکەر، قسەکردن لەبارەی پرۆژەکان، داواکارییەکان، ئیدیۆمەکان و پراکتیزەکانی دیاسپۆراوە قسە دەکرێت بەبەرهەمترە لە فاکتی ئیتنۆ - کولتووری. ئەمەیان واتە گواستنەوە لە بەرجەستەکردنی شوناسەکانی گرووپ بۆ لەناکاویی مێژوویی و سیاسیی پرۆژەکانی دیاسپۆرا و جۆشدان. دیاسپۆرا وەک کاتیگۆرییەکی معیاری نەک تەنها بەنیازە وەسفی جیهان بکات بەڵکوو دروستیشی دەکاتەوە (بروبەیکەر، ٢٠٠٥: ١٢ - ١٣).  

 هەرچەندە ڕەگازی (٢٠١٧) نوێنەرایەتیی کۆپییەکی توندڕەوی ئۆنتۆلۆجیای بینائی دەکات، بەڵام گرنگە وای دابنێین لای خۆمانەوە کە دیاسپۆراکان سنووری خۆیان هەیە بەڵام دەکرێ "پێناسە بکرێن و دیالێکتانە ڕۆشناییان بخرێتەسەر و بە تێپەڕبوونی کات لە کاتی ئەدا و لەمیانەی مۆبیلیزەکردنی دەوریدا" (وێربنەر، ٢٠١٥: ٥١). ئیددیعا کردنی ئەوەی کە دیاسپۆرا خەیاڵ و وێناکراوە و زادەی هەلومەرجی سیاسییە بەڵام ئەوە ناگەیەنێت کەوا شوناسەکانی دیاسپۆرا ناوەرۆکیان نیە و کەمتر واقیعین لە کاریگەرییاندا سەرەڕای بوونی کۆدەنگییەکی بەرفراوان لەبارەی بنیاتنانی کۆمەڵایەتیی دەوڵەتان و نەتەوەکانەوە و هەموو نەتەوەکان وەک یەک بەرکەوتەی ململانێ و مشتومڕ نین (بێتس و جۆنز، ٢٠١٦). بەلاغەی هەڵوەشێنەوە بەزۆری بە ڕووی کورددا دەتەقێتەوە کە وەک نەتەوەیەک شایستە و لەبار نیە یان پاڵپشتیی شوناسێکی خێڵەکیی کۆن دەکات کە نەگونجاوە بۆ بەڕێوەچوونی جیهانێکی مۆدێرن. بەپێچەوانەوە، وا دەڕوانرێتە نەتەوە یان ئوممەتی تورک کە بەچاکی دیاریکراوە لەگەڵ پێناسەیەکی ڕووندا بۆ سنووری نیشتمانی و جوگرافییەکەی. لەکاتێکدا کە بوونی کوردستان (تەنانەت ئەگەر پێش دەوڵەتە نەتەوەییەکانی سووریا و عێراق و تورکیای نوێیش کەوتبێت) فرەجار کێشەی لەسەر دروست دەبوو یان نکووڵی لێدەکرا، کەچی جوگرافیای نەتەوەی تورک لەدەرەوە وەک بابەتێکی گەردوونی تەماشا دەکرێت.

  لە سەر ئاستێکی بەربڵاو باوەڕ وایە کە ناسیۆنالیزم بە مەسەلەیەکی   حەتمی  و ئارەزوو لەسەر دادەنرێت لە جیهانی ئێمەدا. لەگەڵ ئەوەشدا، ناکرێ هەموو ناسیۆنالیزمەکان بخرێنە هەمان خانەی چونیەکی کۆنەپەرستی یان ڕادیکاڵییەوە لە مانا ڕزگارکەرەکەیدا (دێڤیدسۆن، ٢٠١٦).  مەسەلەیەکی گرنگە کەوا بەئاگابین ئاخۆ کێ ناسیۆنالیزم وەک بەشێک لە چەوساندنەوە و ستەمکردن بەکاردێنێت و کێیش بە شتێکی وەک خەبات و تێکۆشان بەکاریدێنێت بۆ ڕزگاربوون، لەوەش گرنگتر، پێویستە ئێمە بایەخ بدەینە ئەوەی کەوا کام دەستە و تاقمە هەوڵی گەیشتنە دەسەڵاتی دەوڵەت دەدات بۆ پشتیوانی کردنی ئەجێندا نیشتمانییەکانی و کام گرووپیش هێزێکی لەو چەشنەی نیە. بۆ نموونە، ناسیۆنالیزمی کوردی بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە خەڵکی تاوانبار لەخۆ دەگرێت و بەوە سزا دەدرێت کە هەمان شت دەخوازێت کەوا عەرەبە  غەیرە فەلەستینییەکان، ناسیۆنالیزمەکانی عەرەبی و تورکی بەدەستیانهێناوە (ئیلیاسی، ٢٠١٨). بەو پێیە، ئێمە ناتوانین ناسیۆنالیزمە هەژمووندار و باڵادەستەکان یەکسان بکەین بە ناسیۆنالیزمی میللەتانی  ژێردەستە لە ڕێگەی ئاڕاستە کردنی دژە ناسیۆنالیزمەوە (کلیفۆرد، ١٩٩٤: ٣٠٧).  پەرش و بڵاوبوونەوە، بەرگری کردن و بەگژداچوونەوەی ئەسیمیلە و تواندنەوە و پارێزگاری کردن لە ئاڕاستەی بەردەوامی ڕووکردنە نیشتمانی "ڕەسەن و بنەچە" خاسییەتی جیاکەرەوە و پێکهێنەری زۆرێک لە شوناسەکانی دیاسپۆران (بروبەیکەر، ٢٠٠٥). ئەم کەمترین پێناسەیە کە لەلایەن بروبەیکەرەوە پێشکەش کراوە ناتوانی بیسەپێنی بەسەر هەموو نەوەکاندا چونکە نەوە گەنجەکان کە لە نیشتمانی "دایک یان ڕەسەندا"  پێنەگەیشتوون ئەزموونی نیشتمانە کۆن و نوێکانیان بەشێوەیەکی جیاواز دەکەن و ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی دەبێتە هۆی دابەشبوونی پابەندی و دڵسۆزی. بەم جۆرەش چەمک و تێگەیشتنەکانی کۆمەڵگە و خێزان و ماڵ و نیشتمان بەو پێیە دەگۆڕێن و سەرلەنوێ دادەڕێژرێنەوە و پێناسە دەکرێنەوە لەبەر ڕۆشنایی ئەو بچڕانە مێژووییەی کەوا کۆچ کردن و دابڕان و گواستنەوە و شوێنگۆڕکێ دروستیان دەکەن لە نەوە جیاوازەکان و داڕشتنەوەی شوناسی جێندەر و کات و شوێنەوە (ئەڵینیا و ئیلیاسی، ٢٠١٤؛ ئیلیاسی، ٢٠١٣؛ ڕاداکریشنان، ١٩٩٦). بەم ڕەنگە، ناکرێ دیاسپۆرا کورت بکرێتەوە بۆ تاکە ئەزموونێک بەڵکوو دەکرێت وەک زنجیرەیەک لێکبدرێتەوە کە بەردەوام لە جووڵاندایە. دیاسپۆرا، وەک هەموو شوناسەکانی تر هیچ ژیانێکی نیە لە دەرەوەی مێژوو، نوێنەرایەتی کردن و بریکاریی مرۆڤ لەگەڵ مانایەکی نەشاراوەدا و لەجیاتیی ئەوە لە ڕێگەی دینامیکەکانی تەحەدا مێژووییەکان و بارودۆخە سیاسییەکان و قەیرانەکان و بەرژەوەندییەکان لە هەرکام لە وڵاتی ڕەسەن و بنەچە و وڵاتی نیشتەجێدا پێکدێت و سەرلەنوێ جارێکی تر پێکدێتەوە. وەک سۆکەفێڵد (٢٠٠٦) چەندوچوونی لەسەر دەکات، گرنگە کەوا شیکاری و پرسیار کردن سەبارەت بە چۆن و لەلایەن کێوە و بۆ چ مەبەستێکی سیاسی لەپێناو تێگەیشتنە گەوهەرییەکانی شوناسەکان لەلایەن ئەکتەرە جیاوازەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە. هەموو هەوڵەکانی ناوەرۆکسازی (ئیسێنشیالیزم) بۆ بەدیهێنانی هەندێ ئامانجی سیاسییە جا ئەگەر ڕزگارکەر بن یان دوورخەرەوە و تووڕهەڵدان. بەکورتی، شوناسەکانی دیاسپۆرا و ئیددیعاکانی تێکەڵ بە ململانێ و   سەلماندن و دانوستان دەبن بۆ ئاسایی کردنەوەی سیستەم و پەیوەندییە سیاسییەکانی لەخۆگرتن و دەرکردن لە وڵاتی زێد و ڕەسەنەوە بەندە بەو گرووپە ئەندامانەوە کە باوەڕ وایە ئەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان بگرێتەوە.

  ئەوەی کە لەم باسە دەمێنێتەوە دەبێتە چوار بەشەوە. یەکەم، پێداچوونەوەیەکی کورت پێشکەش دەکەین لەبارەی کۆچی کوردەوە لە   پانتایی و سنووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دووەم، باس لە پێکهاتنی دیاسپۆرای کورد دەکەین لە دۆخ و سیاقی ڕۆژئاوادا لەگەڵ تیشک خستنە سەر ئەوروپای ڕۆژئاوادا. سێهەم، باس کردن لە جیاوازییەکانی نێواندیاسپۆرای بێدەوڵەت و ئەوانی گرێدراون بە دەوڵەتەوە، لەگەڵ تیشک خستنە سەر ئەوەی کە چۆن مافەکانی کەمینە بەدیدەهێنرێن لەلایەن دیاسپۆرای کورد و ئەوانیتری هەژمووندار لە ئەوروپادا. بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کەوا کوردەکان سەختترین فۆرمی سیاسەتی تواندنەوە و سیاسەتەکانی تورکیایان ئەزموون کردووە (گوینەش، ٢٠١٢). لەبەرئەوە هیچ نامۆ نیە کەوا ئیددیعا کردنی بوونی شوناسێکی کوردی لەلایەن ئیتنیکی تورکی هەژمووندارەوە وا لێکدەدرێتەوە و وێنادەکرێت کە جوداخوازن و ئەمەش لای ئیتنیکی تورکی بەئاشکرا هاوجووتە لەگەڵ سەروەریی دەوڵەتی تورکیادا. بەپێی زانیارییە تایبەتییانەی کە خۆم ئەزموونم کردووە، هەندێ گێڕانەوەی تاکەکەس باس دەکەم لەبارەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی ئەوروپاوە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەزموونی ئەو گرفتار بوون و مەینەتییە بەکۆمەڵانە و خراپ تێگەیشتنانەی لە دۆخ و سیاقی دیاسپۆرادا بەرۆکی کوردیان گرتووە. دواجار، ئەنجامگیری لەگەڵ کاردانەوەکاندا دەکەین لەبارەی داهاتووی دیاسپۆرای کوردەوە لەبەر ڕۆشنایی توندوتیژیی بەردەوامی سیاسی و ناجێگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

 

دیاسپۆرای کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

  ڕاگواستن و پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی زۆرەملێ خاسییەتی سەرەکیی مێژووی کوردن. ڕاگواستنی بەکۆمەڵی ئاوها بەشێوەیەکی گشتی لەسەرەتاوە قۆرخ بوو بۆ جوگرافیای سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە چوارچێوەی سنوورەکانی هەردوو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەویدا و پاشانیش عێراق و تورکیا و سووریا. لە دوای شەڕی چاڵدیرانی ساڵی ١٥١٤ی  ئەم دوو ئیمپراتۆرییەتە، چڕبوونەوەی کورد لەسەر سنوورەکان بایەخی سەربازی و ئەمنیی کوردی دەرخست لە ناوچەکەدا. هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە ڕاگواستنی بەکۆمەڵیان بەکاردەهێنا وەک هۆکارێک بۆ چەسپاندنی سنوورە جوگرافی - سیاسییەکان و بەرژەوەندییەکانیان (بۆزئەرسەلان، ٢٠١٨). لەکاتێکدا کە عوسمانییەکان کوردەکانیان وەک سەنگەرێک بەکاردەهێنا دژ بە سەفەوییەکان، کە ئەمانیش لای خۆیانەوە هەوڵیان دەدا چڕیی دانیشتووانی کورد کەم بکەنەوە بەهۆی پەرش و بڵاوکردنەوە و ڕاگواستنی کوردەکان لە باکووری ڕۆژئاواوە بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سنوورەکانی ئیمپراتۆرییەتی سەفەوی. 

  ئەمڕۆ، زۆرینەی کوردە ڕاگوێزراوەکانی ناو ئێران لە ئوستانی خۆراساندا دەژین دوور لە خاکی سەرەکیی کوردەوە و تێکڕا ژمارەیان بە ملیۆنێک مەزەندە دەکرێت و گەلێکیان ناسنامەی ئیتنیکیی خۆیان پاراستووە و کرمانجی زمانن (مادیح، ٢٠٠٧). کۆمەڵگەیەکی تری بەرچاوی کورد لە لوبنان هەن کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی شێخ سەعید لە ساڵی ١٩٢٥دا جەنگی جیهانیی دووەم و ژمارەیان بە نزیکەی سەد هەزار مەزەندە دەکرێت. زۆرێک لەم کوردانە لە پاشخانێکی دێهاتەوە هاتوون و بە هەژارترین و بێبەشترین کۆمەڵگە دەژمێردرێن لە لوبناندا و ڕێژەیەکی بەرزی نەخوێندەوارییان تێدایە و بە کەمترین کرێیش کار دەکەن. بێجگە لەوەش، بە هۆی نەبوونی قوتابخانەی کوردییەوە لە لوبناندا، گەلێ لە کوردە لوبنانییەکان زمانەکەی خۆیان لەدەستداوە و زۆرێکیان بە عەرەبی قسە دەکەن. تێکەڵ بوونی سیاسی و یاساییان بە کۆمەڵگەی لوبنانی بەهۆی بنەمای تائیفیی دەسەڵاتی سیاسی و ڕێکخستنی دیمۆگرافیی لوبنانەوە کۆسپ و تەگەرەی هاتووەتەڕێ (محۆ و کەوسەرانی، ٢٠٠٥).

 عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی بەئەنقەست کوردە فەیلییەکانی بەغدای بەر ڕاگواستن خستووە و بێبەشی کردوون لە هاووڵاتیبوون و ڕەگەزنامەی عێراقی. هەڵبەت لەبەرئەوەی کوردە فەیلییەکان شیعە و کورد بوون، دەوڵەتی عێراق لە سایەی حوکمی بەعسدا وەک دوژمنێکی ناوخۆ  و ناپاک بە شوناسی عەرەبی لە عێراقدا داینابوون. لە نێوان ساڵانی ١٩٧١ - ١٩٧٢دا ڕژێمی بەعس کەوتە دەرکردن و ڕاگواستنی یەکەم پەنجا هەزار کوردی فەیلی کە ڕەگەزنامەی عێراقییان نەبوو بەڵام بۆ چەندین دەیە بوو مافی نیشتەجێبوونیان هەبوو لە عێراقدا. لە ساڵی ١٩٨٠دا، ڕژێمی بەعس ٢٠٠ هەزار کوردی فەیلیی ڕاگواست و ڕەگەزنامەی عێراقیی لێسەندنەوە و دەست گیرا بە سەر هەموو ماڵ و سامانیاندا و چارەنووسیان دەرکردن بوو بۆ ئێران (ئەسکەندەر، ٢٠٠٦). 

  خۆ ئەگەر تۆڕەکە فراوانتر بکەین ئەوە پێکهاتەیەکی گرنگ و بەرچاوی تری دیاسپۆرای کورد دەبینین لە سنووری ناخۆی دەوڵەتی تورکیادا. هەڵبەت لە ئەنجامی پێکدادانی سەربازیی نێوان پارتی کریکارانی کوردستان (پەکەکە) و دەوڵەتی تورکیادا، چەندین ملیۆن کورد ماڵەکانی خۆیان بەجێهێشت لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکیا. هەروەها هەزاران گوند وێران کران و یەک ملیار فەدان (ئەیکەر) دارستان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە سووتێنرا. ئەم ڕاگواستنی زۆرەملێیە، چ بەهۆی ئابوورییەوە بێت یان سیاسی، بوو بە هاوکار لە پێکهێنانی دیاسپۆرایەکی کورد لە ڕۆژاوای تورکیادا (هۆستۆن، ٢٠٠١). دیاسپۆرا کوردەکان لە شارە تورکییەکانی ڕۆژئاوادا وەک "دەسدرێژییەکی کوردی"  تەماشا دەکران  و کوردەکان لە گوتاری گشتی و جەماوەریدا وەک خەڵکیکی ئاست نزم وێنا دەکران (ئێرگین، ٢٠١٢) و لە ڕووی کولتوورییەوە یەکناگرنەوە لەگەڵ ژیانی مۆدێرنی شاردا و وەک خەڵکی دواکەوتوو، تاوانکار، توندوتیژ و جوداخواز لەقەڵەم دەدران (سەراجئۆغڵوو، ٢٠٠٩: ٦٤٥).

   زۆرێک لە کوردەکان لەم وێنە نەرێنیانە تێگەیشتوون و کوردبوونیان یەکسان کردووە لەگەڵ گەوجی و ناشارستانییەت و هەروەها لەگەڵ ئیددیعا کردنی شوناسی سنوورداریاندا یەکدەگرێتەوە (هۆستۆن، ٢٠٠١). ئەم گوتارە ڕۆژهەڵاتناسییەی کە دژ بە کورد بڵاو دەکرێتەوە ئامانجی دروستکردنی سیستەمێکی سیاسیی هەرەمییە و بەهێزکردنی ئایدیای شوناسی تورکییە وەک شوناسێکی باڵا و سەرەکی کە پێویست دەکات کورد ئامێزی بۆ بگرنەوە تاوەکوو بتوانن بچنە ناو سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی شارستانییەوە. ئەم گوتارە ڕۆژهەڵاتییە بوو بە مۆرک و خاسییەتی پێکهێنەری سیاسەتی تواندنەوە و ئەسیمیلەی تورکیا دژ بەکوردەکان (بڕوانە زەیدانئۆغڵوو، ٢٠٠٨). وەک دژوارییەک کەوا لەکاتێکدا کە لەڕووی مێژووییەوە دەوڵەتی تورکیا نکووڵی لە بوونی شوناسی ئیتنیکیی سیاسی کورد دەکات و بێدەنگیان دەکات و سزایان دەدات، کەچی خەڵکی ئاسایی تورک دان بە شوناسی جیاوازی ئیتنیکییاندا دەنێن و پاساو بۆ گوتاری دوورخستنەوەیان دەهێننەوە بە ئاماژەکردن بۆ جیاوازییەکانیان جا ڕاستەقینە بن یان ئیددیعاکراو. لە بۆچوونی میللیی تورکیدا، کوردەکان  وا وێنا دەکرێن کە لەلایەکەوە مایەی ئاژاوە و تێکدانی ئارامی و ئاسایشن و لەلایەکی ترەوە سوودمەند و مفتخۆر بن (سەراجئۆغڵوو، ٢٠١٠). لەئەنجامی ئەو توندوتیژییە مەعریفییەی کە وەک کێشەیەک کورد دەسنیشان دەکات یان وەک فەرامۆش کردن و نەبوو لەقەڵەمیان دەدات، ئەوە دیاسپۆرای کورد لەم شارە تورکییانەدا یان خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە بە خۆگونجاندن و خۆتواندنەوەی لە ناو قەوارەیەکی تورکیدا و / یان خۆی وەک فۆرمێکی بەرگری کردن دژ بە تواندنەوە و ئەسیمیلە کردن دێنێتەکایەوە.

  بە هۆی میلیتاریزە کردنی ناوچە کوردییەکانی تورکیاوە، دوانزە هەزار کورد بوون بە پەنابەر لە مەخموور، کە ناوچەیەکی کێشەلەسەرە لەنێوان حکوومەتی ناوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستاندا. ئەم پەنابەرانە لە کەمپی ئاوارەکانی مەخمووردا دەژین، کە بە دووریی چل میل دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە. ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا، لە ساڵی ٢٠١٨دا هەڕەشەی بۆردمانی ئەم کەمپەی ئاوارەکانی کرد، چونکە باوەڕی وابوو گوایە ئەم کەمپە "شوێنێکی لەبارە" بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). هەروەها بە هۆی شەڕوشۆڕی سووریاشەوە سەدان هەزار کورد لەم وڵاتە هەڵاتوون و لە هەرێمی کوردستانی عێراق و تورکیادا بوون بە پەنابەر. زۆرێک لەمانە خراونەتە ئەو کەمپانەوە کە لە دهۆک و هەولێر و سلێمانی بۆ ئاوارەکان چێ کراون. کەمێکیش لەم پەنابەرانە بۆیان ڕەخساوە کە لە دەرەوەی کەمپەکانی ئاوارەکاندا ژیان بگوزەرێنن. لەکاتێکدا کە ئەمانە شوناسی کوردیی خۆیان دەسەلمێنن، گەلێکیان بەپەرۆشی گەڕانەوەن بۆ ماڵی لەدەستچوویان لە سووریا (بەهرام، ٢٠١٨). لە هەرێمی کوردستانی عێراقیشدا، بەهەمان شێوە هەزاران کورد کە لە ئێران هەڵاتوون یەکەمجار لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە لە نزیک شاری ڕەمادی نیشتەجێ کران و لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە لە ساڵی ٢٠٠٣دا، گەلێ لەم ئاوارە کوردانە داوای مافی پەنابەرییان کرد لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەندێکیشیان گەڕانەوە بۆ گوندەکانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان / ئێران و زۆرێکیشیان لەئێستادا بە شێوەیەکی سەرەکی لە شارەکانی کەلار و هەولێردا دەژین لە کوردستانی عێراقدا. هەڵبەت بە پێچەوانەی کوردە سوورییەکانەوە زۆرێک لەم کوردە ئاوارانە باشتر تێکەڵی کۆمەڵگە کوردەکەی ئێرە بوون سەرەڕای کۆسپە یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان.

  هەرچەندە ئەم باسە بە لێکۆڵینەوە لەو کۆچپێکردنە بەکۆمەڵە زۆرەملێیانە دەستیپێکرد کە بەرەوڕووی کورد بوونەتەوە لە دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام باسەکە بە پلەی یەکەم تاوتوێی پێکهاتنی دیاسپۆرای کورد دەکات لە ئەوروپای ڕۆژاوادا کە بووە بە زێد و شوێنی نیشتەجێی سەدان هەزار کۆچبەری کورد و ئەو پەنابەرانەی بەدوای مافی سیاسی و کولتووری و ئابووریدا دەگەڕێن. ئێمە دەمانەوێ بەکورتی لە گرنگی و بایەخی دیاردەی دیاسپۆرای کورد بدوێین لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا و چۆن ژێردەستەیی سیاسی و چەوساندنەوەی کوردەکان هاوزەمان بووە لەگەڵ بەردەوامبوونی نایەکسانیی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ پێدانی چوارچێوەی سیاسی بە دیاسپۆرای کورد. پێویستە ئەوەش بگوترێت کەوا دیاسپۆرای کورد لەڕووی کولتووری و سیاسی و ئاینییەوە هەمەچیزە و ناهەموارە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەکرێ باس لە کۆمەڵگەیەکی سنووربەزێنی (ترانسناشناڵی) خەیاڵی کورد بکەین، کە بەشێوەیەکی ئەڵتەرناتیڤ دەربڕی کات و سەردەمی ئاڵۆزی و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت کە تێیدا کورد بەرەوڕووی فۆرمی جۆراوجۆری توندوتیژی و هەڕەشەی بوون بووەتەوە وەک گەلێک و نەتەوەیەکی بەکەمینەکراو لە گەڕان و کۆششی بەدوای دەستەبەر کردنی ئازادیی سیاسی لە دەوڵەتە ستەمکار و ملهوڕەکانی ناوچەکەدا.

 

پێکهاتنی دیاسپۆرای کورد لە ڕۆژاوادا

 کۆچی کورد بۆ وڵاتانی ڕۆژاوا دیاردەیەکە تاڕادەیەک نوێیە و زانیاریی ورد نیە سەبارەت بە ژمارەیان لە ڕۆژاوا چونکە کورد دەوڵەتێکی نەتەوەیی یەکگرتوویان نیە و بەزۆری بە شێوەیەکی فەرمی وەک هاووڵاتیی تورکی و ئێرانی و عێراقی و سووری تۆمار دەکرێن. بەهەرحاڵ، قەبارەی دیاسپۆرای کورد هەر لە زیادبووندایە بەهۆی شەڕ و ململانێی چەکداریی بەردەوامەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە سووریا و عێراقدا، کەوا ژمارەیەکی زۆری کوردی سووریا و ئێزیدییەکان زێد و وڵاتی خۆیان جێهێشتووە. پەیدابوونی دەوڵەتی ئیسلامیی لە شام و عێراق (داعش) بەو شێوە توندڕەوی و بێبەزەییانە لە ساڵی ٢٠١٤دا زۆرێک لە ئێزیدییەکانی ماڵوێران و ئاوارە کرد و خستنیە ژێر باری شۆک و ترۆمایەکی سەختەوە، کە تێیدا زۆرێک لە ئافرەتە گەنجەکان ستەمیان لێکراوە و دەستدرێژیی کراوەتە سەر نامووسیان. بە پێی واهڵبێک (٢٠١٨)، ڕێکخراوە کوردییەکان مەیلیان بە لای زیادەڕۆیی کردنەوەیە سەبارەت بە ژمارەی دیاسپۆرای کورد لە ڕۆژاوا و ژمارەی کورد لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا مەزەندە دەکرێت بە ٦٦٠ هەزار لە ئەڵمانیا، ١٢٠ هەزار لە فەرەنسا، ٨٠ هەزار لە هۆڵەندا، ٦٠ هەزار لە نەمسا، ٥٠ هەزار لە بەریتانیا، ٧٠ هەزار لە سویسرا، ٤٠ هەزار لە سوێد، ٦٠ هەزار لە بەلجیکا و چەند هەزارێکیش لە یۆنان، ئیتاڵیا، دانیمارک و فنلەندا. هەروەها نزیکەی ٧٥ هەزار کەس کۆمەڵگەیەکی community کوردیی بەهێز پێکدێنن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و       ٥٠ هەزار کۆچبەری کورد لە کەنەدا. قەبارەی کوردی دیاسپۆرادا، سەرباری ئەوەی کە مێژوویەکی تازەی هەیە لە ڕۆژئاوادا لانی کەم بە زیاتر لە ملیۆنێک مەزەندە دەکرێت (واهڵبێک، ٢٠١٨؛ هەروەها بڕوانە هاشمی، ٢٠١٤). بێگومان ئەمە تەنها خەمڵ و مەزەندەیەکە و ڕەنگە هەندێ ژمارە لەوە زۆر زیاتربن وەک لەسەرەوە باسی لێوەکراوە. نزیکەی ٨٥%ی هەموو کوردەکانی دیاسپۆرا لە ناوچە کوردییەکانی تورکیاوە هاتوون (هاشمی، ٢٠١٤).

   بۆ ئەوەی لە پێکهاتنی دیاسپۆرای کورد تێبگەین لە ڕۆژاوا لە دوا بەشی سەدەی بیستەمدا، پێویستمان بە ڕەچاوکردنی دوو هۆکاری سەرەکییە. یەکەمیان پەیوەندیدارە بە سیاسەتی یەکبینە و سەرومڕی تواندنەوەی پڕ لە زەبروزەنگ و جیاکاریی بونیادییەوە کەوا کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دووچاری بوون و کارێکی کردووە کە مەشخەڵی بەرگریی کورد و شەڕی گەریلایی هەڵبگیرسێت و جموجووڵ و  چالاکیی سیاسی جۆش بدرێت. ناوچە کوردییەکان نەک هەر تەنها لە ڕووی ئابوورییەوە دواکەوتوون بەڵکوو بەردەوام شوێنی شەڕوشۆڕ و ململانێی چەکداری و میلیتاریزە کردن بوونەتەوە بە هۆی توندوتیژیی دەوڵەت و چالاکییەکانی شەڕی گەریلایی. دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕووی مێژووییەوە وەک ئەوە لێکینادەنەوە کەوا کورد پێکهاتەی شەرعی و هاووڵاتیی کۆمەڵگەکانی خۆیانن و بەردەوامن لە وێناکردنیان وەک هاووڵاتیی جیاکار و لە ڕووی سیاسییەوە لە چوارچێوەی جوغزی ئاسایشی نیشتمانییەوە تەماشا دەکرێن. بەو پێیە دیاسپۆرای کورد دەکرێ وەک بەرهەمێکی کێشە و ململانێ وەسف بکرێن و سەرقاڵی لەچوارچێوەنانی سیاسەت و ململانێی نیشتمانن. پەرەسەندنی دووەم کەوا کۆچی بەکۆمەڵی کوردی لێکەوەتووەتەوە، بەتایبەتی لە کوردستانی تورکیادا، پەیوەستە بە گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانییەوە لە ئەوروپا کە هانی دابینکردنی کار دەدات بۆ ژمارەیەکی زۆری کرێکارانی هاتووی کورد (حەسەنپوور و موجاب، ٢٠٠٥).

    لە ماوەی ساڵانی ١٩٦٠کاندا، کۆچبەرە کوردەکان بۆ ئەوروپا بە شێوەیەکی سەرەکی لەو ڕۆشنبیرە گەنجانە پێکدەهاتن کە دەیانویست بەردەوامی بە خوێندن بدەن. هەڵبەت ئەوە ئەوروپا بوو کە تێیدا کوردی بەشە جیاوازەکانی کوردستان دەکرا تێیدا کۆببنەوە و زەمینەی شوناسێکی سیاسیی هاوبەشی کورد بڕەخسێنن. گەلێ لەوانە کەوتنە دروستکردنی کۆمەڵە و یەکێتیی خوێندکاران و پاڵپشتی کردنی لێقەومان و گرفتاربوونی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کۆچبەرە کوردەکان کە وەک کرێکارانی میوان پێناسە دەکران کە لە تورکیاوە هاتبوون بە شێوەیەکی سەرەکی لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٠دا گەیشتبوون. ئەم کۆچبەرانە وا خۆیان دەسنیشان کرد و وا خۆیان بەو کۆمەڵگانە دەناساند کە تورکن یان خەڵکی تورکیان. ئەم شێوازی دیاریکردنی شوناسە کەوتە بەر گۆرانکاری بە کاریگەریی خوێندکارە کوردەکان و پەکەکە کە دەستیانکردبوو بە "زیدووکردنەوەی" شوناسی کورد لە ناو ڕیزەکانی ئەم کۆچبەرە "ئابوورییانەدا". لە ئەنجامی توندوتیژیی دەوڵەت و شەڕ و پێکدادانی نێوان بزووتنەوە گەریلاییە کوردەکان لە ئێران و عێراق و تورکیا زۆرێک لە ئاوارەکان لە زێد و وڵاتەکانی خۆیان هەڵاتن لە ساڵانی ١٩٨٠ بۆ ٢٠٠٠ (شێخمووس، ٢٠٠٠).

  پێکهاتنی دیاسپۆرای کورد لە ناو وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ئەوروپای ڕۆژاوا لە ڕێگەی ژمارەیەک لێکۆڵینەوەوە تاوتوێ کراون لە سوێد (ئەڵینیا، ٢٠٠٤؛ ئیلیاسی، ٢٠١٣؛ ئیمانۆیڵسۆن، ٢٠٠٥؛ گالیپ، ٢٠١٤؛ خەیاتی، ٢٠٠٨؛ مەحموود، ٢٠١١؛ زێتەرڤاڵ، ٢٠١٣)، لە بەریتانیا (دەمیر، ٢٠١٢؛ ئیلیاسی، ٢٠١٦؛ فێرناندس، ٢٠١٨؛ گریفیس، ٢٠٠٢؛ ئوگوریس، ٢٠٠٤؛ واهڵبێک، ١٩٩٩)، ئەڵمانیا (ئیکاریۆس - کێللی، ٢٠٠٢، ٢٠١٨)، فەرەنسا (موحسینی، ٢٠٠٢) و فنلەندا (تۆیڤەنینو کیڤیستۆ، ٢٠١٤؛ واهڵبێک، ١٩٩٩). فۆکەسی ئەم لێکۆڵینەوانە بەگشتیی لەبارەی ئەزموونەکانی کۆچبەری کۆچبەرە کوردەکانە لە چەندین نەوەدا، بەشداریی سیاسییان لە وڵاتی ڕەسەن، پەیوەندیی جەندەری لە دۆخ و سیاقەکانی دیاسپۆرادا، بەکارهێنانی زمان و پارێزگاری کردن لێی لە دۆخ و سیاقی ترانسناشناڵدا، پەرەپێدانی ئەدەب و رۆمانی کوردی، ئەزموونەکانی تێکەڵبوون و دابڕان لە ئەوروپای ڕۆژاوادا و سیاسەتەکانی بێدەوڵەتی و بێ وڵاتی. لە ئەنجامی کۆچکردندا، پەیوەندییە جەندەرییەکان بوون بە مەیدانی جەنگی نێوان دابونەریتی باوکایەتیی کۆمەڵگەی کوردی بە نەوە جیاوازییەکانیەوە و نوێنەرایەتی کردنی ڕەگەزپەرستانەی نیرینەی کورد و خێزانەکان لە دۆخ و سیاقە ئەوروپییەکاندا (ئیلیاسی، ٢٠١٣).  

دوابەدوای کۆچکردن،  زۆرێک لە ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و نووسەران و چالاکوانە سیاسییەکانی کورد زەمینەیەکی سیاسییان بۆ دیاسپۆراکانی کورد لە وڵاتانی وەک سوێد کە وەکوو سەنتەری کێش کردن بۆ دیاسپۆرا و چالاکیی سیاسیی ترانسناشناڵ (خەیاتی، ٢٠٠٨). بۆ نموونە، ئەدەب و ڕۆمانی کوردی تاڕادەیەک پەرەی پێدراوە لە دۆخ و سیاقی دیاسپۆرادا و لەم ڕووەوە سوێد ڕۆڵێکی پێشەنگانەی گێراوە لە پاڵپشتی کردنی زمانی کوردیدا (بڕوانە ئەحمەدزادە، ٢٠٠٣؛ گالیپ، ٢٠١٤). هەروەها سوێد یەکێک لە سەرکەوتووترین یانەکانی دیاسپۆرای تۆپی پێی لەخۆگرتووە و بە دیاریکراوی دالکورد ف ف، کە سالی ٢٠٠٤ دامەزراوە و بەڵام توانی ساڵی ٢٠١٨ یاریی وەرزێک بکات لە ئەڵسڤێنسکان Allsvenskan، کە بەرزترین ئاستی پرۆفێشناڵی خولی تۆپی پێی سوێدە. ئەوان حاڵی حازر یاریی سوپەراتان  Superettan دەکەن، کە دووەم بەرزترین خولی فووتبۆڵە لە سوێد. کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان گرنگن لە دۆخ و سیاقی دیاسپۆرادا چونکە کەسایەتییە گشتییە کاریگەرەکان و نواندنی چالاکییەکان دەتوانن گوتارەکانی شوناسی کوردی دروست بکەن و بیشیپارێزن و خۆپیشاندان و ڕێککەوتننامەکانی پشتگیریی کوردان ڕێکبخەن (بڕوانە سۆکەفێڵد، ٢٠٠٦).

کۆمەڵە و ئینستیتیووتە کاریگەرەکانی کوردی لە ئەوروپا ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە: فێدراسیۆنی کۆمەڵە و ڕێکخراوە کوردییەکان لە سوێد، ئەنجومەنی کۆمەڵە کوردییەکان لە سوێد، یەکێتیی کورد لە سوێد، ئینستیتیوتی کورد لە فەرەنسا، کۆن - کورد لە بەلجیکا، یەک - کۆم و کۆم - کار لە ئەڵمانیا و سەنتەری کولتووریی کورد و سەنتەری کۆمەڵگەی کورد لە بەریتانیا. ئینستیتیووتی کورد لە پاریس ڕۆڵێکی سەنتراڵی بووە و هەیە لە چالاکییە کولتوورییەکانی دیاسپۆرا و بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر کورد و پشتگیریی مافی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا (هاشمی، ٢٠١٤). ئەم دەزگا چالاکی بەخشانە فاکتەری بنەڕەتین لە بنیاتنانی شوناسێکی کوردیی بەسیاسیکراودا و دیاسپۆرایەکی کوردیی دێنێتە بوون لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئایدیا و تۆڕ و پارەوە. چالاککارە سیاسییەکان گرنگن بۆ زەمینە خۆشکردن و پەرەسەندن و کاریگەریی دیاسپۆرا لە وڵاتی نیشتەجێبوون و وڵاتی ڕەسەن و دانیشتووانی پەرت و بڵاودا (بێتس و جۆنز، ٢٠١٦). بۆ نموونە، ئەوان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە چەسپاندنی ئایدیای شوناسێکی کوردیی چەوساوە کە سنووری نەتەوە و نیشتمانی جۆراوجۆر تێدەپەڕێنێت و سەرقاڵی فشار و لۆبیکردنە بۆ دانپیانانی زمان و مافەکانی کورد، لە ڕێگەی پیادەکردنی جۆراوجۆری مۆبیلیزە کردنەوە چەشنی چالاکییە ڕێکخراوەیی و سەندیکاییەکان، کەنالەکانی ڕادیۆ و سەتەلایت لە فەزای سایبەری (ئەلیکترۆنی) نێوان نەوە جیاوازەکانی کورددا لە پلاتفۆرمە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا. وەک ئەنجامێکی ئەم چالاکییە سیاسییانە چیتر "پرسی" کورد بە پرسێکی ناوخۆیی ئەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابینرێت کەوا کوردیان خستووەتە ژێر باری جیاکاریی بونیادی و توندوتیژیی سیاسییەوە، چونکە مەسەلەی کورد توانی بچێتە پێشەوە و لە پرسێکی ناوخۆییەوە ببێتە پرسێکی ئەوروپی و نێودەوڵەتی (ماکدواڵ، ٢٠٠٤). وەک ڤان برونەسن (٢٠٠٠) بۆیدەچێت کەوا ستەم و چەوساندنەوەی دەوڵەت بۆ کوردەکان وەک پارادۆکسێک ئاسانکاریی بۆ تۆڕێک چالاکیی سیاسیی سنووربەزێنی کورد کردووە (ترانسناشناڵ) کە سیاسەتەکانی دەوڵەت ڕەتدەکاتەوە و تەحەدای ئەو سیستەمە سیاسییە دەکات کەوا کوردەکان ملکەچ دەکات.

  پێگەیەکی گرنگ بۆ بنیاتنانی شوناسێکی بەسیاسی کراوی کورد فەزای ئەلیکترۆنییە cyberspace کە تێیدا شوناسێکی گریمانەیی کوردی دروستکراوە لەمیانەی چالاکیی سەر تۆڕی ئینتەرنێتەوە، چەشنی ماڵپەڕی شەخسی و سیاسی، بلۆگ، ماڵپەڕی هەواڵ، دوانگەکانی گفتوگۆ، فەیسبووک و یوتیووب (مەحموود، ٢٠١١؛ شەیخولئیسلامی، ٢٠١٠). بەهەمان شێوە چالاکییەکانی سەر تۆڕی ئینتەرنێت (ئۆنلاین) هەر تەنها بوارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی گرنگی  بۆ کورد نەڕەخساندووە بۆ گوزارش کردن لە شوناسێکی کوردیی سنووربەزێن لە سەرانسەری دنیادا، بەڵکوو توانیوێتی وایان لێبکات پەیوەندی بگرن لەناوخۆیاندا، ململانی و دانوستانی جیاوازییەکانیان بکەن و هەروەها لەسەر دروستبوونی شوناسە جیاواز و جۆراوجۆرەکانی کورد مشتومڕ بکەن. هەڵبەت ئەمە بە بەردەوامی لە زمانی کوردیدا مەیسەر نەبوو بەڵکوو لە کۆمەڵێکی جۆراوجۆری زماندا بۆیان ڕەخساوە کە ئەوان لێی تێدەگەن و ماڵەی لەگەڵ دەکەن. لە دۆخ و سیاقی جیهانگیری و تەکنۆلۆجیای پەیوەندیدا، دیاسپۆرای کورد و نەتەوە بێدەوڵەتەکان بە شێوەیەکی تایبەتی ڕێگەیەکیان دۆزیوەتەوە بۆ تەحەداکردنی گوتارە فەرمییەکانی دەوڵەت و بەتاڵکردنەوەی سەروەرییەکەی، ئەگەرچی لە ڕێگەیەکی پڕ کۆتوبەندیشەوە بووبێت.

 هەڵبەت کوردەکان لەنێو ئەو یەکەم گەل و نەتەوانەدا بوون کەوا کەناڵێکی پەخشی سەتەلایت دابمەزرێنن، کە ئەویش مێد تیڤی MED TV بوو لە ساڵی 1995دا. بێگومان ئەمە ساتەوەختێكی شۆڕشگێڕی بوو لە مێژووی کورددا چونکە زۆرێک لە کورد بە یەکەم کەناڵی تەلەفزیۆنی نیشتمانیی خۆیان تەماشا   دەکرد و پەخشی مێد تیڤی وەک تێکدان و "زمانحاڵی تێرۆر"  لەقەڵەم دەدرا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە و مایەی سەرسوڕمانیش نیە کەوا تورکیا هەموو هێزی دیپلۆماتیکی خۆی خستبووەکار بۆ ڕێگرتن لە پەخشکردنی. ئەم کەنالە چەند جارێک ناچار کرا کە ناوی خۆی و ئەو وڵاتەش بگۆڕێت کە تێیدا پەخشی دەکرد بۆ خۆدەرباز کردن لە تەنگ پێهەڵچنینی سیاسی و دیپلۆماسیی دەوڵەتی تورکیا (ئەیاتا، ٢٠٠١؛ حەسەنپوور، ٢٠٠٣). لەم ساڵانەی دواییدا، ژمارەیەکی هێجگار زۆر کەناڵی سەتەلایتی کوردی کەوتوونەتە پەخشکردن. ئەم کەناڵانە سەر بە حیزبە سیاسییەکانی کوردن لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا. لەکاتێکدا کە هەر هەموو ئەم حیزبانە ئیددیعای ئەوە دەکەن کە خەمخۆری سەرەکیی شوناس و مافی کوردن، بەڵام سیاسەت و بەرژەوەندیی حیزبەکان لە دەوری شەخسپەرستیی سەرکردەکانیان و شەهیدەکانیان دەسووڕێتەوە و ناوەرۆکی پەخشی ئەو کەناڵانە پێکدێنن (ئیلياسى، 2013).

  بەڵام هەموو وڵاتانی ئەوروپا پاڵپشت و هاوسۆز نین بۆ چالاکیی سنووربەزێنی کورد. بەڵکوو لە سیاقی چاوپۆشی کردنی ئەوروپیدا و دەست و پەنجە نەرمکردنی لەگەڵ چەوساندنەوەی درێژخایەنی ناسیۆنالیزم و دیبلۆماسییەتی تورکیادا، بەریتانیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت دژ بەو چالاکییانەی کەوا دەوڵەتی تورکیا دەکاتە ئامانج. سەرباری ئەوەی کە دۆخ و سیاقی سیاسی لە بەریتانیا پەسەندتر و لەبارترە، بە بەراورد لەگەڵ تورکیادا، کەچی کوردەکانی تورکیا لە بەریتانیا زیاتر کراونەتە ئامانج وخراونەتە ژێر چاودێری و پرۆسەیەکی توندوتۆڵی ئاسایشەوە لەو وڵاتەدا چونکە پەکەکە وەک "ڕێکخراوێکی تێرۆریستی" لەقەڵەم دراوە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا. ئەم سیاسەتەی بەریتانیا لە ژێر دروشمی شەڕکردنی تێرۆردا دیسان دەست و پەنجەی نەرم کردووە لەگەڵ سیاسەتی حکوومەتی تورکیا و دەزگا هەواڵگرییەکەیدا کەوا وێنای کوردیان گۆڕیوە بۆ کۆمەڵگەیەکی گوماناوی و خەباتی ترانسناشناڵی کوردیان بۆ مافە سیاسییەکان و یەکسانیی جەندەری و فرەیی لە تورکیای ڕەگەزپەرست و دەسەڵاتخوازدا بە گوزارشی "تێرۆر" ناساندووە (فێرناندس، ٢٠٠٨).

  شیاوی باسە کەوا دەکرێ کۆچ کاریگەریی گۆڕانکاری هەبێت لەسەر پێکهێنانی شوناسی کوردی لە دۆخ و سیاقی دیاسپۆرادا. کۆچبەری لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە وای بۆ  کورد ڕەخساندووە کە لەگەڵ ڕووبەرێکی دیموکراتیی سیاسی لە ڕۆژئاوا بتوانن دانوستان بکەن و زاڵبن بەسەر جیاوازییەکانیاندا و خۆیان یەکبخەن. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کەوا ناکۆکی و دژایەتیی سیاسیی  نێوان حیزبە سیاسییە جیاوازەکانی کورد لە دیاسپۆرا بڕەوێتەوە و چارسەر ببێت. لەڕاستیدا گەلێ لە جیاوازییە سیاسی و ئایدیۆلۆجییەکان زۆر جار توند و ئاڵۆز دەبن لە دیاسپۆرادا. بەپێی کاری مەیدانیی خۆم،  لە لایەن ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پ د ک)، بە سەرکردایەتیی مەسعوود بارزانی و حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات/ کوردستانی ئێران وا دەڕوانرێتە پەکەکە کە هێزێکی سیاسیی ڕێگر و کێشە دروستکەر بن. ئەم دژایەتی و ڕقەبەرایەتییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەچاکی گوزارشی لێوە دەکرێت و تێیدا ئەندامان و لایەنگرانی پەکەکە (پ د ک)یان داوەتە بەر ڕەخنەی توند کەوا لەلایەن دەستەبژێرێکی خێڵەکی و میراتیی گەندەڵەوە سەرکردایەتی دەکرێت کە پشتگیریی سیاسەتە سەرکوتکارانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن بۆ لاوازکردنی کایەی دەسەڵات و کاریگەریی پەکەکە لە کوردستاندا. بەپێچەوانەوە، ئەندامانی (پ د ک) وا دەڕواننە پەکەکە کە هێزێکی دژە کوردە بەو هۆیەوە کە دەسبەرداری سەروەریی سیاسی و دەوڵەتسازیی بوون و ئۆتۆنۆمییەکی بێبایەخیان قبووڵە لە ژێر دروشمی ئۆتۆنۆمیی دیموکراتیدا.

گەلێ جار ئەم دابەشبوونە سیاسییانە لە دۆخ و سیاقی دیاسپۆرادا ڕەنگدەدەنەوە و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەیی پەرت دەکەن و لێکتریان دادەبڕن. مەسەلەی ئەوەی کەوا کوردەکانی تاراوگە یان دیاسپۆرا کام ئاڵای کوردی بەکاربێنن لە کاتی ئەو خۆپیشاندانانەدا کە پاڵپشتی داواکارییەکانی کورد و ئەو ئازارە بەکۆمەڵانە دەکات کەوا کاریگەرترین مەسەلەی هاوبەشی کورد بن. لە میانەی چەندین خۆپیشانداندا کە خۆم تێیاندا بەشدار بووم و تێبینیم کردووە کەوا زۆرێک لە لایەنگرانی پەکەکە ئاڵای فەرمیی هەرێمی کوردستانی عێراق وەک "ئاڵایەکی بارزانی" وێنا دەکەن و ڕەتیدەکەنەوە کە ئاڵایەکی گشتگیری هەموو کورد بێت. بەپێچەوانەوە، یەکێک لەو کوردانەی لە سوێد چاوپێکەوەتنم لەگەڵ کردووە پێیگوتم ئەو نازانێت پەکەکە ئەم ئاڵا نوێیەی لەکوێوە هێناوە کە بەسەر باکووری               کوردستان/ تورکیا و ڕۆژاڤا/ سووریاوە دەشەکێتەوە، چونکە "وا دێتە بەرچاو کە زیاتر لە ئاڵایەکی ئەفریقا بچێت وەک لەوەی هی کورد بێت".

 سەرباری ئەم دژایەتییە ئایدیۆلۆجییە، هەوادارانی حیزبە سیاسی و کۆمەڵە و ڕێکخراوە جیاوازەکان لایەنگری چارەسەرێکی گونجاون و هەردوو ئاڵاکە بەکاردێنن بۆ ئەوەی ڕێگە لە کەرتوپەرت بوونی زیاتر لە کۆمەڵگەکانی دیاسپۆرای کورددا. ئەمەش بەتەواوی ڕوونە کاتێ کەوا بەرەوڕووی ڕووداوە هەستەوەر و یەکلاکەرەوەکان دەبنەوە کە پێویستیان بە بەرەیەکی یەکگرتووە. هۆشیارییەک هەیە لە ناو کەسایەتییە کاریگەرەکانی کورددا کە بۆ ئەوەی سیاسەتەکانی شوناسی کورد سەربکەوێت، پێویستە جەخت لەسەر خەمی بەکۆمەڵ و پەیوەندیی هاوبەش بکەنەوە لەگەڵ پێداگرتن لەسەر جیاوازییە سیاسی و ئایدیۆلۆجییەکان. بەو پێیە، چالاکوانەکانی دیاسپۆرا فرەجار داوای یەکگرتن و کەمکردنەوەی بایەخی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کورد دەکەن کاتێ کە بەرەوڕووی توندوتیژیی سیاسی و کوشندە دەبنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. چالاکی و پشتگیریی مادی و مۆراڵیی دیاسپۆرا بۆ بزووتنەوە کوردییەکان تواناداریان دەکات کە ببنە یاریزانی سەرەکی و گرنگ لە داڕشتنەوە و کاریگەری دانان لەسەر سیاسەتی حیزبە کوردییەکان.

  لەکاتێکدا کە دیاسپۆرا بەزۆری مشتومڕی پەیوەندیدار دەکات لەبارەی پشتگیری یان تێکشکاندنی ئاشتییەوە (برینکەرهۆف، ٢٠١١؛ کۆینۆڤا و تسوراپاس، ٢٠١٨)، من پێگەی لاوازی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وادەبینم کە ئاڵۆزکردنی ئەم چەمکە دوانەییەی دابەشبوون بێت بۆ پیادەکردنی جۆشدانی دیاسپۆرا. لەکاتێکدا کەوا دیاسپۆرای کورد، بۆ نموونە، شەڕی دانپیانان و سەلماندنی شوناسی کوردی دەکات، بەڵام دیاسپۆرای تورک بەگشتی هەوڵی پاراستنی پێگەی سەرەکیی خۆی دەدا. بۆ نموونە، لە نیسانی ٢٠١٧دا، دیاسپۆرای تورک لە ئەلمانیا، نەمسا، هۆڵەندا، بەلجیکا، فەرەنسا و نەرویج پشتگیریی ڕیفراندۆمی دەستووریان کرد لە تورکیا کە ڕێگەی خۆشکرد بۆ دەسەڵاتی سەرۆکایەتی لەو وڵاتەدا کە ئەردۆغان هەوڵی بۆ دەدا و بەدەستیشیهێنا، کەوا ئامادەیی لە هەردوک تورکیا و سیاقی دیاسپۆراشدا دروستکرد (کۆینۆڤا و تسوراپاس، ٢٠١٨).

  بێگومان قەیرانەکان و ڕووداوە یەکلاکەرەوەکان و جەنگەکان مەسەلەی بنەڕەتین بۆ جووڵاندن و جۆشدانی سیاسیی دیاسپۆرا. ڕووداوە یەکلاکەرەوەکان  "کاردانەوەی سۆزئامێز بەرپا دەکەن لای ئەو کەسانەی لە دیاسپۆران و    هەست و هۆشیان هەر لای نیشتمانە" (مەوروودی، ٢٠١٨: ١٣١٠). بێجگە لەوەش، ڕووداوە یەکلاکەرەوەکان گرنگن چونکە هەلومەرج دەڕەخسێنن بۆ بەرجەستە کردنی کۆمەڵگەیەکی ترانسناشناڵی خەیاڵ لە نێو کۆمەڵگە پەرتوبڵاوەکانی خەیاڵدا (سۆکەفێلد، ٢٠٠٦). هەڵبەت ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کەوا هەموو ئەندامە گریمانەکراوەکانی دیاسپۆرای کورد پشتیان پێ ببەسترێت بۆ جۆشدان و پاڵپشتیی کوردستان لە کاتی قەیراندا و بەتایبەتی لە سیاقی ئەو شەڕ و ململانێیانەدا کە درێژای کێشاوە و بەزۆری بووە بە بنەما نەک ڕیزپەڕ. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ناو دیاسپۆرای کورددا کەسانی سەرەکی و ئەکادیمی و کەسایەتیی کاریگەر هەن کە دەتوانن کەسانی نەرێنی و بێدەنگی ناو دیاسپۆرای کورد ڕابکێشن لە سەردەمی قەیران و بوونی هەڕەشەدا کەوا بەرەوڕووی کورد دەبیتەوە لە سەرتاپای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا (بڕوانە شاین و بارت، ٢٠٠٣: ٤٥٢).

  ڕووداوە یەکلاکەرەوەکانی وەک گەمارۆدانی کۆبانێ لەلایەن داعشەوە لە هەردوو ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ ئەوەی دەرخست کەوا چۆن شوناسی کورد لەسەر ئاستی جیهان ڕێکخرا بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری بۆ ئەو ژن و پیاوانەی کورد کە دژ بە داعش شەڕیان دەکرد. لەکاتێکدا کەوا شاری کۆبانێ بە ڕادەیەکی زۆر گەورە وێران کرابوو، لەگەڵ ئەوەشدا، بە شێوەیەکی گشتی سەرکەوتن بۆ کورد گرنگ و خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە شەڕی دژ بە داعشدا. دوو ڕووداوی تری هاوچەرخ دەرد و خەمێکی هێجگار گەورەیان بۆ کوردی دیاسپۆرا خوڵقاند، کە ئەوانیش لەدەستدانی کەرکووک بوو بەهۆی هێرش و پەلاماری سوپای عێراق و میلیشیا شیعەکانەوە و داگیرکردنی عەفرین بوو لەلایەن سوپای تورکیا و میلیشیا ئیسلامییەکانەوە. کاتێ کەوا خەڵکی هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشەلەسەرەکان لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٧دا دەنگیان دا، زۆربەی دەنگدەران لە ڕاپرسییەکەدا (ڕیفراندۆم) پشتیوانییان لە سەربەخۆیی کورد کرد. بەهەرحاڵ، ئەم ڕیفراندۆمە عێراق و ئێران و تورکیای لەسەر ئەوە یەکدەنگ کرد کە نەهێڵن سەربەخۆیی کورد بەدیبێت.

  لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا، سوپای عێراق هاوشان لەگەڵ میلیشیا شیعەکاندا دەستیان گرت بەسەر نزیکەی نیوەی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی کورددا بێ بەرگرییەکی ئەوتۆی پێشمەرگە کوردەکان (هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق). حیزبە سیاسییە سەرەکییەکانی پارتی و یەکێتی دەسبەجێ کەوتنە شەڕێکی ڕاگەیاندنەوە و تۆمەتبار کردنی یەکتر بە خیانەت. لەدەستدانی شاری کەرکووکی فرە نەتەوە و ئیتنیک بە زۆرینەیەکی کوردەوە کە دەکرا ببوایەتە بزوێنەری سەربەخۆیی کورد، هەستێکی هێجگار گەورەی دروستکرد بە نائومێدی و سەرشۆڕی و شکست لە ناو دیاسپۆرای کورددا. تۆڕی میدیایی ڕووداو کە سەر بە پارتییە سەرکەوتوو بوو لەوەی کە یەکێتی بخاتە خانەی خیانەتکاری و هاوکار لە هاتنەکایەی ئەو دۆخەدا. بەڵام پارتی نەیتوانی ئەوە ڕوونبکاتەوە کە بۆچی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سەربازیی خۆی ڕادەستی میلیشیا شیعەکان و سوپای عێراق کرد. کردنی بەشێکی دیاریکراوی یەکێتی بە خیانەتکار و هاوکاری عێراق دوو چەکی لۆجیکیی دا بە دەستی پارتییەوە بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکاری شکستهێنانی ڕیفراندۆم و قووڵکردنەوەی ئەو دابەشبوونەی کە لە ناو یەکێتیدا دروست بووبوو. لەم سیاقەدا کەسێکی کورد لە چاوپێکەوتنیکدا لە سویسرا لەبارەی ئەم خەسارەتەوە بەم شێوەیەی خورەوە دەدوێت:

  "تۆ بیری خۆتی بهێنەوە، دەڕۆیت و دەنگ بۆ سەربەخۆیی کورد دەدەیت و خەون بە ئازادیی کوردەوە دەبینیت کە یەکەمجارە لە مێژوویدا خاکەکەی خۆی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی. پاشان بۆ سبەینێ بەیانی کە لە خەو هەڵدەستی، دەبینیت تانکەکانی عێراق هاتوونەتە ناو کەرکووکەوە و ئاڵا و شوناس و شکۆ و ئابڕووی کورد دەشێوێنن و دەیخەنە ژێر پێوە. لە جەنگدا یان سەردەکەویت یان دەدۆڕێیت، بەڵام ئەمە شکست و بەزینێکی ئاسایی نیە بەڵکوو خیانەتە. هەڵبەت زۆر قورسە ئەم شکستە قبوول بکەیت چونکە بەهۆی خیانەتەوە بووە و هەردوک یەکێتی و پارتی خیانەتیان لە کوردستان کرد و خاک و کەرامەتی ئێمەیان فرۆشتە میلیشیا شیعەکان. من دەتوانم پێت بڵێم کە لەدوای لەدەستدانی کەرکووک بۆ ماوەی دوو مانگ تووشی خەمۆکی بووم و زاتم نەدەکرد فەیسبووکەکەم بکەمەوە بۆ ئەوەی چاوم بە وێنەکانی شکست و بەزین نەکەوێت لەسەر دەستی هاووڵاتییە کوردەکانی خۆم. لە سەر فەیسبووک، کوردی پەرت و بڵاو بە هەموو شوێنێکی دنیادا ئازێتباری ئەم شکستە پڕ لە شوورەیی و سەرشۆڕییەن و من بەوە تا ئێستاش نەهاتوومەتەوە سەرخۆم و هێندە خەمۆکی گرتبوومی کە دەمویست واز لە کوردبوونی خۆم بهێنم. بەڵام ئەگەر کەرکووک و عەفرین بەراورد بکەین، دەڵێم بەڵێ ئێمە لە شەڕدا عەفرینیشمان لەدەستدا بەڵام جەنگاوەرە ئازا و بوێرەکانمان بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگ شەڕیان دژ بە یەکێک لە بەهێزترین دەوڵەتەکانی ناوچەکە و جیهان کرد. بۆیە ئەمە زۆر ئازاری منی نەدا، چونکە ئەوە شکست و بەزینیێکی شەرەفمەندانە بوو". 

  لە کاتی هێرش و داگیرکاریی تورکیادا بۆ عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨دا، خەڵکانی دیاسپۆرای کورد لە فڕۆکەخانەی هانۆڤەر لە ئەڵمانیا لەگەڵ پشتیوانانی ئەردۆغاندا پێکیاندادا و ناڕەزایی و پرۆتێستکارانی کورد وێستگەکانی شەمەندەفەریان لە لەندەن و مانچستەر داخست بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی کردنی عەفرین و سەرکۆنە کردنی  داگیرکردنی سەربازیی تورکیا بۆ عەفرین. لە سەرانسەری دنیادا پرۆتێست و خۆپیشاندان بەڕێوەچوو بۆ پشتیوانی کردن لە عەفرین بێئەوەی کار بکاتە سەر دەرەنجامی داگیرکردنەکە. هەڵوێستی بەریتانیا لەو ڕووەوە داشکاندن بوو بەلای تورکیادا بە پاساوی ئەوەی گوایە ئاسایشی نیشتمانیی خۆی دەپارێزێت و بەوەش کوردی خەتابار کرد و مافی ئۆتۆنۆمیی سیاسیی بۆ نەسەلماند و پاکانەی بۆ تورکیا دەکرد لە داگیرکاری و توندوتیژیدا دژ بە عەفرین. جارێکی تر، زۆرێک لە کوردی تاراوگە هەستی ئەوەیان لا دروست بوو کە لە لایەن زلهێزەکانەوە فرۆشراون ئەگەرچی     ستایش و پەسنی شەڕکردنی کوردیان دەکرد لە دژی داعش. ئەمە دەریدەخات کەوا دیاسپۆرا ڕۆڵێکی سنوورداری هەیە لەوەی کاریگەری دابنێت لەسەر سیاسەتەکانی نیشتمان و دەستەبەر کردنی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی سەرەڕای بەهێزییشی لە چالاکیی سیاسیی ترانسناشناڵدا.

 

دیاسپۆرای کوردی بێدەوڵەت و ئەوانیتری هەژمووندار

بە هۆی پێوەری بیر و ئایدیای نەتەوەیی و سیستەمی دەوڵەتە نەتەوەییەکانەوە، لە ڕووی شیکارییەوە یارمەتیدەر دەبێت ئەگەر جیاوازی بکرێت لە نێوان دیاسپۆرای بێدەوڵەت و ئەوانیتر کە پەیوەستن بە دەوڵەتەوە (شەفەر، ٢٠٠٣). دیاسپۆرای کورد وەک دیاسپۆرای بێدەوڵەت وەسف دەکرێت (ئیلیاسی، ٢٠١٣)، کە تێکەڵ و بەشداری تەحەداکردنی سیاسەتی وڵاتانی   ئێران و عێراق سووریا و توکیایە سەبارەت بە دوورخستنەوە و تەریککردن.  بە هەمان شێوە و بە هۆی پەرش و بڵاوبوونەوەی دیاسپۆرا جیاوازەکانی وەک دیاسپۆرای قوربانی، کرێکار، بازرگانی، ئیمپراتۆری و کولتووری (کۆهێن، ٢٠٠٨)،  کە لە ڕووی تیۆرییەوە شتێکی جەخت ئامێزە جیاوازییەکی شیکاری و دەلالەت بکرێت لە نێوان دیاسپۆرا جیاوازەکان و ڕەوت و ئاڕاستەیاندا وەک ئەنجامێکی سیاقە نەتەوەیی/ نیشتمانییەکان (دەسەڵاتخواز یان دیموکراتی) و پێگە و دۆخی گرووپەکان (زۆرینە یان کەمینە) کە لە پێش یان پاش کۆچکردندا هەیانبووە (ئیلیاسی، ٢٠١٣).

  لەکاتێکدا کە دیاسپۆرای پەیوەست بە دەوڵەتەوە چەشنی دیاسپۆرای تورکی بەو لایەدا دایدەشکێنن کە بەرگری لە یەکپارچەیی خاک و سەروەریی دەوڵەتی تورکیا بکەن لە ڕێگەی بەهێزکردنی "دام و دەزگاکانی حوکمەوە، پراکتیزەکردنی سیاسی و مێژووی فەرمیی دەوڵەتی تورکیاوە" (شێنای، ٢٠١٣: ٣٧٧)، بەڵام دیاسپۆرای کورد خولیا و مەراقی گەورەتری هەیە و تا ڕادەیەکی گەورەش تەحەدای دەوڵەتەکان دەکات و لە هەوڵی پێناسە کردنەوە و تێکدانی شوناسی دەوڵەتان و مەسەلەی هاووڵاتیبووندایە تێیاندا. هەڵبەت هەردوک دیاسپۆرای پەیوەست بە دەوڵەت و بێدەوڵەتیش تێهەڵکێشی ناسیۆنالیزمی دوور مەودا بوون (بڕوانە ئەندەرسن، ١٩٩٢) و پەیوەندیی سیاسیی ناهەمواری بەرچاو لە جیهانی دەوڵەتە نەتەوەییەکاندا هەیە. بەپێچەوانەی دیاسپۆرای بێدەوڵەتەوە، دیاسپۆرای بە دەوڵەتەوە بەستراو گەلێ جار دانپیانان و سەلماندنی نێودەوڵەتی بەدەستدێنێت لەگەڵ دانپیانان بە ناسنامەیەکی نوێنەرایەتی کردنی دەوڵەتێک لە دەرەوەی زێد و نیشتمانی "ڕەسەن".

   هەرچەندە ژمارەیەکی گەورەی دیاسپۆرای بێدەوڵەت وەک کورد و تامیل و تیێبتییەکان بەزۆری بەسیاسی کراون بە هۆی چەوساندنەوەی ئیتنیکی و ئاینییەوە لە وڵاتە ڕەسەنەکانی خۆیان، بەڵام ئەندامانی دیاسپۆرای پەیوەست بە دەوڵەتەوە مەیلیان بە لای بەشدارییەوەیە لە پشێوی و تەحەداکردنی دەوڵەتەکانیان و هەوڵدان بۆ پەکخستنی دەسەڵاتیان سەبارەت بە هەڕەشە کردن لە شوناسیان. ئەوەی کە جێی سەرنجە لەبارەی ئەزموونی دیاسپۆرای کوردەوە لە دەوڵەتە ئەوروپییە جۆراوجۆرەکاندا ئەوەیە کەوا زۆر جار بەرەوڕووی پشت تێکردن و نکووڵی کردن لە شوناسیان دەبنەوە لە لایەن کەسانی سەر بە دیاسپۆرای تورکەوە. پەپێی ئەندامانێکی سەر بە دیاسپۆرای کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان کەوا لە سوێد و بەریتانیا دەژین، هۆکاری زۆرێک لەم شەڕ و ململانێیانە بەم پرسیارە دەستپێدەکات "تۆ خەڵکی کوێیت؟" و ئەگەر وەڵامی پرسیارەکە کوردستان بوو مەسەلەکە وەک ئەوە وایە کە تۆ لەو کاتی گفتوگۆیەدا بۆمبێکت تەقاندبێتەوە. زۆربەی ناوهێنانەکانی کوردستان وەک شوێنێک کە کەسێکی لێ ژیاوە یان دەژی لای هەندێ خەڵکی تورک بە مانای هەڵوەشانەوەی شوناسی تورک و دەوڵەتی تورکیا دەکەوێتەوە. ئەزموونی دانپێدانەنان و نوێنەرایەتی نەکردن بەردەوام لە کۆڵی دیاسپۆرای کورد نابێتەوە لە هەردووک ژیانی ڕۆژانە و دۆخ و سیاقی خەمڵ و مەزەندەدا. تۆ لەم چیرۆک و بەسەرهاتەی ژنێکی تەمەن بیست و چوار ساڵ ڕابمێنە و کەوا لەلایەن پیاوێکی فارسەوە هێرشی دەکرێتەسەر بە هۆکاری شوناسی کوردستانی بوونی و دەگێڕێتەوە:

  "جارێکیان لە هۆڵی یارییە وەرزشییەکاندا ڕاهێنانی وەرزشیم دەکرد. پیاوێکی فارس لێم نزیکبووەوە و بە زمانی دانیمارکی لێی پرسیم کە ئاخۆ عەرەبم، تورکم یان ئێرانی. منیش وتم نەخێر، من کوردم. وتی: 'باشە، تۆ ئێرانیت؟' وتم نەخێر، من خەڵکی کوردستانم. کابرا چاوی پەڕییە پشتی سەری کە وتم کوردستان و کەوتە بێزارکردنم و بە شێوەیەکی ڕەگەزپەرستانە کەوتە   جنێودان و سووکایەتی پێکردنم و هەڵشاخا بە ڕوومدا و قیڕاندی: 'ئێوەی [کورد] بوونتان نیە، ئێوە لەسەر نەخشە هیچ بوونێکتان نیە، لەبەر ئەوە تۆ فارسیت'. خۆ ئەگەر خەڵک لە هۆڵەکەدا نەبوونایە بێگومان دەستی دەوەشاند و ئازاری دەدام. پاش ئەوە من بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک تووشی شۆک بووم و کەوتمە بیرکردنەوە لە باوک و دایکم و ئەو هۆکارانەی کە بۆچی هەمیشە باس لەوە دەکەن کە پێویستە بەرگری لە شوناسی کوردیمان بکەین دژ بە ستەم و چەوساندنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەپێش ئەم ڕووداوەدا من زۆر بەتوندی پابەندی شوناسی کوردی نەبووم بەڵام ئێستا زیاتر هۆشیار بوومەتەوە و پێشتر پێم وابوو لە وڵاتێکی دیموکراتیدا ژیاوین" .

  هەرچەندە ئەمە ئەزموونێکی تاکەکەسییە بەڵام بەهایەکی بەرفراوان و گشتگیری هەیە چونکە ئەم هەستی باڵادەستی و خۆبەزلزانییەی شوناسی فارسییە خاسییەتێکی بنەڕەتییە لە سیستەمی سیاسیی ئێرانیدا و لە دۆخ و سیاقی دیاسپۆراشدا ڕەنگدەداتەوە کە ئەوانیش وا وێنای کەمینەکان دەکەن گوایە یەکێتیی خاکی ئێران لێکدەترازێنن و هەڵدەتەکێنن لە ڕێگەی ئەو شوناسانەیانەوە  کە بە گریمانەی ئەوان شوناسی ئاسۆ تەسک و ناوخۆیی و دابەشبوون بەرپا دەکەن. ئەم ئەزموونی بەدحاڵیبوونە لە دۆخ و سیاقی    دەزگا و دامەزراوەکانیشدا ڕەنگدەداتەوە کاتێ کۆچبەرە کوردەکان داوای کارتی ناسنامە و پاسپۆرتی ئێرانی دەکەن لە باڵیۆزخانەی ئێران لە ستۆکهۆڵم. بڕوانە ئەم بەرەوڕووبوونەوە مەزەندەئامێزە کەوا بڕیار لەسەر باری کولتووری و سیاسیی ئەویتری کورد دەدا لە خەیاڵدانی نەتەوەپەرستیی ئێرانیدا:

  "من کوردێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم [ئێران] و لە ئۆردووگایەکی ئاوارەکاندا لە عێراق لەدایکبووم. باوک دایکم ناوێکی کوردییان لێناوم و دواجار خێزانەکەم گەڕانەوە بۆ گوندەکەی خۆمان لە کوردستان. لە ئێران، دەبوو من و هەردوو برا لە خۆم منداڵترەکەم ناوە کوردییەکانمان بگۆڕین و فەرمانبەرە دەسەڵاتدارەکان گۆڕییان بە ناوی فارسی و عەرەبی. لە قوتابخانە، هەمیشە بە ناوە فارسییەکەم بانگ دەکرام بەڵام لە ماڵەوە و لەگەڵ برادەرەکانم بە ناوە کوردییەکەم بانگیان دەکردم. کاتێ کە لە سوێد لەگەڵ کچێکی کورددا هاوسەرگیریم کرد، یەکەم شتێک کە کردم گێڕانەوەی ناوە کوردییەکەم بوو لەسەر کارتی ناسنامە سوێدییەکەم. لەبەر ئەوە سەردانی باڵیۆزخانەی ئێرانم کرد بۆ دەرکردنی پاسپۆرتێکی ئێرانی بۆ کوڕە تازە لەدایکبووەکەم. ئەوان لێیان پرسیم کە چ ناوێکم هەلبژاردووە بۆ کوڕەکەم. منیش لە وەڵامدا وتم: کاردۆ. باڵیۆزخانە پێیان گوتم کە ئەوان ناتوانن ئەم ناوە قبووڵ بکەن و پێشنیازی ناوێکی فارسییان بۆ کردم کە ئەردەشیر بوو. منیش ڕەتمکردەوە و یەکێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەکە بەتووڕەییەوە پێی وتم: 'تۆ ئەمڕۆ داوای ناوێکی کوردی دەکەیت و سبەینێ داوای دەوڵەتێکی کوردی دەکەیت وەک ئەوانەی [ئەو کوردانەی] عێراق. بەڵام من سوور بووم لەسەر ئەو ناوەی کە بۆ کوڕەکەمان هەڵمانبژاردبوو و پێم گوتن لەوە زیاترمان نیە. هەرچۆنێک بوو ئەوان بە دوودڵی قبووڵیان کرد پاش ئەوەی ناچار بووین بۆیان بسەلمێنین کە ئەمە ناوێکی دژە شۆڕش نیە".

  بێگومان بەمەدا ڕوونە کە چ ستەم و چەوسانەوە و توندوتیژییەکی سیمبۆڵی لەگەڕدایە لە دەرەوەی سنوورە نیشتمانییەکان (هەڵبەت لە ناوەوەش - و) دژ بە نەتەوە بێدەوڵەتەکان، کە تەنانەت کار گەیشتووەتە ڕێگری و تەگەرە دروستکردن بۆ ناونانی منداڵەکانیشیان. وەک بۆزئەرسەلان (٢٠١٨: ٨) باسی لێوە دەکات کەوا بۆ کوردەکان، مەسەلەی بنەڕەتی "ئەو داواکارییە ڕەتکراوەیە کەوا ببنە خاوەنی چارەنووسی خۆیان و ئەو مافە بەدەستبێنن کە ڕا و قسەی خۆیان هەبێت کەوا لە مێژوودا بوون یان لە هەر کات و سەردەمێکی ئێستادا یان کێیان دەوێ لە داهاتوودا". هەرچەندە فرەکولتووری وردە وردە خەریکە شەرعییەتی لێ داماڵرێت و هەڕەشەی لەسەرە بە هۆی ناسیۆنالیزمی ڕاستڕەوی توندی وڵاتانی ڕۆژئاواوە، کە تێیاندا چەمک و تێگەیشتنی جۆراوجۆر هەیە بۆ ئازادیی سیاسی و دەرفەتەکانی کەوا سیاسەتە ڕۆژئاواییەکان دەیڕەخسێنن بۆ دیاسپۆرای بێدەوڵەت و دیاسپۆرای بەستراو بە دەوڵەتەوە. بۆ نموونە، لەکاتێکدا کە دیاسپۆرای کورد لە سوێد و بەریتانیا و تێکڕا ئەوروپادا فرەکولتووری وادەبینن کە ڕێکخستنێکی سیاسی بێت و تێیدا بتوانن ئەو دانپیانانە ئیتنیکی و کولتوورییە بەدەستبێنن کەوا لە ئێران و سووریا و تورکیا نکووڵی لێدەکرێت، کەچی بەشێکی گەورەی دیاسپۆرای تورکی بەو ئاڕاستەیەدا دەڕۆن کە فرەکولتووری بە هێزێک دەبینن کە هانی جوداخوازیی ئیتنیکی دەدا لە نێو گرووپە ئیتنیکی و شوناسە ئاینییەکاندا کە هاوبەشن لە هەمان ڕووبەری سیاسیدا لە ڕۆژاوا. بەو پێیە بێت، دیاسپۆرای بەدەوڵەتەوە بەستراو وا لەقەڵەم دەدرێت کەوا باڵیۆزێکی دەوڵەت بێت (شێنای، ٢٠١٣) و زیاتر بەو لایەدا دەیشکێنێتەوە کە جەخت لە بەردوامیی ناسنامەی دەوڵەت بکات بەهۆی مەترسییەکانی هەڵوەشانەوەی سیاسی و لەدەست دەرچوونی ئەو ئیمتیازە ئیتنیکی و ئاینی و زمانەوانییانەوە کەوا گرووپی ئیتنیکیی باڵادەست لییان بەهرەمەندە. ئەمەش واناگەیەنێت کە هەموو ئەندامانی دیاسپۆرای بەدەوڵەتەوە بەستراو پاڵپشتیی دەوڵەت دەکەن یان تەحەدای حکوومەتە دەسەڵاتخوازەکان لە وڵاتی ڕەسەن یان دایکدا، بەڵکوو کاتێ کارەکە پەیوەندیی بە پرسی شوناسی دەوڵەت یان شوناسی سەروەرییەوە هەبێت ئەوە مەسەلەکە ئاڵۆز و لە ڕووی سیاسییەوە هەستەوەر دەبێت. دیاسپۆرای پەیوەست بە دەوڵەتەوە بە زۆری پشتیوانی لە حەز و ئارەزووی گرووپی هەژمووندار دەکات بۆ بەدەستهێنانی بریکارییەکی خاوەن سەروەری و توانا کە پاساو بۆ پەیوەندییەکانی ملکەچی و ئەو سیاسەتە بێنێتەوە کە بەندە بە ناسنامە و وابەستەیی کولتووری و ئابوورییەوە (بڕوانە مارکێڵ، ٢٠٠٣).

  لە توێژینەوەیەکدا کە بایەخی خۆی خستووەتە سەر کۆچبەرە تورک و کوردەکان لە هۆڵەندا و لە لایەن ڤێرکویتن و یڵدزەوە (٢٠٠٦) ئەنجامدراوە، نووسەرەکانی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کەوا لەکاتێکدا کۆچبەرە کوردەکان پشتگیریی مافەکانی کەمینە دەکەن لە هەردوک هۆڵەندا و تورکیا، کەچی کۆچبەرە تورکەکان پاڵپشتیی مافەکانی کەمینە دەکەن لە دۆخ و سیاقی هۆڵەندادا بەڵام هەڵوێستی نەرێنییان هەیە لە ئاست مافەکانی کەمینە و جۆراوجۆریی کولتووری لە تورکیادا. کۆچبەرە تورکەکان مەترسیی ئەوەیان هەیە کەوا مافەکانی کەمینە ببێتە هۆی تێکشکاندن و هەڕەشە لە حوکم کردنی زۆرینە (کە تورکن) و هەروەها یەکگرتوویی دەوڵەتیش. ئەم دید و تێڕوانینە لەگەڵ تێگەیشتنی زاڵی دەوڵەتی تورکیدا یەکدەگرێتەوە سەبارەت بە پرسی کورد کەوا پێدانی مافی خوێندن بە زمانی کوردی جێگیریی شوناسی تورکی لەق دەکات و ڕێگە خۆشدەکات بۆ خەون و خولیای جوداخوازی لە ناو کورددا. بە واتایەکی تر، دیاسپۆرای تورکی تاڕادەیەکی زۆر بەشداری ڕێگە و شێوەی چەمک و تێگەیشتنی دەوڵەتی تورکیایە لە تێڕوانینیدا بۆ مافی کەمینەکان. ئەم هەڵوێستە تەنها تایبەت نیە بە دۆخ و سیاقی هۆڵەندییەوە بەڵکوو بەچاکی دەسەپێت بەسەر سیاقە ئەوروپییەکانی تریشدا (بڕوانە ئیلیاسی، ٢٠١٣). لەکاتێکدا کە خەبات و تێکۆشانی کورد وەک پرسێکی ڕزگارکردنی نەتەوەیی/ نیشتمانی دەبینرێت لە دۆخ و سیاقێکی کۆڵۆنیاڵیدا، کەچی نوێنەرایەتییە هەژمووندارەکانی تورکیا مەسەلەکە وادەبینن کە "پیلانگێڕییەکی بێگانە" و "تێرۆرێکی جوداخوازی" بێت (یادرگی، ٢٠١٧). 

  وەک میوگە (٢٠١٢) لە ڕێگەی حاڵەتەکانی تورکیا و سۆرینامەوە ڕوونیدەکاتەوە، کە ئایدیۆلۆجییەکانی نەتەوەسازی لەم وڵاتانەدا کاریگەریی گەورەیان هەیە لە سەر شوناسە ترانسناشناڵەکانی خەڵکە کۆچبەرەکانیان. بەپێچەوانەی دەوڵەتی سۆرینامەوە کە یەکگرتوویی لە جۆراوجۆریدا دەبینێت، بەڵام حاڵەتی تورکیا ئایدیۆلۆجیایەکی ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی دەگەیەنێت و بەو پێیە پاڵپشتی سنوورە نەتەوەییەکانی خۆی و شوناسی نەتەوەیی خۆی دەکات لە ناو دیاسپۆراکانیدا وەک لەوەی مۆرکی بچڕبچڕی ناوچەییان بداتێ. هەروەها ئەم ئایدیۆلۆجیایانە کاریگەریی ئەوەیان هەیە بەسەر دیاسپۆراکانیانەوە کە پەیوەندییان چۆن بێت لەگەڵ شوناسە ناسەروەرەکاندا لە هەردوو دۆخ و سیاقی دیاسپۆرا و نیشتماندا. بە هەمان شێواز و ئاڕاستە. کاستۆریانۆ (٢٠٠٤) دەڵێ کەوا لەکاتێکدا دیاسپۆراکانی بێدەوڵەت تێکەڵ بە بەرهەڵستی کردنی ناسیۆنالیزمی دەوڵەت دەبن کە ملکەچیان دەبێت، بەڵام دیاسپۆرای پەیوەست بە دەوڵەتەوە مەیلیان بە لای بەرفراوانکردنی ناسیۆنالیزمەوەیە لە وڵاتە ڕەسەنەکانی خۆیاندا و هەروەها دامەزراندنی ناسیۆنالیزمێکی ترانسناشناڵیش (واتە لەدەرەوەی سنوورەکانی نیشتمانی دایکیش).

  ئەم حاڵەتە بە شێوەیەکی بەرچاو ئەوە ڕوون دەکاتەوە کەوا چەندە ئەندامانی دیاسپۆرای کورد ناڕەزایی دەربڕن و پرۆتێست بکەن لە شەقامەکانی وڵاتانی ئەوروپیدا دژ بە ستەم و چەوساندنەوەی کوردەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، ئەوەندە مەترسیی شەڕ و پێکدادانی توند لەگەڵ دیاسپۆرای تورکی سەر بە حکوومەت/ دەوڵەتدا زیاد داکات، چەشنی ئەوانەی کە ڕوویاندا لە سوێد، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا، هۆڵەندا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوانی تردا.

 

ئەنجام

  هەرچەندە بوونی دیاسپۆرای کورد تاڕادەیەک نوێیە لە دۆخ و سیاقی ئەوروپیدا، لەگەڵ ئەوەشدا وەک کۆمەڵگەیەکی ترانسناشناڵ پەرەیسەندووە و لە ڕێگەی تەکنۆلۆجیای پەیوەندیی جیهانییەوە توانادار و ئاسانکاریی بۆ کراوە کە دەتوانرێت کاریگەرانە بەکاربهێنرێت بۆ جۆشدانی سیاسیی سەرچاوەکان بە مەبەستی پاڵپشتی کردنی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەوەی کە وایکردووە دیاسپۆرای کورد بەسیاسی بکرێت بەردەوامیی بێزران و پەراوێزخستن و توندوتیژیی ئەو دەوڵەتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە کورد تێیاندا نیشتەجێیە. لە کاتەکانی قەیران و ڕووداوە  سەرپل و یەکلاکەرەوەکاندا دیاسپۆرای کورد لە داواکارییەکانیدا و لە لۆبی کردنیدا و لە کۆڕ و کۆمەڵیدا لە ڕۆژاوا بەرجەستە دەبێت. هەرچەندە کۆچکردن دەکرێ ئەسیمیلە و تواندنەوە لەخۆبگرێت بۆ زۆرێک لە کۆمەڵگە ترانسناشنالەکان، بەڵام دژواریی کورد لەبەرانبەر تواندنەوەدا بووە بە شتێکی هەستپێکراو. هەروەها ئەوەش ڕاستە کە ڕەنگە کوردەکان زیاتر ئەو تواندنەوەیە قبووڵ بکەن بە هۆی پاشخانی کەمینەییان لە وڵاتی ڕەسەنیاندا و بە هۆی ئەزموونی خۆگونجاندن لەگەڵ کولتوور و زمانی باڵادەستدا. بەهەرحاڵ، چالاکیی سیاسیی دیاسپۆرا و پابەند بوونی توند بە شوناسی کوردییەوە بە هۆی ئەوەوە کە ستەم و چەوساندنەوەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوام ئەوە وەبیردێنێتەوە کەوا کوردەکان نەهاتوون بۆ ڕۆژاوا بۆ تواندنەوە بەڵکوو بۆ بەردەوام بوون لەسەر خەبات لەپێناوی دانپیانان بە شوناسیان و بەو مافانەی کە پەیوەستن بە شوناسەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە هەمان شت نیە وەک ڕەتکردنەوەی وڵاتی    نیشتەجێبوون و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیاسپۆرای دابڕاوی غێتۆ ئاسا. بەپێچەوانەوە، زۆرێک لە کوردەکان وایدادەنێن کە ئاوێتەبوون لە وڵاتی نیشتەجێ و پێکهاتەی سیاسی ئامرازێکی کاریگەرە بۆ فشار و لۆبیکردن لەپێناوی کورددا و کاریگەری دانان لەسەر سیاسەتی دەرەکیی وڵاتی نیشتەجێ لەبەرانبەر دەوڵەتە ستەمکارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمەش بەو واتایە دێت کەوا دیاسپۆرای کورد هەر بە دیاسپۆرایەکی بەسیاسیکراو دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی کە کورد لەڕووی سیاسی و کولتووری و ئابوورییەوە هەر ژێردەستەبن. گومانی تێدا نیە، کەوا تەکنۆلۆجیای پەیوەندی کردنی وەک کەناڵەکانی سەتەلایت و بەتایبەتیش فەیسبووک ئاسانکارییان بۆ کورد کردووە کە بە شێوەیەکی کردەیی و ڕووبەڕوو بگەن بەیەکتر و چەندین فۆرمی فرە ڕەهەند و جۆراوجۆر و دژواری کوردبوون و داواکاری و بیدادی و سکاڵا بەرهەم بهێننەوە.

وەک ئادەمسۆن (٢٠١٦) ئاماژەی بۆ دەکات، سەرهەڵدانی کایەی سایبەر cyberspace   ڕووبەرێکی نوێی ڕەخساندووە کە دەتوانێت کارلێکی سیاسی و هۆشیاریی سیاسی و شوناس بەرهەم بێنێت لە دۆخ و سیاقی شوناسی جیهانگیریدا. کەرتوپەرت بوونی ئەو خاک و ناوچانەی کوردنشینن و هەروەها دابەشبوونی خەڵکەکەشی بەسەر وڵاتانی جۆراوجۆردا دیسان لە دۆخ و سیاقی دیاسپۆریدا ڕەنگدەداتەوە لە دووتوێی ئەو سیاسەتانەوە کە لەسەر حیزبەکان بەندن، بێجگە لە جیاوازییەکی سەرەکی. زیاتریش پێدەچێت کەوا کوردی هەر چوار پارچەکەی کوردستان لەو ڕێپێوان و خۆپیشاندانانەی لەپیناوی کورددا دەبینرێن کە لە وڵاتی دایکدان و ئەمەش هۆکاری ئەوە ڕووندەکاتەوە کە بۆچی ناسیۆنالیزمی دیاسپۆرا بەزۆری لەپێشەوەی پرۆسەکانی بنیاتنانی دەوڵەتەوەن لە گەلێ وڵاتدا. لە ئەنجامی ناجێگیریی بەردەوامی سیاسی و توندوتیژی لە کوردستاندا، کورد بەردەوام دەبن لەوەش ئەوەی کە کۆچکردن وەک ستراتیجێک ببینن بۆ دەربازبوون لە دەست ستەم و چەوساندنەوە و دروستکردنی نیشتمانی نوێ و کۆمەڵگەی کوردی ترانسناشناڵی خەیاڵ لەو شوێنانەی کە بە کردەوە تێیاندا پەرت و بڵاو بوونەتەوە (بڕوانە واهڵبێک، ٢٠١٨).

  وەک بێتس و جۆنز (٢٠١٦) مشتومڕی ڕاستەقینەی لەسەر دەکەن، ژیانی سیاسی لەڕووی جوگرافییەوە سەرلەنوێ گوێزراوەتەوە لە سۆنگەی دەسەڵاتی ستەمکارەوە و یەک لە گرنگترین شوێنەکان بۆ بنیاتنانی سیاسەتی بەرهەڵستکاری دەکەوێتە دەرەوەی خاک و قەڵەمڕەوی ئەو دەوڵەتە ستەمکارانەوە. هەروەها گرنگترین بەشی سیاسەت لەوانەیە خۆی لە سیاقە ترانسناشناڵەکاندا بدۆزێتەوە لەبەرئەوەی چالاکوانە سیاسییەکان و ناڕازی و بەرهەڵستکارەکان ڕێگەی کار و چالاکییان پێنادرێت لە وڵاتە ڕەسەنەکانی خۆیاندا. بێگومان ئەوە هەر دیاسپۆرای لەڕووی سیاسییەوە چەوساوەیە کە دەکەوێتە جموجووڵ و جۆشدانی ترانسناشناڵی سیاسی، بەڵام زۆرێک لە ڕژێمە ستەمکار و ملهوڕەکانی وەک تورکیاش بەوپەڕی توانایانەوە کاردەکەن بۆ جۆشدان و بەدەستهێنانی دڵسۆزی و بەهێزکردنی پێگەی ئەوانەی لەدەرەوەی خاک و وڵاتی خۆیان بەگژ دیاسپۆرای بەرهەڵستکاردا دەچن و لە هەوڵی لاوازکردنی ئۆپۆزسیۆنی ترانسناشناڵی وەک کورددان. ئەوجا لەبەرئەوەی بەردەوام کورد بەر  بێزران و پەراوێزخستن دەکەون لەڕووی سیاسی و   کولتووری و ئابوورییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوە دیاسپۆرای کورد باس و گێڕانەوەی لەبارەی قوربانی بوونەوەیە بۆ هاندانی جموجووڵ و جۆشدانی ترانسناشناڵی سیاسی بە ئامانجی گۆڕانکاری و سەرلەنوێ پێناسە کردنەوەی پەیکەر و پێکهاتەکانی دەوڵەتی ستەمکار و چەوسێنەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دیسان ئەوەی کە جێی سەرنج و بەرچاویشە بۆ بەردەوامبوونی دیاسپۆرای کورد سەرهەڵدان و دەرکەوتنی حیزبە ڕاستڕەو و توندڕەوەکانە لە ئەوروپادا کە بە شێوەیەکی ئاشکرا و ڕوو لە زیاد هێرش دەکەنە سەر فرەکولتووری و مافی کەمینەکان. هەڵبەت بەهۆی دروستکردنی وێنەگەلێکی دوژمنکارانە بۆ ئەو کۆچبەرە موسڵمانانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەوروپا و شوێنانی تر، پێدەچێت دیاسپۆرای کورد ناچار بکرێت کە لەڕووی سیاسییەوە تێهەڵکێشی بەرهەڵستی کردنی ڕژێمە جۆراوجۆرەکانی پەراوێزخستن و دەرپەڕاندن ببنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپادا کەوا مافەکانی کەمینە دەکەنە ئامانج.

 

سەرچاوە: کورد .. کتێبی کامبریج بۆ مێژووی کورد

ئامادەکردنی: حەمید بۆزئەرسلان، جەنگیز گوینەش، وەلی یادرگی

چاپی یەکەم: ٢٠٢١

چاپ و بڵاوکردنەوەی زانکۆی کامبریج - لەندەن

دیاسپۆرای کورد.. کۆمەڵگەیەکی خەیاڵی ترانسناشناڵ، ل ٨٤٨ - ٨٦٨

بەرزوو ئیلیاسی

 

Edited by:

HAMIT BOZARSLAN, Ecole des Hautes Etudes en Sciences Sociales

CENGIZ GUNES, The Open University

VELI YADIRGI, School of Oriental and African Studies, University of London.

Kurdish Diaspora

A Transnational Imagined Community

Barzoo Eliassi

 

بەرزوو ئیلیاسی Barzoo Eliassi  پرۆفیسۆری هاوکارە لە بەشی کاری کۆمەڵایەتیی Social Work لە زانکۆی لینایۆس. هەروەها توێژەری هاوکارە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و توێژەری هاوکاریشە لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی پەنابەران لە زانکۆی یۆرک  و سەنتەری لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی لوند و ئینستیتیوتی لێکۆڵینەوە لەسەر کۆچکردن، ئیتنیک و کۆمەڵگە، لە سەنتەری ئیمتیازی فۆرت لە زانکۆی لینکۆپینگ. بە شێوەیەکی بەرفراوان توێژینەوکانی بڵاو دەکاتەوە لەبارەی پرۆسەکانی تێکەڵ کردن و پەراوێزخستن لە کۆمەڵگە فرە ئیتنیکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەروپای ڕۆژئاوادا. یەکەم کتێبی نێودەوڵەتیی نووسیوە لەسەر دیاسپرای کورد لە سوێد بە ناونیشانی "ڕکابەریی شوناسە کوردییەکان لە سوێد: گەڕان بەدوای ئینتیمادا لە نێو گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا"

 

Contesting Kurdish Identities in Sweden: Quest for Belonging among Middle Eastern      Youth (Palgrave Macmillan, 2013).

Bibliographyبیبلۆگرافی                                                                                        

Adamson, F. B. (2016). The growing importance of diaspora politics. Current History, 115 (784), 291 97.

بایەخی ڕوو لە گەشەکردنی سیاسەتی  دیاسپۆرا ...

Ahmadzadeh, H. (2003). Nation and novel: A study of Persian and Kurdish narrative discourse. Unpublished PhD thesis, Uppsala University.

نەتەوە و گێڕانەوە: توێژینەوەیەک لەسەر گوتاری گێڕانەوەی کوردی ...

Alinia, M. (2004). Spaces of Diasporas: Kurdish identities, experiences of otherness and politics of belonging. Unpublished PhD thesis, Göteborg University.

ڕووبەر و فەزاکانی دیاسپۆرا: شوناسە کوردییەکان، ئەزموونەکانی ئەوانیتر و سیاسەتی سەر بە کام لا بوون ...

Alinia, M. and Eliassi, B. (2014). Temporal and generational impact on identity, Home (land) and politics of belonging among the Kurdish diaspora. Nordic Journal of Migration Research, 4 (2), 73 81.

کاریگەریی کاتی و نەوەکان لەسەر شوناس، نیشتمان و سیاسەتی سەر بە کاملا لە ناو دیاسپۆرای کورددا ...

Anderson, B. (1992). Long distance Nationalism: World Capitalism and the Rise of Identity Politics. Amsterdam: Center for Asian Studies.

ناسیۆنالیزمی درێژخایەن: سەرمایەداریی جیهان سەرهەڵدانی سیاسەتی شوناس ...

Anthias, F. (1998). Evaluating ‘diaspora’: Beyond ethnicity. Sociology, 30 (3), 557 80.

هەڵسەنگاندنی "دیاسپۆرا": ئەودیوی ئیتنیکییەت ...

Ayata, B. (2011). Kurdish transnational politics and Turkey’s changing Kurdish policy: The journey of Kurdish broadcasting from Europe to Turkey. Journal of Contemporary European Studies, 19 (4), 523 33.

سیاسەتی ترانسناشناڵی کورد و گۆڕانکاریی سیاسەتی تورکیا سەبارەت بە کورد ...

Bahram, H. (2018). Kurdish guests or Syrian refugees? Negotiating displacement, identity and belonging in the Kurdistan Region. Unpublished MA thesis, Linköping University.

میوانە کوردەکان یان ئاوارە سوورییەکان؟ گەشتی ئێستگەی ڕادیۆی کوردی لە ئەوروپاوە بۆ تورکیا ...

Betts, A. and Jones, W. (2016). Mobilising the Diaspora: How Refugees Challenge Authoritarianism. Cambridge: Cambridge University Press.

جووڵاندن و جۆشدانی دیاسپۆرا: چۆن پەنابەران ملهوڕیی دەسەڵات دەگۆڕن ...

Bozarslan, H. (2018). When the present sends back to the past: Reading the Kurdish issue in the 2010s. Middle East Critique, 27 (1), 7 24.

کاتێ ئێستا دەچێتە دواوە بۆ ڕابوردوو: خوێندنەوەیەک بۆ مەسەلەی کورد لە ساڵانی ٢٠١٠کاندا...

Brinkerhoff, J. M. (2011). Diasporas and conflict societies: Conflict entrepreneurs, competing interests or contributors to stability and development? Conflict, Security and Development, 11 (2), 115 43.

دیاسپۆرا و کۆمەڵگە بەململانێکان: دەستپێشخەرانی ململانێ، کێبەرکیی بەرژەوەندییەکان یان هاوکارانی سەقامگیری و پەرەسەندن؟ ...

Brubaker, R. (2005). The ‘diaspora’ diaspora. Ethnic and Racial Studies, 28 (2), 282 99. دیاسپۆرای دیاسپۆرا ...                                                

Clifford, J. (1994). Diasporas. Cultural Anthropology, 9 (3), 302 38.

دیاسپۆرا ..گۆڤاری ئەنثرۆپۆلۆجیای کولتووری...

Cohen, R. (2008). Global Diasporas: An Introduction. London: Routledge.

دیاسپۆرا جیهانییەکان: دەسپێکێک ...

Davidson, N. (2016). Nation States: Consciousness and Competition. Chicago, IL: Haymarket Books.

دەوڵەتە نەتەوەییەکان: هۆشیاری و ڕکابەری ...

Demir, I. (2012). Battling with Memleket in London: The Kurdish diaspora’s engagement with Turkey. Ethnic and Migration Studies, 38 (5), 815 31.

شەڕ و پێکدادان لەگەڵ مەملەکەتدا لە لەندەن: شەڕی دەستەویەخەی دیاسپۆرای کورد لەگەڵ تورکیادا...

 Eccarius Kelly, V. (2002). Political movements and leverage points: Kurdish activism in the European diaspora. Journal of Muslim Minority Affairs, 22 (1), 91 118.

جووڵانەوە سیاسییەکان و خاڵە کاریگەرەکان: چالاکیی کورد لە دیاسپۆرای ئەوروپادا...

Eccarius Kelly, V. (2018). The Kurds in Germany. In M. M. Gunter (ed.), Routledge Handbook on the Kurds (pp. 439 50). New York: Routledge.

کورد لە ئەڵمانیا.. لە کتێبی .. کورتەی ڕۆتلیج لەبارەی کوردەوە...

Eliassi, B. (2013). Contesting Kurdish Identities in Sweden: Quest for Belonging among Middle Eastern Youth. New York: Palgrave Macmillan.

کێبەرکێی شوناسە کوردییەکان لە سوێد: مەسەلەی خاوەندارێتی لە ناو گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ...

Eliassi, B. (2016). Statelessness in a world of the nation states: The cases of Kurdish Diasporas in Sweden and the UK. Journal of Ethnic and Migration Studies, 42 (9), 1403 19.

بێدەوڵەتی لە جیهانێکی دەوڵەتی نەتەوەییدا: حاڵەتەکانی دیاسپۆرای کورد لە   سوێد و بەریتانیا ...

Eliassi, B. (2018). Diasporic conceptions of the Kurdistan Region of Iraq. In M. M. Gunter (ed.), Routledge Handbook on the Kurds (pp. 425 38). New York: Routledge.

چەمکەکانی دیاسپۆرا هەرێمی کوردستانی عێراق .... لە کتێبی .. کورتەی ڕۆتلێج لەبارەی کوردەوە ...

Emanuelsson, A. (2005) Diaspora global politics: Kurdish transnational networks and accommodation of nationalism. Unpublished PhD thesis, Göteborg University.

سیاسەتی دیاسپۆرای جیهانی: تۆڕی ترانسناشناڵی کورد و گونجاندنی ناسیۆنالیزم..

Ergin, M. (2012). The racialization of Kurdish identity in Turkey. Ethnic and Racial Studies, 37 (2), 322 41. https://doi.org/10.1080/01419870.2012.729672.

بە ڕەگەزپەرستی کردنی شوناسی کورد لە تورکیادا ...

Eskander, S. B. (2006). Fayli Kurds of Baghdad and the Ba’ath regime. In F. A. Jaber and H. Dawod (eds), The Kurds: Nationalism and Politics (pp. 180 202). London: Saqi.

کوردە فەیلییەکانی بەغدا و ڕژێمی بەعس... لە کتێبی ... کوردەکان: ناسیۆنالیزم و سیاسەت ...

Fernandes, D. (2018). The Kurdish diaspora in the UK. In M. M. Gunter (ed.), Routledge Handbook on the Kurds (pp. 451 64). New York: Routledge.

دیاسپۆرای کورد لە بەریتانیادا... لە کتێبی .. کورتەی ڕۆتلێج لەبارەی کوردەوە ...

Galip, Ö. B. (2014). Where is home? Re visioning ‘Kurdistan’ and ‘diaspora’ in Kurdish novelistic discourse in Sweden. Nordic Journal of Migration Research, 4 (2), 82 90.

نیشتمان لە کوێیە؟ جارێکی تر پێداجوونەوەی "کوردستان" و "دیاسپۆرا" لە گوتاری گێڕانەوەی کورددا لە سوێد ...

Griffiths, D. J. (2002). Somali and Kurdish Refugees in London: New Identities in the Diaspora. Aldershot: Ashgate.

پەنابەرانی سۆمالی و کورد: شوناسە نوێکان لە دیاسپۆرادا ...

Gunes, C. (2012). The Kurdish National Movement in Turkey: From Protest to Resistance. London: Routledge.

جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیادا: لە پرۆتێستەوە بۆ بەرگری کردن ...

Hashemi, M. (2014). Contemporary Kurdish diaspora in Europe: A driving force toward peace and democracy in the Middle East. In G. Golan and W. Salem (eds), Non state Actors in the Middle East: Factors for Peace and Democracy (pp. 117  145). London: Routledge.

دیاسپۆرای هاوچەرخی کورد لە ئەوروپا: پاڵنانی هێز بە ئاڕاستەی ئاشتی و دێموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ... لە کتێبی .. ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: هۆکارەکانی ئاشتی و دێموکراسی ...

Hassanpour, A. (2003). Diaspora, homeland and communication technologies. In H. K. Karim (ed.), The Media of Diaspora (pp. 76 88). London: Routledge.

دیاسپۆرا، نیشتمان و تەکنۆلۆجیاکانی پەیوەندی ... لە کتێبی ... میدیای دیاسپۆرادا..

Hassanpour, A. and Mojab, S. (2005). Kurdish diaspora. In M. Ember, C. R. Ember and I. Skoggard (eds), Encyclopedia of Diasporas: Immigrant and Refugee Cultures around the World (Vol. 1, pp. 214 25). New York: Springer.

دیاسپۆرای کورد ... لە کتێبی .. ئینسکلۆپیدیای دیاسپۆرا: کولتوورەکانی کۆچبەران و پەنابەران لە سەرانسەری جیهاندا ...

Houston, C. (2001). Profane intuitions: Kurdish diaspora in the Turkish city. The Australian Journal of Anthropology, 12 (1), 15 31.

خەمڵ و مەزەندە خراپەکان: دیاسپۆرای کورد لە ساری تورکیادا...

Kastoryano, R. (2004). Transnational nationalism: Redefining nation and territory. In S. Benhabib, I. Shapiro and D. Petranovich (eds), Identities, Affiliations, and Allegiances (pp. 159 78). New York: Cambridge University Press.

ناسیۆنالیزمی ترانسناشناڵ: سەرلەنوێ پیناسەکردنەوەی نەتەوە و خاک ... لە کتێبی ... ناسنامەکان، پابەندییەکان و دڵسۆزییەکان ...

Kenny, K. (2013). Diaspora: A Very Short Introduction. Oxford: Oxford University Press.

دیاسپۆرا: پێشەکییەکی زۆر کورت ...

Khayati, K. (2008). From victim diaspora to transborder citizenship? Diaspora formation and transnational relations among Kurds in France and Sweden. Unpublished PhD thesis, Linköping University.

لە دیاسپۆرای قوربانییەوە بۆ هاووڵاتیی دەرەوەی سنوور؟ پێکهاتنی دیاسپۆرا و پەیوەندییە ترانسناشناڵەکان لە ناو کورددا لە فەرەنسا و سوێد ...

Koinova, M. and Tsourapas, G. (2018). How do countries of origin engage migrants and Diasporas? Multiple actors and comparative perspectives. International Political Science Review, 39 (3), 311 21.

چۆن وڵاتانی ڕەسەن یان دایک مامەلە لەگەڵ کۆچبەران و دیاسپۆراکاندا؟ ئەکتەرە فرەییەکان و تێڕوانینە بەراوردەکان ...

Madih, A. A. (2007). The Kurds of Khorasan. Iran and the Caucasus, 11 (1), 11 31. کوردەکانی خۆراسان ...                                                  

Mahmod, J. (2011). Designing scripts and performing Kurdishness in diaspora: The online offline nexus. Cultural Policy, Criticism, and Management Research, 5, 72 90.

دیزاینی دەسنووسەکان و بەجێهینانی کوردبوون لە دیاسپۆرادا ... لە سیاسەتی کولتووری، ڕەخنە و ئیدارەانی تویژینەوە ...

Markell, P. (2003). Bound by Recognition. Princeton, NJ: Princeton University Press.بەستنەوە بە دانپیانان ...                                           

Mavroudi, E. (2018). Deconstructing diasporic mobilization at a time of crisis: Perspectives from the Palestinian and Greek Diasporas. Journal of Ethnic and Migration Studies, 44 (8), 1309 24.

هەڵوەشاندنەوەی مۆبیلیزەی دیاسپۆری لە سەردەمی قەیراندا: تێڕوانین بۆ دیاسۆراکانی فەلەستینی و گریکەکان ...

McDowall, D. (2004). A Modern History of the Kurds. London: I.B. Tauris.

مێژووی نوێی کورد ...

Meho, L. I. and Kawtharani, F. W. (2005). The Kurdish community in Lebanon and their future prospects. In M. M. A. Ahmad and M. M. Gunter (eds), The Kurdish Question and the 2003 Iraqi War (pp. 275 348). Costa Mesa, CA: Mazda Publishers.

کۆمەڵگەی کورد لە لوبناندا و ئاسۆی دواڕۆژیان... لە کتێبی .. مەسەلەی کورد و جەنگی سالی ٢٠٠٣ی عیراق ...

Mohséni, S. (2002). Réfugiés Kurdes en France: Modes de vie et intégration. Paris: L’Harmattan.

پەنابەرە کوردەکان لە فەرەنسا: ڕێگەکانی ژیان و تێکەڵبوون...

Mügge, L. (2012). Ideologies of nationhood in sending state transnationalism: Comparing Surinam and Turkey. Ethnicities, 13 (3), 338 58.

ئایدیۆلۆجییەکانی نەتەوەسازی لە دەوڵەتی ترانسناشناڵدا: بەراورد کردنی سورینام و تورکیا ...

Radhakrishnan, R. (1996). Diasporic Mediations: Between Home and Location. Minneapolis, MN: University of Minnesota Press.

نێوەندگیریی دیاسپۆری: لەنێوان نیشتمان و شوێندا...

Ragazzi, F. (2017). Governing Diaspora in International Relations: The Transnational Politics of Croatia and Former Yugoslavia. New York: Routledge.

حوکم کردنی دیاسپۆرا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا: سیاسەتی ترانسناشناڵ لە کرواتیا و یۆگسلاڤیای جاراندا...

Safran, W. (2005). The Jewish diaspora in a comparative and theoretical perspective. Israel Studies, 10 (1), 36 60.

دیاسپۆرای جوو لە دید و تێڕوانینێکی بەراوردکاری و تیۆرییەوە ...

Saracoglu, C. (2009). ‘Exclusive recognition’: The new dimensions of the question of ethnicity and nationalism in Turkey. Ethnic and Racial Studies, 32 (4), 640 58.

"دانپیانانی حەسری": ڕەهەندە نوێکانی ئیتنیک و ناسیۆنالیزم لە تورکیا ...

Saracoglu, C. (2010). The changing image of the Kurds in Turkish cities: Middle class perceptions of Kurdish migrants in Izmir. Patterns of Prejudice, 44 (3), 239 60.

وێنەی گۆراوی کورد لە سارەکانی تورکیادا: تێگەیشتنی چینی ناوەڕاست بۆ لۆچبەرە کوردەکان لە ئیزمیر ...

¸Senay, B. (2013). Seeing for the state: Kemalist long distance nationalism in Australia. Nations and Nationalism, 19 (2), 376 94.

تێڕوانین بۆ دەوڵەت: ناسیۆنالیزمی درێژخایەنی کەمالیست لە ئوسترالیا...

Shain, Y. and Barth, A. (2003). Diaspora and international relations theory. International Organization, 57 (3), 449 79.

دیاسپۆرا و تیۆریی پەیوەندیی نێودەوڵەتی ...

Sheffer, G. (2003). Diaspora Politics: At Home Abroad. New York: Cambridge University Press.

سیاسەتی دیاسپۆرا: لە نیشتمانی هەندەراندا ...

Sheikhmous, O. (2000). Crystallisation of a New Diaspora: Migration and Political Culture among the Kurds in Europe. Stockholm: Center for Research in International Migration and Ethnic Relations, Stockholm University.

بە کریستاڵبوونی دیاسپۆرای نوێ: کۆچ و کولتووری سیاسی لە ناو کوردانی ئەوروپادا... (سەنتەری توێژینەوە لە کۆچی نێودەوڵەتی و پەیوەندییە ئیتنیکییەکان - ستۆکهۆڵم).

Sheyholislami, J. (2010). Identity, language, and the new media: The Kurdish case. Language Policy, 9 (4), 289 312.

شوناس، زمان و میدیای نوێ: حاڵەتی کورد ...

Sökefeld, M. (2006). Mobilizing in transnational space: A social movement approach to the formation of diaspora. Global Networks, 6 (3), 265 84.

جووڵاندن و جۆشدانی ڕووبەری ترانسناشناڵ: نزیکبوونەوەیەک لە جووڵانەوەی کۆمەڵایەتی بۆ پێکهێنانی دیاسپۆرا ...

Soysal, Y. (1998). Citizenship and identity: Living in Diasporas in postwar Europe? Ethnic and Racial Studies, 23 (1), 1 15.

هاووڵاتیبوون و شوناس: ژیان لە دیاسپۆرای (تاراوگەی) ئەوروپای دوای جەنگدا ...

Toivanen, M. and Kivisto, P. (2014). Homing desire at the juncture of place and transnational spaces: The case of young Kurds in Finland. Nordic Journal of Migration Research, 4 (2), 65 72.

پەرۆشی بۆ نیشتمان و گۆڕینی شوێن و فەزا ترانسناشناڵەکان: حاڵەتی گەنجە کوردەکان لە فنلاند....

Uguris, T. (2004). Diaspora and citizenship: Kurdish women in London. Studies in Culture, Policy and Identities, 5 (1), 137 57.

دیاسپۆرا و هاووڵاتیبوون: ئافرەتانی کورد لە لەندەن ...

Van Bruinessen, M. (2000). ‘Transnational aspects of the Kurdish question’. Working paper presented at Robert Schuman Centre for Advanced Studies, Florence, European University Institute.

"کایە ترانسناشناڵەکانی مەسەلەی کورد"....

Verkuyten, M. and Yildiz, A. A. (2006). The endorsement of minority rights: The role of group positions, national context, and ideological beliefs. Political Psychology, 27 (4), 527 48.

دانپیانانی مافەکانی کەمینە: ڕۆڵی پێگەکانی گرووپ، دۆخ و سیاقی نەتەوەیی و باوەڕە ئایدیۆلۆجییەکان ...

Wahlbeck, Ö. (1999). Kurdish Diasporas: A Comparative Study of Kurdish Communities. London: Palgrave Macmillan.

دیاسپۆرای کورد: توێژینەوەیەکی بەراوردی کۆمیونیتییە کوردەکان ...

Wahlbeck, Ö. (2018). The future of the Kurdish diaspora. In M. M. Gunter (ed.), Routledge Handbook on the Kurds (pp. 413 24). New York: Routledge.

داهاتووی دیاسپۆرای کورد ... لە کتێبی ... کورتەی ڕۆتلێج لەبارەی کوردەوە ...

Werbner, P. (2015). The boundaries of diaspora: A critical response to Brubaker. In F. Kläger and K. Stierstorfer (eds), Diasporic Constructions of Home and Belonging (pp. 35 51). Berlin: De Gruyter.

سنوورەکانی دیاسپۆرا: وەڵامدانەوەیەکی کریتیکاڵی بروبەیکەر .. لە کتێبی ... بنیاتنانی دیاسپۆرا لە نیشتمان و ....

Yadirgi, V. (2017). The Political Economy of the Kurds of Turkey: From the Ottoman Empire to the Turkish Republic. New York: Cambridge University Press.

ئابووریی سیاسیی کوردەکانی تورکیا: لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە بۆ کۆماری تورکیا...

Zetterval, C. (2013). Reluctant victims into challengers: Narratives of a Kurdish political generation in diaspora in Sweden. Unpublished PhD thesis, Lund University.

قوربانییانی بەرهەڵستکار لە تەحەداکردندا: گێرانەوەکانی نەوەیەکی سیاسیی کورد لە دیاسپۆرادا لە سوێد...

Zeydanlioglu, W. (2008). ‘The white Turkish man’s burden’: Orientalism, Kemalism and the Kurds in Turkey. In G. Rings and A. Ife (eds), Neo colonial Mentalities in Contemporary Europe? Language and Discourse in the Construction of Identities (pp. 155 75). Newcastle: Cambridge Scholars Publishing.

"باری سەرشانی پیاوی سپیی تورک": ڕۆژهەڵاتناسی، کەمالیزم و کوردەکانی تورکیا.. لە کتێبی.. ئەقڵییەتی کۆڵۆنیاڵی لە ئەوروپای هاوچەرخدا؟ زمان و گوتار لە بنیاتنانی شوناسەکاندا...

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×