ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا لەبارەی پرسی ئەندامێتی ئۆکراینا لەیەکێتی ئەوروپا، رایگەیاند، "یەکێتی ئەوروپا، وەک ناتۆ، رێکخراوێکی سەربازیی نییە. وەک هەمیشە گوتومە هەڵوێستمان لەم بارەیەوە زۆر رونو ئاشکرایە، روسیا دژایەتی ئەمە ناکات".
ئاوێنه: پوتین لەمیانەی بەشداری کردنی لە ٢٥مین کۆڕبەندی ئابوری نێودەوڵەتی سانت پێترێسبورگ، باسی لە ئابوری جیهان و بەرەوپێشچونە سیاسییەکان کرد.
سەرۆکی روسیا باسی لەوەش کرد کە کۆمەڵێک دەنگۆ هەن دەربارەی ئەوەی کە رووسیا هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات، لهو ڕوهوه وتی، "ئەم بانگەشانە لە زاری سیاسەتمەدارە نابەرپرسەرکان و بەرپرسە باڵاکانیشەوە بیستراوە. ئێمە بێدەنگ نابین و وەڵامیان دەدەینەوە. هەر کاتێکیش وەڵامیان بدەینەوە راستەوخۆ دەڵێن 'رووسیا هەڕەشە دەکات'. ئێمە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە کەس ناکەین. بەڵام پێویستە هەمووان بزانن کە ئێمە خاوەنی چین و لە پێناو پاراستنی سەروەری وڵاتەکەماندا ئامادەین چی بەکاربهێنین".
پوتین لەوەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی هەڵوێستی روسیا بەرامبەر پرسی ئەندامێتی ئۆکراینا لەیەکێتی ئەوروپا، رایگەیاند، "یەکێتی ئەوروپا وەک ناتۆ رێکخراوێکی سەربازیی نییە. وەک هەمیشە گوتومە هەڵوێستمان لەم بارەیەوە زۆر رون و ئاشکرایە، روسیا دژایەتی ئەمە ناکات".