وتەبێژی کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR) رایگەیاند، ساڵی رابردو زیاتر لەسێ هەزار کۆچبەری نایاسایی کە لە هەوڵی پەڕینەوەدابون بۆ ئەورووپا لەدەریای ناوەڕاستو زەریای ئەتڵەسیدا خنکاون.
ئاوێنه: شابیا مانتۆ، وتەبێژی کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR) لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لهبارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لهجنێڤ داوای لهرێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی کرد پەلە بکەن لە پێشگرتن لە مردنی ئەو پەنابەر و کۆچبەرانەی کە رێگەی ئاوی وشکانیی زۆر مەترسیدار دەگرنە بەر و بەرگرییان لێ بکەن.
مانتۆ ئاشکرای کرد، ساڵی رابردوو زیاتر لە سێ هەزار کۆچبەری نایاسایی لە بەشی ناوەڕاست و خۆرئاوای دەریای ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسیدا خنکان و بێ سەروشوێن بوون.
ناوبراو زتی، ساڵی رابردوو هەزار و ٩٢٤ کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ناوەڕاست و هەزار و ١٥٣ی دیکە کە لە باکووری خۆرئاوای ئەفریقاوە بۆ دوورگەکانی کەناری لەهەوڵی پەڕینەوەدابوون، خنکان و بێ سەروشوێن بوون.
وتەبێژەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دهڵێت، "ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی ئەو پەنابەر و کۆچبەرانەی لە دوو دەریاکەدا خنکان و بێ سەروشوێن بوون هەزار و ٥٤٤ کەس بوو. بەداخەوە لە سێ مانگی رابردووی ئەمساڵیشدا ٤٧٨ کەس لە دەریادا خنکان و بێ سەروشوێن بوون".
ناوبراو ئەوەشی خستەڕو کە زۆربەی رووداوەکانی خنکانی کۆچبەران لە دەریاکاندا بەهۆی زۆر هەڵگرتنی سەرنشینان و بەکارهێنانی بەلەمی کۆن و نەگونجاوەوە روویانداوە. هەروەها بەشێکی زۆری بەلەمەکان بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە نوقمی دەریا بوون.
مانتۆ بانگەوازی کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی بە بڕی ١٦٤،٥ ملیۆن دۆلار، کرد بۆ بەرگریکردن لە پەنابەران و کۆچبەرانی نایاسیی و پێشگرتن لەو قاچاخچییانەی بازرگانی و یاری بە ژیانی کۆچبەرانەوە دەکەن.