ڤیان سه‌بری: هێشتا بڕیاری به‌شداریمان له‌ دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی عیراق نه‌داوه‌
  2022-06-23       367       

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عیراق بە مەبەستی پڕکردنەوەی شوێنی ئەو پەرلەمانتارانەی رەوتی سەدر کۆببێتەوە کە دەستیان لە کار کێشاوەتەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش رایگه‌یاند، تا ئێستا بڕیاریان نەداوە کە ئاخۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عیراقدا دەکەن یان نا.

ئاوێنە: ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، به‌ ماڵپه‌ری فه‌رمی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاند: "وەک فراکسیۆنی پارتی تا ئێستا بڕیارمان نەداوە کە بەشداری لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عیراقدا دەکەین یان نا، چونکە چاوەڕێی بڕیاری سەرکردایەتی خۆمان دەکەین و ئەوان بڕیار دەدەن کە بەشداری بکەین یان نا".

ڤیان سه‌بری وتیشی: "چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆی کۆکردووەتەوە و داوای کردووە پەرلەمان کۆبێتەوە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر، کە بەپێی دەستووری عیراق پێویستە رێژەی دیاریکراو لە ئەندامانی پەرلەمان ئامادە بن بۆ ئەوەی کۆبوونەوە ئەنجام بدرێت، چونکە پەرلەمانتارانی سەدر فەرمانی پەرلەمانیشیان بۆ دەرچووە لەبارەی دەستلەکار کێشانەوە، بەڵام گفتوگۆکانی نێوان لایەنەکان بەردەوامن".

ناوبراو دەشڵێت: "بەشداریکردنی پارتی لە پرۆسەی سیاسیی عیراق لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دەبێت، ئەوانیش بریتین لە هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×