"ئێران بە وەفدی پەرلەمانی عێراقی وتوە: یەكخستنی ناو ماڵی شیعەیان زۆر بەلاوە گرنگە"
  2022-04-29       794       

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەرئەنجامی سەردانی وەفدەكەی پەرلەمانی عێراقی بۆ تاران ئاشكراکرد و دەڵێت، بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاندوە، یەكخستنی ناوماڵی شیعەیان زۆر بەلاوە گرنگە كە دواجار ڕەنگدانەوەی لەسەر دۆستایەتیی شیعەكان لەگەڵ كوردو سوننەدا دەبێت.

ئاوێنە: هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند، "سەردانی وەفدەكەی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتیی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر داوای سەرۆكی ئەنجومەنی شورای ئێران بوە."

ئاماژەی بەوەشکرد"لە كۆبونەوەكەدا لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقەوە بەرپرسانی تاران جەختیانكردوەتەوە یەكخستنی ناوماڵی شیعەیان زۆر بەلاوە گرنگە كە ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر دۆستایەتیی لایەنی شیعە لەگەڵ كوردو سوننەدا."

باسی لەوەشکردوە، "بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاندوە لایەنە شیعەكانی عێراق كێشەیان هەیەو ئێران زیاتر لە جارێک هەوڵیداوە ناوماڵی شیعە یەك بخات."

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی وتیشی، محەمەد حەلبوسی داوای لە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران كردوە ڕێز لە سەروەریی خاكی عێراق بگرن كە دواجار لە بەرژەوەندیی هەردولا دەبێت.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×