حاكم شێخ لەتیف لەبارەی سكاڵاكەی لەسەر كامیار سابیر و دەستگیركردنی ئەو نوسەرە، دەڵێت، ناوبراو تۆمەتی بۆ هەڵبەستوە، بۆیە سكاڵای لەسەر تۆماركردوەو دەشڵێت: كامیار سابیر داوای لێبوردن بكات، دەچم سكاڵاكەم دەكێشمەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەكشەممە، کامیار سابیری نوسەر لەبنکەی پۆلیسی سەرچنار لەسەر سکاڵایەکی یاسایی حاکم شێخ لەتیف، دەستگیرکرا.
حاكم شێخ لەتیف سەبارەت بە سکاڵاکەی کامیار سابیر، كەمێك لەمەوبەر لە رێگەی لاپەڕەی خۆیەوە لە فەیسبوك لە رونكردنەوەیەكدا نوسیویەتی"ساڵ و نیوێک لەمەوبەر وتارێکی نوسی کۆمەڵێک قسەی دایە پاڵ بەندە گوایا من کەسێکی تائیفی و شۆڤێنی و چی و چیم، گوێم نەدایە چونکە دەچنە خانەی رەخنەوە، وەک چۆن مافی رەخنگرتنم ھەیە لەخەڵک، خەڵکیش مافی ئەوەی ھەیە رەخنەم لێ بگرێ ئەگەر ناڕاستیش بێ."
حاكم شێخ لەتیف وتوشیەتی"دوای ماوەیەک دوبارە وتارێکی تری نوسی سەرەڕای دوبارەکردنەوەی ئەو قسانە تۆمەتیشی بۆ ھەڵبەستم گوایا من گەندەڵم و موچەی خانەنشینی حاکمی لە ھەرێم و موچەی خانەنشینی بەغداشم ھەیە."
هەروەها نوسیویەتی"نەمویست وەڵامی بدەمەوە، چوم لە بنکەی پۆلیسی سەرچنار سکاڵام لەسەر تۆمار کرد، وتم کەی ھاتەوەو ئیسپاتی کرد من داوای لێ بوردن لە ھەمو خەڵک دەکەم. ئەگەریش راست نییە نابێ لە ژێر سێبەری رەخنە گرتن رەش و سپی تێکەڵ بکرێ و تۆمەت بۆ خەڵكی دروست بکرێ."
ئەوەشی خستۆتەڕو"کە زانیم لە کوردستانە ژمارەی تەلەفۆنەکەیم دەسکەوت و دام بە بنکەی پۆلیس و ئەوانیش داویانە بە دادوەر، نیوەڕۆ زانیم دادوەر تەوقیفی کردوە."
ئاماژەی بەوەشداوە كە "تەنھا لەسەر ئەوە سکاڵام لێ کردوە، ئەگەر راستە با بیسەلمێنێ و من داوای لێبوردنی لێ دەکەم، ساخکردنەوەی ئەم بابەتەش زۆر ئاسانە ئەوە دادگای سلێمانییە با پرسیاریان لێ بکات، ئەگەر راستیش نییە دەبێ سزای تۆمەت ھەڵبەستن وەربگرێ، یان داوای لێبوردن بکات منیش دەچم سکاڵاکەم دەکێشمەوە."
حاكم شێخ لەتیف وتوشیەتی"کێ قبوڵ دەکات سوکایەتی پێ بکرێ و تۆمەتی بۆ ھەڵبەسترێ و کەرامەتی بشکێندرێ و بێدەنگ بێ؟ بێدەنگیش بومایە دەیانوت راست دەکات. ئیتر بڕیارم داوە ھەر کەسێک تۆمەتم بۆ ھەڵبەستێ «نەک رەخنە» دەیدەم بە دادگا."