عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، چۆن پلەبەرزکردنەوە بۆ فەرمانبەرانی هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم و دادوەران و هێزی ئەمنی و سەربازی کراوە، پێویستە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنیش بکرێت. دەشڵێت: "حكومەت دەڵێت پلەبەرزکردنەوەی سەرجەم فەرمانبەران بڕێکی زۆر پارەی پێویستەو لە توانای حکومەتی هەرێمدا نییە."
ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، ئەمڕۆ دوشەممە، لە بەدواداچونێكدا ئەوەشی وتوە"بەبڕیاری هەر سێ سەرۆکایەتییەکە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان دەستیپێکردوەتەوەو بۆیان بەستراوە، پێشتریش سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەری پلە بەرزکردنەوەی بۆ کراوە."
ئەوەشی خستۆتەڕو"پلەبەرزکردنەوەی هێزی ئەمنی و سەربازی بەردەوام بوەو ڕانەگیراوە."
ئەو پەرلەمانتارە جەختی كردۆتەوە "چۆن ئەو توێژانەی سەرەوە مافی خۆیانە بۆ پلەبەرزکردنەوە، سەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایان ئەو مافەیان هەیە."
ئاماژەی بەوەشداوە "چۆن سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان پلە بەرزکردنەوەیان بۆ فەرمانبەرانی سەرۆکایەتیەکانیان کرد پێویستە بەهەمان پێوەر مامەڵە لەگەڵ سەرجەم فەرمانبەران بکەن."
هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو"بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دەڵێن: پلە بەرزکردنەوەی سەرجەم فەرمانبەران بڕێکی زۆر پارەی پێویستەو لە توانای حکومەتی هەرێمدا نیبە لە ئێستادا" ئەوەش لەكاتێكدایە كە "بەیاسا، حکومەتی هەرێم ناتوانێت پلەبەرزکردنەوە ڕابگرێت."