مێژووی توندوتیژی: شوناسی گروپی ئیتنیکی‌و کوردە عێراقییەکان
  2022-07-15       625       

کرەیگ دۆگڵاس ئەلبێرت      

 پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکانە لە زانکۆی جۆرجیا رێجینت، ئۆگۆستا - ئەمەریکا

  لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق   

 

کورتەیەک

یەک لە مەسەلە سەرنجڕاکێشەکان کە بوو بە جێی گرنگی پێدانی جیهان لە ماوەی "ئۆپەراسیۆنی ئازادیی عێراقدا" چۆنێتیی تێکەڵکردنی دانیشتووانە کوردەکەی عێراق بوو بە ستراتیجییەتە سەربازییەکەی ئەمریکا. بێجگە لەوەش، هەر کە کە جەنگ کۆتایی پێهات و ئەمریکا و عێراق دەستیان کرد بە دامەزراندنی دەوڵەت و      حکوومەت و رژێمێکی دەستووری بۆ عێراقێکی تازە، چاو کەوتە سەر ئەو رۆڵەی کە کورد دەتوانێت لە حکوومەتی تازەدا بیگێڕێت، یان ئاخۆ پێویست دەکات لە حکوومەتدا بن. بەڵام بۆ زۆرێک لە بڕیاربەدەستانی سیاسی روون نەبوو بزانرێت کەوا کورد کێن. چۆن لە دانیشتووانی تری ئیتنیکی و ئاینیی عێراق و ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی جیاوازترن؟ مێژوویان چی بووە لەگەڵ رژێمی عێراق لە سەردەمی سەددام حوسێندا؟ مەبەست لەم پەیپەرە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بایەخدارانەیە لە چاوی زانستی سیاسییەوە. لەکاتێکدا کە عێراق بەردەوامە لە فۆرمەڵەکردنی شوناسی تازەیدا، زۆر گرنگە لە شوناسی لە گرووپە ئیتنیکییە بەناوبانگەکانی تێبگەین، کە کوردەکانن. لە بەدواداچوون و وەسفکردنی خەسڵەتە نەژادییەکانی کورددا ئەوەش گرنگە کە مێژووی نێوان حکوومەتی عێراق لە سەردەمی سەددام حوسێن و چۆنێتیی بنیاتنانی شوناسی عێراقی لەبەرانبەر شوناسی کوردیدا (کە فرەجار سەرکوتکردن و داپڵۆسین بووە) و تێگەیشتن لە پەیوەندیی گرژی نێوان هەردوولا، کە تێگەیشتنێکە گونجاوترین باس بۆی ئەوەیە کە مێژوویەکی پڕ توندوتیژیی هەیە. 

 

پێشەکی

لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا و هەروەها لە هەموو کایەکانی نێودەوڵەتیدا و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی جەنگی ئەمریکی لە عێراقدا، مشتومڕێکی بەردەوام سەریهەڵدابوو کە بەزۆری جیاوازی و دابەشکاریی دەورووژاند. یەک لەو لایەنانەی کە جێبایەخ و سەرنجڕاکێش بوو چۆنێتیی تێکەڵکردنی دانیشتووانە کوردەکەی عێراق بوو بە ستراتیجییەتی سەربازیی ئەمریکی. لەوەش  زیاتر و بەکۆتاییهاتنی جەنگ ئەمریکا و عێراق دەستیانکرد بە بنیاتنانی دەوڵەت و حکوومەت و رژێمیکی دەستووری بۆ عێراقێکی نوێ و چاو بخرێتە سەر ئەو رۆڵەی کە دەکرێت کوردەکان لە حکوومەتی تازەدا بیگێڕن، یان ئاخۆ پێوێست دەکات لە حکوومەتدا بن. راستییەکەی، بایەخێکی بەرفراوان لە ناوەندە ئەکادیمی و سیاسییەکاندا هاتەئاراوە بۆ تاوتوێ کردنی ئەگەری درووستکردنی دەوڵەتێکی کوردی. دواتر فیدراڵیزمی عێراقی، کە لە سترۆکتووری دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سوننە و شیعە و کورد پێکدەهات بوو بە پەسەندترین چارەسەرەکان.

 بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە کەوا سەرۆک جۆرج دەبڵیو بوش بەتەواوەتی ئەوەی بۆ خەڵک باس نەکرد کە لەڕاستیدا ئەم کوردە عێراقییانە کێن و چۆن لە دانیشتووانە نەژادی و ئاینییەکانی تری عێراق جیاوازن؟ مێژوویان چی بووە لەگەڵ رژێمی عێراق لە سەردەمی سەددام حوسێندا؟ مەبەست لەم باسە رەخساندنی وەڵامە بۆ ئەم پرسیارە بایەخدارانە لە چاوی زانستی سیاسییەوە.

ئەم پەیپەرە سێ لایەن دەخاتەڕوو کە، یەکەمیان، گێڕانەوەی چیرۆکی ململانێی رژێمی عێراق و کوردە عێراقییەکانە و شوێن خاڵەکانی جیاوازی و ناکۆکیی سەرەکی دەکەوێت لە نێوان هەردوو لادا و هەوڵی شیکردنەوەی مێژووی نەیارییان دەدات. دووەم، هەوڵی شیکردنەوەی ئەو شوناسە نیشتمانییە عێراقییە دەدات کە سەددام حوسێن بنیاتی نابوو. سێهەم، ریزبەندیی باسێکی ئیتنیکیی مێژوویی کوردە عێراقییەکان دەخەمەڕوو لە هەوڵدانێکدا بۆ بە وردی تێگەیشتن لە توخمە ئیتنیکییە گرنگەکانی شوناسی گرووپی ئیتنیکیی کورد.

 

مێژووی توندوتیژی: 1968 - 1992 1

لە ساڵی 1968دا، شۆڕشی (١٧ - 30)ی تەمووز براندێکی تایبەتی ئایدیۆلۆجیای بەعسی هێنایە سەر دەسەڵات لە عێراقدا. لەم ساڵەدا حیزبی بەعسی تکریتی هاتە سەر دەسەڵات و رژێمی قاسمی رووخاند، کە تەنها دە ساڵ لە سەر دەسەڵات بوو، چون لە شۆڕشی تەمووزی 1958 دا هاتبووە سەر حوکم لە عێراقدا. (لێرەدا لێتێکچوونێک هەیە و یەکەمجار بەعسییەکان لە ساڵی ١٩٦٣دا دەسەڵاتی قاسمیان رووخاند و دواتر هەر لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەو ساڵەدا عەبدولسەلام عارف ئەوانی لە دەسەڵات دوورخستەوە، پاشان جارێکیتر بەعسییەکان لە ساڵی 1968دا هاتنەوە سەر حوکم – وەرگێڕ). لە ساڵی 1979دا، حیزبی بەعسی تکریتی بوو بە حیزبێکی خێزانی سەرەڕای ئەوەش کە حیزبێکی ناوچەییش بوو، پاش ئەوەی کە سەددام حوسێن گەیشتە لووتکەی   دەسەڵات و لەم پێگە و پۆستەدا مایەوە تا داگیرکردنی ئەمریکا بۆ عێراق لە ساڵی 2003دا. لەم ماوەیەدا حیزبی بەعسی تکریتی دەسەڵاتی خۆی لەدەستدابوو، چونکە سەددام حوسێن پۆستە گرنگ و بەهێزەکانی بە کەسە دڵسۆزەکانی بنەماڵە و خێزانەکەی سپارد، کە ژمارەیان دەگەیشتە نزیکەی پەنجا هەزار کەس. بەم پێیە بەعس بوو بە حیزبی سەددام حوسێن لەجیاتی ئەوەی حیزبیک بیت بۆ عێراق (Dodge دۆج  2003؛ Davis دەيڤس 2005).

 بێگومان ئایدیۆلۆجیای سەرەکیی ئەم ریزبەندییەی بەعس بریتیبوو لە تێکەڵەیەکی تایبەتمەندی پان عەرەبیزم و ئەوەی بە چەمک و تێگەیشتنی "میزۆپۆتامیانیزم" ناسراوە. ئەم هەوڵە بۆ ئەوە بوو عێراق بکرێتە رابەری جیهانی عەرەب لە رێگەی وێناکردنی عەرەبی عێراقی وەک ئایدیاڵێکی نموونەیی عەرەب. بەعس لە هەوڵی ئەوەدابوو کە ببێتە پاشای ناسیۆنالیزمی عەرەبی لە رێگەی پێناسەکردنی شوناسی عەرەبی بە پێی مێژوو و کولتوور و یادەوەریی عێراقی. ئەم پرۆسەیە جیاکاریی لەخۆدەگرت دژ بە گشت حیزبە سیاسییەکان و گرووپە ناسنامەکانی تر و لەناویاندا پارتی کۆمۆنیستی عێراق و شیعە و بەتایبەتیش کورد. هەوڵدان بۆ بنیاتنانی ناسنامەیەکی نەتەوەیی/ نیشتمانیی تەنهای عێراقی راستەوخۆ بەعسی تکریتیی خستە ناکۆکی و ململانێوە لەگەڵ کوردە عێراقییەکاندا، کە بۆ ماوەی نزیکەی 30 ساڵ هەردوولا دەکەونە شەڕوشۆڕێکی    سەختەوە و دواجاریش وەک ئەنجام دەیان هەزار کوژراوی لێدەکەوێتەوە.

هەر لە دەمی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی عێراقەوە لە ساڵی 1921دا مەسەلەی کورد هەبووە و هەمیشە کورد شوناسێکی جیاوازیان هەبووە. بۆ بەعس، شوناسی کورد دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم درووستکردنی تاقە ناسیۆنالیزمێکی عێراقیدا. هەڵبەت کێشەی کورد تەنانەت بەریتانییەکانیشی گرفتار کردبوو لە یەکەم هەوڵدانیاندا بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی نیشتمانیی عێراقی، لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم. ململانێ و ناچاریی درۆینە بۆ چارەسەر ئەمسەر و ئەوسەری دەکرد لە نێوان دەوڵەتێکدا کە بڕیاری تێکشکاندنی ناسنامەی کوردیان داوە و هەڵوێستێکی تاڕادەیەک تەواو پێچەوانە بۆ دانپیانان بە ئۆتۆنۆمیی کورددا مۆرک و خەسڵەتی پەیوەندییەکانی کورد و عێراق بووە. بەڵام لەگەڵ چەسپاندنی شوناسی عێراقیدا، کوردەکانیش هەوڵی خۆجیاکردنەوە و پیشاندانی ناسنامەیەکی جیاکاریان دەدا. لە سەردەمی سەددامدا ئەمە تەنها هەر تەحەدا نەبوو، بەڵکوو هەڕەشەیەکی پەلاماردەرانەی ئاسایش بوو بۆ دید و بۆچوونی ئەو بۆ عێراقێکی یەکگرتوو کە شوناسێکی نیشتمانیی دیاریکراوی هەبێت. بۆ بەدبەختی، بەرهەڵستی کردنی ئەو   دید و بۆچوونە "بە هێرشی سەربازیی قەبە " وەڵامدرایەوە (Polk پۆڵک ٢٠٠٦: ١٢١). بەپێی دۆج بێت (Dodge 2003: 159)، هیچ کۆمەڵگەیەک لە عێراقدا نەمابووەوە بەگوێرەی دید و بۆچوونی بەعس دیاری نەکرابێت.

سەددام حوسێن جەنگێکی ئاسایی دژ بە کورد بەرپا نەکرد، بەڵکوو لەبری ئەوە تاکتیکەکانی تیرۆری دەوڵەت و نموونە لۆکاڵییەکانی ستەمی بەکۆمەڵی بەکارهێنا. لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، کوردەکان هەوڵی ئۆتۆنۆمی یان سەربەخۆیی لە عێراق دەدەن و لە بەرانبەردا حکوومەتی عێراق بە سووکایەتی و رقەوە و بەدرێژایی چەندین دەیە مامەڵە لەگەڵ راپەڕین و یاخیبوون و کەمپەینە سیاسییە بەردەوامەکانی کورددا دەکات کە داکۆکی لە مەسەلەی سەربەخۆیی دەکەن. بێگومان حکوومەتی عێراق و کوردەکان بەتوندی بەرهەڵستی و بەرەنگاری یەکتر بوونەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە سەددام حوسێن سەرکوتی چالاکییەکانی کورد بکات کە دژ بە حکوومەت لەقەڵەمی دەدان. جەنگی نێوان ئێران و عێراق (1980 - 1988) یەکەم دۆخی ئەقڵانیی رەخساند بۆ هێرشکردنە سەر کورد. سەدددام لەوە دەترسا کەوا کورد شانبەشانی ئێران شەڕ بکات لەدژی عێراق بۆ تێکشکاندنی حکوومەتی ناوەندی و بەدەستهێنانی شێوەیەک لە شێوەکانی ئۆتۆنۆمی (Yildiz یڵدز ٢٠٠٤). سەددام، بۆ تەریککردنی کورد، لە ساڵی 1987وە کەوتە پیادەکردنی سیاسەتی خاکی سووتماک، هاوکات لەپاڵ پرۆسەکانی کوشتنی بەکۆمەڵ و راگواستندا (Mcdowall ماكدواڵ 2004). لە ماوەی شەش مانگدا لانی کەم 500 گوندی کورد رووخێنرا و تەختی زەوی کرا. بێجگە لەوەش، فەرمانی دەرکرد بە راگواستنی کوردی ئەو گوندانەی لە ژێردەستیدا نەبوون بۆ ئەو ناوچانەی دەکەوتنە ژێر رکێفیەوە. هەروەها ژمارەیەکی زۆری کورد هەڵاتن بۆ تورکیا و ئێران. ئەوانەش کە بەرگرییان کرد و بەرهەڵستیی پرۆسەی راگواستنیان کرد بەکۆمەڵ لەناوبران (ماكدواڵ 2003). تەنانەت لەپێش جەنگی ئێران - عێراقیشدا، سەددام و بەعس رقی خۆیان بەرانبەر بە کورد دەردەبڕی2.

ساڵی 1969، لە هەوڵدانیکدا بۆ ناچارکردنی حکوومەتی عێراق کە دان بە سەربەخۆیی کورددا بنێت، بارزانیی سەرکردەی کورد هێرشێکی کردە سەر دامەزراوەکانی نەوتی کەرکووک و ئەمەش بوو بە هۆی راوەستانی بەشێکی گەورەی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق. کاردانەوەی بەغدا هەوڵێکی سەربازیی تەواو بوو لە هێرشکردنە سەر گوند و شارە کوردییەکان و لەمەدا بەگشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق توانییان کۆنترۆڵی ئەو شار و گوندانە بکەن کە بەئاسانی دەستیان پێدەگەیشت، بەڵام هێزە کوردییەکان بەردەوام لە ناوچە دێهاتییەکاندا سەردەکەوتن (Tripp تريپ  2000). دواجار سەددام حوسێن هێرش و پەلامارەکانی راگرت و ژێربەژێر کەوتە دانوستان لەگەڵ کوردەکاندا، بەڵام رەزامەند نەبوو بە داواکارییەکانیان و لەنێویاندا  "داننان بە مافەکانی کورددا کە زۆر لەو سنوورانەی تێپەڕاندبوو کە پێشتر پێیاندرابوو" (Tripp تريپ 2000: 200). سەددام دانوستانەکان و جێبەجێ کردنی فەرمیی راگرت بۆ هەر مافێکی کورد تاوەکو زەمانەتی ئەوە بکات کە ئێران لە بەرژەوەندیی کورد دەستێوەردان ناکات ئەگەر هێزەکانی ئەم (واتە سەددام) هێرش بکات. لە پاش مۆرکردنی پەماننامەیەک لەبارەی سنووری شەتتولعەرەبەوە، شای ئێران رەزامەندیی دەربڕی بۆ راگرتنی هەر هاوکاری و پشتیوانییەک لە لە مافەکانی کورد لە خاکی عێراقدا. ئەمەش زەمانەتی دا بە سەددام کە لە دەرەنجام و لێکەوتەکانی داپڵۆسینی کورد دەرباز بێت بەبێ سەرکێشی کردنی جەنگێکی گەورەتر لەگەڵ ئێراندا. وەکو عەبدوڵا (2003: 175 - 176) نووسیوێتی، "پاشان سیاسەتێکی توند و دڵڕەقانەی پاکتاوی نەژادیی پەیڕەو کرد بە مەبەستی راگواستن و راماڵینی تەواوی گوندە کوردییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیا و ئێراندا و ... تا ساڵی 1978، نزیکەی دووسەد هەزار کەس راگوێزران و ژمارەیەکی زۆری گوند رووخێنران".

 هەرچەندە شەڕ و ململانێ لە ساڵەکانی ١٩٧٠کاندا سەخت بوو، بەڵام لووتکەی شەڕ و ململانێی سەددام لەگەڵ کورددا لە بەهار و هاوینی ساڵی 1988دا بەرپابوو. لێرەوە رژێمی بەعس زاراوەی ئەنفالی بەکارهێنا بۆ ئۆپەراسیۆنی ئەو زنجیرە هەشت قۆناخییە هێرش و پەلامارانەی کەوا ساڵی 1988 ئەنجامیدا. ژمارەیەکی بەرفراوانی راپۆرت هەن لەبارەی بەکارهێنانی سیستماتیکیی چەکی کیمیایی و ناپاڵم و فسفۆر لە ماوەی کەمپەینی پەلامارەکەدا وەک هەوڵێک بۆ سەرکوتکردن و و تەریککردنی لە شەڕکردن لەپاڵ ئێرانییەکاندا دژ بە هێزەکانی عێراق لە کاتی جەنگی ئێران - عێراقدا (Yildiz يڵدز 2004: 27). یەک لەو هێرشە سەختانە لە 16ی مارتی 1988 دا کرایە سەر هەڵەبجە، کە شارێکی کوردنشینە و نزیکەی حەفتا هەزار کەس تێیدا نیشتەجێ بوو. لەم رۆژەدا، نزیکەی پێنج هەزار کورد کوژران "کاتێ کە ئەم شارە گرفتاری سەختترین و بەدناوترین هێرشی گاز بوو، لە جەنگی جیهانیی یەکەمەوە" (Gunter گونتەر 1992: 44).  خەمڵ و مەزەندەکان ئەوە دەگەیەنن کەوا نزیکەی سێ هەزار گوندی کوردی وێرانکراون و نزیکەی ملیۆن و نیوێکیش لە خەڵکی کورد بوون بە ئاوارەی ناوخۆ یان پەنابەر لە وڵاتانی تردا لە کاتی ئەنفالدا. رەنگە ئەو ژمارەیەش کە زۆر جێی نیگەرانی و پەستی بێت ئەوەیە کە باوەڕ وایە نزیکەی سەدوهەشتا هەزار کورد لە ئەنفالدا کوژرابێتن3.

بۆ یەکەمجار، وا دەردەکەوێت کە سەددام پەیڕەویی پاکتاوی نەژادی یان شێوەیەک لە شێوەکانی جینۆسایدی کردووە. هەرچۆنێک بێت، هۆکاری ئەم بۆ هێرشکردنە سەر هێزە کوردییەکان سزایەک بوو لەپای هاوکاری کردنیان لەگەڵ ئێراندا. هەروەها هەندێک لەو هێزە کوردییانەشی کە بە جاش دەناسران لە سوپاکەیدا بەکاردەهێنا بۆ شەڕکردنی کوردە نەیارەکان و جاش لەو هیزە کوردییانە بوون کە لایەنگریی سەددامیان دەکرد و بەعادەت ئەم هاوکارییان لەگەڵ حکوومەتدا بە مەبەستی وەدەستهێنانی پارە و پووڵ بوو. بەهەرحاڵ، ئەمەش دەکەوتە خانەی ناوخۆوە بۆ     زوڵم و ستەمی بەکۆمەڵ و تیرۆری دەوڵەت.

بێگومان مەحاڵە ژمارەی ورد و تەواوی ئەو عێراقییانە دەستبکەوێت کە لە هێرش و پەلامارەکانی دژ بە کورد کوژراون لە ماوەی جەنگی ئێران -  عێراقدا، چونکە سەددام حوسێن هیچ راپۆرتێکی بڵاونەدەکردەوە لە سەر دەستی هێزە کوردییەکان و ئەو میلیشیانەی کە بە پێشمەرگە دەناسران. هەڵبەت پێشمەرگە ئەو هێزە کوردییە باڵادەستە بوو کە زۆربەی ئۆپەراسیۆنە کوردییەکانی دژ بە سەددامی لەئەستۆگرتبوو. بێجگە لەوەش زۆربەی زیانەکانی عێراق لە سەر دەستی هێزە ئێرانییە -   کوردییەکان و ئەو هێزە کوردییانە بوو کە ئێران پشتگیریی دەکردن. ئاشکرایە کە لە ساڵی 1987دا، ئۆپۆسزیۆنی کوردی بەرەی نەتەوەیی کوردستانی و بەرەی ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانیی عێراقییان پێکهێنا و چەندە هێرشەکانی عێراق دووبارە و توندتر ببوایەتە ئەوەندەش هێزە کوردییەکان پتەوتر و خۆڕاگرتر دەبوون.

لە پاش جەنگی ئێران - عێراق، جەنگی کەنداوی فارس (1990 - 1991) کوردەکانی خستە سەر کەڵکەڵەی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی زیاتر بە هاندانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ یاخیبوون و رەنگە هەوڵدانیش بۆ رووخاندنی سەددام. لە مارتی 1991دا، سەددام کەوتە تۆڵەسەندنەوەیەکی سەرکەوتووانە دژ بە کوردەکان لە هەوڵدانیدا بۆ دامرکاندنەوەی یاخیبوونەکە و رزگارکردنی حکوومەتەکەی. ئەمجارەیان سەددام زیاتر شەڕێکی عادەتیی بەرپاکرد، هەرچەندە هەر دڕندانە و ستەمی بەکۆمەڵی بەرفراوانی ئەنجامدەدا و هێزە عێراقییەکان و لەنێویاندا گاردی کۆماریش (واتە هێزە تایبەتە دەستەبژێرەکانی سەددام) بە گوژم و لێشاوێکی زۆرەوە هێرسیان کردە سەر کوردستان بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی و هێزێکی هێجگار زۆری پیادە و تانک و زرێپۆش. ئەوجا لە ماوەی یەک مانگدا پێنج شاری گەورەی کورد وەدەستهێنرانەوە، کە کەرکووک و سلێمانی و دهۆک و زاخۆ و هەولێر بوون. سەددام لەم هێرشەدا پاڵپشتییەکی بێشوماری هێزی ئاسمانیی بەکاردەهێنا و زۆر جار چەندین گوندی بەتەواوی وێران دەکرد. لە هەندێ حاڵەتیشدا، فڕۆکەی هەلیکۆپتەر بۆمبی فۆسفۆریی دەخستەخوارەوە. مەزەندە دەکرێت کە نزیکەی سەد هەزار کورد لە هێرشەکەدا دەسگیر کرابێتن و بیست هەزاریش کوژرابێتن (Yildiz یڵدز ٢٠٠٤). جێی سەرسوڕمانیشە کەوا زیاد لە ملیۆن و نیوێک لە کوردی عێراق بۆ هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێرانی دەراوسێ هەڵاتن (ماكدواڵ 2005).

لێرەش هەر وەک ساڵانی ١٩٨٠کان، داتا و زانیاریی سنووردار بوون لەبارەی تەکتیکەکانی کورد و زیانەکانی عێراقەوەلە ماوەی جەنگی کەنداوی فارسدا. هەڵبەت تەنها ژمارەیەکی کەم لە رووداوەکان بە باشی راپۆرتیان لە سەر دەدرا و لە نموونەی حاڵەتێکدا، کوردەکان باسیان لە دیلکردنی لانی کەم دووهەزار و پێنجسەد عێراقی کردووە (کە بەڕاستی زیادەڕۆییە لە مەزەندەدا)، لە پێکدادانێکی نێوان دوو هێزدا (رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، 20ی تەمووزی 1991: 4). لە شەڕێکی تری ئەو نزیکانەدا، هیزە کوردییەکان مەزەندەی ئەوەیان کردووە کە نزیکەی 30 هەزار سەربازی عێراقیان بەدیلگرتووە (رۆژنامەی ئیکۆنۆمیست 30 / 3 / ١٩91). هەروەها هێزە کوردییەکانیش تاکتیکی کۆمەڵکوژی و تیرۆریان بەکاردەهێنا. لە چیای ئەزمڕ، هێزە کوردییەکان بەریان بە هێزێکی عێراقی گرتووە کە ژمارەیان 500 بۆ 600 سەرباز بووە و وەک باسدەکرێت کە نزیکەی 110 کەسیان کوشتووە (رۆژنامەی ئەلجمهوورییەی نوێ        The New Republican، 3ی حوزێرانی 1991). لە یەک رۆژی شەڕ و کوشتاردا لە سلێمانی، نزیکەی 900 سەرباز لە هێزەکانی عێراق کوژراون. هەروەها کوشتنی تۆڵەکردنەوە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سەربڕین لەدژی هێزەکانی سەددام ئەنجامدراوە.  لە گێڕانەوەیەکدا باس لەەوە دەکات کە خەڵکی مەدەنیی کورد هێرشیان کردووەتە سەر زیندانێکی عێراقی و 700 کەسیان لە ئەندامانی ئەمنی عێراقی کوشتووە.

 لێکۆڵینەوەکانی دواتر لە عێراقدا گەیشتوونەتە دۆزینەوەی چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ کە تەرمی کەسانی سەر بە رژێمی سەددامیان تێدابووە (یڵدز ٢٠٠٤). زیاد لە پەنجا هەزار سەربازیش لە هێزەکانی عێراق لە کوردستان هەڵاتوون. رەنگە هۆکاری گەورەی سەرکەوتنە خێراکانی کوردەکان ئەوە بووبێت کەوا هێزەکانی جاش کە بە دڵگەرمییەوە هاوکاریی سەددام حوسێنیان دەکرد لە ساڵانی پێشوودا، بڕیاری گەڕانەوەیان دابێت بۆ لای هاورەگەزەکانیان، بەو باوەڕەی کە سەددام لە شکستهێنانی تەواوەتی نزیکبووەتەوە (يڵدز 2004).

 

تێگەیشتن لە شوناسی نیشتمانیی عێراقی لە سایەی سەددام حوسێندا

 سەددام حوسێن وێنای ئایدیاڵێکی میزۆپۆتامیانەی بۆ شوناسی نەتەوەی عەرەب کردووە کە ناوەندەکەی بەغدا بێت لە سەردەمی نوێدا. سەبارەت بە حیزبی بەعسی عێراقی، ئەمە ئەو پێگەیەیە کە نموونە یان ئایدیاڵی عەرەبی تێدایە. و بەدوای شوناسی نیشتمانیی عێراقەوەیە لە سەردەمە کۆنەکانەوە. وەک مووسەوی روونیدەکاتەوە (مووسەوی 2006: 25)، "لێرەدا کۆمەڵێکی گێڕانەوە هەیە کە لە کۆنەوە باس لە عێراق دەکات. لە ژمارەیەک لە ناسناوەکاندا، ژمارەیەک لە خەسڵەت و لایەنداری و شێوازی بیرکردنەوە و ژیان وێنا دەکات کە بە شێوەیەکی ئاسایی وابەستەی نیشتەجێبوونە بەدرێژایی هەردوو رووباری دیجلە و فوراتدا، یان لە سەر رۆخەکانی ئاوی سۆمەریدا". بەعسی عێراق ویستی دەوڵەتی نەتەوەیی ئێستای عێراق ببەستێت بە شارە مەزنە کۆنەکانەوە لەپێناوی چاندنی هەستێکی بەهێز بە شوناسی بەکۆمەڵ کە دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ و ویستیان شوناسێک بخوڵقێنن کە پشت بە رۆژگارە پڕ لە قارەمانییەکانی وڵاتی نێوان دوو رووبار (میزۆپۆتامیا) دەبەستێت.

دەیڤس (Davis 2005: 3) دەنووسێت، کەوا "ئەو 'کۆمەڵگەی خەیاڵەی' بەعسی تکریتی دایڕشتبوو پێویستی بە پشتبەستنێکی گەورە بوو بە ئەندێشە و خەیاڵی مێژوویی زیاتر لەوەی پشت بە داڕشتنیکی ئایدیۆلۆجی ببەستێتا". ئایدیاکە وابوو کە تێگەیشتنێک  بۆ مێژووی عێراق درووست بکرێت وەک یەک نەتەوە/ نیشتمان کە یەکبگرێتەوە لەگەڵ مێژوویەکی شکۆدار و شێوازێکی باوی هاوڵاتییان، واتە هاوڵاتییەک بەوە جیابکرێتەوە کە عێراقییە و شێوەیەکی دووری عەرەبایەتیی تێدابووبێت. هەڵبەت بۆ سەپاندنی ئەم تێروانینە بۆ شوناسی عێراقی، سەددام هەوڵیدەدا خۆی بشوبهێنێت بە سەرکردە و پاشا کۆنەکانی وڵاتی میزۆپۆتامیا. ئەو هەر بەوەوە نەوەستا کە شوورەکانی شارە دێرێنەکەی (بابلی - و) بنیاتنایەوە، بەڵکوو ناوی خۆیشی لە سەر هەموو خشتێک هەڵکۆڵی کە بۆ بنیاتنانەوەی شوورەکە بەکارهاتبوو (مووسەوی 2006: 28). هەر لەم رووەوە کاری شوینەوارناسیش ئەنجامدرا بۆ بووژانەوە و زیندووکردنەوەی شارە کۆنەکانی تریش، لە نێویشیاندا هەترا    (الحضر) و ئاشوور و نەینەوا. چەندین مۆزەخانە بۆ مێژووی عێراق بنیاتنرا و مۆزەخانە کۆنەکانیش نوێکرانەوە و مەبەستیش لەمە درووستکردنی ناسنامەیەک بوو بۆ سەپاندنی وێنەی عەرەبێکی "راستەقینە" یان "پوخت" بەوەی کە عێراقییە. بەم پێیە تۆ کە عێراقی بیت بەواتا دەبێ عەرەبیش بیت. بۆ سەددام ئەمە بە دیاریکراوی ئەوەی دەگەیاند کە عەرەبێکی سوننەش بیت. دەیڤس (2005: 187) مەسەلەکە زیاتر رووندەکاتەوە کەوا "بۆ سەددام، بەتەنها عەرەبی سوننە مافی ئەوەیان هەیە لەڕووی کولتوور و فەرهەنگەوە بە رەسەن دابنرێن".

تێڕوانینی سەددام حوسێن بۆ شوناسیکی عێراقیی پشتبەستوو بە خاسییەتێکی ئیسلامیی سوننی سەردەکێشێت بۆ ئەوەی سەرکردە یان رابەر برەو بەو بۆچوونە بدات کە ئەوانەی شوناسی سوننەیان هەیە لە سەروو ئەوانەوەن کە هەڵگری شوناسی کوردن و هەوڵیدەدا کورد ناچار بکات ئەم بۆچوونەی قبووڵ بکەن و لەگەڵیدا بگونجێن و ئاوێتەی ببن. بێجگە لەوەش، سەرلەنوێ نووسینەوەی سەددام بۆ مێژووی عێراق ئامرازێک بوو بۆ ساختە و دەسکاری کردن کە هەموو عێراقییەکانی بە ئامانج کردبوو لەوانەی کە هاوبەشی ئەم تێڕوانینە سوننییەی نەبوون. بەم پێوەرە رژێم بەدیاریکراوی کوردەکانی کردبووە ئامانج لەڕووی توندوتیژیی سیاسی و بەهەمان شێوەش کولتوورییەوە. بێگومان ئامانجی سەددام ناچارکردنی کورد بوو بە ئەسیمیلە و ئاوێتەبوون لە رێگەی بێبەشکردنیانەوە لە ماف و ئازادییە سیاسییەکان و کە ئەوە شکستیهێنا بە توندوتیژیی جەستەیی کەوتە گیانیان، لە رێگەی تەنانەت بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجیش لە دێهاتی کورددا. لەپێناوی بنیاتنانی ئەو ئایدیایەی کە عێراق خاڵی پێناسە و دیاریکردنی عەرەبیزمە، سەددام کارە کولتووری و فەرهەنگییەکانی وا ئاڕاستە دەکرد کە پەیوەندیی نێوان رابوردووی مەزنی عەرەبی و ناسنامەی ئێستای عێراقی بەمەبەست بێت. هەر بۆیە شانۆگەرییەکان و گۆرانی و هۆنراوە و فیلمەکان و هەموو ئەمانە عەرەبیان وەک شوناسێکی عێراقی وێنا دەکرد. 

 ئایدیای گەڕان بەدوای "عێراقێکدا" کە خودی سەددام خۆی دەستنیشانی بکات و پارێزگاری لێبکات، لەکۆتاییدا سەردەکێشێتەوە بۆ پەرستنی تاک لەگەڵ ئەو دیکتاتۆرەی کە پێدەچێت بڕوای بە پرۆپاگەندە تایبەتییەکانی خۆی هەبێت و لەڕاستیدا باوەڕی بەوە هێنابێت کە عێراق ناوەندی شوناسی عەرەبییە و بەو پەیوەستبوونەش دەبێت ئەو عەرەبێکی تەواو نموونەیی بێت. لەم رووەوە چەندین ملیار دۆلار خەرج کراوە لەپێناوی بەستنەوەی عێراقی ئێستا بە میزۆپۆتامیای   کۆنەوە و هەروەها بەستنەوەی سەددام بە سەرکردە مەزنەکانی رابوردووەوە. سەددام دەیویست شوناسێکی عێراقی وا بخولقێنێت کە بەتەواوی پشتبەستوو بێت بە میزۆپۆتامیایەکی بەعەرەبکراو. ئەگەر حەموورابی و نەبوخەزنەسر دوو قارەمانی نموونەیی دەردەمە کۆنەکان بن، ئەوە سەددام قارەمانی ئێستایە. دەویشە (Dawisha2009: 217) ئەو پەیوەندییە زۆرەملێیە نێوان بەغدای  کۆن و ئێستا و بەشە پاڵەوانێتەکەی سەددام بەوجۆرە رووندەکاتەوە کەوا "لە بەغدا، بۆردێکی جاڕنامە هەیە کە وێنای سەددام و سەدەی شەشەمی پێش زاین دەکات و تێیدا نەبوخەزنەسری پاشای بابل تەوقە دەکات و سەددامیش چاوی بڕیوەتە ئەم پاشا ئەفسانەییەی بابل".

بەگشتی سەددام و پارادایمی بەعس دژی بواردنی جۆراوجۆری یان قبووڵکردنی ژمارەی زۆری سیاسەتی گرووپە ئیتنیکییەکان. ئەمەش وادەگەیەنێت کە ئەوانەی    دید و تێروانینی بەعسیان قبووڵ نەبوو گرفتاری دەردەسەریی کولتووری و جەستەیی دەبوون. لەڕاستیدا، سەددام کەسی تری بە هاوڵاتیی راستەقینەی عێراقی نەدەزانی بێجگە لەوانەی کە شوناسی ئەویان قبووڵ بوو. بەپێی ئەم تێگەیشتنە پێگە و ئاسوودەیی هەرکەسێک بەوە دیاری دەکرا کە ئاخۆ ئاوێتە بووە بە ناسنامەی نیشتمانی عێراقی یان بە شوناسێکی تر پێناسە دەکران. بەم واتا و پێوەرە ئەو گرووپ و تاکانەی ئەم شوناسەیان نەبوو وایان دەبینین کە هەڕەشەن بۆ سەر خودی سەددام، هەروەها دەبوو وا بڕواننە عێراق کە رابەرایەتیی جیهانی عەرەب دەکات لە سەر ئەو بناغەیەی کە هاوڵاتییانی دەبێت ئایدیاڵ و نموونەیی بن و ئەوەی شوناسی گرووپی ئیتنیکیی کوردی رەچاو دەکرد دژ بەم شوناسە بوو.

 

شوناسی کوردە عێراقییەکان

 کوردە عێراقییەکان گەلێکی ئیتنیکیی بژاردەن4. ئەم جۆراوجۆرییە سنوورێک بۆ ئەو مەودایە دادەنێت کە تا چ ئاستێک هێزی شوناسی ئیتنیکیی کوردێک بڕدەکات. وەک رۆبن (2003: 296) نووسیوێتی "لە ناو کوردەکاندا، جۆراوجۆرییەکی ئاین و زمان و خێڵ هەیە". رەنگە گرنگترین فاکتەر بۆ وەسفی شوناسی کورد ئەو تێگەیشتنە بێت لە هەست و درک پێکردنی کورد خۆیان کە کوردن. کورد تەنها بە کاراکتەرە هاوبەشەکانیان خۆیان پێناسە ناکەن بەڵکوو  بەوە خۆیان لە خەڵکی دەرەوەی خۆشیان جیادەکەنەوە. هەروەها وەک ناتالی   ( Natali2005: xvii) دەنووسێت، "کوردەکان لە رێگەی خۆجیاکردنەوەیان لە گرووپی ئیتنیکی یان نەژادیی باڵادەست دەیانویست پارێزگاری لە شوناسی خۆیان بکەن. کوردەکان کوردن لەبەرئەوەی عەرەب یان فارس یان تورک نین".

ئەم پەیوەندییە هاوکار و یارمەتیدەر بوو لە درووستکردنی ئەو شوناسە کوردییەی کە مێژوویەکی دوورودرێژی لەناو کوردەکان خۆیاندا هەیە (Nezan نەزان 1996). تەنانەت ناوێکی دیاریکراویش درابوو بەم ناسنامەیە کەوا کوردایەتییە Kurdayetî. کوردەکان بەو شێوەیە کوردایەتی دەناسن کەوا خاسییەتێکی گرووپی جیاواز لە گرووپەکانی تری ناوچەکە جیایان دەکاتەوە، بەتایبەتی لە عەرەب و فارس. تەنانەت کورد ئەم شوناسە بەکاردێنن بۆ حوکمدان بەسەر خۆشیاندا و بەواتایەکی تر هێزی گرووپی ئیتنیکییان بەندە بەوەی کە تا چ مەودایەک کوردن. هەروەها ناتالي (2005: xxi) باس لەوە دەکات کەوا "ئەو کوردانەی پەیڕەویی زۆرێک لە کولتوور و نەریتە کوردییەکان ناکەن لەلایەن کوردە رەسەنەکانەوە بە کورد دانانرێن". لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە کەوا "کەسی یاخی رێزێکی گەورە دەستەبەر دەکات لە کۆمەڵگەی کوردیدا و ... یاخیبوونیش لە کولتوور و فەرهەنگ خۆی نرخێکی گرانی هەیە" (Bird بێرد ٢٠٠٥: ٧٧).

 لەگەڵ ئەم هەموو جیاوازییەی ناو کوردە عێراقییەکاندا، ئاخۆ دەگونجێت بە گرووپێکی ئیتنیکی ناویان بێنین؟ ئاخۆ ئەو لایەنە لێکچووانە چین کە بە یەکتریانەوە دەبەستێت؟ ئاخۆ مەودای هێزی شوناسی ئیتنیکییان تا چەند بێت تاوەکو بگوترێت کە هەیە؟

بوونی خەڵکانێکی تایبەتمەند و جیاواز کە ناوی کوردیان لەخۆیان ناوە لە بازنە ئەکادیمییەکاندا بەچاکی توێژینەوەی لە سەر کراوە. ئەوان ناوی نیشتمانی ئیتنیکییان کوردستانە، کە دەق بە واتای "خاکی کوردان" دێت (Natali ناتالی 2005: 1). بەهەرحاڵ، زاراوەی "كورد" هەمیشە ناوی گەلێکی ئیتنیکیی جیاواز نەبووە و لە بنەڕەتدا لە سەدەی دوانزەدا بۆ وەسفی ئەو خێڵە کۆچەرانەی چیاکانی عێراق و ئیران بەکارهاتووە (ماکدواڵ 2004). راستییەکەی لە زمانی کوردیدا وشەی کورد بە مانای جەنگاوەر یان شەڕکەری بەهەڵمەت دێت. زۆرینەی کورد رەچەڵەکی ئیتنیکیی خۆیان دەبەنەوە سەر ئیمپراتۆرییەتی میدیا لە سەدەی شەشی پێش زایندا (Entessar ئینتیسار  1992؛ Natali ناتالی 2005)، کە خەڵکە پرۆفێشناڵەکان لەگەڵ ئەم بیر و بۆچوونەدایە. وەک رۆبن ( Roben2003: 298) دەنووسێت کەو "مامۆستایان و خوێندەوارانی کورد لە عێراقی ئەمڕۆدا داواکاریی نەتەوەسازییان لە سەر ئەو رەچەڵەکە بنیاتدەنێن گوایە دەگەڕێتەوە بۆ میدییەکان، کە گەلێکی کۆچەر بوون و لە سەدەی هەشتی پێش زایندا ئیمپراتۆرییەتێکیان لە ئێراندا دامەزراندووە". هەرچەندە ئەمە باوەڕی باوە لە ناو کورددا، بەڵام گەلێکیان لەوە دوورتر دەڕۆن و مشتومڕ لە سەر ئەوە دەکەن کە شارستانێتی کورد دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی حەوتەم بەلای کەمەوە. وەک ماکدواڵیش (2004: 3) دەنووسیت، "بوونی کورد درێژەی کێشاوە بۆ زەمانێکی پڕ تەمومژ و زۆر دوور" و تا دەگاتە بەکارهێنانی دەستەواژەیەکی پفهەڵدراو کاتێ دەڵێ "ئەمەش پەیوەستبوونێکی تایبەتمەندی خەڵکی کوردە بە خاکەوە".

وەک لە خوارەوە باسوخواسی دێت، زۆرێک لە کوردەکان بێنەوبەرە لە سەر ئەوە دەکەن کە نەوەی میدییەکانن، کەوا گەلێکی ئێرانی کۆنن و کۆمەڵگەکەیان لە سەدەی شەشی پێش زایندا گەیشتووەتە ترۆپک. بەعادەت ئەم ئایدیایە وەک ئەفسانە لێکدەدرێتەوە و زۆربەی توێژەران پشتگوێی دەخەن. بەهەرحاڵ، لێکدانەوەی زانستی رەچاوی شوناس ناکات، بەڵام ئەوەی گرووپ بیری لێدەکاتەوە مەسەلەیەکی ئەنتۆلۆجییە. بەشێک لە توێژەرانی کورد جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کەوا کوردەکان رەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی زاگرۆس، کە لە هەزارەی دووەمی پێش زایندا کۆمەڵە خێڵێکی هیندۆ -  ئەوروپی تێدا دەژیا، بەڵام زۆربەیان تێبینیی ئەوەیان هەیە کە خاڵی دەسپێکی هاوبەشی مێژووی کورد سەدەی شەشی پێش زاینە و نەوەی میدییەکانن. هەندێ گێڕانەوەی تر بوونی کورد تا سەدەی بیست و چواری پێش زاین دەبەنەوە و بگرە بۆ پەنجا ساڵ لەمەوبەریش. گەلێ کوردیش مشتومڕ لە سەر ئەوە دەکەن کەوا خێڵەکانیان رۆڵی هێجگار گەورەیان بینیوە لە چەسپاندنی ئیسلام وەک ئاینێکی باڵادەست لە ناوچەکەدا و رۆڵیان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا (ماكدواڵ 2004).

 زۆرترینی ئەو مێژووە پراکتیکیانەی شوێن بوونی کورد دەکەون، پشت بە سەلماندنی پشت بە ناوچەیەکی کوردستان دەبەستن تا سەدەی شانزە (Bruinessen / Jwaideh  جوەیدە/ برونەسن ٢٠٠٦). لەم سەدەیەی شانزەدا ئەو گەڕیدانەی سەردانی ناوچەکەیان کردووە، بێجگە لە بەڵگەنامە فەرمییەکان، باس لە کەسانێک دەکەن لەم هەرێمی کوردستانەی ئێستادا کە خۆیان بە کورد ناساندووە. ئەم زاراوەیە بۆ تێکەڵەیەک لە خێڵەکان بەکارهاتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێدەچێت ئەمە زیاترین و بەرفراوانترین مێژووی قبووڵکراو بێت بۆ خەڵکی کورد. ئۆشيیا (O’Shea 2006) پێیوایە کە راوبۆچوونەکان یەکناگرنەوە سەبارەت بەو ماوە درێژەی بوونی گرووپەکە و باس و خواسی ئەو مێژووەیان هەڵە و تەمومژی لێئاڵاوە و بەوە خەتابار دەکرێن کە لایەندارییان کردووە لەو سەرچاوانەی بەکاریانهێناوە. هەروەها مێژووەکەش بەندە بەو خێڵانە یان خەڵکانەی رەچەڵەکی کوردەکانیان دەچێتەوەسەر. بەئاشکرا   زەحمەت و نابابەتییە شوێن بوونی کوردی ئەم رۆژگارە مۆدێرنەی ئێستامان بکەوین.

خاک و ناوچە ئیتنیکییەکانی کورد مێژوویەکی ئاڵۆزی هاوشێوەی هەیە، چونکە رووبەری ئەو خاکەی کوردستانی لێ پیکهاتووە بە پێی کات و سەردەم گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام بەزۆری ئەو ناوچە شاخاوییانەن کە سنوورەکانی عێراق و ئێران و سووریا و تورکیای تێدا یەکدەگرێتەوە (یڵدز ٢٠٠٤). ناوچە جوگرافییەکەیان، کە بەگشتی بە ناوی کوردستانی گەورە ئاماژەی پێدەکرێت، لە نێوان ئەو چوار دەوڵەتە جیاوازەدا دابەشکراوە. زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە دان بە بوونی ئەم ناوچەیەدا نانێن، چونکە ئەگەر ئەوە بکەن دەبێت ئیددیعای خاوەندارییان بۆ ئەو خاکە بخەنەلاوە و رەنگە دەستبەرداریشی بن بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد. سەرەڕای ناکۆکی و بێنەوبەرەی بەردەوام لە سەر خاکی کوردستانی گەورە، بەڵام ململانێیەکی تاڕادەیەک کەمتر هەیە لە سەر کوردستانی عێراق، کە بەعادەت وەک "باشووری کوردستان" ئاماژەی پێدەدرێت، کە لە شاخەکانی زاگرۆس و رووباری زاگرۆسەوە (؟) لە کوردستانی ئێران درێژ دەبێتەوە بۆ شاخەکانی کوردستانی تورکیا. ئەم ناوچانە بەرەو پێدەشتەکانی باشوور دەکشێن لە هەولێر و هەریر و شارەزوور و کەرکووک. پێدەشتەکانی میزۆپۆتامیا بە زنجیرە شاخەکانی حەمرین لە عێراق جیادەبنەوە، کە سنووری سرووشتییە لە نێوان کوردستانی عێراق و ئەودوای ناوچەکانی عێراقدا (Vanly ڤانلی 1993). ژمارەی کوردی عێراق نزیکەی پێنج ملیۆن کەسە یان لە نێوان چواریەک و پێنج یەکی تێکرا دانیشتووانی عێراقدایە (Bird بێرد  2005).

 لە پاش جەنگی کەنداوی (1990 - 1991)، كوردستانی ئازاد لە عێراقدا دامەزرا و ئەم ناوچانە لەودوای عێراق جیاکرانەوە بە سنوورێک کە لە زاخۆی نزیک تورکیاوە درێژدەبێتەوە تا سنوورەکانی ئێران. هەرێمەکە شارە کوردییە نەریتییەکانی گرتەوە لە دهۆک و هەولێر و سلێمانی (O’Leary ئۆلێری / Salih  ساڵح  2005). ئەم ناوچەیە بە نەریت وا لەقەڵەم دەدرێت کە بە دیفاکتۆ کوردستانی ئۆتۆنۆمیدارە لە عێراقدا، بەڵام سنوورەکانی خوارووی هێشتا بەتەواوی دیاری نەکراوە و مشتومڕی سەرەکی لە سەر ئەوەیە کە ئاخۆ کەرکووک دەگرێتەوە. لەکاتێکدا کەوا کوردەکان ئەم شارە بە هی خۆیان دەزانن، کەچی عەرەبە عێراقییەکانیش ڕکەبەری و ململانێ لە سەر خاکەکەی دەکەن بە هۆی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی نەوتەکەیەوە. هەرچەندە سنوورەکانی کوردستان لای باشوورەوە کێشەیان لە سەرە بەڵام ئەودوای خاکەکە کە بە کوردستانی عێراق دادەنرێت بەئاسانی رێککەوتننامەی لە سەر دەکرێت. ئەمە بەشێوەیەکی تایبەتی رەچاو کراوە لە پاش داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003دا بە سەرکردایەتیی ئەمریکا و رێکخستنە حکوومییەکانی دواتر لەبارەی کوردەوە.

بێگومان زمان گەورەترین گرنگی و بایەخی هەیە بۆ بوونی شوناسێکی یەکگرتوو. لەمڕووەوە ئینتیسار ( Entessar١٩٩٢/٤) دەنووسێت "پلەی ئەزموونی هاوبەش، بەتایبەتی لە زماندا ... لە زۆر دەمێکەوە درکی پێکراوە کە رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە پەرەپێدانی هۆشیاریی ئیتنیکی و ئیتنۆناسیۆنالیزم". هەڵبەت کوردەکانیش جیاواز نین و "کوردەکان لە دەراوسێکانیان جیاوازن بە شێوەیەکی سەرەکی لەڕووی زمانەوە ... بەڵام زمانی کوردی یەکگرتوو نیە" (Harris هەريس 1977: 113).

بێگومان رۆڵی ئەفسانە و سیمبۆڵ و حیکایەتەکان یەکێکە لە قورسترین ئەو شتانەی باس بکرێن لە گرووپە ئیتنیکییەکاندا و رەنگە لە توخمە هەرە گرنگترینەکانیش بێت لە درووستکردنی شوناسێکی ئیتنیکی و پارێزگاری لێکردنی. بەزۆری توێژەرانی ململانێی ئیتنیکی بایەخێکی کەم دەدەنە ئەم ئەفسانانە یان هەر بایەخیان نادەنێ چونکە زەحمەتە لەڕووی زانستییەوە بپێورێن. لەگەڵ ئەوەشدا، وەک ماکدواڵ (2004: 4) نووسیوێتی، "مەترسی هەیە لە رەتکردنەوەی بێگانەکان بۆ ئەم ئەفسانانە بەوپێیەی کە نرخێکیان نیە، بەڵام ئەمانە ئامرازی بایەخدارن لە بنیاتنانی نەتەوەدا ئەگەرچی لەڕووی مێژووییەوە گوماناوین، چونکە شوناسێکی سۆفییانە و غەیبییانە دەڕەخسێنن، بەتایبەتی بۆ گەلێ کورد". بنیاتنانی ئەفسانە لە بایەخی خۆی دوورناکەوێتەوە بۆ ئەندامە ئیتنیکییەکانی. هەندێک لە گرنگترین ئەفسانەکان ئەوانەن کە پشت بە خولقاندن و رەچەڵەکی هاوبەش و هەڵبژاردنی ئیتنیکی و قارەمانێتیی گرووپ و مێژووی هاوبەش دەبەستن. گرنگیی ئەم چیرۆکانە بۆ کوردە عێراقییەکان رەنگە زیاتر لە هەر گۆڕاوێکی تر شوناسیان دیاری بکات.

باوەڕێکی بەربڵاو هەیە کەوا زۆرێک لەو ئەفسانانەی رەچەڵەکی هاوبەشیان هەیە لە کوردستانی عێراقن و ئەمەش شوناسێکی جیای خوڵقاندووە لە گرووپەکانی تری ناوچەکە (بوڵۆك/ مۆريس 1992). یەکەم وەسفی ئەوەیە کە چۆن دەستکراوە بە ئاهەنگگێڕان بە ساڵی نوێی کوردی، واتە نەورۆز. هەروەها نەورۆز لەلایەن زۆربەی ئێرانییەکانەوە ئاهەنگی بۆ دەگێڕن، "بەڵام لە كوردستان، نەورۆز بە جەژنێکی نەتەوەیی دەژمێردرێت و هەر تەنها ئاهەنگگێران نیە بە جەژنی سەری ساڵ، بەڵکوو ئاهەنگگێڕانیشە بە شوناس و کولتوور و مێژووی کورد" (Bird بێرد ٢٠٠٥: ٣٠). نەورۆز بەستراوە بە ئەفسانەیەکی درووستکراوی کوردەوە کەوا پاشایەکی مەزن، بەناوی دەهاک یان زەحاک گرفتاری دەستی دوو مار بووە کە لە سەر هەردوو شانی رواون. بۆ کەمکردنەوەی ئێش و ئازار، شەیتان بە پاشا رادەگەیەنێت کە پێویستە لە سەری رۆژانە مێشکی دوو مرۆڤ دەرخواردی ئەم دوو مارە بدرێت (Bulloch / Morris  مۆریس / بوڵۆک ١٩٩٢). پاشان جەللادی کۆشک بەزەیی بەو مرۆڤە قوربانیانەدا هاتەوە و کەوتە ئەوەی رۆژانە یەک لە دوو ژەمەکەی رەوانەی دۆڵ و شیوێکی دوور دەکرد و مێشکی مەڕێکی تێکەڵ بە مێشکی مرۆڤەکەی تر بۆ دامرکاندنەوەی برسێتیی مارەکان. دواجار، کۆمەڵگەی ئەو دۆڵە بووژایەوە و گەشەی کرد و خەڵکەکەی کەوتنە پەرەپێدانی فەرهەنگ و کولتوورێکی تایبەت بەخۆیان و کەوتنە ئەوەی بەخۆیان بڵێن کەوا کوردن.

حیکایەتێکی تر وادەگێڕێتەوە کەوا کوردەکان نەوەی منداڵانی کچە کۆیلەکانی مەلیک سولەیمانن، کە لەگەڵ جنۆکەیەکدا بە ناوی جاساد دەستیان تێکەڵ کردووە و مەلیکیس لە تووڕەییدا دەریکردوون بۆ شاخ و کێوەکان و لەوێ زیادیان کرووە و ئەم کوردەیان لێکەوتووەتەوە. ئەفسانەیەکیش وا باسدەکات کە سارای ژنی ئیبراهیم پێغەمبەر کورد بووە (ماكدواڵ 2004؛ هەروەها بڕوانە بوڵۆك / مۆريس 1992).

کولتوور خەسڵەتێکی جیاکەرەوەی ناسنامەی ئیتنیکییە. ئەگەر گرووپێکی ئیتنیکی کولتوورێکی هاوچەشنەیان هەبێت، ئەگەری ئەوە هەیە شوناسێکی بەهێزیان هەبێت، بەڵام ئەگەر گرووپێکی ئیتنیکی کولتووریکی ناهاوچەشنیان هەبێت ئەگەری ئەوە هەیە شوناسیکی لاوازیان هەبێت. سەبارەت بە کورد کولتوور و فەرهەنگ هێجگار گرنگە لە ژیانی رۆژانەدا و یەک لە گرنگترین توخمەکانی کولتووری کوردی ئاینەکەیانە. وەک ئاکەر (Acker 2004: 99) دەنووسێت "دۆخ و سیاقی ئاینی یەکلاکەرەوەیە بۆ تێگەیشتنی رەچەڵەکی ئیتنیکی و کولتووری کوردی [ و] سروشتی ناسیۆنالیزمی کوردی". بەهەرحاڵ، ئەمەش یەکگرتوو نیە وەک هەندێک باوەڕیان وایە. ئەگەرچی ئاین گرنگە بۆ کوردەکان، بەڵام تاقم و عەشیرەت و بنەماڵە جیاوازەکان پەیڕەوی چەندین جۆر ئاین دەکەن. بێگومان زۆرینەی کورد موسڵمانی سوننەن (Kreyenbroek کرەینبرۆیک ١٩٩٦). سۆفیزم یان سۆفیگەری ئاینێکی ترە کە رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە ناهاوچەشنی باوەڕەکانی کورددا (راستییەکەی سۆفیگەری ئاین نیە بەڵکوو رێباز یان تەریقەتێکی تایبەتی تایبەتی ئاینی ئیسلامە - وەرگێڕ). ماكدواڵ (2004: 11) دەنووسێت "دەربڕینی جیاوازیی ئاینیی کوردی لە هێزی برایەتیی سۆفیگەریدایە و ... پراکتیزەی کردەوەی نامۆ دەکەن، کە دەربڕینی هەڵچوون و ئارامی و ئاگرخواردن و جەستەی خۆ شێواندن". زۆربەی پەیڕەوانی سۆفیگەری شوێنکەوتەی رێباز یان تەریقەتەکانی نەقشبەندی و قادرین. سۆفیگەری هەندێک بەشی کولتوور و فەرهەنگی کوردیی بەهێزکردووە، بەڵام تەوژمی سەرەکیی لاواز کردووە (ماكدواڵ 2004). سۆفیزم تاقە ناسنامەیەکی کوردی لاواز دەکات لە رێگەی جیاکردنەوەی گەلی کورد بە پەیڕەوی کردنی ئاینیی جیاکار.

هەروەها پۆشاکی ئیتنیکیش بەشێکی گەورەی شوناسی گرووپ دەگرێتەوە. هەندێک لە     نووسەران و توێژەران وا باس لە جل و پۆشاکی کوردی دەکەن کە ئامراز و پێداویستیی نەریتین (Bird بێرد ٢٠٠٥)، بەڵام ئەوانیتر مشتومڕ لە سەر ئەوە دەکەن کە ئەو پۆشاکە زیاتر جۆراوجۆرە (O’Shea ئۆشییا ١٩٩٦). ئێستا کوردێکی زۆر پۆشاکە نەریتییەکان لەبەرناکەن و یادەوەرییەکیشیان نیە بۆ پۆشاکی نەتەوەییان. پۆشاکی کوردی بەپێی ناوچە و رەگەزی نێر و   مێ و لە شارەوە بۆ گوند دەگۆڕێت. بۆ نموونە، بەلای کەمەوە سێ جۆری سەرەکی پۆشاکی پیاوان و چوار جۆریش بۆ ژنان هەیە. بۆ پیاوان، هەندێک پۆشاک باڵادەستن و رەنگە جیهانیش بن، کە لە رەنگ و رازانەوەدا دەگۆڕێن بە پێی بۆنەکان، وەک شاڵ و شەبک یان رانک و چۆغە (بێرد 2005).

پێشمەرگە کوردەکان، بەتایبەتی لە باشووری کوردستاندا، هەمیشە جلوبەرگی کوردییان لەبەردەکرد. لە ناو عەشیرەتی بارزانی و هەوادارانیدا شاڵ و شەپکە نەریتییەکە دەستکاری کراوە بە دەستوورێکی سەربازی و بە ئامێر چنراو، کە پێیدەڵێن خاکی، لەگەڵ مێزەری رەنگ سوور و سپی (بێرد 2005). لای ئافرەتان، پۆشاکەکە بە پێی مەیلی ئاینیی کەسەکە جلەکە دەدوورن، بۆ ناو ماڵ بێت یان دەرەوە و تا چ ئاستێک ئافرەتەکە نەریتپارێز بیت. لە کوردستانی عێراقدا نەریتێکی دەوڵەمەندی جل و پۆشاکی کوردی هەیە، بەڵام بۆ زۆرێک ئەو پۆشاکە هیچ رۆڵێک لە ژیانی رۆژانەدا ناگێڕێت و تەنها بۆ بۆنە تایبەتەکانیان هەڵیدەگرن.

 هەروەها خواردنی ئیتنیکیش گرنگە بۆ پێکهێنانی ناسنامە. خواردنی کوردی تێکەڵەیەکە لە چەندین خواردنی ناوچەکە. هەرچەندە ژمارەیەکی کەمی ژەمە خوارنی تەنها کوردی و پوخت هەن، بەڵام خواردنەکان بە شێوەیەک تێکەڵ دەکرێن کەوا لیستێک لە لە خواردنی کوردیی نەریتی پێکدێنن.

 هەروەک خواردن، هونەریش گرنگە بۆ ئیتنیک یان نەژاد. لە سایەی ئەو نیمچە ئۆتۆنۆمییەدا هونەری کوردی گەشەی کردووە. لە پەیمانگە هونەرییەکاندا کە بەم دواییانە کراونەتەوە، تەنها راهێنانی نەریتی بە خوێندکاران ناکەن، بەڵکوو لەبری ئەوە خوێندن و راهێنان لە سەر شێوازی رۆژئاوایی ئەنجامدەدەن. حاڵی حازر هونەرمەندان بە دوای پێشانگەی نێودەوڵەتیدا دەگەڕێن  لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەمریکا و ئاسیادا. ئێستا لە کوردستانی عێراقدا سی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان پەرەی پێدراوە و قوتابیان دەتوانن تیایاندا وانەکانیدیزاین و نیگارکێشان و پەیکەرسازی و سەما و شانۆی بیستراو - بینراو و موزیک بخوێنن (Tucker تەکەر ٢٠٠٤). ئێستا ژمارەیەکی زۆر پێشانگەی هۆنەری لە کوردستاندا هەیە کە تابلۆکانی سروشتی کوردستان و بۆچوونی مەجازی کوشتارەکان پێشاندەدەن (Bird بێرد ٢٠٠٥).

 بەهەمان شێوە موزیکیش رۆڵی گرنگی خۆی دەگێڕێت لە فەرهەنگ و کولتووری کوردیدا و وادیارە وێستگەیەکی بەرزتر لە هونەرەکانی تر لە کولتووری کوردیدا داگیر دەکات. بە پێی (بێرد ٢٠٠٥)، ئامێرەکانی مۆسیقای نەریتیی کوردی بریتین لە زوڕنای مل درێژ و کورت، دەهۆڵ و  تەپڵ و دەفی جۆراوجۆر، فلووت و جووزەلە و قانوون و کەمان و گەلێکی تر. هەرچەندە موزیک رۆڵێکی گەورە لە لە کولتووری کورددا دەبینێت، بەڵام ئەمیش لە بەشەکانی کوردستانی عێراقدا دەگۆڕێت چەشنی دیالێکتەکان. لە نێو موزیکی کوردیدا گۆرانییەکانی جەنگ و داستانی قارەمانە ئەفسانەییەکان باون و هەروەها گۆرانیی ئەڤینداری و گۆرانیی منداڵانیش. زۆرێک لە موزیک لە کاتی ئاهەنگەکان یان کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکاندا دەخرێنەگەڕ، "کە تێیدا پیاوان بە شێوەیەکی ئەڵقەیی یان بازنەیی خڕدەبنەوە" (بێرد ٢٠٠٥: ١٩٩) (رەنگە مەبەستی هەڵپەڕکێ بێت - و). هەڵبەت وەک چۆن لە خوێندنی هونەردا پەیڕەوی دەکرێت، لە خوێندن و فێرکردنی موزیکی کوردیشدا رەچاوی نەریتی رۆژئاوایی دەکرێت، لەگەڵ فۆکەس خستنە سەر ئامێرە باوەکانی وەک کەمان و پیانۆ و   ئۆکۆریۆن و فلووت و چەلۆ. بەڵام بەزۆری موزیسیانە پیشەییەکان بە چینی "نزم" دادەنرێن و بە چاوێکی کەم لە کۆمەڵگەدا تەماشا دەکرێن. 

 سەبارەت بە ئەدەب، کە خەسڵەتێکی تری شوناسی گرووپی ئیتنیکییە، ماکدواڵ (2004: 2) دەنووسێت "کورد کولتوورێکی مەدەنی و ئەدەبێکی چەسپاوی نەبووە". ئەگەرچی رەنگە ماکدواڵ راست بێت لەم بۆچوونەیدا، بەڵام کورد ئاماژەی ئەدەبی کوردییان دەرخستووە و لە کاتی دامەزراندنی پەناگەی ئارامی کوردی لە ساڵی 1991دا، ئەگەری بوونی بزووتنەوەیەکی ئەدەبیی کوردی تۆکمە روو لە زیادبوونە بەڵام ئەدەبی نەریتیی سەرزارەکی چەسپاوترە. ئەدەبی نەریتی و زارەکیی کوردی بریتییە لە چیرۆک یان حیکایەتی میللی و هۆنراوەی داستان و گۆرانی و پەندی پێشینان. کاتی خۆی کۆبوونەوەی خێزانی کۆڕبەندی سەرەکی بووە بۆ پاراستنی نەریتی ئەدەبی زارەکی. زۆربەی چیرۆک و حیکایەتەکان بە شێوەیەکی تایبەتی تیشکیان دەخستە سەر مێژووی بنەماڵە و عەشیرەت و کۆمەڵگە و ئەم چیرۆکانە پشتاوپشت لە گەورەوە بۆ بچووک دەگێڕدرانەوە.

نەریتی نووسینیش گرفتاری هەمان ئەو کۆتوبەندانە بووبوەوە کە بەسەر نەریتی زارەکیدا سەپابوو. بەهەرحاڵ، لە رێگەی نوێگەری و پیشەسازییەوە لە کوردستانی عێراقدا، تەکنیکی نوێ بواری بۆ چاپەمەنیی بەکۆمەڵ و بەرفراوان رەخساند و کاری نوێی هێنایە ئاراوە و هەلی رەخساند بۆ تۆمارکردن و خستنەسەر کاغەزی نەریتی زارەکی. بەلای کەمەوە مێژووی ئەدەبی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شانزەهەم لە کارەکانی ئیدریسی بەدلیسیدا، کە کەسایەتییەکی پایەبەرزی عوسمانی بە رەچەڵەک کورد بووە (Blau بلاو 1996). (پێموایە مەبەست شەرەفخانی بەدلیسی بووبێت و لێرەدا لەم نووسەرە تێکچووبێت - و).

لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و لە ماوەی سەدەی بیستدا، رۆژنامەگەری بوو بە مەسەلەیەکی زۆر گرنگ بۆ پەرەپێدانی ئەدەب و کولتووری کوردی، کە بەرچاوترینیان دەرکردنی چەندین گۆڤار بوو. لەگەڵ ئەوەشدا دابەشکردنیان زەحمەت بوو چونکە کوردەکان دابەشبووبوونە سەر چوار وڵاتی نەتەوەییدا، کە هەندێکیان تەگەرەیان دەخستە بەردەم ئازادیی ئەدەبی. بەشێکی زۆری ئەدەبی کوردی لەبارەی ستەم و دەردیسەریی کوردەوە دەدوێت و دەربڕی نیگەرانی و مەترسیی کۆمەڵایەتییانە.

لە ماوەی ساڵانی ١٩٦٠کاندا، رژێمی موحافزەکاری عێراق یەکسانی کردنی کوردی راوەستاند و بڵاوکراوەکانیانی قەدەغە کرد (بلاو 1996). لە ساڵانی ١٩٧٠کاندا بۆ ماوەیەکی کورت ستەم و سەرکوتکردنی عێراقی راوەستا و ئەمە بوو بە مایەی زیادکردنێکی بەرچاوی ژمارەی رۆشنبیرانی کورد. زۆرێکیش لەوانە رۆڵیان بینی لە بڵاوکردنەوەدا کە پەیوەندیی یەکتر تەواوکردن رووندەکاتەوە لە نێوان گەشەکردنی سیاسی و رۆشنبیریدا (بلاو 1996؛ هەروەها بڕوانە بێرد 2005). نەریتێکی بچووکی ئەدەبێکی دیاریکراو هەیە بۆ کورد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بچڕبچڕە و زۆربەی دانیشتووان رێز لە بەهاکەی ناگرن. بە هۆی ستەم و چەوساندنەوە و کۆمەڵگەی پێش مۆدێرنیزەوە کە کورد پیادەی دەکرد، توانایان بۆ بەرهەمهێنانی ئەدەب، زارەکی بووبێت یان نووسراو، لە ئاستێکی نزمدا بووە.

مەسەلەی یەکگرتوویی نێوان کوردەکان رەنگە لاوازترین ئەڵقەی پەیوەندییان بێت لە دامەزراندنی ناسنامەیەکی هاوبەشدا. لە ناوجەرگەی کێشە و ململانێکانی کوردەکانی عێراقدا ئەوانەی نێوان دەستە و تاقمەکانی کورد خۆیەتی. لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم، داگیرکاری کۆڵۆنیاڵیی بەریتانیا لێگەڕا کە دابەشبن بەسەر چەندین دەستە و تاقمدا و بەریتانییەکان ئەم دابەشبوونەیان لە بەرژەوەندیی خۆیان بەکارهێنا بۆ ئەوەی نەهێڵن هیچ ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتوو دژ بە رژێمی پاشایەتیی نوێی عێراق درووست ببێت. لەو کاتەدا، واپێدەچوو کە ناسیۆنالیزمی کوردی لە هەڵکشاندایە، بەتایبەتی لەناو سەرۆک و رابەرە رۆحی و دەستەبژێرەکاندا.

بەهەرحاڵ، ئەم ناسیۆنالیزمە نوێنەری هەموو کوردەکانی عێراق نەبوو. ئەو دەمە کۆمەڵگەی دێهات هاوچەشن نەبوو و "بارودۆخی کۆمەڵایەتی -  ئابووری و سیاسی بەند بوو بە جیاکاریی نێوان کۆمەڵگەی خێڵەکی و ناخێڵەکی، موسڵمان و گەیرە موسڵمان، جەنگاوەران و زەویبەندەکان، خاوەن مڵکەکان و جووتیارەکان و گرووپە شارستانییەکان" (ناتالی 200: 32).  زۆربەی خاوەن مڵکە زەویدارەکان سوودیان لە دەوڵەتی عێراقی بینی، بە هۆی بەرهەمە کشتوکاڵییە گەشەکردووەکانەوە، وەک تووتن کە بە نرخێکی بەرز دەفرۆشرایە بەغدا. ئەم ئاڵوگۆڕ و پەیوەندیی بەرژەوەندییە وای لە بنەماڵە دەوڵەمەندەکان کرد کە پشتیوانی لە پاشایەتیی سەپێنراوی بەریتانیا بکەن دژ بە بەرژەوەندیی گەلی کورد. سەرباری ئەوەش، بەریتانییەکان بەردەوام بوون لە سەر کەرتوپەرتکردنی کۆمەڵگەی کورد لە رێگەی رێکخستنەوەی پێکهاتەی دامودەزگاکانی حکوومەت بە پێی ئەو ناوچە و خێڵانەی بەدەست سەرۆکە کوردە ڕکەبەرەکانەوە بوون (ناتالي 2005). مەنافى ( Manafy2005) چەندوچوون لە سەر ئەوە دەکات کەوا عەشیرەتە کوردەکان تووشی پاشەکشە بوون بە هۆی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەوە بەرەو مۆدێرن بوون و جیهانگیری. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هەر هەن و هێزیکی گەورەن بۆ پەکخستنی یەکگرتوویی کورد.

پێدەچێت دابەشبوونی قووڵی نێوان کوردە هاوچەرخەکانی عێراق زیاتر لە سیاسەتی حیزبییەوە سەرچاوەی گرتبێت. لە ماوەی ساڵەکانی ١٩٣٠کان و ١٩٤٠کاندا دابەشبوونی کوردەکان بەسەر چەندین حیزبدا دەستیپێکرد، کاتێ کە زۆربەیان چوونە ریزی پارتی کۆمۆنیستی عێراقەوە، لەبەر نەبوونی حیزبێکی نەتەوەیی تایبەت بەخۆیان و بەو نیازەی پشتیوانیی ئەم حیزبە بەدەستبێنن بۆ سەربەخۆیی. دواجار پارتی کۆمۆنیست پاشەکشەی کرد لەو هەڵوێستەی، بەڵام هێشتا هەر پشتیوانی لە مافی کەمینەکان دەکرد. بۆ ئاڵۆزبوونی زیاتری کارەکە زۆرێک لە کوردەکان بەرەوڕووی گرفتێکی گەورە بوونەوە لە هەڵبژاردنی ئەوەی دڵسۆز و پابەندبن بۆ شوناسی نەتەوەییان یان بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتیی مارکسی (ماکدواڵ 2004). هەڵبەت بۆ ئەوەی تاڕادەیەک ئەم کێشەیە چارەسەر ببێت و لەهەمان کاتیشدا دەستە و تاقمە کوردەکانی عێراق یەکبگرن، مەلا مستەفای بارزانی لە ساڵی 1946دا پارتی دیموکراتی کوردی درووستکرد (KDP)5. هەرچەندە ئەم حیزبە لە سەرەتادا تاڕادەیەک چەپڕەو بوو چونکە زۆرێک لە ئەندامەکانی لە پارتی کۆمۆنیستەوە هاتبوون، بەڵام هانی ململانێی چینایەتیی نەدەدا، لەگەڵ ئەوەشدا هەردوو حیزب بۆ بەشێکی زۆری ساڵانی ١٩٥٠کان هاوپەیمانییەکی تۆکمە و پتەویان پێکهێنا.

بەهەرحاڵ، پاش درووستکردنی پەیمانی بەغدا و راماڵینی میسر و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ناسیۆنالیزمی عەرەبییەوە، زۆرێک لە کوردەکان هەستیان بەوە کرد کە خەریکە بەعەرەب دەکرێن. لەئەنجامی ئەوەدا و لە ئاخروئۆخری ساڵانی ١٩٥٠کاندازۆربەی کوردی ناو ریزەکانی پارتی کۆمۆنیستی عێراق چوونە پاڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەوڵدانێکدا بۆ دامەزراندنی کۆمارێکی دیموکراتی لە عێراقدا کە دان بە مافەکانی کورددا بنێت (McDowall ماکدواڵ ٢٠٠٤). فرەی نەبرد رژێم تێوەگلا لە شەڕێکدا دژ بە ناسیۆنالیستە عەرەبەکان و بەعسییەکان. رژێم دەیویست پارتی کۆمۆنیستی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان بەکاربێنێت بۆ هاوکاری کردن لە دامرکانەوەی ئەو یاخیبوونە. ئەوجا هەرکە رژێم ئارامی و ئاسایشی گێڕایەوە، هۆکار و خەتای ئەو راپەڕینە جیددی و ترسناکانەی کوردستانی خستە ئەستۆی پارتی کۆمۆنیستی عێراق و بارزانیی بەکارهێنا بۆ بچڕاندنی هەموو پەیوەندییەکی نێوان حشع و پدک. دواجار پدک باڵادەست بوو و پارتی کۆمۆنیستیش کەنارخرا.

لە ماوەی سەرەتای ساڵانی ١٩٦٠کاندا، بارزانی ویستی تەواوی کوردە عێراقییەکان یەکبخات لەپێناوی رۆڵ بینینێکی باڵادەستتر لە بزووتنەوەکەدا و بەرپەرچدانەوەی ئەگەری هەر تەحەدا و ڕکەبەرییەک. بەهەرحاڵ، ئەم ناسیۆنالیزمە کاریگەرییەکی نەرێنی هەبوو لە بەرزکردنەوەی پێگە و ئاستی پارتی دیموکراتی کوردستان دژ بە سەرۆکە خێڵەکییەکان کە دەیانویست زیاتر بە لۆکاڵی و ناوخۆیی بمێننەوە. بارزانی شەڕێکی بەرپاکرد دژ بە عەشیرەتە بەرهەڵستکارەکانی کورد و لە سەر ئەوە سزای دان کە نەهاتوونەتە پاڵ کۆششی نەتەوەیی. هەڵبەت ئەم ساڵانە بوو کە دەگونجا بگوترێت کەوا "کوردەکان خۆیان بکوژی سەرەکیی کوردن" (Manafy مەنافی 2005: 51). لێرە بەدواوە هەڕەشە کەوتە سەر رژێمی عێراق بە هۆی باڵادەستیی روو لە هەڵکشانی تاقە حیزبیک لە کوردستاندا و کەوتە ناردنی چەک و تفاقی شەڕ بۆ دوژمنە خێڵەکییەکانی بارزانی. بەم پێیە، وەک ئەوەی پێشتر بەریتانییەکان کردیان، رژێمی عێراق کوردە نەیارەکانی بەکارهێنا بۆ ئەوەی نەهێڵێت هیچ لایەکیان باڵادەست بن. لەم خاڵە بەدواوە، کوردستانی عێراق کەوتە شەڕ و ناکۆکییەکی بەردەوامی کۆمەڵ و تاقمە ڕکەبەرەکانی کوردە عێراقییەکان و حیزبەکانی بناغە جۆراوجۆر لە لایەک و حکوومەتی ناوەندی لەولاوە. زۆریش نەبات بکەوێتە نێوان بەعسییەکان و کوردە عێراقییەکانەوە. کوردەکان تا ئێستاش دابەشبوون لە نێوان فاکتەرە خێڵەکی و بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتییە - ئابوورییەکاندا. بێگومان سەختترین دابڕان و دابەشبوون لە شەرەکانی کوردەوە سەرچاوەی گرتووە.

 لە ساڵی 1975دا، جەلال تاڵەبانی، کە سیاسییەکی کوردە و بەعادەت نەیاری سیاسەت و ئایدیاکانی بارزانی بوو، درووستکردنی حیزبیکی سیاسیی کوردیی نوێی راگەیاند، بەناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (ی ن ک PUK) (ماكدواڵ 2004). درووستکردنی ی ن ک وەلامدانەوەیەک بوو بۆ شکستی پدک لە بەدیهێنانی سیاسەتەکانیدا. ئەم حیزبە کەوتە کار و کۆشش بۆ بەدیهێنانی ئۆتۆنۆمی و دیموکراتی لە کوردستاندا جارێکیتر و و بۆ هەمووان. ساڵانێکی زۆر ڕکەبەریی لە نێوان بارزانی و تاڵەبانیدا بوو بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەر پرسەکانی سیاسەتی خێڵەکی و کاروباری سەرکردایەتی. ئەم ڕکەبەرییە لە ساڵی 1978دا تەقییەوە لە ئەنجامی بەرپابوونی شەڕ و پێکدادانی بچووک لە نێوان هەردوولادا. ناکۆکی و ململانێکە لە کاتی جەنگی عێراق - ئێرانیشدا بەردەوام بوو. ینک لەگەڵ حکوومەتی عێراقیدا هاوپەیمانیی کرد لەبەرانبەر بەڵێنی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد لە سایەی سەرکردایەتیی تاڵەبانیدا. گەلێ لە پیاوانی کورد چوونە ریزی یەکێتیی نیشتمانییەوە و هەندێکیش دژی کورد شەریان دەکرد لەپێناوی سەددام حوسینی سەرۆکی عێراقدا، بۆ بەدەستهێنانی پارە یان بە هۆی ترسەوە لە رژێم. ئەمان پێیاندەوترا جاش و ئەرکیان پاسەوانی کردن بوو لە خاڵەکانی پشکنین و پارێزگاری بوو لە ئاسایش و ئارامیی ناوخۆ (بێرد ٢٠٠٥).

زۆربەی کورد جاشیان بە ناپاک و خیانەتکار دادەنا، هەرچەندە ئەرکەکەیان سووک بوو. پەیوەندیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و عێراق بەردەوام بوو تا ساڵی 1985 کاتێ کەوا کارە دوژمنکارییەکان جارێکیتر سەریانکێسایەوە بۆ توندوتیژی. پاشان حیزبە کوردییەکان ئاشتبوونەوە و بەرەیەکی یەکگرتوویان پێکهێنا بە ناوی بەرەی کوردستانی، لە ساڵی 1987دا. ئەم هەماهەنگییە شەرمنانە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژی ساڵانی ١٩٩٠کان بەردەوام بوو لە نێوان هەردوو حیزبی یەکێتی و پارتیدا. ئەوجا هەردوولا چوونە هەڵبژاردنە نیمچە دیموکراتییەکەی کوردستانەوە لەو ناوچە ئارامەی ئەمریکا دایمەزراندبوو لە ئەنجامی ئەو کوشتارەی رژێمی سەددام بەرپای کرد لە دوای جەنگی کەنداوەوە. بارودۆخی ئەم پەیوەندییە ئاشتیانە لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکاندا وەستا، کاتی کە شەڕ و ناکۆکی بەرپابوو لە سەر هەندێک لە ناوچە خێڵەکییەکان و سەریکێشایەوە بۆ شەڕێکی کراوە لە نێوان هەردوو لادا. بەهەرحاڵ، لە ساڵی 1999دا، شەڕەکە چارەسەرکرا کە تاڕادەیەکی زۆر بە هۆی فشاری ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بوو. تا نووسینی ئەم دێڕانەش پارێزگاری لەم دۆستایەتییە فشەڵە کراوە.

سەبارەت بە ئامانجی گرووپەکە، کە ئاماژەیەکی تری شوناسی ئیتنیکییە، ئەوە کوردەکان بەسەر کۆمەڵێک ئایدیاڵدا دابەش بوون. لەڕاستیدا، وەک مەنافی (2005: 40) پێی لە سەر دادەگرێت کەوا "بزووتنەوەی کورد ئایدیۆلۆجیایەکی ئاشکرا و تۆکمە و یەکگرتووی نیە". بێگومان بە هۆی ئەم کەموکووڕییە لە پتەوی و یەکگرتووییدا، کوردەکان ناتوانن ئامانجە سیاسییە دڵبەندەکانیان بە شێوەیەکی تۆکمە و داڕێژراو دیاری بکەن. بزووتنەوەکە لە ماوە و کاتی جیاوازدا داکۆکی لە بەرژەوەندیی جۆراوجۆر دەکات وەک: ئۆتۆنۆمیی کولتووری، ئۆتۆنۆمیی سیاسی و کولتووری، یان دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ (مەنافی 2005). پەیوەست بە ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری، دەستە و تاقمە جیاوازەکان پاڵپشتیی یەکتر دەکەن هەر یەکە و دژ بەویتر. بەزۆریش نەبوونی ئامانجێکی هاوبەش بووە بە هۆی دەرکەوتنی دەستە و تاقمی نوێ و ئەنجام بەو پێیەش سەرهەڵدانی ئامانجی نوێ.

 

ئەنجام

 پێش جەنگی ئەمدواییەی ئەمریکا لە عێراق، خەڵکی ئەمریکا و وڵاتانی جیهان بەرەوڕووی راپۆرتگەلی هەواڵ بوونەوە لەبارەی کوردە عێراقییەکانەوە. بەمدواییەش، هێشتا خەڵک هەر گوێبیستی کورد دەبن کاتێ کە راپۆرتە هەواڵەکان باس لە بارودۆخی ئێستای ناو عێراق دەکەن. هەرچەندە ئەمە بارودۆخەکەیە، هێشتا هەر لێکۆڵینەوەی هەمەلایەنە نەکراوە لە سەر تێگەیشتنی شوناسی کوردە عێراقییەکان و زۆریش نەنووسراوە لە سەر مێژووی توندوتیژیی نێوان حکوومەتی عێراق و ئەم گرووپە ئیتنیکییە. ئەم باسە هەوڵیداوە مامەڵەی ئەم کەمووکووڕییە بکات لە ئەدەبدا لە رێگەی وەسفکردنی ئەو پەیوەندییە کێشەلە سەرەی نێوان هەردوولا و بەکورتی لەبارەی شوناسی کوردە عێراقییەکانەوە بدوێت و ئەو تێڕوانینەی کە سەددام حوسێن هەوڵی بۆ دەدا، کە بەدیهێنانی تاقە یەک شوناسی نیشتمانی. تێگەیشتن لە پەیوەندیی شوناس بە توندوتیژییەوە مەسەلەیەکی زۆر گرنگە ئەگەر بمانەوێت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی دەرەوە تێبگەین. بەدڵنیاییەوە تێگەیشتن لە کورد و عێراق و ناوجەکە بە شێوەیەکی گشتی پێویست بوو لەپێش بڕیاری داگیرکردندا وەک ویلایەتە یەکگرتووەکان کردی. بەهیواین ئەم باسە کەڵکی هەبێت بۆ هەر یەک لە ئەکادیمییەکان و بڕیاردەران، نەک هەر تەنها ئەوانەی بایەخ بە کورد دەدەن، بەڵکوو لەوە گرنگتر، بۆ هەموو ئەو گرووپانەی کە حکوومەتەکان هەوڵدەدەن لەبری ئەوان یان لەدژیان دەستێوەردان بکەن. بۆ بەدیهێنانی جیهانێک کە ئاشتی تێیدا زیاتر بەرقەرار بێت، بە پێداگرییەوە دەبێت لە شوناس و توندوتیژی تێبگەین.

 

پەراوێز

١ - من کۆتایی ئەم مێژووە بە ساڵی 1992 دادەنێم، پاشانیش، "ناوچەی دژەفڕین" بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، بەسەر کوردستانی عێراقد، رێگریی گەورەی لە شەڕ و ململانێی کورد کرد لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا و لەم کاتەوە پێکهاتنی کوردستانی "سەربەخۆ" دەستی پێکرد. بێگومان، هێشتا هەر ناکۆکی هەیە لە نێوان هەردوولادا لەم قۆناخەدا.

2 - هەرچەندە سەددام حوسێن لە ساڵانی 1968 - 1979 لە ترۆپکی دەسەڵاتدا نەبوو بەڵام تا ئاستێکی گەورە کۆنترۆڵی هەموو گفتوگۆ و دانوستانێکی کردبوو لەگەڵ کورددا. دەويشە (2009: 210) دەنووسێت، "لەکاتێکدا کە سەددام حوسێن سەرۆکایەتیی عێراقی وەرنەگرت تا تەمووزی 1979 و لەکاتێکدا کە لەو ساڵانەی بەدوای کوودەتای ساڵی 1968دا هات، بە رووکەش سەرۆکایەتیی لای ئەحمەد حەسەن بەکر بوو و وای دەردەخست کە راوێژی پێدەکات و تەنانەت گفتوگۆش لەگەڵ گەورە بەرپرسانی تری حیزبدا دەکات، بەڵام ئەو لە سەرەتای سەردەمی بەعسەوە بەکردەوە وای رەفتار دەکرد کە خاوەنی راستەقینەی دەسەڵاتی سیاسییە".

3 - وا باسدەکرێت کە لە ماوەی تەواوی سەردەمی بەعسدا. تێکرا 4000 لە کۆی 4655 گوندی کورد وێران   کراوە و زیاد لە سێسەد هەزار کەس کوژراون (بیرد ٢٠٠٥).

4  -  بڕوانە ئەساتريان 2009 ، بۆ شیکارییەکی ورد لەبارەی کوردەوە.

5 -  لەکاتێکی دواتردا ناوەکە لە پارتی دیموکراتی کوردەوە گۆڕاوە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دەرخستنی زیاتری ناسیۆنالیزمی مەدەنی لەبری ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی.

 

بیبلۆگرافی

 عەبدوڵا، ت. (2003) ، "مێژوویەکی کورتی عێراق: لە ساڵی 636 وە تا سەردەمی ئێستا"، لەندەن.

 ئاکەر، ڤ. (٢٠٠٤)، "ئاین لە ناو کورددا: لێبووردەیی ناوخۆ، ململانێی دەرەوە"، پێداچوونەوەی خوێندنگەی كەنەدی  5 : 99 109.

ئەلموسەوی، م. (٢٠٠٦)، "خوێندنەوەی عێراق: کولتوور و دەسەڵات لە ململانێدا"، لەندەن.

ئەساتریان، ج. (٢٠٠٩)، "زانیاریی رێخۆشکەر بۆ لێکۆڵینەوە لە کورد"، گۆڤاری ئێران و قەوقاز،   Iran and the Caucasus  ژمارە ١٣ ، ١ ، ل ١ ٥٨.

بێرد، سی. (2005)،  "هەزار ئاخهەڵکێشان و هەزار شۆڕش: گەشت لە کوردستاندا"، نيويۆرك.

بلاو، جەی. (١٩٩٦)، "ئەدەبی نووسراوی کورد"، لە "کولتوور و شوناسی کورد" وەرگیراوە، لەندەن نيوجێرسي.

بوڵۆك، ئێج / مۆريس، جەی. (1992)، "دۆست هەر چیاکانە: مێژووی کارەساتباری کورد"، نيويۆرك ئۆكسفۆرد.

برونەسن، م. / و. جوەیدە (٢٠٠٦)، "بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد: رەگ و ریشە و پەرەسەندنەکانی"، سیراکۆس.

دەيڤس، ی. (٢٠٠٥) ، "یادەوەریی دەوڵەت: سیاسەت و مێژوو و شوناسی بەکۆمەڵ لە عێراقی نویدا"، بێركڵەی.

دەویشە، ئە. (٢٠٠٩) ، "عێراق: مێژووی سیاسی لە سەربەخۆییەوە بۆ داگیرکردن"، پرينستن.

دۆج، ت. (2003) ، "داهێنانی عێراق: شکستی بنیاتنانی نەتەوە و نکووڵی کردنێکی مێژوو"، نيويۆرك.

ئینتیسار، ن. (1992) ،"ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی"، بوڵدەر.

گونتەر، م. (١٩٩٢) ، "کوردەکانی عێراق: کارەسات و هیوا"، نيويۆرك.

هەريس، ج. (1977) ، "ململانێی ئیتنیکی و کوردەکان"، گۆڤاری ساڵانەی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، 433: 112 124.

کرەیەنبرۆیک، ف. (1996)، "ئاین و ئاینەکان لە كوردستاندا"، لە "کولتوور و ناسنامەی کورد" وەرگیراوە، لەندەن نيوجێرسی.

مەنافی، ئە. (2005)، "خەباتی سیاسیی کورد لە ئێران و عێراق و توركيا: شیکردنەوەیەکی رەخنەگرانە"، لانهام.

ماكدواڵ، د. (2004)، "مێژووی نوێ کورد"، لەندەن.

ناتالی، د. (2005)، "کورد و دەوڵەت: پەرەسەندنی ناسنامەی نەتەوەیی لە عێراق و تورکیا و ئێران"، سیراکۆس.

نەزان، ك. (1996)، "کورد: پێگەی ئێستا و پاشخانی مێژوویی"، لە "کولتوور و ناسنامەی کوردی" وەرگیراوە، كرەينبرۆیك، پ.، ئەڵيسۆن، لەندەن، نيوجێرسی.

ئۆلێری، ب./ ك. ساڵح (2005)، "نکووڵی کردن و هەڵسانەوە و چەسپاندنی كوردستان"، لە "داهاتووی کوردستان لە عێراقدا" ، ئۆلێری، مكگاری، ساڵح، فيلادڵفيا.

ئۆشیا، م. (١٩٩٦)، "پۆشاکی کوردی: رەنگاورەنگیی هەرێمی و دوورکەوتنەوە"، لە "کولتوور و ناسنامەی کوردی"، کرەینبرۆیک؛ ئەڵيسۆن، لەندەن   نيوجێرسی.

پۆڵك، دەبليو. (2006)، "تێگەیشتن لە عێراق: راماڵینی تەواوی مێژووی عێراق، لە جەنگیز خانی مەغۆلەوە بۆ تورکە عوسمانییەکان بۆ ماندێتی بەریتانیا بۆ داگیرکردنی ئەمریکا"، نيويۆرك.

رۆبن، م. (2003) ، "ئایا کورد کەمینەیەکی بێزراون؟"، گۆڤاری توێژینەوەی کۆمەڵایەتی 70.1: 295 330.

تریپ، سی. (٢٠٠٠)، "مێژووی عێراق"، کامبریج.

تاكەر، م. (٢٠٠٤)، "دۆزەخ کۆتایی هات: دەنگی کوردەکان لە پاش سەددام"، گویلفۆرد، كۆنێتيكەت.

ڤانلی، ع. (١٩٩٣)، "کوردستان لە عێراقدا"، لە "گەلێکی بێ وڵات: کورد و کوردستان"،  ج. شاڵياند، نيويۆرك.

يڵدز، ك. (2004)،  "کوردەکان لە عێراقدا: رابردوو و ئێستا و داهاتوو"، لەندەن   ئان ئاربۆر.

 

سەرچاوە:

گۆڤاری ئێران و قەوقاز، ژمارە ١٧ ، ساڵی ٢٠١٣، لاپەرە ٢١٥ - ٢٣٤.

Iran and Caucasus 17 (2013) 215 - 234

A History of Violence: Ethnic Group Identity and the Iraqi Kurds

Craig Douglas Albert

Georgia Regents University, Augusta - Ga, USA.

 

کرەیگ دۆگڵاس ئەڵبێرت     Craig Douglas Albert

پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکانە لە زانکۆی ئۆگۆستا (ئەمریکا). لە خوارەوە ناوی چەند باس و لێکۆڵینەوەیەکی، لەنێو دەیان باسدا:

مێژووی توندوتیژی: ناسنامەی گرووپی ئیتنیکی و کوردەکانی عێراق.

جێگە نیە بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان: کوردەکانی عێراق لە ژێر بارودۆخی بەعەرەبکردن و سەددام حوسێن و داعشدا.

جێگە نیە بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان: کوردەکانی عێراق لە ژێر بارودۆخی بەعس و سەددام حوسێن و داعشدا.

پەیوەندیی نێوان ئیتنیک و توندوتیژی: پێوانەکردنی شوناسی گرووپی ئیتنیکی لە چێچنیادا.   

کاروباری جەندەر لە نەژاد و ناسیۆنالیزم و کۆچکردندا.

خوێندن و فێرکردنی تیۆریی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×