ڕۆژنامەنوسێکی ڕوسی خەڵاته‌ نۆبڵەکەی بۆ ئاوارەکانی ئۆکرانیا دەفرۆشێت
  2022-06-18       646       

دیمتری موراتۆڤ، ڕۆژنامەنووسی ڕوسی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، مەدالیای نۆبڵەکەی بۆ پەنابەرانی ئۆکرانی دەفرۆشێت. ئەو دەڵێت، خەڵکێکی کەم پشتگیری لەهەڵمەتی سەربازیی مۆسکۆ دەکەن.

ئاوێنه‌: موراتۆڤ هاودامەزرێنەری ڕۆژنامەی نۆڤایا گازیتایەو ماوەیەکی زۆریشە سەرنوسەری ڕۆژنامەکەیە، نۆڤایا گازیتا ڕۆژنامەیەکی ڕەخنەگرە لەکریملن کە خۆی لەساڵی 1993دا بەپارەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی میخائیل گۆرباچۆڤ سەرۆکی پێشوی سۆڤیەت دامەزراوە.

موراتۆڤ لەچاوپێکەوتنێکدا بەئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووه‌، "وڵاتەکەم وڵاتێکی دیکەی داگیرکردووەو ئەویش ئۆکرانیایە. ئێستا 15 ملیۆن و 500 هەزار پەنابەر هەن. ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر بیرمان لەوە کردەوە کە دەتوانین چی بکەین بۆ ئەو دۆخە، پێمانوابو کە پێویستە هەموو کەسێک شتێکی خۆشەویستی خۆی بدات بەوان، گرنگە بۆ ئەوان."

وتیشی، زیادکردنی مەدالیای زێڕی ئەو بەو مانایە دەبێت کە بەجۆرێک لەجۆرەکان هاوبەشی چارەنوسی ئەو پەنابەرانە بووە کە یادگارییەکانیان و ڕابردویان لەدەستداوە.

راشیگه‌یاند، "ئێستا دەیانەوێت داهاتویان لێ زەوتبکەن، بەڵام دەبێت دڵنیا بین لەوەی داهاتویان پارێزراو دەبێت. گرنگترین شت کە دەمانەوێت بیڵێین و نیشانی بدەین ئەوەیە کە هاودەنگی مرۆیی پێویستە."

مەدالیاکەی موراتۆڤ لە 20ی مانگی 6دا لەڕۆژی جیهانی پەنابەران لەلایەن کۆمپانیای Heritage Auctions بە پاڵپشتی لیژنەی خەڵاتەکان دەفرۆشرێت.

ئەو خەڵاتەی بەموراتۆڤ و ماریا ڕێسای ڕۆژنامەنوسە فلیپینەکە درا بەهۆی پشتیوانیکردنیانەوە بووە لەمافی ئازادی ڕادەربڕین کە لەسەرانسەری جیهاندا لەمەترسیدایە.

موراتۆڤ خەڵاتەکەی تەرخانکرد بۆ شەش ڕۆژنامەنوسی نۆڤایا گازیتا کە بەهۆی کارەکانیانەوە کوژراون، ڕەخنەگرێکی سەرسەخت بون کە لەنێویاندا ڕەخنەیان لەڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا گرتووە.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×