یاریدەدەری سەدر: دەیانەوێت تۆمەتبارمان بكەن بە بەشداری لە حكومەتی گەندەڵی
  2022-06-24       888       

ساڵح محەمەد عێراقی، یاریدەدەری موقتەدا سەدر رایگەیاند، هەندێك لایەن دەیانەوێت لە رێگەی تێوەگلاندنی وەزیر یاخود كەسانی دەركراو و جیابوەوە لە رەوتەكان لەو حكومەتەی كە دەیانەوێت پێكیبهێنن، تۆمەتبارمان بكەن بە "بەشداریكردن لە حكومەتی گەندەڵی."

ئاوێنە: ساڵح محەمەد عێراقی، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتی، "بیرۆكەیەكی قێزەون هەیە كە هەندێك لایەنی سیاسی دەیانەوێت جێبەجێی بكەن كە ئەویش تێوەگلاندنی وەزیر، یاخود كەسانی جیابوەوەو دەركراوی رەوتی سەدر لەو حكومەتەی دەیانەوێت پێكی بهێنن."

ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەو كارەیان لەپێناو بێدەنگكردنی شەقامی سەدرییەكان و تۆمەتباركردنیەتی بە بەشداریكردن لە "حكومەتی گەندەڵی."

لەوبارەیەوە هۆشداری داوەتە ئەو لایەنانەو جەختیشی كردۆتەوە كە "ئێمە بەشداری ناكەین و نابین لەگەڵیان نە لە پەرلەمان و نە لە حكومەت، نە لە هیچ شتێكی تر. ئیمە خەڵكی چاكسازیین نەك ناتەبایی و دوڕویی."

هەروەها هۆشداریشی داوەتەوە "گەندەڵكاران" كە "وەڵاممان چاوەڕوان نەكراو دەبێت ئەگەر هەوڵی شێواندنی ناوبانگمان بدەن."

هەروەك جەختیشی كردۆتەوە كە هیچ كەسێك لە دانوستان یاخود گفتوگۆكاندا نوێنەرایەتی ئەوان ناكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×