لەگەڵ ئەوەی یەكێتی ئەوروپا پلانەكانی چڕدەكاتەوە بۆ توندكردنی سزاكان لەسەر ڕوسیا لەم هەفتەیەدا و ئەڵمانیاش پشتگیریی خۆی بۆ دەستبەجێ گەمارۆخستنە سەر نەوتی ڕوسیا دەردەبڕێت، نرخی نەوت جارێكی تر لە بازاڕەكانی جیهاندا ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكات.
ئەمڕۆ سێ شەممە، گرێبەستە دواخراوەكانی نەوتی خاوی برێنت بە بڕی 25 سەنت و بەڕێژەی 0.2% بەرزبوونەوە و نرخی بەرمیلێكی گەیشتە 107.83 دۆلار، بە هەمان شێوە گرێبەستە دواخراوەكانی نەوتی خاوی ئەمریكایی حۆرئاوای تكساس بە بڕی 17 سەنت و بەڕێژەی 0.2% بەرزبوونەوە و نرخی بەرمیلێكی گەیشتە 105.34 دۆلار
چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ سێ شەممە، كۆمسیۆنی ئەوروپا كار لەسەر بەشی شەشەمی سزاكانی یەكێتی ئەوروپا بكات لە دژی ڕوسیا، بەهۆی ڕێكارەكانی لە ئۆكراینا و سزاكانیش گەمارۆخستنە سەر كڕینی نەوتی ڕوسی لەخۆدەگرێت.