فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران لەهەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاریی بوو
  2022-05-29       904       

سەرچاوەیەک لەناو سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرایکردووەك کە لیوا ئەمیر عەلی حاجی زادە فەرماندەی هێزی فەزایی سوپای پاسداران و بەرپرس لە بەرنامەی بالیستی و بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەهەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بووە، ڕووداوەکەش رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە بنکەی ناوەکیی پارچین لە باشووری رۆژهەڵاتی تاران روویداوە.

ئاوێنه‌: ئەو سەرچاوەیە بە رۆژنامەی "الجەریدە"ی كوەیتی راگەیاندووە، لەكاتی دەرچوونی حاجی زادە لە بنکە سەربازییەکە بۆمبێكی چێنراو لەبەردەم ئۆتۆمبێلی ناوبراودا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە ئیحسان قەدبەگی ئەفسەری ئەندازیار كە یاوەری بووە كوژراوە و هاوەڵێكی دیكەش بریندار بووە.

وەزارەتی بەرگریی ئێران لەبەیاننامەیەکدا تەنیا ئەوەندەی پشتراست کردووتەوە، کە ئێوارەی چوارشەممە لە یەکێک لە یەکەکانی توێژینەوەی وەزارەتی بەرگریی لە ناوچەی پارچین ڕووداوێک ڕوویداوە، لە بەیاننامەیەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە،  کە ئەمە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەندازیار ئیحسان قەدبەگی و برینداربوونی یەکێک لە هاوکارەکانی.

ئەم هەوڵی تیرۆرکردنەی فەرماندە باڵاکەی سوپای پاسداران دوای چەند ڕۆژێک دێت لە تیرۆرکردنی عەقید سەیاد خودایی فەرماندەیەکی سەر بە سوپای پاسداران لە نزیک ماڵەکەی لە تاران کاتێک تەقەی لێکرا و کوژرا، دواتریش ئیسرائیل بەرپرسیارێتی خۆی لە رووداوەکە راگەیاند.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×