ئاوات جه‌ناب نوری وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم، زانیاری له‌باره‌ی خه‌رجی به‌هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست ئاشكراده‌كات و داواش له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كات، پێش ده‌ركردنی فه‌رمانی به‌هه‌میشه‌ییكردنی گرێبه‌سته‌كان، رێنمایی نوێ ده‌ربكرێت.
ئاوێنه: به‌گوێره‌ی نوسراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری كه واژۆی ئاوات جه‌ناب نوری له‌سه‌ره و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كراوه تێیدا هاتوه، به‌پێی به‌راییه‌كان، بڕی موچه‌ی گرێبه‌سته‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بودجانه‌ی بۆیان خه‌رجده‌كرێت جیاكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌كۆی گشتی موچه‌ی گرێبه‌سته‌كان به‌راورد به‌و موچه‌یه‌ی كه فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست بكرێن به‌هه‌میشه‌یی وه‌ریده‌گرن بڕی 1.757.496.976 (یه‌ك ملیار و حه‌وتسه‌د و په‌نجاو و حه‌وت ملیۆن و چوارسه‌د و نه‌وه‌د و شه‌ش هه‌زار و نۆسه‌د و حه‌فتا و شه‌ش) دینار كه‌متر ده‌بێت، به‌دڵنیاییه‌وه هه‌ركاتێك فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست كران به شێوه‌ی هه‌میشه‌یی، موچه‌یان گۆرانكاری به‌سه‌ردا دێت و زیاد ده‌بێت له‌كاتی پێدانی سه‌رموچه‌ی ساڵانه و هێنانی ماوه‌ی خزمه‌تی گرێبه‌سته‌كان.
هه‌ر به‌گوێره‌ی نوسراوه‌كه، فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی بیانین به‌پێی یاسا نابێت ببنه فه‌رمانبه‌ری هه‌میشه‌یی، وه‌زیری دارایی و ئابوری پێشینیاری كردوه، ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست بكرێن به فه‌رمانبه‌ری هه‌میشه‌یی پێویسته پێش ده‌رچونی بڕیاری بون به هه‌میشه‌یییان هاوشێوه‌ی رێنمایی دارایی ژماره 39 و 42ی ساڵی 2013 رێنمایی تازه ده‌ربچێت.
به‌گوێره‌ی نوسراوێكی دیكه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی له هه‌رێمی كوردستان 28.256 (بیست و هه‌شت هه‌زار و دوسه‌د و په‌نجاو شه‌ش) فه‌رمانبه‌ری گرێبه‌ستی ناوخۆیی هه‌یه، هه‌روه‌ها 439 (چوارسه‌د و سی و نۆ) فه‌رمانبه‌ری گرێبه‌ستی بیانی هه‌یه، سه‌رجه‌میشیان له‌سه‌ر میلاكی بودجه‌ی ئاسایی به‌شی په‌ره‌پێدان موچه وه‌رده‌گرن.

