ڕۆژنامەوانانی ئۆکرانی بەڵگە کۆدەکەنەوە لەسەر کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا 
  2022-05-21       452       

پێش لەشکرکێشیەکەی ڕووسیا ڕۆژنامەنووسی ئۆکرانی دیمتری ڕیپلیانچک ڕۆژەکانی بە هەڵدانەوەی لاپەڕکانی گەندەڵیەوە بەسەر دەبرد زۆرجار لەگەڵ دادوەرەکان و جێبەجێکردنی یاسادا ڕووبەڕوو دەبۆوە. ئێستا ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە بنکەکەی لە کیێفە و لە ماڵپەڕی میدیایی سەربەخۆی Slidstvo.Info کاردەکات، توانستە ڕۆژنامەگەرییە لێکۆڵینەوەسازییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ئاشکراکردنی تاوانەکانی جەنگ و دڕندەییەکان. 

 

ئاوێنە: رێپلیانچك بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاند، هەموو تاوانێك رووخساری خۆی هەیە.، ئەو وتی "ئەو تاوانبارانی جەنگە خەڵکی سڤیلیان لە بوچا لە سێدارە داوە، فڕۆکەوانەکان کە بۆمبارانی ماریۆپۆڵ و شارەکانی دیکەی ئۆکرانیان کردووە، تۆپخانەکان کە خارکیڤیان تۆپباران کرد؛ ئەوانە کەسانی تایبەتن و کاری من ئاشکراکردنی ئەم کەسانەیە." 

لەگەڵ دادگاییکردنی یەکەم سەربازی ڕووسی بەهۆی تاوانەکانی جەنگ لەم هەفتەیەدا، چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەنووسان لەگەڵ دانیشتوانی ئەو شارانەی کە چەند هەفتەیەک گەمارۆ دراون یان داگیرکراون، میدیاکانی ئۆکرانیا ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە لە بەڵگەنامەکردن و کۆکردنەوەی بەڵگەکاندا. 

وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵەکانیان، دەستەی پولیتزەری ئەمریکی لە مانگی 5 دا ئاماژەیەکی تایبەتی بەخشی بەو ڕۆژنامەنووسانەی ئۆکرانیا بەهۆی "ئازایەتی و بەرگەگرتن و پابەندبوونیان بە ڕاپۆرتکردنی ڕاستگۆیانە" لە ڕووماڵکردنی جەنگەکەدا. 

ڕۆژنامەنووسانی وڵاتەکە، یەک ئامانجیان هەیە: دڵنیابوون لەوەی جیهان ناوی هەموو ئەو کەسانە دەزانێت کە بەشدارن لە دڕندەییەکانی دژ بە خەڵکی ئۆکرانیا. 

بە کەڵکوەرگرتن لە هەواڵگری سەرچاوە کراوەکان یان شێوازەکانی OSINT گەڕان بەدوای وێنەکانی مانگی دەستکرد و سۆشیال میدیا و چاوپێکەوتن لەگەڵ شایەتحاڵەکان سەرئەنجام ڕۆژنامەنووسان توانیویانە ئەو سەربازە تایبەتانە دەستنیشان بکەن کە خەڵکی مەدەنییان کوشتووە و ئەشکەنجەیان داون لە بوچا، هەروەها ڕۆشنایی بخەنە سەر ئەو شتانەی لە ماریۆپۆڵ ڕوودەدەن. 

رێپلیانچک کە تەنها دەروازەی کارکردنی ئەو بەشێک نیە لە تۆڕی ڕاپۆرتکردنی تاوان و گەندەڵی ڕێکخراو، زانیاری کراوە بەکاردەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوەکانی. 

رۆژنامەنووسەکە لەگەڵ هاوکارەکانیدا شیکاری بۆ لیستەکانی یەکەکانی رووسیا دەکات کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئۆکرانیا بڵاوکراونەتەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی رووسیا ڤکۆنتاکتی و ئۆدنۆکلاسنیکی دەگەڕێت بۆ دۆزینەوەی پرۆفایلی سەربازەکان. 

هەندێک لە سەربازەکان بە تایبەت ئەوانەی گەنجترن لە تیکتۆکیش چالاکن. رێپلیانچک وتی لە هەندێک حاڵەتدا سەربازەکان شانازی بە ئەشکەنجەدانی خەڵکی مەدەنیەوە دەکەن. 

دەشڵێت "پێویست بە لێکۆڵینەوە لە کەس ناکات. ئەوان خۆیان ئەو شتانە بڵاودەکەنەوە. ئەوان لە سۆشیال میدیای خۆیاندا شانازی بەمەوە دەکەن". 

دوای شیکردنەوەی سەدان پرۆفایلی لەو جۆرە، گەیشتە ئەنجامێکی دیکە 

ئاماژەی بەوەشکردووە "بە پشتبەستن بەو شتانەی کە دەیبینم، زۆرینەی ڕەهای ڕووسەکان پشتگیری لە شەڕی ئۆکرانیا دەکەن و داوای بەردەوامبوونی دەکەن. بەدڵنیاییەوە ئەمە تەنیا شەڕی پوتن نییە لە دژی ئۆکرانیا، ئەمە شەڕی ڕووسیا و گەلی ڕووسیایە". 

ڕاپرسییەکانی ناوەندی سەربەخۆی لیڤێدا کە بنکەکەی لە ڕووسیایە، دەریدەخات کە ڕووسەکان پشتگیری لە سەربازەکانیان دەکەن لە ئۆکرانیا، بەڵام ئەو پشتگیرییە لە دابەزیندایە. زۆربەی ئەوانەی بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە پێیانوایە ئەمریکا و ناتۆ تاوانبارن بە قوربانیانی خەڵکی مەدەنی. 

هەروەها دەشڵێت “ئێمە دەستمان بەو خزمەتگوزارییانە گەیشتوە کە یارمەتیدەرن لە وێنەگرتنی مانگی دەستکرد. ئەمە بوارێکی تاڕادەیەک نوێیە بۆ ئێمە، بەڵام من پێموایە کە ئێمە تەواو سەرکەوتووانە کاردەکەین." یەهۆشینا وتیشی "بۆ نموونە ئێمە دەتوانین دووبارە جێگیرکردنەوەی ئامێرەکانی ڕووسیا نیشان بدەین." 

هەروەها وێنەگرتنەکە یارمەتی تیمەکەی داوە لە دۆزینەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندەکانی مانگوش و ڤینۆهرادنە لە نزیک ماریۆپۆڵ. 

ڤالێری یەهۆشنا دەڵێت درێژی گۆڕە بە کۆمەڵەکە لە مانگوش 300 مەتر بووە ، ئەوی لە بوچا بوو درێژییەکەی 14 مەتر بوو هاوکات 70 تەرمی تێدابووە. 

بەڵام سەرسوڕهێنەرترین دۆزینەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان دوو ڕووس بوو کە رێگری لێکرابوو. تۆمارەکە، پەیوەندییەکی نێوان ژن و پیاوێکە، لەلایەن دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا بڵاوکراوەتەوە. 

تێیدا دەبیسترێت ژنێک بە هاوبەشەکەی بە زمانی ڕووسی دەڵێت کە دەتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەر ژنانی ئۆکرانی بە مەرجێک وردەکارییەکانی پێ نەڵێت و بابەتی ڕێگری لە دووگیانی بەکاربهینێت. 

ئەو تۆمارە دەنگییە یەهۆشینای تووشی سەرسوڕمان کرد. دەشڵێت "دەنگی ئەو ژنەی لەو تۆمارەدا هەیە، نەک هەر رێگەی بە مێردەکەی دا دەستدرێژی بکاتە سەر ژنانی ئۆکرانی، بەڵکو پێدەچوو هانی بدات بۆ ئەو کارە". 

ڤالێری یەهۆشنا لەگەڵ هاوکارەکانیدا شوێنپێی ئەو کەسانەیان دۆزیوەتەوە کە لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا دەنگیان تۆمارکراوە. 

ڤالێری یەهۆشنا وتیشی "لەو سەرچاوانەی کە لە پۆلیسەوە دەستمان کەوتووە، توانیمان دوو ژمارەی تەلەفۆنی ڕووسی بەدەستبهێنین کە بەشدارییان لەو گفتوگۆیەدا کردووە." ئاماژەی بەوەشکردووە کە "پاشان بە یارمەتی هاوکارەکانمان لە خزمەتگوزاری ڕووسی ڕادیۆی ئازادی ئەوروپا، ئەو ئەکاونتانەمان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕووسی ڤکۆنتاکتی دۆزیوەتەوە کە ئەو ژمارانە پەیوەست بوون بەو کەسانەوە. بۆیە پەیجەکانیان دۆزرایەوە، خزمەکانیان، هاوڕێکانیان. هەوروەها پەیوەندیمان پێوەکردن و دەنگەکانی ناو دەنگە تۆمارکراوەکەشمان بە تەواوەتی هاوتاکردەوە". 

ڤالێری یەهۆشنا وتیشی ناسینەوەی ئەندامانی سوپای ڕووسیا یارمەتیدەرە بۆ لێکۆڵینەوە فەرمییەکان. پێش جەنگ، هەندێکجار جێبەجێکردنی یاساکانی ئۆکرانیا بابەتی لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەنووسان بوو. ئەمڕۆ هاوکاریکردنی یەکتری دەکەن. 

داواکاری گشتی ئۆکرانیا ناوی ئەو تۆمەتبارانە ئاشکرا دەکات کە پێدەچێت لە بوچا تاوانیان ئەنجامدابێت. ئەو زانیاریانەی کە لەلایەن تیمی Slidstvo.Info کۆکراونەتەوە بۆ ناسینەوەی یەکێکیان بەکارهێنران. 

رێپلیانچک دەڵێت "ئێمە قوربانی و شایەتحاڵەکان دەدۆزینەوە، لەگەڵیان کاردەکەین بۆ ناسینەوەی ناسنامە و وردەکارییەکانی هێزە داگیرکەرە تایبەتەکانی ڕووسیا کە یان خەڵکیان کوشتووە یان دەستیان هەبووە لە ئەشکەنجەدان یان لە بارمتەگرتنی خەڵکی مەدەنیدا." 

لەگەڵ هاوکارەکانی توانی ژمارەیەک سەربازی ڕووسی دەستنیشان بکەن، وەک شتێکی نهێنیئامێز بەڵگەیان کۆکردەوە بە پشتبەستن بە لێدوانی شایەتحاڵەکان. 

رێپلیانچک لەو بارەیەوە دەڵێت "کەسێک ناوەکەی لە بیرە؛ کەسێک پلەی سەربازیەکەی لەبیرە، کەسێک شتێکی دیکەی لەبیرە." 

ئیتر لەوێشەوە تیمەکە دەچنە سەر کارەکانیان، بەڵگەکان تۆمار دەکەن و بەدوای داتا کراوەکان و سۆشیال میدیادا دەگەڕێن بۆ ناسینەوەی کەسەکان. 

بۆ ڤالێری یەهۆشنا و زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی ئۆکرانیا ئەم شەڕە جیاوازە لە جەنگەکانی تر. 

ڤالێری یەهۆشنا دەڵێت: "لەم جەنگەدا دەتوانین نزیکەی هەموو ئەو شتانە تۆماربکەیەن کە ڕوودەدەن". 

ئەو ئاماژەشی بەوەدا کە "وێنەی مانگی دەستکرد، سۆشیال میدیا، پەیوەندییە تەلەفونییە تۆمارکراوەکان تێکڕا هەموو ئەمانە یارمەتیدەرمانن. تەنانەت خەڵکی ئەو شارانەی کە بە شێوەیەکی کاتی داگیرکراون، ڤیدیۆ و وێنە دەگرن و دواتر بڵاوی دەکەنەوە. دڵنیام هەرگیز شەڕێکی ئاوا ڕووی نەداوە کە ئاوا بەڵگەی دیجیتاڵی ئەوەندە زۆر بێت." 

رۆژنامەنووسانی لێکۆڵەر هیوادارن کە لێدوانی شایەتحاڵەکان و کارەکان خزمەت بە دوو مەبەست بکەن: بەڵگەبێت بۆ دادگایەکی نێودەوڵەتی و وەک لیستێکی تۆمارکراو مامەڵەی لەگەڵ بکەن، بۆئەوەی کەس نەتوانێت ساختەکاری لە مێژوودا بکات. 

 

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×