ئێران هاوڵاتییەکی سویدی لە سێدارە دەدات
  2022-05-06       1068       

دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند “بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل هاوڵاتییەکی سویدی بە رەچەڵەک ئێرانی لەسێدارە دەدەن”، هەرچەندە چاودێران پێیانوایە لەتۆڵەی دادگای کردنی "حەمیدی نوری"دایە کە ئێستا لەستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بەتوانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ‌و لەسێدارادانی زیندانیانی سیاسی لەهەشتاکانی سەدەی رابردودا دادگایی دەکرێت.

 

ئاوێنه‌: میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند کە تاران لەم مانگەدا سزای لەسێدارەدان بەسەر هاوڵاتییەکی سویدی بەرەچەڵەک ئێرانیدا جێبەجێ دەکات کە تۆمەتبارە بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و لە 2016 ەوە لە زینداندایە.

بە پێی ئاژانسی نیمچە فەرمی ئیسنای ئێران کە لە زاری بەرپرسانی ئێرانەوە رایگەیاند “هاوڵاتییە سویدییەکە بەڕەچەڵەک ئێرانییە و پیشەی پزیشکییە و ناوی ئەحمەد ڕەزا جەلالیە تا رێکەوتی 21 ئەم مانگە سزای لە سێدارەدان بەسەر یدا جێبەجێ دەکرێت”.

جەلالی مانگی چواری 2016 دەستگیرکرا کاتێک بەسەردانێک چووەتە ئێران، پاش ساڵێک، جەلالی سزای مەرگی بۆ بڕایەوە دوای ئەوەی تۆمەتبارکرا بە دابینکردنی زانیاری لەبارەی دوو زانای بواری چەکی ناوەکی ئێرانەوە بۆ ئیسرائیل.

گروپەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ رەخنەیان لە دەستگیرکردنی جەلالییان گردووە و دەڵێن “ئەمە بەشێکە لە کارێکی بەردەوامی ئێران بۆ گرتنی ئەوانەی کە هەڵگری دوو ڕەگەزنامەن بۆ سەردانکردنی ئێران دەگەڕێنەوە”.

ئەو رێکخراوانە ئاماژە بەوەش دەکەن کە”دادگاکانی ئێران زۆرجار ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی دادگاییەکی بێلایەنی بەسەردا جێبەجێ نابێت، بەو پێیەی ئێران دان بە ناسنامەی دەرەکی هاووڵاتیانیدا نانێت و وەکو ئێرانی دادگاییان دەکات”.

لەو بارەی پرسی لەسێدارەدان لە ئێران، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئامنستی ئینتەرناشناڵ) لە راپۆرتێکدا ساڵی 2018، رایگەیاند “لەو وڵاتە و بە تەنها لە بەندیخانەی (گۆهاردەشتدا) بە لایەنی کەمەوە پێنج هەزار زیندانی سیاسی لە سێدارە دراون”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×