"كوبونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و فراکسیۆنەکان دواخرا"
  2022-05-23       441       

هەرچەندە بڕیار بو سبەی سێشەممە، دەستەی سەرۆکایەتی و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆببنەوە، بەڵام بەقسەی پەرلەمانتارێکی پارتی، كۆبونەوەكە بۆ ڕۆژی چوارشەممە دواخراوە.

ئاوێنە: خەدیجە عومەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، ئەمڕۆ دوشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی حزبەكەی راگەیاند: "کۆبونەوەی سبەی سێشەممەی نێوان دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان دوا خرا بۆ ڕۆژی چوارشەممە، بەڵام کەشی سیاسی لەبارە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکانی پەرلەمان، بەتایبەتی دوای دەستپێشخەریی پارتی و سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ شاری سلێمانی."

پەرلەمانتارەکەی پارتی وتیشی: "ناسەقامگیریی سیاسی کاریگەریی کردوەتە سەر کاروبارەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەگەر نێوان لایەنەکان ھێور بێتەوە ئەوە بێگومان کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر بەڕێوەچونی کۆبونەوەکانی پەرلەمانیش، چونکە بەھۆی ئاڵۆزیی نێوان لایەنەکان ڕەوشەکە بەگشتی ئاسایی نەبو.''

لەبارەی مەرجەکانی پارتی بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکانی پەرلەمان، خەدیجە عومەر ڕونی کردەوە: "ھیچ لایەنێک مەرجی پێشوەختەی نییە بۆ کۆبونەوەی پەرلەمان، ئومێد دەکەین دوای کۆبونەوەی داھاتو لێکتێگەیشتن ھەبێت بۆ ئەوەی لە مانگی داھاتودا پەرلەمانی کوردستان دوای ٨٠ ڕۆژ لە ڕاگرتنی کۆبونەوەکانی دەست بە کۆبونەوەکانی بکاتەوە.''

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×