مەلا بەختیارو عەلی حەمەساڵح بە"شەلاتی" یەکتر ناودەبەن
  2022-07-26       3499       

 

ئا: ئاوێنە

میدیاکەی مەلا بەختیار لەوتاریکدا عەلی بە"کۆنە شەلاتی" ناودەبات‌و دەڵێت "عەلی كە لەپەرلەمانەو یاساو رێسا دادەڕێژێ‌، بەزمانی شەلاتیەكان قسە دەكات، ئەویش شەلاتی كۆن، چونكە وشەی (کابرا) هێندە سوكە، زۆر كەم لای شەلاتیەكانیش بەكاردێ‌. مەگەر لەچەواشەكردنی خەڵكدا بۆ كەسانی وەكو عەلی شیاو بێ‌!"، عەلی حەمەساڵیش لەوەڵامدا دەڵێت "لەھەموو ژیانی مندا جنێوو بێ ڕێزیەک نیە! ئەمە خۆی بەڕابەری دیمکراسیخوازان‌و بزوتنەوەی ڕۆشنگەری دەزانێت! ھەموان دەزانن ڕەفتاری شەلاتی لای کێیە!".

 

پاش نوسینی وتارێک بەناونیشانی "سەرو سمێڵ تاشین رەفتاری چ تاقمێكن؟" لەلایەن مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، کە دەربارەی ئەیمەن عەبد کاکەیی، ئەو هاوڵاتییە کاکەییەی چەند چەکدارێک لەنزیک ئامرلی سوکایەتییان پێکردو سەرو سمێڵیان تاشی، مەلا بەختیار ئەو کارەی بەکردەوەی "ئیسلامی توندڕەو"و "فاشی رەفتارانە" ناوبردو پرسیاری ئەوەی کردبو "با بپرسین، لەدوای سەرهەڵدانی داعشەوە، ئایا تاقە كاكەییەكیش لەهەمو جیهاندا بوەتە داعش؟ بێگومان نەخێر. ئەی هەمو ئەوانەی بونەتە داعش، ئایا موسڵمان نەبون؟ بەڵێ‌ توندڕەوترین موسڵمان بون، كەچی ئەم سێ‌ حەشدە، لەبری ئەوەی رێزی كاكەییەكان بگرن، كە تاقە كەسێكیشیان نەبونەتە داعش‌و دەستیان لەڕشتنی خوێنی هیچ موسڵمانێك‌و مرۆڤێك نەژەنیوە، چاكەیان بەئەتك كردن دەدەنەوە."


لەبەرامبەریەشدا عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان وەڵامی مەلا بەختیاری دایەوەو لەپۆستێکدا نوسی "ھەمو ئەوانەی 31 ساڵە دزی لەمیللەت دەکەن‌و خوێنی خەڵک بەناحەق دەڕێژن، ئەوانە بون دژی ڕەفتاری موسوڵمان بون! سەردەمانێک لەسەر چون بۆ مزگەوت خەڵکتان زیندان دەکرد.. زۆر باشیش دەزانن تیرۆرستانی داعش دژی مەبادئی ئیسلام زۆر ڕەفتاریان کرد، دەشزانن ئەم ڕەفتارەی دژی کاکەیی ھیچ  پەیوەندی بەئیسلامەوە نیە، ناکرێ ڕەخنە لەحەشد بگری‌و باسی ئیسلام نەکەیت! ئەم لێدانە لەئیسلامە بۆ"

ئەم وەڵامدانەوەیەی عەلی حەمەساڵح، چەندین وەڵامدانەوەو وتاری بەدوادا هات لەماڵپەڕی "چاودێڕ"ی سەر بەمەلا بەختیارەوە، کە دیارترینیان وتارێکە بەناونیشانی "عەلی حەمەساڵح چۆن باسی دیموكراسی دەكات؟"، کە نوسەرەکەی "كەریم قەراغی" ناوێکە.
کە تیایدا هاتوە "لەپەیجی چاودێردا وتارێك نوسراوەو عەلی حەمەساڵح بەم وتارە قەڵس بووەو لەكۆمێنتێكی نیمچە وتاردا نوسیویەتی: "ئەمە كابرای دیموكراسی خواز بوو". جارێ‌، با لەسەر ئەدەبی وشەی "كابرا!!"ی كاك عەلی قسە بكەین، پاشان دێینە سەر هەندێ‌ رستەی تری. ئەم برایە نە كوردی باش دەزانێ‌‌و نە لەداب‌ونەریتی كوردەواریش شارەزایە، وشەی "كابرا" لەزمانی كوردیدا، بۆ شكاندنە. بۆ تەوسە. بۆ تەشەرە. عەلی كە لەپەرلەمانەو یاساو رێسا دادەڕێژێ‌.. بەم زمانەی شەلاتیەكان قسە دەكات.. ئەویش شەلاتی كۆن. چونكە ئەو وشەیە هێندە سوكە، زۆر كەم لای شەلاتیەكانیش بەكاردێ‌. مەگەر لەچەواشەكردنی خەڵكدا بۆ كەسانی وەكو عەلی شیاو بێ‌!"
وتارەکە ئاماژە بەوەش دەکات "جارێ‌ لەوتارەكەی بەڕێز مەلا بەختیار لەسەر پێشمەرگەیەكی كاكەیی ئەتك كراو، هەرگیز تاوانەكە نەبەستراوەتەوە بە ئیسلامەوە، تەنانەت گرێ‌ نەدراوە بە حەشدی شەعبیشەوە، نەخوازەڵڵا ئیسلامی پیرۆز. ئەوە عەلی حەمەساڵحە.. وەكو كەفی چەم قسەكانی بڵقە بڵقێتی‌و هەر لەخۆشیەوە، خۆی كردۆتە پارێزەری ئاینی ئیسلام".

هەروەها لەوتارەکەدا هاتوە "(عەلی) لەكۆتاییشدا دەڵێ‌: (لای من وەك ئێوە نیە حیزب بۆ خۆ دەوڵەمەندكردن بێت). ئەم قسانە بەرامبەر هەر كەسێك بكرێ‌، كەسێكی وەكو كاكە عەلی حەمەساڵح نەدەبوو بەرامبەر بەڕێز مەلا بەختیار بیكات. چونكە سەد ساڵی تر عەلی سیاسەت بكات ناگاتە بەرپرسیاری كارگێڕی مەكتەبی سیاسی حیزبێكی وەكو یەكێتی. مەلا بەختیار لەو پۆستە باڵایەدا، لەبەر هەڵوێست‌و بیروباوەڕو رەخنەی جیاواز، لەو پۆستە وازی هێناوە، لە گەندەڵیش نەگلاوە. ئەگەر گەندەڵ بوایە، شادڕەوان نەوشیروان بەڵگەی لەسەر هەموو كەسێك بۆ گەندەڵی هەبوو.. ئەی بۆ بەرامبەر بەڕێز مەلا بەختیار هیچی بڵاونەكردەوە، لەكاتێكدا مەلا بەختیار تاقە كەس بوو لەناو مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی بەرپەرچی گۆڕان‌و نەوشیروانی دەدایەوە".
 

عەلی سەبارەت بەم وتارو وەڵامدانەوانە، لەهەژماری تایبەتی خۆی لەفەیسبوک نوسیویەتی "ئەمە دیموکراسیەکەت بوو؟! تەنیا وتومە: بەستنەوەی داعش بەئیسلامەوە ھەڵەیە. لەڕێگای میدیاکەیەوە کەوتوەتە قسەی نزم‌و بازاڕی، جارێ دەڵێ "شەلاتی" جارێ دەڵێ " پێشمەرگە نەبوی"! ٣١ ساڵە خەباتمان پێدەفرۆشن!".

دەشنوسێت "لەھەموو ژیانی مندا جنێوو بێ ڕێزیەک نیە! ئەمە خۆی بەڕابەری دیمکراسیخوازان‌و بزوتنەوەی ڕۆشنگەری دەزانێت! ھەموان دەزانن ڕەفتاری شەلاتی لای کێیە!".

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×