ئەمریكا نیگەرانی خۆی لەبارەی پەسەندكردنی یاسای قەدەغەكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەردەبڕێت
  2022-05-27       602       

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا نیگەرانی خۆی لەبارەی پەسەندکردنی یاسای بەتاوانناساندنى ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل لە پەرلەمانی عێراق دەردەبڕێت و دەڵێت: "ئەو یاسایە ئازادی رادەربڕین دەخاتە مەترسییەوە" و ژینگەیەکی دژ بە جوەکانیش دروستدەکات.

ئاوێنە: نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی "یاسای بەتاوانناساندنى ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل'، کە دوێنێ پێنجشەممە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندكرا، رایگەیاند"ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەست بەنیگەرانییەکی زۆر دەکات لە پەسەندکردنی یاسایەک لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بە تاوان دەناسێنێت."

وتوشیەتی"ئەم یاسایە ئازادی رادەڕبڕین دەخاتە مەترسییەوە و گەشە بە ژینگەی دژ بە جوەکان دەدات، هەروەها بەشێوەیەکی رون دژ بەو پێشکەوتنانەیە کە دراوسێکانی عێراق لە رێگەی دروستکردنی پردەکانەوە لەگەڵ ئیسرائیل و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵیدا بەدەستیانهێناوە، لەگەڵ دەرفەتی نوێ بۆ خەڵک لە شوێنە جیاوازەکانی ناوچەکە."

 

لە راگەیێنراوەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها رایگەیاندوە"ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە رۆڵی وەکو هاوبەشێکی بەهێز و جێگیر لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوام دەبێت، لەنێویدا لە رێگەی پشتیوانیکردنی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی لە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و گەشەپیدان بۆ هەموان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×