شەش سەرکردەی مێژویی گەورە لەدیدی کیسینجەرەوە کێن؟
  2022-07-22       2734       

ئا: ئاوێنە

 

بۆ زیاتر لەچوار دەیە دەچێ کە هێنری کیسینجەر هیچ پۆستێکی فەرمی لەئەمەریکادا وەرنەگرتوە، بەڵام ئەم دیپلۆماتکارە تەمەن ٩٩ ساڵە تا ئێستاش بەیەکێک لەکەسایەتییە سیاسییە هەرە کارامەو کاریگەرەکانی ئەمەریکا دادەنرێت.

کیسینجەر وەزیری دەرەوەو ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بو لەئیدارەکانی جیراڵد فۆردو ڕیچارد نیکسۆن‌، هیچ کام لەجێنشینەکانی کیسینجەر لەپۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی یان وەزیری دەرەوە وەک ئەم کارامەو کاریگەر نەبون‌و وەکو ئەمیش ستایش یان ڕەخنەیان لێنەگیراوە.

کیسینجەر تا ئێستاش لەنزیکەوە چاودێری روداوەکانی جیهان دەکات‌و لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی spectators، بۆچوونی خۆی لەسەر شەڕی روسیا دژی ئۆکرانیاو چەکی ئەتۆمی ئێران‌و سەرکردە گەورەو کاریگەرەکانی جیهان لەسەدەی بیستەمدا دەردەبڕێت.

 

سێ دەرئەنجامی جەنگی ئۆکرانیا

ئەندرۆ رۆبەرتس: هێنری، لەداڤۆس، تۆ وتت کە پێویستە سنوری نێوان روسیاو ئۆکرانیا بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشوو، چونكه‌ به‌رده‌وامی شه‌ڕ له‌دوای ئه‌م قۆناغەوە‌ ده‌بێته‌ شه‌ڕێك لەدژی خودی روسیا لەبری ئازادی ئۆكرانیا. لەسەر ئەم قسەیەت زۆر رەخنەت لێگیرا، بەتایبەتی لەلایەن ڤلادیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیاوە، دوای کۆتایی ئەم جەنگە، جیهان چۆن هاوسەنگییەکی نوێ بەدەستدەهێنێت؟

کیسینجەر: ئامانج لەو قسەیەم لەداڤۆس ئاماژەدان بەم خاڵە بو که‌ ده‌بێت ئامانجه‌کانی شه‌ڕ رون بکرێنه‌وه‌ بەرلەوەی بەئەندازەیەک گەورەو توندبێتەوە کە چیتر توانای گەمارۆدان‌و ئاڕاستەکردن‌و بەڕێوەبردنی لەڕوی سیاسییەوە بببێت بەمه‌حاڵ. کاتێک زێلێنسکی توانج‌و کۆمێنتێکی لەسەر قسەکانی من دەربڕی، دیار بو قسەکانی منی نەخوێندوەتەوە، بەڵام لەلێدوانەکانی ئەمدواییەیدا بۆچوونەکانی منی لەداڤۆس قبوڵ کرد. لە٧ی حوزەیران چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ فاینانشیاڵ تایمز ئەنجامدا کە تێیدا چوارچێوە بنەڕەتییەکەی قبوڵ کرد کە خستبومەڕو. چوارچێوە بنەڕەتییەکە ئەمەیە: ئەم شەڕە ئەگەری رودانی سێ دەرئەنجامی لێذەکرێ. ئەگەر روسیا لەو شوێنە بمێنێتەوە کە ئێستا بەدەستییەوەیەتی، ئەوا 20%ی ئۆکرانیاو زۆربەی ناوچەکانی دۆنباس داگیر دەکات، کە ناوچەیەکی سەرەکی پیشەسازی‌و کشتوکاڵیین‌و پشتێنەیەکی فراوان زەوی بەدرێژایی دەریای ڕەشیش داگیر دەکات. ئەگەر لێرەدا بمێنێتەوە، سەرەڕای هەمو ئەو شکستانەی کە لەسەرەتاوە توشی روسیا بووە، سەرکەوتوەو چیتر ڕۆڵی ناتۆ بەو شێوەیە یەکلاکەرەوە نابێت کە لەسەرەتادا بیری لێدەکرایەوە. دەرەنجامیکی تر لەئەنجامەکان ئەوەیە کە هەوڵێک دەدرێت بۆ دەرکردنی روسیا لەو خاکەی کە پێش ئەم جەنگە بەدەستیهێناوە بەدورگری قرمیشەوەو دواتر پرسی شەڕ لەگەڵ خودی روسیا سەرهەڵدەدات ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت.  سێیەم دەرەنجام کە من لەداڤۆس خستمەڕو، پێموایە زێلێنسکیش قبوڵی کرد، ئەوەیە کە ئەگەر "گەلی ئازاد" (ئاماژە بە ناوی ڕێکخراوی "نیشتمانی گەلی ئازاد" کە لەهەرێمی دۆنباس لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزرا) ڕێگری لەداگیرکارییە سەربازییەکانی روسیا بکات‌و ئەگەر هێڵی جەنگ بگەڕێتەوە بۆ ئەو ساتەی شەڕ دەستیپێکرد، ئەوا دەستدرێژییەکانی ئێستا بەڕونی شکست دەهێنێت‌و ئۆکرانیا دەگەڕێتەوە بۆ هەمان دۆخ کە کاتێک جەنگ دەستی پێکردبو: هێڵی شەڕی دوای ساڵی ٢٠١٤. دوبارە  ئۆکرانیا پڕ چەکدار دەکرێتەوەو پەیوەندییەکی توندوتۆڵ بەناتۆوەی دەبەستێتەوە، تەنانەت ئەگەر نەبێتە بەشێک لەناتۆش. دەکرێت ئەو پرسانەی کە ماونەتەوە بۆ دانوستان جێبهێڵرێت. بۆ ماوەیەک هیچ شتێک ڕوونادات، بەڵام وەک لەیەکگرتنەوەی ئەوروپادا بینیمان، دوای ماوەیەک کێشەکان چارەسەر دەبن.

ئەندرۆ رۆبەرتس: ئایا دەکرێت هاوشێوەی دۆخی کۆریای باکورو باشور بێت کە ٧٠ ساڵ شەڕەکەیان بەردەوام بو؟

کیسینجەر: ئێمە تەنیا باسی لەسەدا ٢.٥ی وڵات‌و قرم دەکەین کە بەگشتی لەسەدا ٤.٥ی دیکەیە، کە پەیوەندییەکی جیاوازی لەگەڵ ناوچەکەدا هەیە بەراورد بەهەمو ئۆکرانیا، چونکە سەدان ساڵە خاکی روسییە. من نامەوێت بڕیار بدەم کە دەرئەنجامی دانوستانەکە دەبێت چی بێت، بەڵام ئەگەر هاوپەیمانان سەرکەوتو بن لە یارمەتیدانی ئۆکراینییەکان لەدەرکردنی روسەکان لەو خاکەی کە لەم شەڕەدا داگیریان کردوە، ئەوا دەبێت بڕیار بدەن کە دەبێت شەڕەکە چەند بخایەنێت.

ئەندرۆ رۆبەرتس: بەڵام هیچ کام لەم سێ دەرئەنجامە، بەڕاستی سزای پوتین نادات بەهۆی شەڕەنگێزییەکەی، وانییە هێنری؟

کیسینجەر: تەواو بەپێچەوانەوە. ئەگەر شەڕەکە بەو شێوەیە کۆتایی بێت کە لەداڤۆس پلانم بۆ داناوە، پێموایە دەستکەوتێکی گرنگ‌و بەرچاو دەبێت بۆ هاوپەیمانان، بەزیادکردنی فینلاندو سوید، ناتۆ بەهێزتر دەبێت، هەروەها ئەگەری بەرگریکردن لەوڵاتانی باڵتیک فەراهەم دەکرێت. ئۆکرانیا دەبێتە خاوەنی گەورەترین "هێزی زەمینی نائەتۆمی‌و کلاسیکی" لەئەوروپا، کە پەیوەندییەکی نزیکی بەناتۆ یاخود ئەندامی ناتۆ دەبێت. بەم شێوەیە بۆ روسیا دەردەکەوێ کە ئەو ترسەی لەدوای جەنگی دوەمی جیهانییەوە ئەوروپای گرتۆتەوە، لەوەی سوپای روسی لەشکرکێشی بکات بۆ سەر وڵاتەکانیان - سوپای کلاسیکی سنوورەکانیان ببەزێنێ‌و بچێتە ئەوروپاوە- دەتوانرێت بەکردەیەکی کلاسیک‌و نائەتۆمی ناتۆ ڕێگری لێبکرێت. بۆ یەکەمجار لەمێژووی مۆدێرن، لەبری ئەوەی ئەمریکا رەگەزی سەرەکی بەرگری کردن لەئەوروپا بێت بەهێزە ئەتۆمییەکانیەوە، پێویستە روسیا درک بەپێویستی پێکەوەژیان لەگەڵ ئەوروپا وەک یەکەیەک بکات.

 

بژاردەی ئەتۆمی

ئەندرۆ رۆبەرتس: پێتوایە ئیدارەی بایدن سەبارەت بەدانوستانەکانی ئەتۆمی ئێران باش کار دەکات؟

کیسینجەر: من لەسەرەتاوە لەڕادەبەدەر گومانم لەڕێککەوتنی ئەتۆمی هەبوو. پێموابوو سەلماندنی بەڵێنەکانی ئێران زۆر ئەستەم‌و قورس دەبێت، کە بەڕاستی دانوستانەکان کارێک دەکەن رەنگە پەرەدان بەچەکی ئەتۆمی کەمێک بەهێواشی بەرەوپێش بچێت، بەڵام وا دەکات حەتمی بێت. لەئەنجامدا ولاتە رکابەرەکانی ناوچەکە بەتایبەت ئیسرائیل – دوژمنی سەرەکی ئێران- هەروەها میسرو سعودیە کە دیسان وەک رکابەری سەرەکی ئێران کاردانەوەیان دەبێت، ئەمەش رەنگە دۆخەکە مەترسیدارتر بکات. ئێستا کێشەی دانوستانەکانی ئەتۆمی ئەوەیە کە زۆر مەترسیدارە بگەڕێینەوە بۆ ڕێککەوتنێک کە لەسەرەتاوە گونجاو نەبوە، دەستکارکردنی ڕێککەوتنەکەش بەئاڕاستەیەک کە زیاتر بۆ ئەوەی نەیارەکانی ئێران پێیان قبوڵ بکرێت هەر قورسە. بۆیە هێشتا ئەو نیگەرانییانەم هەیە کە لەبارەی ڕێککەوتنی سەرەتاییەوە هەمبوو. تا ئێستا مەرجەکانی ئەو ڕێککەوتنەم نەبینیوە، بەڵام بەڕاستی هیچ بەدیلێک نییە بۆ رێگرتن لەوەی ئێران ببێتە هێزێکی ئەتۆمی. هیچ ڕێگەیەک نییە بتوانیت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەچەکی ئەتۆمی لەئێران ئاشتیت هەبێت، چونکە پێش ئەوەی ئەم چەکانە بەرهەم بهێنرێن، مەترسیی هێرشی پێشوەختەی ئیسرائیل زیاترە، ئیسرائیل ناتوانێت چاوەڕێی ڕێوشوێنی رێگریکردن بکات. ناتوانێت بەرگەی گورزی تر لەخۆی بگرێت. ئەمە کێشەی خودی ئەم قەیرانەیە.

ئەندرۆ رۆبەرتس: لەچاوپێکەوتنی پێشومان لەسپێکتاتۆر لەساڵی ٢٠١٤ باست لەشەڕی ئەلیکترۆنی کرد وەک پێشبڕکێی جیهانی داهاتوو، پێتوایە ئێستا ئەم مەترسییە تا چەند جدییە؟

کیسینجەر: بەبڕوای من تایبەتمەندیی ناوازەی جیهانی هاوچەرخ لەڕوی مێژوییەوە ئەوەیە کە ئێستا تەکنەلۆجیا پێویستییەکانی ململانێ بەرهەم دەهێنێت‌و توانایەکی گەورەی هەیە بۆ لەناوبردنی شارستانیەت، وەک ئەوەی لێی تێدەگەین. ئەم ئاڵۆزیانە بەهۆی نەبوونی ئەزمونی بەکارهێنانی ئەم چەکانەوە زیاتر دەبن. دو تایبەتمەندی وێرانکەرو سەربەخۆی ئەم چەکانە ئەوەن کە دەتوانن ئامانجەکەیان هەڵبژێرن‌و مەترسییەکانیشی دیاری بکەن، ئەمە دەریدەخات کە چەندە مەترسیدارن‌و پێویستییەک بەسەرماندا دەسەپێنێت بۆ سنووردارکردنی پانتاییان، بەڵام ئێستا ئەمە ڕوونادات: هیچ دیالۆگێک لەنێوان وڵاتانی خاوەن تەکنەلۆژیای بەرزدا لەئارادا نییە. کە ئمە یەکێکە لەئەرکە سەرەکییەکان بۆ قۆناغی داهاتوی سیاسەتی دەرەوەیان‌و ناتوانن خۆیانی لێ بەدور بگرن. تاکە پرسیاری بەردەممان ئەوەیە: ئایا ئەم دیالۆگە دوای کارەسات رودەدات یان پێش کارەسات؟

 

سەرکردە مێژووییە گەورەکان

ئەندرۆ رۆبەرتس: لەکتێبە نوێیەکەتدا کە پاش ماوەیەکی کەم لە٩٩ ساڵەی لەدایکبونت بڵاوکرایەوە، لەتایبەتمەندییەکانی شەش سەرکردەی نائاسایی سەدەی بیستەم دەکۆڵیتەوە کە دەیانناسی: کۆنراد ئادیناوەر، دیگۆڵ، نیکسۆن، سادات، لی کوان یوو، تاچەر. وەک تۆ دەڵێیت "ستراتیژییە جیهانیەکان"ی ئەم سەرکردانە زۆر گرنگن. بۆچی ئەم شەش کەسەتان هەڵبژاردو بۆچی بڕیارتاندا کتێبێک لەسەر سەرکردایەتی بنوسن؟

کیسینجەر: بڕیارمدا کتێبێک لەسەر سەرکردایەتی بنوسم، چونکە ژیانم بەهاوبەشی لەگەڵ کەسانێک بەسەربردووە کە هەوڵیان دەدا روداو دروست بکەن‌ە جێ پەنجەیان بەسەر روداوەکانەوە بەجیبهێڵن، لەسایەی بارودۆخ‌و لەناو گێژاوێکی گەورەشدا بەو کارەیان هەستان. پێویستە روداوەکان لەڕێگەی سەرکردایەتی کۆمەڵگاوە لێکبدرێنەوەو ئاڕاستەی ستراتیژی‌و تەکنیکی‌و مانایان پێبدرێت. بۆیە پێموابوو باشترین ڕێگە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە ئەوەیە سەیری ئەو ئیدارەو حکومەتانە بکەین کە لەلایەن سەرکردەی ناوازەو تایبەتەوە بەڕێوەبراون. من ئەم شەش سەرکردەیەم هەڵبژارد، چونکە دەرفەتێکم بۆ ڕەخسا کە چاودێری هەریەکەیان بکەم لەکارداو بەشداری هەندێک لەکردارەکانیان بکەم، هەندێکجار لەقۆناغی داڕشتنی سیاسەتداو هەمیشە لەئاستی دیالۆگدا. پێموابوو ئەگەر مرۆڤ بیەوێت لەوە تێبگات کە چی پێویستە بۆ داڕشتنی ئەو ڕووداوانەی کۆمەڵگایەک ڕووبەڕووی دەبێتەوە بەشێوەیەکی بنیاتنەر یان بەسوود، رونکردنەوەو وێناکردنی سەرکردەکان ڕێگەیەکی باش‌و پێویستە بۆ تێگەیشتن لێی.

ئەندرۆ رۆبەرتس: لەکۆتایی ساڵی 1945 لەسوپای ئەمریکا بوویت لەئەڵمانیاو ڕاستەوخۆ ئەو کارەساتەت بینی کە نازییەکان هێنایانە ئاراوە. بەبڕوای ئێوە، ئادیناوەر ئەو پیاوەیە کە دوای جەنگ زیاتر لەهەموو کەسێک یارمەتی ئەڵمانیای داوە بگەڕێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە بەکارهێنانی ئەو شتەی کە تۆ ناوت لێناوە "ستراتیژی خۆبەزلزانین"، مەبەستت لەم زاراوەیە چییە؟

کیسینجەر: بەگشتی سەرکردەکان ئەو رەگەزانەی کۆمەڵگەیان لەبەردەستدایە کە دەتوانن ئاڕاستەی روداوەکانی بەرەو باشتربون لەسەر بنیات بنێن، بەڵام ئادیناوەر کاتێک بو بەڕاوێژکاری ئەڵمانیا کە ژێرخانی کۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و فەلسەفی ئەو وڵاتە بەتەواوی داڕما بو، وڵات لەسایەی داگیرکاریدا بو، مۆدێلێکی سەرکەوتوی لەبەردەمدا نەبو بۆ دروستکردنی ئەڵمانییەکی مۆدێرن‌و نیشتیمانی، کە بتوانێت پەیڕەوی لێبکات بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆی. بەم شێوەیە دەکرێ بڵێین لەسفرەوە دەستیپێکرد. کۆمەڵگایەکی ناتەباو پەرتەوازەی کۆکردەوە لەسەر بنەمای دیموکراسی. دەکرێت بەمە بڵێین ستراتیجی خۆبەزلزانین. بۆ بیرهێنانەوە لەکۆتایی شەڕەکانی ناپلیۆندا، تالێران سیاسەتی دەرەوەی وڵاتێکی گرتە دەست کە شکستی هێنابو، بەڵام فەرەنسا وەک قەوارەیەک مایەوە کە توانی هاوشان لەگەڵ دەوڵەتەکانی دیکەو لەپەیوەندییە دیپلۆماتیکەکاندا دەربکەوێت. بەپێچەوانەی ئەمە، کاتێک ئادیناوەر حکومەتی ئەڵمانیای گرتە دەست، ناچار بوو وڵاتەکە لەڕوی ئەخلاقییەوە یەکسان بکات لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی دیکە کە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرد. لەبەرئەوە لەسەری پێویست بو دابەشکردنی وڵات‌و جیابونەوەی بەشێک لەپیشەسازییەکانی‌و دامەزراندنی قۆناغ بەقۆناغی دامەزراوە دیموکراتییەکانی قبوڵ بکات. دەبو لەژینگەیەکیشدا کار بکات کە هێشتا هەندێک رەگەزی ناسیۆنالیزمی کلاسیکی بونی هەبو. بۆیە ناچار بوو حکومەت‌و شەرعیەت لەناوخۆی وڵاتدا بنیات بنێت‌و ڕەزامەندی کۆمەڵگاکانی تری ئەوروپاش بەدەستبهێنێت. ئەو لەڕێگەی کەسایەتی خۆیەوە، لەڕێگەی هێزی خۆیەوەو لەڕێگەی خۆبەزلزانینەوە، ئەو کارەی کرد. لەیەکێک لەمشتومڕەکانی پەرلەمانی ئەڵمانیادا، هاوار دەکات: پێتانوایە کێ لەشەڕەکەدا دۆڕاوە؟ کە ئەمەش بەگشتی سەرکردەکان نایڵێن!

ئەندرۆ رۆبەرتس: چەندین گفتوگۆی نائاساییت لەگەڵ شارل دیگۆل هەبوە، کە کەسایەتییەکی گەورە بو بەڵام تەحەمول نەدەکرا، تۆ دەڵێیت ئەو شکۆو گەورەیی بۆ فەرەنسا گەڕاندەوە، چ لەکاتی جەنگی جیهانی دووەمداو چ بە"ستراتیژی ئیرادە"ی خۆی کە سەرۆکی فەرەنسا بو، ئایا ئەو کەسێکی بلیمەت‌ بو یان تنها کەسێکی توڕەو بێزارکەر بو، وەک ئەوەی چەرچڵ‌و ڕۆزڤێڵت دۆزییانەوە؟

کیسینجەر: دیگۆل بەشێنەیی وەک سەرکردەی وڵاتێک دەرکەوت، دوای کەوتنی سەربازی فەرەنسا، بەگەیشتن بەئینگلتەرا بەبێ پارەو بێ حزبی سیاسی‌و بەبێ زمان. سەرکردایەتی ئەو بۆ ئەوەی پێیدەوترێت 'فەرەنسای ئازاد' ؛ە لەلایەن چەرچڵەوە دامەزراو پێی وت: "تۆ تەنیایت‌و منیش تەنیام، بۆیە دانت پیادا دەنێم". دیگۆل لەسەر ئەم بنەمایە، وێنەیەکی خەیاڵی دروستکرد. بەڵام وێنەیەکی خەیاڵی نەبو، بەڵکو باوەڕی قوڵی ئەو بوو کە گەورەیی فەرەنسای لەخۆیدا بەرجەستە کردوە، کە سەردەمانێک گەورەیی تایبەتمەندی جیاکەرەوەی ئەو وڵاتە بو. هەر لەسەرەتای دانوستانەکانەوە بەریتانیا بەپارەی خۆی یارمەتی دارایی پێداو دیگۆل تەنها وەک قەرز وەریگرت‌و پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە لەکۆتایی جەنگدا پارەکە دەگەڕێنێتەوە. هەر لەسەرەتاوە ئەو بنەمایەی دامەزراند کە لەکاتێکدا سەرکردایەتی گشتی بەریتانیا قبوڵ دەکات، بەڵام دەبێت فەرەنسییەکان خۆیان هەڵوێستە ستراتیژییەکانی فەرەنسا دیاری بکەن. ئەمە لەڕادەبەدەر بێزارکەر بو، چونکە چەرچڵ ئەمەی قبوڵ کرد، بەڵام ڕۆزڤێڵت هەرگیز قبوڵی نەکرد. ڕۆزڤێڵت هەمیشە دیگۆلی بەسەرکردەیەکی بەرژەوەندیخواز دەزانی‌و ئەوەی رەتکردەوە کە وەک سەکردەیەک خۆی خزمەتی خۆی بکات، کە ئەمەش وا نەبو، چونکە دەستکەوتە گەورەکەی دیگۆل ئەوە بوو توانی گەورەیی فەرەنسا بەرجەستە بکات‌و بیکات بەکاراکتەرێکی باڵادەست‌و کاریگەر. لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ فەرەنسا، هێزی گەورە هەبون کە بەرگری‌و بەرخۆدانیان کردبو دژی نازییەکان، حیزبی دامەزراو هەبون‌و ئەو لەسەر خاکی فەرەنسا نەناسرابو. سەرەتا خەڵک نەیاندەناسی چونکە تەنها لەکەناڵی بی بی سی دەنگیان دەبیست. بەڵام ئەو دەسەڵاتێکی ئەخلاقی بەجۆرێک بەدەستهێنابو کە کاتێک چووە ناو پاریسەوە بە شێوەیەکی کردەیی توانی کۆنترۆڵی حکومەت بکات، بەبێ ئەوەی بەڕونی داوای بکات. ئەو تێگەیشتنەی هەبوو کە پاش خەبات‌و ئازاردان بۆ ئامانجەکەی‌و بەدیهێنانی، پێویستە دوای نزیکەی ساڵێک دەست لەپۆستەکەی بکێشێتەوە، چونکە پێیوابوو ئاڕاستەی سەرەکی پەرەسەندنی دەستور ئەوەیە کە جارێکی دیکە فەرەنسا دەگەڕێنێتەوە بۆ دابەشبون‌و گرژی‌و ناکۆکییەکانی پێشوی. پاشان دوای ١٣ ساڵ گەڕایەوە بۆ دەسەڵات‌و توانی کێشەی جەزائیر چارەسەر بکات‌. پێداگری لەسەر ئەوەش کرد کە فەرەنسا دەبێت توانای ئەتۆمی هەبێت، وڵاتەکەی لەسەر بنەمایەکی هاوتای بەریتانیا دامەزراند. بێگومان ئەو "پەیوەندییەکی تایبەتی" لەگەڵ ئەمریکادا نەبو، بەڵام دەستکەوت‌و ئەدای کارەکانی سەرنجڕاکێش بون، سیاسەتی دەرەوەی فەرەنسا تا ئێستاش بەتوندی بەپێی پرەنسیپە دیگولییەکان دادەڕێژرێن.

 

بیرەوەرییەکانی نیکسۆن

ئەندرۆ رۆبەرتس: لەنێو ئەم شەش کەسەدا زۆرترین کارت لەگەڵ ڕیچارد نیکسۆن کردوە، له‌كتێبه‌كه‌تدا پۆرترێتێکی بەگشتی هاوسۆزی‌و خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌و ده‌خه‌یته‌ڕو، سەرنجت لەسەر سیاسەتی دەرەوەیەتی، به‌ڵام هه‌روه‌ها به‌ڕونی كاره‌كته‌رو كه‌موكورتیه‌كانی ده‌رده‌بڕیت، ئەو وەک مرۆڤێک چۆن بوو؟

کیسینجەر: نیکسۆنم نەدەناسی کاتێک منی دامەزراند. ئەوەی جێگای سەرنجە ١٥ ساڵ پێش ئەوە، من ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوە بوم بۆ نیلسۆن ڕۆکفێلەر کە نەیارێکی سەرەکی نیکسۆن بو. نیکسۆن پیاوێکی زیرەکی بەرچاوڕون‌و زۆر بوێر بو، کاتێکی زۆری لەبیرکردنەوەدا بەسەر دەبرد. لەهەمانکاتدا هەستی بەنائەمنی دەکرد بەرامبەر بەو کەسانەی کە دەبو مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، ئەمەش وایلێکرد لەکاتی چێبەجێکردنی تیمی کارەکەی لەنوسینگەکەی فەرمانەکانی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەڕێگەی نوێنەرو بریکارەکانەوە یان بەڵگەنامە نوسراوەکان دەردەکرد. بۆیە بەمەبەستی ڕێگریکردن لەڕوبەڕوبونەوە، لەگفتوگۆ تایبەتەکاندا لەگەڵی مرۆڤ هەرگیز نەیدەتوانی بەتەواوی بزانێت چ ڕەخنەیەکی هەبێت دەرینەبڕیوە، بۆ ئەوەی لەڕوبەڕوبونەوەی راستەوخۆ دور بکەوێتەوەو ڕێوشوێنی خۆپارێزی دەگرتەبەرو پرسەکانی نەدەهێنایە ئاراوە. بەڵام کەسێکی زۆر چالاک‌و یەکلاکەرەوە بوو. نیکسۆن زۆر کارامەو کاریگەر بو. لەگۆڕینەوەی بیروڕاو وەرگرتنی بۆچونەکان لەناو ئیدارەدا، ئیدارەکەی ناوازەترین شێوەی حکومەت بو کە تا ئێستا خزمەتم تێدا کردبێت.

ئەندرۆ رۆبەرتس: پێتوایە نیکسۆن لەڕووی جیۆستراتیجییەوە چی بەدەستهێناوە؟

کیسینجەر: کاتێک نیکسۆن دەستبەکار بوو، ٥٠٠ هەزار ئەمریکی لەڤێتنام بون‌و ٥٠ هەزار کەسیش لەترانزێتدا بەڕێگاوە بون لەنێوان ئەم دو وڵاتەدا. هەستی کرد کە کێشەی دەرونی‌و سیاسی‌و ستراتیژی ئەوەیە کە چۆن ئەم خەڵکە لەڤێتنام بکێشینەوە بەبێ ئەوەی خیانەت لەهەموو ئەو کەسانەی ناوچەکە بکرێت ژیانی خۆیان خستۆتە مەترسییەوە بۆ ئەوەی چارەنوسی خۆیان لەدیموکراسیدا هاوبەش بکەن. کەواتە پرسیاری ڕاستەقینە بۆ من‌و نیکسۆن لەجەنگی ڤێتنامدا ئەوە بو کە ئایا دەتوانین ئەم هێزانە لەو بارودۆخەدا بکشێنینەوە کە بەشە ناکۆمۆنیستەکەی ڤێتنام دەرفەتێکی سیاسی ڕاستەقینەی پێدرابێت بۆ ئەوەی خۆی بپارێزێت؟ پێموایە لەوەدا سەرکەوتو بوین، بەڵام نەک لەڤێتنام بەڵکو لەواشنتۆن لەئەنجامی واتەرگەیت شکستی هێنا.

دووەم: نیکسۆن پێیوابوو کاتێک دوو نەیارو دوژمنت هەن، چین‌و روسیا، پێویستە مرۆڤ هەوڵی دۆزینەوەی جیاوازییەکانیان بدات‌و بەم شێوەیە چین بەسیستەمی سیاسی جیهانییەوە ببەستێتەوەو لەو کاتەوە هەرچییەک ڕوویدا، بۆ ماوەی دوو دەیە ئێمە لەم دوو وڵاتە نزیکتر بووین تا نزیکی خۆیان لەگەڵ یەکتر. لەئەنجامدا وایکرد هەردوو وڵات بیر لەجیاوازی‌و رکابەرییان بکەنەوە تا ئایدیۆلۆژیا هاوبەشەکەیان.

سێیەم: لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست توانی پرۆسەی ئاشتی بەسەر چەند قۆناغێکدا دابەش بکات‌و بیکاتە پرۆسەیەکی هەنگاو بەهەنگاو کە بەهەوڵێکی یەکگرتوو هەژمار دەکراو لەئەنجامدا زنجیرەیەک رێککەوتنی ئاشتی لێکەوتەوە. ئەمەش وایکرد ئەمریکا ئەو ڕۆڵە بگرێتە ئەستۆ کە بەریتانیا پێش قەیرانی کەناڵی سوێس وەک داڕێژەری سیاسەت گێڕاویەتی. ئەمریکا تا کۆتایی سەرۆکایەتی نیکسۆن رۆڵی رێنمایی گێڕا.

نیکسۆن لایەنگری بەرگری کردن لەئەمریکا بو، بەڵام لەهەمانکاتدا لایەنگری دانوستانەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک بو، چونکە دەیویست نیشانی بدات کە توانای لەناوبردنی مرۆڤایەتی کێشەیەکە پێویستە هەمیشە بیری لێبکرێتەوە. هه‌روه‌ها ویستی ئه‌م دانوستانانه‌ وه‌ك ئامرازێك بۆ ڕاهێنانی دوژمن به‌كاربهێنێت، به‌ڵام پێشمه‌رجی ئه‌مه‌ بوو: ئیراده‌یەکی گه‌وره‌ له‌كاتی تەحەداو شه‌ڕدا. بۆیە ئەو بوێرییەی هەبوو کە هێزەکانمان بخاتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە لەقەیرانی ئوردنی ساڵی 1970و لەقەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ساڵی 1973. سەرەڕای ناڕەزایی تەواوی جیهانیش، سیاسەتێکی لەقەیرانی هیندستان‌و پاکستاندا جێبەجێ کرد لەسەر بنەمای ئەوەی کە نەیدەویست یەکێتی سۆڤیەت دەسەڵاتی کاراو باڵادەست بێت لە باشووری ئاسیادا. هەرچەندە ئەم کارە ئێمەی خستە بەردەم دوژمنایەتی هیندستان بۆ ماوەیەکی کاتی، بەڵام پێشمەرجێک بوو کە دوای کۆتایی هاتنی قەیرانەکان، هیندستانمان وەک وڵاتی سەرەکی ناوچەکە ناساند.

ئەندرۆ رۆبەرتس: جارێک کۆنراد ئادیناوەر لەساڵی ١٩٦٧ پرسیاری لێکردی، پێتوایە دەکرێت ئەمڕۆ سەرکردەیەکی وەها گەورە سەرهەڵبداتەوە؟ دەتوانم ئەمڕۆش هەمان پرسیار بکەم: پێتوایە هیچ یەکێک لەسەرکردەکانی ئەمڕۆ هێندەی ئەو شەش کەسەی کە لەسەرت نوسیون گرنگ‌و کاریگەرو باوەڕپێکراو بن؟

کیسینجەر: هەمو فشارەکانی چالاکی سیاسی مۆدێرن ئەوەندە بەکاربراون کە دوربینی‌و مێژووسازی- کە سروشتی دوەمی چەرچڵ بو- نزیکە لەمەحاڵەوە سەرهەڵبدات. لەنێو سەرکردەکانی ئێستای رۆژئاوادا ناتوانم نمونەی کەس بهێنمەوە کە بەرجەستەی ئەم پرسە بکات. مەترسییەکی گەورەیە چونکە بەو مانایەیە کە هەر دیماگۆگێک بتوانێت ناڕەزایەتییەکانی ئێستا دەستبەجێ بقۆزێتەوە‌و بتوانێت کاریگەرییەکی ناڕەوای هەبێت. ئەمە گەورەترین کێشەیە بۆ ئایندەی دیموکراسی. پێویستە سەرکردە گەورەکان لەکۆمەڵگاکانیان تێبگەن‌و باوەڕیان بەکۆمەڵگاکەیان هەبێت، بەڵام هاوکات دەبێت ئیرادەی ئەوەیان هەبێت بتوانن دۆخەکەیان باشتر بکەن‌و کۆمەڵگا لەو شوێنەی کە تیایەتی ئاراستە بکەن بۆ باشترو ئەو شوێنەی کە هەرگیز نەبوە.

 

هێمینگوای‌و داهاتو

ئەندرۆ رۆبەرتس: کتێبەکەت پڕە لەدەستەواژەی لەبیرنەکراوو رستەی کورتی سەرنجڕاکێش: کام نوسەر گەورەترین کاریگەری لەسەرت هەبوە؟

کیسینجەر: وەک لەگفتوگۆکەماندا ڕون دەبێتەوە لەدەربڕینی بیرکردنەوەکانمدا زۆر لەژێر کاریگەری چەرچڵ‌و دیگۆلدا بوم. هەرچەندە من زیاتر لەژێر کاریگەری هێمینگوایدام، چونکە حەزم لەدرێژدادڕیی‌و وەسفکاریی نییەو هەوڵدەدەم تا دەتوانم لەدەربڕیندا کورت بم‌و بەکەمترین وشە دەرببڕم.

ئەندرۆ رۆبەرتس: پێتوایە مێژووچۆن سەیری تۆ دەکاو حوکمی چی بەسەر تۆدا دەدات هێنری؟

کیسینجەر: من بەڕاستی بیرم لێنەکردۆتەوە، چونکە ژیانم ئاڕاستەیەکی ناتەبای هەبوە. لەخاڵی دەستپێکەوە تا خاڵی کۆتایی بەڕاستەهێڵێکدا تێنەپەڕیوە. کاتێک هەرزەکار بوم هەرگیز بەبیرمدا نەدەهات کە ڕۆژێک دێت ببمە وەزیری دەرەوە. من بەغەریزە لایەنگری ئەو بیرۆکەیەم کە ئەمریکا - بەهەمو شکستەکانییەوە - هێزێکە بۆ چاکە لەجیهانداو پێویستە بۆ سەقامگیری جیهان. لەم بوارەدا هەوڵێکی هۆشیارانەم داوە. هەوڵەکانم بەردەوام لەسەر فێربوونی چەمکەکانی دیپلۆماسی‌و مێژو بوە، لەگەڵ هەستێکی قوڵی سوپاسگوزاری بۆ ئەم وڵاتە کە وایکردوە خێزانەکەم بتوانن بێنە ئێرە. جگە لەوەش هەوڵمداوە سەرنج بخەمە سەر ئەو گۆڕانکارییانەی بەهۆی تەکنەلۆجیاو زیرەکی دەستکردەوە ڕودەدەن، کە لەسەد ساڵی داهاتودا دیدگای مێژو دیاری دەکەن.

ئەندرۆ رۆبەرتس: تۆ تەنها ٩٩ ساڵیت، کتێبی داهاتوت دەربارەی چی دەبێت؟

کیسینجەر: بەگشتی دوای تەواوکردنی کتێبێک‌و پێش دەستپێکردنی کتێبی داهاتو، پشویەک وەردەگرم، بەزۆری بەقۆناغێکی سێ ساڵەدا تێدەپەڕم. لەئێستادا بیر لەچەند پرسێک دەکەمەوەو ساڵی داهاتوو دەتوانم باشتر وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە.

زۆرترین بینراو
بەهۆی جلە كوردییەكانییەوە، سەرۆكی یانەی دهۆك لە ئامەد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەستگیركرا
مەلا بەختیار: مەترسی هەرە گەورە ئەوەیە كە یەكێتی و پارتی لەناو دەوڵەتانی ئیقلیمیدا سەرەتاتكێیانە
دوای شەش مانگ لە كوژرانی، سزای لەسێدارەدان بۆ ژن و برایەكی كارمەندێكی ئاسایشی بەردەڕەش دەرچو
مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران دوادەکەوێت
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا یاسای ژینا (مەهسا)ی پەسەندکرد
رۆژهه‌ڵاتی كوردستان؛ وانەبێژێکی دیکەی زمانی کوردی 11 ساڵ زیندانی ده‌كرێت
مه‌ریوان قه‌ره‌نی‌: ناكرێ رێككه‌وتنه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق له‌باره‌ی مووچه‌ بكرێته‌ قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێك لایه‌ن
پلاسخارت لە "گەندەڵی لەناو فەرمانبەرەکانیدا" خۆی دەرباز دەکات؛ داوای لێکۆڵینەوە ده‌كرێت
کۆمسیۆن ژمارەی بنکەو ناوەندەکانی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرد
راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی هەرێم ئەگەری روبەڕوبونەوەی عێراق لەگەڵ پە*كە*كە لە قەندیل بەدور دەزانێت
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×