وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه رایگه‌یاند، لیز تره‌س وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێستای بریتانیا و كاندید بۆ بون به رابه‌ری پارتی پارێزگاران (Conservative) و سه‌رۆك وه‌زیرانی بریتانیا زۆری ماوه بۆ ئه‌وه‌ی بگاته ئه‌و ئاسته‌ی "سنور" بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی دابێت و ده‌شڵێت، "باشتر وایه كه‌مێك له جوگرافیادا خۆی به‌ره‌و پێشتر ببات".
ئاوێنه: مارییا زاكارۆوڤا، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا ئه‌مڕۆ له راگه‌یه‌ندراوێكیدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تێلگرام بڵاویكرده‌وه، "لیز تره‌س زۆری ماوه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت سێرگێی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌مان به وته‌ی خۆی سنورێكی بۆ دابنێت، به‌تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی پێبزانێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "وابزانم ئه‌م ژنه بیریچوه‌ته‌وه كه چۆن پێشتر هه‌وڵیدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌مان روبه‌ڕوی شه‌رمه‌زاری بكاته‌وه له‌كاتێكدا یه‌كێك له هاوكاره‌كانی به چرپه‌وه وه‌ڵامه هه‌ڵه‌كانی بۆ ڕاستده‌كرده‌وه، كاتێك چه‌ندین هه‌ڵه‌ی ئه‌نجامدا و هه‌وڵی راستكردنه‌وه‌یان ده‌دا".
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا باسی له‌وه‌شكردوه، "لیز تره‌س رۆژی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ وڵاته‌كه‌مان پاش ئه‌وه‌ی خۆی روبه‌ڕوی شه‌رمه‌زاری كرده‌وه هه‌وڵی ته‌واویدا ئه‌و رۆژه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌مان روبه‌ڕوی شه‌رمه‌زاری بكاته‌وه، به‌ڵام له‌و كاره‌یدا سه‌ركه‌وتو نه‌بو، ئێستاش ببێته سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته جارێكی دیكه خۆی روبه‌ڕوی شه‌رمه‌زاری گه‌وره‌تر ده‌كاته‌وه".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه له‌ماوه‌ی رابردودا لیز تره‌س، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا و كاندیدی ئێستای پارتی پارێزگاران (Conservatives) بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران و رابه‌رایه‌تی كردنی پارته‌كه‌ی رایگه‌یاندبو، ئه‌گه‌ر وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڵبژێردرێت ئاماده‌ی سێرگێی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا و ڤلادیمیر پوتن، سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته ببێته‌وه و سنورێكیان بۆ دابنێت.