گروپێکی سایبەری لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئایەتوڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، کامێرای چاودێری و كۆنترۆڵی شارەوانی تارانیان هاک کردو لەسەر شاشەكانیان دروشمی دژ بە دەسەڵاتدارانی ئێران بڵاودەكەنەوە.
ئاوێنە: بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیی و بەڵگەنامانەی کە دەستی دەنگی ئەمەریکا کەوتون، رۆژی پێنجشەممە، گروپێک كە خۆی بە "ڕاپەڕین تا روخاندن" ناساندوە، پێنج هەزار كامێرای چاودێری لە شارەوانی تاران و هەروەها زیاتر لە 150 سایت و سیستمی لە شارەوانی تاران هاککردوە.
بە گوێرەی ئەو وێنانەی کە بڵاوکراونەتەوە گروپەکە ئەم پەیامانەی نوسیوە "سڵاو لە ڕەجەوی" و "مەرگ بۆ خامەنەیی، ڕەئیسی و نەفرەت لە خومەینی."
ئەو زانیارییانەی دەستی بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا کەوتون بریتین لە لیستی تەواوی کامێراکانی ناوچەی بەهەشتی زەهرا، لیستی کامێراکانی چاودێری لەسەر ڕێگاوبان و شەقامەکانی تاران، هەروەها داتاکانی ناوەندی تەکنەلۆژیا و زانیاری شارەوانی ناوەندی داتا لە ئەقدەسیە.
هەروەها سیستەمی ئۆتۆماتیکی ناوخۆیی شارەوانی و کامێرای چاودێری کۆمپلێکسی گۆڕستانی ئایەتوڵا خومەینی، هاک کراون.
هێرشی ئەلیکترۆنی و هاککردنی کامێراو سیستمی ئۆرگانە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامی پێشتر مێژویەکی هەیە. لە هاوینی ساڵی ڕابردودا ڕاپۆرتی "پەککەوتنی ئەلیکترۆنی" لە سیستەمی کۆمپیوتەری وەزارەتی ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکانی ئێران و هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر کۆمپانیای هێڵی ئاسنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوکرایەوە.
چوار ساڵ لەمەوبەر گروپێکی هاککەر کە خۆیان بە گروپی 'تەبندەگان' ناودێردەکەن، سیستەمی کۆمپیوتەری فڕۆکەخانەکانی مەشهەد و تەبرێزیان هاک کرد و پەیامی پشتیوانی لە مانگرتنەکانی ئێرانیان لەسەر شاشەی ئەو فڕۆکەخانانە بڵاوکردەوە.
بەپێی دەنگی ئەمریكا، هەواڵی هاک کردنی ماڵپەڕە جۆراوجۆرەکانی حکومەت و ڕودانی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە گوماناویەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران، قسە و باسی لەسەر توانای بەرپرسانی ئەمنیی ئێرانی وروژاندوە.