وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا "پنتاگۆن" ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، له هه‌وڵ و ته‌قه‌لادان بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی پێویست بۆ هێزه‌كانی ئۆكرانیا ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، به‌ڵام نابێت پێش بڕیاره‌كانی ئیداره‌ی وڵاته‌كه‌یان و هاوپه‌یانه‌كانیان بكه‌ون و ده‌شڵێت، "ئاگادارین روسیا رێگری له كه‌شتییه‌كان ده‌كات تا دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرنیا نه‌گوازنه‌وه، به‌ڵام به‌رامبه‌ر به روسیا هیچ بژارده‌یه‌كی سه‌ربازی هه‌ڵنابژێرین".
ئاوێنە: جۆن كێربی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا "پنتاگۆن" له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌رده‌وامین له پێشكه‌شكردنی هاوكارییه سه‌ربازییه‌كان به ئۆكرانیا و له هه‌وڵی به‌رده‌وامداین تا بتوانن ته‌واوی پێداویستییه سه‌ربازییه‌كانی بۆ دابین بكه‌ین.
وتیشی، "گشت رۆژێك له هه‌وڵ و ته‌قه‌لاداین تا بتوانین یارمه‌تییه سه‌ربازییه‌كانی به ئۆكرانیا بگه‌یه‌نین، به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمیش رۆژێك به به‌رده‌وامی چه‌ك و هاوكاری سه‌ربازی جۆراوجۆر ره‌وانه‌ی ئۆكرانیا ده‌كرێت و ته‌نانه‌ت به‌رده‌وامین له ناردنی موشه‌كهاوێژی هاوته‌رز بۆ ئه‌و وڵاته".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "له په‌یوه‌ندیه‌كی به‌رده‌وامداین له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا و پێش ئه‌وه‌ی كیێڤ داوای هاوكارییه نوێیه‌كانی بكات، به‌رپرسانی ئۆكرانیامان له‌وه ئاگاداركرده‌وه كه به‌هۆی ئه‌وه‌ی روسیا ته‌واو تیشكی خستوه‌ته سه‌ر داگیركردنی ناوچه‌كانی دۆنباس، به دڵنیاییه‌وه پێویستیان به چه‌كی قورس و به‌رگری زیاتر ده‌بێت".
له‌وه‌ڵامی پرسیارێكیشدا كه به‌هۆی كورتهێنان له دابینكردنی دانه‌وێڵه‌وه له چوار مانگی داهاتودابه‌شێك له ته‌واوی جیهان روبه‌ڕوی برسیه‌تی ده‌بنه‌وه، ئایا ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی كاتی نه‌هاتوه تا جه‌نگ له ده‌ریاكاندا دژ به روسیا به‌رپا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ی ده‌ریاكان به‌ڕوی هاورده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا بكه‌نه‌وه كه روسیا رێگری ده‌كات لێی، جۆن كێربی جه‌ختی له‌وه‌كردوه، "ته‌واوی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌و باره‌یه‌وه نیگه‌رانن، به‌ڵام دوپاتمانكردوه‌ته‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناكه‌وینه به‌ره‌یه‌كی دژ به روسیاوه، به‌ڵام پرسه‌كه جدییه".
ده‌رباره‌ی ماویه ئه‌م جه‌نگه ئاشكراشیكردوه، "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت خه‌مڵاندن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بكه‌ین چونكه ناتوانین له ناوچه‌كانی جه‌نگ باس له براو و شكستخواردو بكه‌ین، وه‌ك ناوچه‌كانی دۆنباسیش، ناوچه هه‌یه ئه‌مڕۆ روسیا پێشڕه‌وی تێدا ده‌كات، بۆ چه‌ندڕۆژی داهاتوو به دوهێندا ناوچه‌ی دیكه ئۆكرانیا كۆنترۆڵی ده‌كاته‌وه، بۆیه ناكرێت له‌سه‌ر خه‌مڵاندنه‌كانمان ئاڕاسته‌ی ئه‌م جه‌نگه دیاری بكه‌ین".