وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وه‌ڵامی‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ ئەردۆغان ده‌داته‌وه‌
  2022-05-24       1067       


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وه‌ڵامی‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ ئەردۆغان ده‌داته‌وه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ هێرشی‌ توركیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان‌و رایگەیاند، هەر هێرشێکی نوێ لەباکوری سوریا - رۆژئاوای کوردستان زیاتر سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدات‌و هەڵمەتی دژی چەکدارانی داعش دەخاتە مەترسییەوە.

ئاوێنه‌: نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "زۆر لەراپۆرت‌و گفتوگۆکانی تایبەت بەئەگەری زیادبونی چالاکییە سەربازییەکان لەباکوری سوریا نیگەرانین، بەتایبەتی کاریگەرییەکانی لەسەر هاوڵاتیانی سڤیل لەو ناوچەیە."
 
وتیشی‌، "سەرکۆنەی هەر زیادکردنی بارگرژییەک دەکەین‌و پشتیوانی لەراگرتنی هێڵەکانی ئاگربەست دەکەین، پێمانوایە گرنگە هەموو لایەنەکان رێز لەزۆنەکانی ئاگربەست بگرن‌و بیپارێزن بۆ ئەوەی سەقامگیری لەسوریا بەهێزتر بێت‌و لایەنەکان کار بکەن بەئاراستەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ ئەم ململانێیە."
 
ئەمەش دوای ئەوە دێت كه‌ دوێنێ دووشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆن بۆ سەر باکوری سوریا - رۆژئاوای کوردستان دەستپێدەکەن‌.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپەڕاسیۆنەکە بەقوڵی ٣٠ کیلۆمەتر دەبێت بۆ ناو خاکی رۆژئاوای کوردستان لەناوچەکانی نێوان سنوری تورکیاو سوریا.

وتیشی‌، "ئامانجمان کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات هەسەدە-یه‌و گەڕاندنەوەی ملیۆن پەنابەرە بۆ ئەو ناوچانە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×