ئەردۆغان: وەکو چۆن لەباکوری عێراق ئۆپەراسیۆن لەدژی پەکەکە دەکەین، له‌باکوری سوریاش هه‌مان كار ده‌كه‌ین
  2022-05-29       616       

رەجەب تەیب ئەردۆغان ده‌ڵێت، وەکو چۆن لەباکوری عێراق ئۆپەراسیۆن لەدژی پەکەکە ئه‌نجامده‌ده‌ن، له‌باکوری سوریاش - ڕۆژئاوای‌ كوردستان هه‌مان كار دوباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌. هۆشداریش ده‌دات  "بچوکترین هەڕەشە لەدژمان بەدیبکرێت، بەتوندی وەڵامیان دەدەینەوە."

ئاوێنه‌: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، "ئەمریکاو هاوپەیمانان پاڵپشتی لەرێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکەن لەباکوری سوریا". وتیشی‌، "ئەمریکاو تەواوی هێزەکانی هاوپەیمانان بەچەک و کەرەستەی سەربازی و پارە پاڵپشتی لەرێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکەن کە لەناوچەکانی باکوری رۆژهەڵات تاوەکو باکوری رۆژئاوا پێگەیان قایم کردووە."

ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە "وەکو چۆن لەباکوری عێراق ئۆپەراسیۆن لەدژی پەکەکەو هاوبەشەکانی پەکەکە دەکەین، هەمان کردار بەبایەخ و توانای زیاترەوە بۆ باکوری سوریاش لە ئارادا دەبێت." ئه‌وه‌شی‌ وت، "لەباکوری سوریا بچوکترین هەڕەشە لەدژی تورکیا بەدیبکرێت زۆر بەتوندی وەڵامیان دەدەینەوە."

سەرۆک کۆماری تورکیا راشیگەیاند، "ناکرێت چاوپۆشی لەم هەمو روداوو هەڕەشانە بکەین"و "ئەگەر ئەمریکا بەئەرکەکانی سەرشانی خۆی هەڵنەستێت لەبەرەنگاربونەوەی تیرۆر، خۆمان مشوری خۆمان دەخۆین،" دەشڵێت، "بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر مۆڵەت لەکەس وەرناگرین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×