رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران هەڵمەكەیان بۆ سەركەوتكردنی مامۆستایانی ناڕازی توندتركردۆتەوەو داواش دەكات دەستبەجێ و بێ هیچ مەرجێك ئەو مامۆستایانە ئازادبكرێن كە بەهۆی بەشدارییان لە ناڕەزایەتی ئاشتیخوازانەدا دەستگیركراون.
ئاوێنە: رێكخراوەكە لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە لەماوەی دو هەفتەی رابردودا لە سەرتاسەری ئێران نزیكەی 38 مامۆستا دەستگیركراون كە هێشتا 17 كەسیان لە زینداندان.
دەستگیركردنی ئەو مامۆستایانە دوای ئەوە دێت كە ئەنجومەنی هەماهەنگكاری سەندیكا پەروەردەییەكانی ئێران داوای لە خۆپیشاندان و گردبونەوەی ناڕەزایەتی كردبو لەسەر ئاستی وڵات.
تارا سپەهری فەڕ، گەورە لێكۆڵەر لە كاروباری ئێران لە رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، رایگەیاندوە، لەبری كاركردن لەگەڵ كۆمەڵە سەربەخۆكان بۆ دەستەبەركردنی رێزگرتن لە مافەكانی هاوڵاتیانی ئێران، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە جارێكی تر دەستیان كردوە بە دەستگیركردنی خەڵك بەهۆی خۆڕێكخستنیان بۆ داواكاردنی مافەكانیان.
جەختیشی كردۆتەوە كە "هەوڵدان بۆ سەركەوتكردنی ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەكان نابێت هۆی لەنێوبردنی ئەو واقیعە خراپە ئابورییەی لە ئێران هەیە."
لەماوەی دو ساڵی رابردودا، مامۆستایان لە ئێران پێشڕەوی ناڕەزاییەتییەكان دەكەن دژ بە خراپی كرێی كار لەو وڵاتەو لەوەڵامی ئەوەشدا دەسەڵاتدارانی ئێران چەندین مامۆستای چالاكوانی لە پارێزگا جیاجیاكان دەستگیركردون و ژمارەیەكیشییان روبەڕوی دادگا كراونەتەوەو سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
سەندیكای مامۆستایانی ئێران لە 2ی ئایاردا رایگەیاند، لانیكەم كەیسی حەوت مامۆستا لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان رەوانەی نوسینگەی داواكاری گشتی پارێزگاكە كراون.
هیومان رایتس ۆوچ لە دەسەڵاتدارانی ئێران كردوە دەستبەجێ و بێ هیچ مەرجێك ئەو مامۆستایانە ئازادبكرێن كە بەهۆی بەشدارییان لە ناڕەزایەتی ئاشتیخوازانەدا دەستگیركراون.