حەمید نوری، وانەیەک بۆ ئەوانەی مافی مرۆڤ پێشێل دکەن
  2022-07-14       2179       

ئا: ئاوێنە

 

حەمید نوری، ئەندامی پێشووی سوپای پاسداران لەکاتی هێرشکردنە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان‌و یەکێک لەدادوەرەکانی زیندانی گوهەردەشت کە لەساڵی ١٩٨٨دا حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر هەزاران زیندانیانی سیاسدا تیا سەپێنرا، لەوڵاتی سوید حوکمی زیندانی هەمیشەیی بەسەردا درا.

 

ئەمە یەکەمجارە کاربەدەستێکی ئێرانی لەدەرەوەی وڵات بەتۆمەتی بەشداریکردن لەکوشتنی زیندانیانی سیاسی لەناوخۆی ئێراندا دەستبەسەرو دادگایی دەکرێت، چاودێرانی مافی مرۆڤ دەڵێن "ئەمە یەکەم هەنگاوی گرنگە بەرەو دادپەروەری سەبارەت بەلەسێدارەدانی زیندانانی ساڵی ١٩٨٨".

 

حەمید نووری ناسراو بەعەباسی، بەتۆمەتی تێوەگلان لە"تاوانی جەنگ"و "کوشتنی بەئەنقەست" بەفەرمانی دادگا لەسوید دەستبەسەر کرا، کاتێک لە9ی تشرینی دووەمی 2019 دوای چونە ناو فڕۆکەخانەی ئارلاندا لەسوید دەستگیر کرا.

 

دوای راگەیاندنی بڕیارەکەی دادگا سەبارەت بەنوری، دەیان کەس لەرزگاربووانی لەسێدارەدانەکانی ساڵی ١٩٨٨و بنەماڵەی قوربانییەکان لەبەردەم دادگا لەستهۆکهۆڵمی پایتەختی سوید گردبوونەوەو خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی.

 

داواکاری گشتی سوید رایگەیاند پرەنسیپی "دەسەڵاتی دادوەری گشتگیر" ڕێگە دەدات تاوانە گەورەکان، وەک تاوانی جەنگ‌و تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی، لەدادگاکانی وڵاتانی دیکە لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت، بەبێ گوێدانە شوێنی تاوانەکەو ڕەگەزنامەی تۆمەتبار یان قوربانییەکان، کە ئەمەش زەنگی مەترسی‌و وانەیەکە بۆ هەموو ئەوانەی تاوانی جەنگ‌و کوشتارو پێشێلکاری مافی مرۆڤ دەکەن.

 

لەکاتی لەسێدارەدانەکانی ساڵی ١٩٨٨دا، بەفەرمانی ئایەتوڵڵا خومەینی، دامەزرێنەرو ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، لەماوەی دوو مانگدا هەزاران زیندانی سیاسی لەسێدارەدران‌و بەنهێنی لەگۆڕی بەکۆمەڵدا بەخاکسپێردان.

 

هیومان ڕایتس وۆچ ئاماژە بەوە دەکات لەنێوان دوو هەزارو ٨٠٠ بۆ پێنج هەزار زیندانی سیاسی "لانیکەم لە٣٢ شاردا" لە دوو قۆناغدا لەسێدارە دراون، کە زۆربەیان ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهێدینی خەلق‌و لایەنە چەپ‌و عەلمانی‌و کوردییەکان بون."

 

کاتێک حەمید نوری دەستگیر کرا، ژمارەیەک لەزیندانیانی سیاسی پێشو بانگهێشتی دادگایەکی سوید کران بۆ ئەوەی شایەدی بدەن سەبارەت بەناسنامەکەی کە ناوی ڕاستەقینەی "حەمید نووری"ەو نازناوی "عەباسی"و پرۆسەی دادگایی کردنەکەی ٩ مانگی خایاندو ٩٢ دانیشتنی بۆ ئەنجامدراو ٣٤ کەس سکاڵایان لەدژی تۆمار کرد.

 

حەمید نووری کە ساڵی ١٩٦١ لەتاران لەدایکبوە، لەکاتی هێرشکردنە سەر رۆژهەڵاتی کوردستاندا پاسدارێکی چالاکی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی بوەو لەدژی هێزە کوردییەکان جەنگاوە، ساڵی ١٩٨٢ لەزیندانی ئەوین کاری کردوە، لەساڵی ١٩٨٨ یاریدەدەری داواکاری گشتی محەمەد موقیسە (ناسریان) بووە لەزیندانی گوهەردەشتی کەرەج لەکاتی کۆمەڵکوژییەکانی هاوینی ئەو ساڵەدا.

 

ئیرەج مەسەداغی، کە لەزیندانیانی سیاسیی گوهەردەشت‌ بوەو ئێستا یەکێکە لەشایەتحاڵەکانی دۆسیەی حەمید نوری‌و ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوە لەدەستگیرکردنیدا، شایەدی ئەوەی داوە کە حەمید نوری یەکێک بوە لەجەللادە سەرەکیەکانی لەسێدارەدانی زیندانی گەوهەردەشت‌و ئەوکات وەک یاریدەدەری ئیبراهیمی رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران لەکوشتاری زیندانییەکندا هەڵسوکەوتی کردوە.

 

دادوەرانی دادگای سوید سەبارەت حوکمی زیندانکردنی ناوبراو، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند "لەکاتی کوشتنی زیندانیانی سیاسی لەزیندانی گەوهەردەشت لەساڵی ١٩٨٨دا، تاوانی گەورە ئەنجامدراوەو لەسێدارەدانەکان بەشێوەیەکی نادادپەروەرانەو بەپێچەوانەی یاسا رێگەپێدراوەکان ئەنجام دراون‌و حمید نوری بەشدار بوە لەو کوشتارەدا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×