دەسەڵاتدارانی ئێران بە گولـلە وەڵامی ناڕەزایەتییە فراوانەكانی ئابادان دەدەنەوە
  2022-05-28       1027       

ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لە شاری ئابادانی ئێران فراوان بوەو ئەوەش دوای چەند رۆژێك لە داڕوخانی باڵەخانەی مترۆپۆل لە شارەكە كە بوە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربون و بێسەروشوێنبوونی دەیان كەس. بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە ئێوارەی دوێنێ هەینی، هێزە ئەمنییەكان بە گوللـە هەوڵی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەرانیان داوە.

ئاوێنە: نیوەڕۆی رۆژی دوشەممە، باڵەخانەی 10 نهۆمی مترۆپۆل لە ئابادان داڕوخا كە تا ئێستا گیانلەدەستدانی 28 كەسی تێدا راگەیەندراوەو 37 كەسیش بەبرینداری رزگاركراون و پڕۆسەی گەڕانیش بەدوای بێسەروشوێنانی ژێر داروپەردوی باڵەخانەكەدا بەردەوامە.

لەدوای داڕوخانی ئەو باڵەخانەیە،لە ئابادان هاوڵاتیان رژانە سەرشەقامەكان بە وتنەوەی دروشمی جۆراو جۆر دژبە كۆماری ئیسلامی ئێران، ناڕەزایەتییان بەرامبەر كەموكوڕییەكانی دروستكردنی باڵەخانەكەو كەمتەرخەمی دەسەڵاتداران دەربڕی كە هۆكاری داڕوخانی باڵەخانەكە بوە.

ئێوارەی دوێنێش ناڕەزایەتییەكان لەو شارەی ئێران بەرفراوان بون و هەروەها ئەهواز و شاهینشەهرو چەند شارێكی دیكە بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەكانی ئابادان خەڵك رژانە سەر شەقامەكان.

بەڵام بەپێی ئەو ڤیدیۆییانەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، شەوی رابردو هێزە ئەمنییەكانی ئێران، تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی ئابادان و هێرشیان كردۆتە سەر خۆپیشاندەرانی ئەهواز و شاهینشەهر بۆ بڵاوەپێكردنیان.

هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ئێران، رایانگەیاندوە كە 13 كەس لەوانەی هۆكاری داڕوخانی باڵەخانەكە بون دەستگیركراون و هەروەها خاوەنی باڵەخانەكەش لە روداوەكەدا گیانی لەدەستداوە، بەڵام خۆپیشاندەرانی ئابادان باوەڕ بەو وتانەی دەسەڵاتداران ناكەن و دەشڵێن: درۆیە حسێن عەبدولباقی، خاوەنی باڵەخانەكە گیانی لەدەست نەداوە.

گەندەڵی، خراپی بەڕێوەبردن بەتایبەت لە بواری چاودێری دروستكردنی باڵەخانەو پڕۆژەكانی نیشتەجێبون لە ئێران لەپاڵ كێشەكانی وەك هەژاری و قەیرانی ئابوری، هۆكاری ناڕەزایەتییەكانن لەو شارانەی ئێران.

داڕوخانی ئەو باڵەخانەیە، ناڕەزایەتییەكانی دژبە خراپی بەڕێوەبردن و گەندەڵی ئیداری لە ئێران بەرفراوان كردوە.

محەمەد موخبیر، یاریدەدەری یەكەمی سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاندوە، گەندەڵییەكی زۆر لە پڕۆسەی دروستكردنی باڵەخانەكەی مترۆپۆلی ئاباداندا هەبوە.

خۆپیشاندەران لە چەند رۆژی رابردودا دروشمی توندیان دژ بە سیستمی حوكمڕانی لە ئێران و رابەری باڵای شۆڕش لەو وڵاتە وتوەتەوە، لەوانە: "ئەم هەمو ساڵە تاوانكاریی، مردن بۆ ئەم ویلایەتە"، "مردن بۆ دیكتاتۆر"، "مردن بۆ ستەمكار."

 

 

 

 

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

A post shared by BBC NEWS فارسی (@bbcpersian)

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

A post shared by راديو فردا‌‌|‌‌Radio Farda (@radiofarda)

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×