ناڕەزایەتییە كرێكارییەكان لە ئێران زیادیانكردوەو دەسەڵاتدارانیش هەوڵی سەركوتكردنیان دەدەن
  2022-04-30       403       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ و كۆمەڵەی چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران دەڵێن: لەماوەی چوار ساڵی رابردودا، لە سایەی خراپی دۆخی ئابوری ئێران، ناڕەزایەتییە كرێكارییەكان لەو وڵاتە زیادیان كردوەو دەسەڵاتدارانی ئێرانی هەوڵی سەركەوتكردنی چالاكوانانی مافەكانی كرێكارانیان داوە كە ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە كەمی و دواكەوتن و نەدانی كرێی كرێكاران، خراپی دۆخی گوزارەیانیان و ناسەلامەتی ژینگەی كاركردنیان، دەربڕیوە.

ئاوێنە: رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، لەگەڵ نزیكبونەوەی 1ی ئایار، رۆژی جیهانی كرێكاراندا، لە راپۆرتێكدا رایگەیاند، كرێكارانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی كرێكانیان روبەڕوی قەیرانی زیاتری ئابوری و سیاسی بونەتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانە كە لەلایەن كۆمەڵەی چالاكاوانی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران كۆكراونەتەوە، لەماوەی چوار ساڵی رابردودا ناڕەزایەتییە كرێكارییەكان لە ئیران زیادیان كردوەو دەسەڵاتدارانی ئێرانی بۆ سەركوتكردنیان پەنای بردۆتە بەر دەستگیركردن و لێپێچینەوەی چالاكوانانی دامەزراوەو سەندیكا كرێكارییەكان كە ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە كەمی و دواكەوتن و نەدانی كرێی كرێكاران، خراپی دۆخی گوزارەیانیان و ناسەلامەتی ژینگەی كاركردنیان، دەربڕیوە.

تارا سپەهری فەڕ، گەورە لێكۆڵەری ئێران لە رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاندوە، دەسەڵاتدارانی ئێران دەبێت مافی سەندیكا كرێكارییەكان بە رەسمی بناسن و هەوڵ بدەن بۆ چارەسەركردنی كێشە زۆرەكانی ئابورییەكانی وڵات.

بەپێی كۆمەڵەی چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی 12ی مانگی رابردودا، لانیكەم 69 كرێكار دەستگیركراون و دەیان كرێكاری دیكە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كراوە، ئەوە وێرای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران لە ئازارو ئەشكەنجەی چالاكوانانی ناڕەزایەتییەكانی مامۆستایانیان داوە كە لەمانگی ئادارەوە زیادییان كردوە.

بەپێی ئامارێكی كۆمەڵەی چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ، لە ماوەی مانگی ئایاری 2021 تا ئێستا، لەكاتی كاركردندا لانیكەم 10 هەزارو 707 كرێكار برینداربون و 811 كرێكاریش گیانیان لەدەستداوە ئەوەش بەهۆی ناسەلامەتی ژینگەی كارەوە.

بەگوێرەی ئامارەكانی كۆمەڵەی چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، هەر لەو ماوەیەدا لانیكەم 45 هەزارو 462 كرێكار كرێی كاركردنیان پێ نەدراوە كە ئەو ژمارەیەش لەچاو ساڵی رابردو زیادیكروەو كەرتی حكومی بەرپرسی لەسەدا 76ی ئەو كرێ نەدراوانەیە.

ئەنجومەنی باڵای كاری ئێران، لە مانگی مارسی ئەمساڵدا، كرێی كاری مانگانەی كرێكارانی تا ساڵی داهاتو، لانیكەم بە 5.679 ملیۆن تمەن كە دەكاتە نزیكەی 203 دۆلاری ئەمریكی دیاریكردوە، لەكاتێكدا كە ئەنجومەنەكە لە مانگی 2ی ئەمساڵدا خەرجی مانگانەی بۆ هەر خانەوادەیەكی 3 بۆ چوار كەسی بە 8.900 ملیۆن تمەن دیاریكردوە كە دەكاتە نزیكەی 318 دۆلاری ئەمریكی كە ئەوەش زیاترە لەو كرێیەی بۆ مانگانەی كرێكاران دیاریكراوە.

بۆیە لەماوەی چەند ساڵی رابردودا لە ئێران ناڕەزایەتییە كرێكارییەكان زیادیانكردوەو بەپێی رێكخراوی چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ لەماوەی 12 مانگی رابردودا، 780 خۆپیشاندان و گردبونەوەی كرێكاران لە ئێران بەڕێوەچون.

سكایلەر تامپسۆن، كە بەرپرسێكی باڵای رێكخراوی چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤە لە ئێران رایگەیاند، پێشێلكردنی بەرفراوان و بەردەوامی مافەكانی كرێكاران و چالاكوانانی كرێكار لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، جێی نیگەرانییەكی زۆرەو دەبێت چەند ریفۆرمێكی كاریگەر ئەنجام بدرێن بۆ بەرگری كردن لە كرێكاران و مافەكانیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×