لێکۆڵینەوەی: ئەستێللە ئامی دێ لا برێتێک*
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
ئێزیدییەکان کەمینەیەکی ئاینین کە بە کرمانجی دەئاخڤن (کوردیی باکوور) و بە سەرباکووری عێراق، سووریا، قەوقاز (ئەرمینیا و جۆرجیا) و ڕۆژاوای ئەوروپادا بڵاو بوونەتەوە١. ئەمڕۆ گەورەترین گرووپی ئێزیدی لە باکووری عێراقدا دەژین، کە زێدی زۆربەی زۆری شوێنە پیرۆزەکانیشیانە. ئەو ئێزیدییانەی لە قەوقازدا جێگیر بوون لە ماوەی سەدەی نۆزدە و هەروەها لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمیشدا ئەنەدۆڵیان بەجێهێشتووە. لە سەردەمی ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیێتەوە، بێکاری و گرژی و ئاڵۆزیی ئیتنیکی زۆرێک لە ئێزیدییەکانی پاڵپێوەنا لە قەوقازەوە بەرەو ڕووسیا، ئۆکراینا یان ئەوروپای ڕۆژئاوا بڕۆن. ئەم باسەمان: (1) لە بوونی ئێزیدی دەدوێت لە یەکێتیی سۆڤیێتدا و (2) چاو خستنە سەر ڕۆڵیان لە پەرەپێدان و پێشخستنی توێژینەوە کوردییەکان و دەزگا و دامەزراوە کوردییەکان و هەروەها (3) وێناکردنی چۆنێتیی پەرەسەندنی بوونی ئێزیدی لە پاش کۆتاییهاتنی یەکێتیی سۆڤیێت و بەتایبەتیش تیشک دەخاتە سەر مشتومڕە نوێکان لەبارەی شوناس و پەیوەندییەکانی نێوان ئێزیدییەکان و جووڵانەوەکانی کورد لە تاراوگەدا (دیاسپۆرا).
کوردەکان و ئێزیدییەکان لە یەکێتیی سۆڤیێتدا
نیشتەجێبوون و سەرژمێرییەکان
ئێزیدییەکانی یەکێتیی سۆڤیێت لەو وڵاتەوە هاتوون کە ئێستا کۆماری تورکیایە لە ئەنجامی دوو شەپۆلی کۆچکردندا، کە یەکەم شەپۆلیان لە ماوەی جەنگەکانی ڕووسیا و عوسمانییەوە بوو لە سەدەی نۆزدەدا (١٨٢٨ - ١٨٢٩ و ١٨٧٩ - ١٨٨٢)، شەپۆلی دووەمیش لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا بوو، بەتایبەتی لە پاش قڕکردنی بەکۆمەڵی ئەرمەن لە ١٩١٥ - ١٩١٦دا کەوا ئەرمەن و ئێزیدییەکانی کردبووە ئامانج. ئێزیدییەکان لە ناوچەکانی وان و قارس و دۆغۆبایەزیدەوە کۆچیان کردبوو و لە پێش کۆچکردنیاندا بەشێکی دانەبڕاو بوون لە کارلێکی خێڵە کوردەکان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا. ئێزیدییەکان لە حەیبەت ستەم و چەوساندنەوە لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا هەڵاتوون و پەنایان بردووەتە بەر ئیمپراتۆرییەتی ڕووسی٢. ئێزیدییەکانی کەوا لە شەپۆلی یەکەمدا کۆچیان کردبوو بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچە شاخاوییەکانی ئاراگاتزدا (ناوچەکانی ئاپاران و تالین) جێگیر بووبوون. ئەو ئێزیدییانەش کە لە سەرەتای سەدەی بیستدا کۆچیان کردبوو لە گوندەکانی پێدەشتەکاندا نیشتەجێ بوون (لە ناوچەکانی ئەشتەراک و ئیچمیادزین و ئارماڤیر). دواتر لە ساڵانی ١٩٣٠کاندا، هەندێک لە ئێزیدییەکانی ناوچەی ئاپاران لە تبیلیسی نیشتەجێ کران بۆ کارکردن لە کارگەکاندا.
لەواقیعدا، کوردە موسڵمانەکان پێشتر لە ناوچەکانی پشت قەوقازدا (ترانسقەوقازیا) دەژیان کاتێ کە ئێزیدییەکان ڕۆیشتنە ئەوێ و ئەوان لە سەدەی هەژدەدا ڕۆیشتبوون کاتی کە ئەو خاک و ناوچانە بەشێک بوون لە قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و پاشان بوون بە ڕەعییەتی تساری ڕووسیا کاتێ کە ناوچەکانی پشت قەوقازی لە ماوەی سەدەی نۆزدەدا داگیرکرد٣ (کاراتینی، ١٩٩٠: ١٢١). ئەوان لە کۆمەڵگەکانی یەکێتیی سۆڤیێتدا زیاتر بە "نەتەوە nationality" دەناسران وەک ئەوەی بە باوەڕی ئاینییان بناسرێنەوە٤. بەو پێیە ئێزیدییەکانیش هەر بە "کورد" لەقەڵەم دران شانبەشانی موسڵمانە کوردەکان. لە پاش ساڵی ١٩٢٦، ئەم پۆلێنکردنە لە ئەژماری سەرژمێرییەکانی سۆڤیێتیدا وا ڕەنگیدابووەوە کە چیتر ئاین و باوەڕ پێوەر نەبێت بۆ گەل و نەتەوە و کەمینەکان و بە ڕێگەی جۆراوجۆر تەگەرە خرایە بەر ئاین و ڕەگەز یان نەتەوە بوو بە پێوەری ئەوەی کە ئەم گرووپانە سەر بە چ لایەکن و بەو پێیە، کوردە موسڵمانەکان و ئێزیدییەکان هەر هەموویان بە کورد دانران لە ئامار و سەرژمێرییەکاندا. سەرژمێریی گشتیی ساڵی ١٩٢٦ی سۆڤیێت ٥٤٦٦١ کوردی تۆمار کرد، ئەوی ١٩٣٩، ٤٥٨٦٦ کوردی تۆمار کرد و ساڵی ١٩٥٩ ژمارەیان گەیشتە ٥٩ هەزار (لەگەڵ ٢٦ هەزار لە ئەرمینیا و ١٦ هەزار لە جۆرجیا) (ئەریستۆڤا، ١٩٦٦: ١٩؛ چەتۆییڤ، ١٩٦٥: ٩). دوابەدوای سەرژمێریی گشتیی ساڵی ١٩٥٩، بێننیگسن (١٩٦٠) نووسیوێتی کەوا لە یەکێتیی سۆڤیێتدا، ٢٦ هەزار کورد لە ئەرمینیادا دەژین، لە جۆرجیادا ١٦ هەزار، لە ئازەربایجان ژمارەیەکی گرنگ و بەرچاو کورد لە ناوچەی گەنجە و کۆماری ئۆتۆتۆنۆمیداری نەخچەواندا دەژین، بەڵام نازانرێت ئەو ژمارەیە چەندە) ٥ و لە تورکمانستانیش (چەند هەزارێکیان لە نزیک سنووری ئێران نیشتەجێن). بەهەرحاڵ، زۆربەی زانا و توێژەرەکانی بواری کوردناسیی سۆڤیێت (کورۆلۆجیست) وایدادەنین کە ئەم ژمارانە لە خوار خەمڵ و مەزەندەی ژمارەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی ڕاستەقینەی کوردەوەن لە یەکێتیی سۆڤیێتدا. بە درێژایی ساڵانی ١٩٥٠کان نووسەران خەمڵ و مەزەندەی بەرزتریان داوە و ئەریستۆڤا (١٩٥٤) بە ١٥٠ هەزاری داناون و لای کوردۆییڤ (١٩٥٧: ١٠) ١٢٠ هەزار بووە و مەحموودۆڤ (١٩٥٩) بە ١٦٠ هەزاری لەقەڵەم داون.
لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا، تەنانەت لە پاش ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیێتیش ژمارەی جۆراوجۆری خەمڵ و مەزەندەی دانیشتووان هەر بەردەوام بوو. سەرچاوە نووسراوەکان. سەرچاوە نووسراوەکان (کتێب و ڕۆژنامەکان) بەعادەت ژمارەی کوردیان بەو جۆرە دادەنا کە ئەوانەی نیشتەجێی ئەرمینیان ٦٠ هەزار و جۆرجیاش لەنیوان ٤٠ بۆ ٥٠ هەزار دەژین (کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە تبیلیسین) (کاراتینی، ١٩٩٠: ١٢٠ - ١٢١). بەڵام لیۆنیداس تی. کریزانثۆپاوڵۆس لە کتێبەکەیدا "تۆمارەکانی قەوقاز" باس لەوە دەکات کەوا "لە ساڵی ١٩٩٣دا لە نێوان ٦٠ تا ١٢٠ هەزار کورد لە ئەرمینیادا ژیاون. ئەم ژمارەی دواییەش لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە بەدەستم هێناوە و ئەوی پێشووش لە لایەن وەزارەتی کاروباری دەرەوە. هەرچەندە ئاین هیچ کاتێ مەسەلەیەک نەبووە بۆیان کە بەتوندی کێشەیان بۆ دروست بکات بەڵام ١٠ هەزار لەوان ئیسلامی سوننە بوون و ئەودواشیان ئێزیدی (کریزانثۆپۆڵۆس، ٢٠٠٢: ١٤٥).
ئایین
ئێزیدییەکان شوینکەوتەی ئێزیدیزمن. ئێزیدیزم (یان ئێزدیاتی - و) ئاینێکە کە پێدەچێت لە لە باوەڕێکی ئێرانیی کۆنەوە هاتبێت و بچێتەوە سەر زەردەشتی یان هاوشێوەی بێت و گەلێ توخم و ڕەگەزی تیدایە کەوا لەگەڵ سیستەمی باوەڕەکانی تردا چوون بەناو یەکدا، چەشنی ئیسلام و مەسیحییەت و غنووسییەت٦. ئێزدیاتی دوو کۆڵەکەی سەرەکیی هەیە کە بریتین لە:
١. باوەڕ هێنان بەوەی کە دەچێتە ناو حەوت گیانەوەری پیرۆزەوە (دۆنایدۆن) کە دەگوترێ گوایە خودان و گرنگترینی ئەوانە مەلەکە تاووسە، یان فریشتەی تاووس.
٢. گرنگیی خاوێنی و پاکژ بوون، کەوا لە گەلێ شتی قەدەغەدا یان تابوو گوزارشی لێوە دەکرێت کە پەیوەندیدارن بە خواردن و پۆشاک و ڕەوشت و هەڵسوکەوتی تاک و هەروەها یاسا و ڕێسای کۆمەڵایەتیی ژن و ژنخوازیی خزمان لەناو یەک گرووپدا، کە دوو گرووپیان ڕابەری ئاینیین (پیر و شێخ) و گرووپێکیشیان ڕەشۆکی یان موریدن.
تایبەتمەندییەکی تری ئێزیدیزم، لانی کەم لە دۆخ و سیاقی ناوچەییدا، نەبوونی کتێبە پیرۆزەکانە. هەتا ئەم نزیکانەش، لە سۆنگەی نۆرم و نەریتی ئاینیی ئێزیدییەوە تەنانت نووسین قەدەغە بووە. لەئەنجامی ئەمەشدا، هەموو زانیارییەکی پیرۆز و سێکولار تەنها بەشێک بووە لە نەریتی زارەکی و جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان پراکتیزە کردنی ئێزیدییەکانی میسۆپۆتامیا ئێزیدییەکانی وڵاتانی پشت قەوقازدا.
لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم، کۆمەڵگەکانی ئێزیدی بەگوێرەی سنوورە نێودەڵەتییە نوێکان دابەشبوون و بە درێژایی سەدەی بیستەم پەڕینەوە و بەزاندنیان تادەهات زیاتر ئاستەنگی بۆ درووست دەبوو. تا کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم میر واتە ڕابەری ئاینیی ئێزیدییەکان) لە شێخانەوە لە عێراق قەواڵی (واتە دەنگبێژی دەقە پیرۆزەکان) بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری و ڕێنماییە ئاینییەکان و کۆکردنەوەی پارە٧. بە کێشانی ئەم سنوورانە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، ئەو ئیزیدییانەی لە دەرەوەی عێراق دەژیان لەم ڕێوڕەسمانە دوورخرانەوە و ئێزیدییەکانی یەکیتیی سۆڤیێت و قەوقاز دەبوو تەنها پشت بە کەسایەتی و ڕابەرە ئیزیدییەکانی خۆیان ببەستن کە ژمارەیان کەم بوو و دەبوو سزا بدرایەن ئەگەر بە پیادەکردنی ئەم ڕیوڕەسمە ئاینییانەوە بگێرایەن (ئەڵیسۆن، ٢٠١٧: ٤).
هەرچەندە ئایدیۆلۆجیای سۆڤیێتی هانی بێخودایی دەدا و ئیددیعای ئەوەی دەکرد کە پێویستە ئاینەکان بسڕێنەوە، بەڵام بە کردار ئەمە ڕووینەدا٨. ئاین لە کایەی گشتیی ژیاندا ئامادەگیی نەبوو، بەڵام لە کایەی تایبەتیدا هەر بە زیندوویی مابووەوە. بنەماڵەی پیاوە ئاینییەکانی (شێخ و پیر) بەردەوام بوون لە گواستنەوەی زانیارییەکانیان بۆ منداڵەکانیان (ئۆمەرخاڵی، ٢٠١٧: ١٣٩). سروودە پیرۆزەکانی (قەول و بەیتەکان) هێشتا هەر ئاشناییان هەبوو لای پیاوە ئاینییەکانی (کلێرگییەکانی) قەوقاز و بە زارەکی لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی خێزان و ڕێوڕەسمەکاندا دەوترایەوە هەر کاتێ پێویست بووایە.
لە ناو ئێزیدییەکانی ترانسقەوقازدا، ژیانی ئاینی بە شێوەیەکی سەرەکی لە دەوری ستێر ster کۆبووبووەوە کەوا پەیکەر و سەکۆیەک بوو لە کەڵەکە کردنی خوری دروست دەکرا٩. ئەم جۆرە مەزارانە پێدەچێت لە سەدەی نۆزدەوە لە ئەنەدۆڵدا هەبووبێت، بەڵام بە هیچ شیوەیەک لە عێراق و ئێراندا ئامادەگییان نەبووە١٠. لە قەوقازدا زۆرێک لە خێزانەکان ستێریان هەبوو لە ماڵەکانی خۆیاندا و دەگوترێ گوایە ئەو ستێرانەی لە ماڵەکانی بنەماڵە ئاینییەکاندا بوون لەگەڵ هێزە جادووییەکاند بەکارهاتوون. ئەمانە شوێنگەلێک بوون بۆ دەسەڵاتی ئوجاخ - واتە خێزان یان بنەماڵەیەکی پیرۆز - کە تێیدا پیرۆزی و پارێزگاری دابین دەکرێت لە لایەن پیر یان شێخەوە. ئەم ستێرانە لە ڕێگەی پەیوەستبوونیانەوە بە حۆرییەکەوە (کە گیانەوەرێکی نەبینراوە) یان بۆ یەکێک لە حەوت فریشتە سەرەکییەکە و هەر یەکە لەم فریشتانە تەرخانە بۆ بابەتیکی دیاریکراو، کە هەندێک بۆ پاراستنی ئاژەڵ و ماڵاتە، هەندێک بۆ چارەسەری ئێش و ئازاری گەدەیە، هەندێک ترس لە تاریک دەڕەوێنێتەوە و بۆ منداڵبوون و زیادکردنی نەوەیە. ئەوانە دەکەونە هۆدەی سەرەکیی ماڵەوە لە بەشی ڕۆژهەڵاتیەوە. ستێر شتێکی زۆر ڕێزلێگیراوە لە ماڵدا بۆ ئێزیدییەکان و دەڵێن کەوا دەبێ گەلێ یاسا و ڕێسا ڕەچاو بکرێت سەبارەت بە ستێر. بۆ نموونە نابێت ستێر بجووڵێنرێت بێ سازدانی ڕیوڕەسمێک کە ئاژەڵێکی تێدا سەرببڕێت و بکرێتە قوربانی١١. شوێنی تری پیرۆز هەن کە ئێزیدی بەزۆری ناوی زیارەتی لێدەنێن. ئەمانە بەزۆری شوێنی پەرستنی ئەرمەنەکانن، چەشنی کەنیسەکان. شوێنە پیرۆزەکانی تر کە هەن بەستراون بە خاسییەتە تۆپۆگرافییەکانەوە، وەک کانیاوەکان و ئەشکەوتەکان. وەک چۆن ئەرمەنەکان گۆڕستانی گوندەکانیان شوێنی گرنگی کۆبوونەوەکانیشیانە و خێزانەکانیان لەسەر گۆڕی کەسوکار و ئەندامانی خێزانەکانیان کۆدەبنەوە بە لای کەمەوە ساڵی جارێک بۆ یادکردنەوەی مردووەکانی خانەوادە و پێی دەوترێ ڕۆژا مازالاmazala (واتە ڕۆژی گۆڕستان)١٢. لەم ڕۆژەدا ئێزیدییەکان بە یادی کەسە لەدەستچووەکانیان دەخۆن و دەخۆنەوە و پیاوانی ئاین نوێژ و دۆعا دەخوێنن و خزم و کەسوکاری نزیکیش دەیانلاوێننەوە١٣.
کوردۆلۆجی و کولتووری کوردی لە یەکێتیی سۆڤیێتدا
لە سەرەتای ساڵانی ١٩٢٠کانەوە، کوردەکان بوون بە نەتەوەیەکی جیا و تایبەتمەند (نارۆدنۆست) بۆ دەسەڵاتدارانی سۆڤیێت. ئەم دۆخە نەیگەیاندبوونە ئەوەی کە مافی ئۆتۆنۆمییەکیان بدرێتێ (ئۆبڵاست یان ئۆکروگ)، بەڵام مافی ئەوەی ئەوەی دابوونێ کە بە زمانی خۆیان بخوێنن و چالاکیی ئەدەبی و هونەریی پێ ئەنجام بدەن. ئەوجا لەبەر ئەوەی هەردوک ئیزیدی و کوردەکان ئەندامی " نەتەوەی" کورد بوون بە شێوەیەکی گشتی بەرهەمی کولتوورییان جیانەدەکرایەوە. گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان و چیرۆک و حیکایەتەکان کە لە ڕادیۆی یەریڤانەوە پەخش دەکران بەسانایی مۆرکی "کوردییان" پێوەبوو. بە هەمان چەشنی زۆرێک لە نەتەوەکانی ناو یەکێتیی سۆڤیێت، بەرهەمی کولتووریی کوردیش لە ئەرمینیا تووشی شکست و هەرەس بوو لە دوادوایی ساڵانی ١٩٣٠کاندا بەڵام جارێکی تر لە سەرەتای ساڵانی ١٩٥٠کاندا دەستیپێکردەوە.
زمان و قوتابخانە
ساڵی ١٩٢٢، لە یەریڤان ئەلفبێیەکی کوردی بە پێی بنەمای پیت و نووسینی ئەرمەنی دروستکرا. هەروەها لە ساڵی ١٩٢٧یش پیتی لاتینی بەکاردەهات بۆ نووسینی زمانی کوردی١٤ و دواتریش لە ساڵی ١٩٤٥دا بە پیتی کریلیکی١٥ (سلاڤی - و). لە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیێت زۆربەی جاپەمەنی و بڵاوکراوەکان پیتی لاتینییان بەکارهێنا١٦. لە ساڵانی ١٩٢٠کاندا مەسەلەی خوێندن و خستنە بەر قوتابخانە بوو بە ناچاری. وەک ئەنجامیش تاوەکوو ساڵانی ١٩٣٠کان بەشی هەرە زۆری ئێزیدییەکان (کە بە حوکمی داب و دەستووری ئاینەکەیان نەخوێندەوار بوون) بوون بە خوێندەوار (بلاو، ٢٠١٢: ١٩). تا کۆتایی ساڵانی ١٠٢٠کان زیاد لە چل قوتابخانەی زمانی کوردی لە یەکێتیی زۆڤیێتدا کرایەوە و بە شیوەکی سەرەکی لە ئەرمینیادا (ئۆمەرخاڵی، ٢٠١٣: ١٣٦). ساڵی ١٩٣١ لە یەریڤان قوتابخانەیەکی تایبەتی کرایەوە بۆ ڕاهێنانی ئەو مامۆستایانەی دەرسی نەهێشتنی نەخوێندەوارییان بە کوردی دەوتەوە لە سۆڤیێتدا (ئەڵیسۆن، ٢٠١٣ ئە: ١٩٤). کتێبەکانی قوتابخانەی سەرەتایی و دواناوەندی لە یەریڤان چاپکران و لە لایەن نووسەرانی وەک حاجیێ جوندی (١٩٠٨ - ١٩٩٠)، ئەمینێ عەڤداڵ (١٩٠٦ - ١٩٦٤) و قەناتێ کوردۆییڤ (١٩٠٩ - ١٩٨٥) ئامادەکرابوون. زۆربەی ئەم کتیبانەی خوێندن لە ئەرمەنی و ڕووسییەوە وەرگێڕدرابوون. بێجگە لەوەش، بڕێکی هێجگار زۆری وەرگێڕانی کاری ئەدەبی (بەشێوەیەکی سەرەکی لە ڕووسییەوە) و بەڵگەنامەی ڕەسمی (چەشنی دەستووری یەکێتیی سۆڤیێت) وەرگێڕدرانە سەر زمانی کوردی لەسەر دەستی کوردەکانی سۆڤیێت (ئامی دێ لا برێتێک، ٢٠١٢: ١٠٥). هەروەها چەندین قامووسی کوردییش چاپ و بڵاوکرانەوە و دەسپێکی "خەبەرنامەیێ ژی زمانێ فلێژی - کورمانجی Xebernamê ji zimanê filejî-kûrmancî" (قامووسی کوردی - ئەرمەنی)، کە لە ساڵی ١٩٣٣دا لە لایەن ئەکادیمیای زانیاریی ئەرمینیای سۆڤیێتیی سۆشیالیستی چاپکراوە.
ئەدەب و ڕۆژنامە
لە ساڵی ١٩٢٩ بەملاوە ژمارەی کتێبە چاپکراوەکان بە زمانی کوردیل ئەرمینیا زیادی کرد. ساڵی ١٩٣٢ لقێکی نووسەرانی کورد لە ناو یەکێتیی نووسەرانی ئەرمەندا کرایەوە (ڤان بروونەسن، ١٩٩٧: ٢٢٠). زۆربەی نووسەرە کوردەکان خودی خۆیان خۆیان فیری خوێندەواری و خۆ ڕۆشنبیر کردبوو و زۆر لە ژێر کاریگەریی ئەدەبی ئەرمەنی و ڕووسیدا بوون و کار و بەرهەمەکانیان ڕەنگدانەوەی تەواوی ئەو دوو ئەدەبەی لەسەر بوو. ئەمینێ عەڤداڵ، حاجیێ جوندی و جاسمێ جەلیل (١٩٠٨ - ١٩٩٨) کار و بەربەرهەمەکانیان لە ڕۆژنامەی ڕێیا تازە Riya Taze دابڵاودەکردەوە کە هەفتەی دوو جار دەردەچوو و لە ساڵی ١٩٣٠وە دەردەکرا، بێجگە لە نامیلکە و بڵاوکراوە ئەدەبییەکانی تر. یەکەم دەقی شانۆیی "قوتووی دەرمان Qitiya du dermana"، ساڵی ١٩٣٢ حاجیێ جوندی نووسیوێتی، کە بەشێکی زۆری ژیانی خۆی تەرخان کردبوو بۆ کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە فۆلکلۆری کوردەوە هەبوو. لە ساڵی ١٩٣٥، وەزیرێ نادر (١٩١١ - ١٩٤٧) دووەم دەقی شانۆیی نووسیوە بە ناوی ڕەڤا ژن Reva Jin (واتە ژن فڕاندن) و پاش جەند ساڵێکی کەمیش، چامە شیعرێکی دوور و درێژی نووسی بە ناوی نادۆ و گولیزەر Nado û Gulizer کە باس لە چیرۆکی قارەمانێتیی کوڕە لاوێکی کورد و دەزگیرانەکەی دەکات لە کاتی جەنگدا. ناسراوترین و پڕبەرهەمترین ڕۆماننووسی کورد لەم سەردەمەدا عەرەبێ شەمۆ بوو (١٨٩٧ - ١٩٧٩)، کە لە ساڵی ١٩٣٥دا ڕۆمانی "شوانە کوردەکە و کوردەکانی ئەلەگەز Sivanê kurmanca û Kurdên Elegezê"ی لە یەریڤان بڵاوکردەوە. ئەم ڕۆمانی ژیاننامە ئامێزە دەسبەجێ وەرگێڕدرایە سەر زمانی ڕووسی بە ناوی (Kurdskij Pastux). ئەم ڕۆمانە ساڵی ١٩٥٨ سەرلەنوێ جارێکی تر بڵاوکرایەوە لەگەڵ پێداچوونەوەیەکی ورد و چڕدا و ئەمجارەیان لە ژێر ناوی بەربانگدا (واتە بەرەبەیان) و نووسەرەکەی باس لە منداڵیی خۆی دەکات وەک شوانێک و چۆن بووە بە کۆمۆنیست و لە شۆڕشی سۆڤیێتیی ساڵی ١٩١٧دا بەشداریی کردووە.
ساڵانی ١٩٣٢ - ١٩٣٨ سەردەمێکی زێڕین بوو بۆ پەرەسەندن و پێشکەوتنی کولتووری کوردی لە ئەرمینیای سۆڤێتیدا. لە ساڵی ١٩٣٤دا لە یەریڤان کۆنگرەیەک بەسترا بۆ نووسەران و دانەرانی کورد لەبارەی نووسینی زمانی کوردییەوە. لێرە بابەتگەلێک لەبارەی داهێنانی کوردی و زاراوەکانی ئامراز و چەمکە تەکنیکییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. لە سەروەختی نزیکبوونەوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا و لە ماوەی پاکسازییە گەورەکەی ستالیندا (١٩٣٦ - ١٩٣٨)، چاودێری و بایەخدانی سۆڤیێت بە کولتوور و زمانی کورد لەناکاو وەستا و ڕۆژنامەی ڕیا تازە Riya Taze لە ساڵی ١٩٣٨دا داخرا و چاپکردنی کتێبی کوردی وەستا.
لە پاش جەنگی جیهانیی دووەم، کۆماری ئەرمینیای سۆڤیێتی کەوتە چاودێری و بایەخپێدانی بووژانەوەی کولتووری کوردی. ڕۆژنامە کوردییەکەی ڕیا تازە جارێکی تر لە سالی ١٩٥٥دا دەرکرایەوە و کتێبی کوردی کەوتەوە چاپ کردن و بڵاوبوونەوە لە یەریڤان. لە نێو ژمارەیەک نووسەری تردا، ساڵی ١٩٥٩ سەمەندێ سیابەندۆڤ (١٩٠٩ - ١٩٩٨) چیرۆکێکی داستان ئامێزی ڕۆمانسیی بە ناوی"سیابەند و خەجێ" و "بیرئانینێد من ( یاداشتەکانم)"ی نووسیبوو و ڕۆماننووس ئەعمەدێ مرازی (١٨٩٩ - ١٩٦١) جارێکی تر دایڕشتنەوە و لە پاش کۆچی دوایی خۆی لە ساڵی ١٩٦٦دا بڵاوکرانەوە. ساڵی ١٩٦٧ ڕۆمانی "هاواری"ی حاجیێ جوندی بڵاوبووەوە. هەروەها ئافرەتانیش لە کایە و ژیانی ئەدەبیدا بەشدارییان هەبوو: سیما سەمەند (لەدایکبووی ١٩٣٣) ساڵی ١٩٦١ ڕۆمانی "خەزاڵ"ی بڵاوکردەوە (واتە ئاسک) و ساڵی ١٩٦٧ ڕۆمانی "دۆ شایی" بڵاوکردەوە (واتە دوو هەواڵی خۆش). لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ و ١٩٩٠دا، لە یەریڤان، نەک بە تەنها هەر گۆڤاری سالانە ئەدەبیی "بەهارا تازە" دەردەکرا بەڵکوو ڕۆمان و شیعر و فۆرمەکانی تری نووسینیش لە لایەن نەوەی دووەمی کوردەکانی سۆڤیێتەوە جاپ و بڵاو دەکرانەوە چەشننی عەمەرێکێ سەردار (١٩٣٥ - ٢٠١٨) و وەزیرێ عەیشۆ (١٩٣٤ - ٢٠١٥).
لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٠کان و ١٩٨٠کاندا، تبیلیسی بوو بە مەڵبەندێکی تر بۆ ژیانی کولتووری و ڕووناکبیریی کوردی. پایتەختی جۆرجیا شانۆیەکی کوردی و چەندین گرووپ و تیپی مووزیکی کوردی و پەخشی هەفتانەی ڕادیۆی کوردیی لەخۆگرتبوو. هەروەها کتێبی کوردی لێرە چاپ دەکران و لقیکی کوردیی لە چوارچێوەی کۆمەڵەی نووسەرانی جۆرجیادا دامەزرا. هەڵبەت ئەدەب و کولتووری کوردی لە یەکێتیی سۆڤیێتی جاراندا ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان گێڕا لە گەشە کردنی ئەدەبی کوردیدا بەگشتی١٧. پەخشی کوردیی ڕادیۆی یەریڤانیش، کە لە پشت سنوورەکانی ڕادیۆی یەریڤانەوە گوێی لێ دەگیرا، ڕۆڵێکی گرنگی دەبینی لەو بوارەدا.
سینەما و شانۆ و ڕادیۆ
یەکەم فیلمی کوردی ساڵی ١٩٢٧ لە ئەرمینیای سۆڤیێت بەرهەمهاتووە لە لایەن دەزگای ئەرمەکینۆوە Arme - Kino وە و فیلمێکی سینەمایی ڕەش و سپی بێدەنگ بووە و ماوەکەی حەفتاودوو خولەک بووە و لە دەرهێنانی بەگ نەزارۆڤ بووە (١٨٩١ - ١٩٦٥) و ناونیشانەکەی زارێ Zareبووە. فیلمە باس لە چیرۆکی دڵداریی زارێی کیژی گەنج و جوان دەکات لەگەڵ سەیدۆی کوڕە لاوی شوان لە ساڵی ١٩١٥دا (چەند ساڵێکی کەم لە پێش شۆڕشی سۆڤیێتیدا). بە گونجان لەگەڵ هێڵی ئایدیۆلۆجیی ساڵانی ١٩٢٠کاندا، فیلمەکە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە چۆن ئیدارەی تسار باری ناهەموار و نەزانیی کوردی چەوساوە بەکاردێنێت بە یارمەتیی ڕابەر و سەرکردە ڕۆحی و فیوداڵەکانی کورد. لە ساڵی ١٩٣٣دا فیلمێکی بەڵگەنامەیی بێدەنگی پەنجا و دوو خولەکی بە ناونیشانی "کوردەکان - ئێزیدییەکان" Krder - ezidner (Kurds - Yezidis) بەرهەمهاتووە و دەرهێنەرەکەی ئەماسی مارتیرۆسیان بووە (١٨٩٧ - ١٩٧١). ئە فیلمە دامەزراندنی کۆڵخۆزێک (واتە کێڵگەیەکی کشتوکاڵیی بەکۆمەڵ) پێشاندەدا لە گوندێکی کوردنشینی ئەرمینیای سۆڤیێتیدا. دوای ئەمەش، چەندین فیلمی تر بەرهەمهێنران بە کوردی یان بە ڕووسی لەبارەی کوردەوە.
ساڵی ١٩٣٧، شانۆی میللیی کوردی ئەلەگەز دامەزرا و کەوتبووە گوندێکەوە بە قەدپاڵی چیای ئاپارانەوە و شانۆکە تێپێکی خۆی هەبوو کە لە ئەکتەرە کوردەکان پێکهاتبوو و ساڵانە جەندین شانۆییان نمایش دەکرد. زۆربەی زۆری ئەم شانۆییانە بۆ ڕادیۆش تۆمار دەکران. تەلاری ئەم شانۆیە لە زەمینلەرزەکەی ساڵی ١٩٨٨دا ڕووخا و دوای ئەوە ئیتر دروست نەکرایەوە (جافەرۆڤا - برووتی، ٢٠٠١: ٩٨). ڕادیۆ یەریڤان پەخشی بەرنامە کوردییەکانی لە ساڵانی ١٩٣٠کاندا دەستپێکرد بەڵام لە ساڵی ١٩٣٧دا و لە ئەنجامی پاکسازییە گەورەکەی ستالیندا ڕاگیرا. لە ساڵی ١٩٥٥دا و لە ماوەی حوکمڕانیی خرۆشۆڤدا، جارێکی تر پەخشی بەرنامە کوردییەکان بەشەرمێکەوە دەستیپێکردەوە. جاسمێ جەلیل سێ بەرنامەی ماوەی پانزە خولەکیی بەڕێوەدەبرد و لە هەفتەیەکدا سێ جار پەخش دەکرا. بابەتەکانی ئەم بەرنامانە ڕاستەوخۆ لە مۆسکۆوە چاودێریی دەکران. هەڵبەت قەدەغە بوو هیچ باسێک لە ناسیۆنالیزم و سیاسەت یان یەکێتیی کورد بکرێت و لەجیاتیدا بەرنامەکان چڕبووبوونەوە لە سەر گۆرانی و شانۆنامەی ڕادیۆیی. لە ساڵی ١٩٦١وە، پەخشی ڕادیۆی یەریڤان بە زمانی کوردی ڕۆژانە بوو بە کاتژمێر و نێوێک بەسەر یەکەوە. لەو ماوەیە پەخشەکە سنووری ئەرمینیای تێدەپەڕاند و دەگەیشتە تورکیا، سووریا، عێراق، ئێران و هاوزەمان گەلێ لە وڵاتەکانی ناو یەکێتیی سۆڤیێتیش. بەو پێیە ژمارەی گوێگران زیادی کرد و کارمەندانی ڕادیۆکە لە پەیوەندییەکی بەردەوامدا بوون لەگەڵ کوردەکانی ناو یەکێتیی سۆڤیێت و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە ڕێگەی نامە نامەکاری و تەلەفۆنەوە.
لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠کاندا و لە پاش ڕووخانی یەکیتیی سۆڤیێت، دەوڵەتی ئەرمینیای نوێی سەربەخۆ بەرەوڕووی تەحەدای ئابووری و کۆمەڵایەتیی گەورە بووەوە. ڕادیۆ یەریڤان چیتر پاڵپشتی دارایی نەما و نزیکەی هەموو کارمەندانی بەشی کوردی کارەکانیان لەدەستدا و بە هۆی حالەتی بێکاریی سەختەوە زۆرێکیان وڵاتیان بەجێهێشت و تەنها کەرەمێ سەییاد (لەدایکبووی ١٩٣٨) مایەوە و کاری بۆ بەشە کوردییەکەی ڕادیۆکە دەکرد. هەروەها هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیێتیش کۆت و بەندی ئایدیۆلۆجیی لە سەر ناوەرۆکی بەرنامەکانی ڕادیۆکە هەڵگرت. لە دوادوویی ساڵانی ١٩٩٠کاندا کەرەمێ سەییاد پلانی بۆ زنجیرەیەک بەرنامەی هەواڵ دانا کەوا هەواڵ، لێدوانی سیاسی، مێژوو و زمان و کولتووری کوردی لەخۆدەگرت. هەروەه بەرنامەیەکیش کەوا کەرەمێ سەییاد خۆی پەیوەندیی بەو خێزانە کوردانەوە دەکرد لە تورکیا و ئەرمینیادا کە لێکتر دابڕابوون لە ساڵانی ١٩٢٠کان و ١٩٣٠کاندا.
ڕادیۆ یەریڤان یادەوەریی گەلێ کوردی تۆمار کردووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و کۆمارەکانی سۆڤیێتی پێشوو. بە درێژایی ساڵان کاتێ کە زمان و کولتووری کوردی لە تورکیادا قەدەغە بوو، خەڵکەکە دەرفەتیان قۆستبووەوە بۆ گوێگرتن لە ڕادیۆ ە ئاشنا بووبەوە بە کولتووری کوردی و بەتایبەتی مووزیک. وەک مارتن ڤان بروونەسن دەنووسێت کەوا "کاریگەریی ئەم پەخشە ڕادیۆییەی کوردی لەسەر خودهۆشیاریی دانیشتووانی کوردی تورکیا و ئێران و عێراق هێندە گەورە بووە کە بەئاسانی مەزەندە ناکرێت" (ڤان بروونەسن، ١٩٩٧: ٢١٤). ئەمڕۆ ئەرشیفەکانی ڕادیۆی گشتیی یەریڤان، لە نێو ئەوانیتردا، هەزاران گۆرانیی میللیی کوردی و شانۆگەری لەخۆدەگرێت.
کوردۆلۆجی لە یەکێتیی سۆڤیێت (لێنینگراد و مۆسکۆ و یەریڤان)
کوردۆلۆجی لە یەکیتیی سۆڤیێتدا بە میرات لە توێژینەوەکانی کورد ماوەتەوە لە ڕووسیای تسارییەوە (قەیسەرییەوە)١٨. لە لێنینگراد، لە ساڵی ١٩٣٠وە تا ئێستاش بەشیکی کوردی هەیە لە ئینستیتیووتی زمانە ڕۆژهەڵاتییەکاندا و ساڵی ١٩٣١ سیمینارێک لەبارەی مەسەلە زمانەوانییەکانی کوردییەوە سازکراوە لە فاکەڵتیی زمانەکانی زانکۆی لێنینگراددا و خوێندنی زمانی کوردی بووە بە زۆرەملێ لە توێژینەوە ئێرانییەکانی فاکەڵتیی فیقهی زماندا (فیلۆلۆجی). لە ساڵی ١٩٣٠ بەملاوە، زانایانی کوردۆلۆجی کاریان لە ئینستیتیووتی ئیتنۆگرافیای سەر بە ئەکادیمیای زانستیی یەکێتیی سۆڤیێتدا کردووە و هەروەها لە ئینستیتیووتی ڕۆژهەڵاتناسیی مۆسکۆشدا. لە یەریڤانیش، مەڵبەندێکی کوردۆلۆجی (کە بە شێوەیەکی سەرەکی فۆکەسی خستووەتە سەر زمانەوانی و فۆلکلۆر) ڕێک لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر کراوەتەوە لە ئەکادیمیای زانستی کۆمارە سۆشیالیستییە سۆشیالیستییە تازە دروستبووەکەدا. لە ساڵی ١٩٣٣دا کۆنگرەیەکی گشتیی کوردۆلۆجیی تەواوی یەکێتیی سۆڤیێت لە یەریڤان بەستراوە١٩. شانبەشانی مێژوو، زمانەوانی و ئەدەبی کلاسیکی، لێکۆڵینەوەی فۆلکلۆری کوردی بەخێرایی پەرەیسەند بە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی چیرۆک و گێڕانەوە و گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان٢٠. فۆلکلۆریست و زمانەوانەکان بە باشی ڕێکخرابوون و دەنێردران بۆ گوندەکانی ترانسقەوقازیا و ئەمە بەردەوام بوو تا ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیێت.
بۆ چەند ساڵێکی دواتر، لە ١٩٥٩دا، دەستەی توێژینەوەکانی کورد لە لقی لێنینگرادی ئینستیتیووتی توێژینەوە ڕۆهەڵاتییەکان بە سەرپەرشتیی جۆزیف ئەبگارۆڤیچ ئۆربیلی (١٨٨٧ - ١٩٦١)، کە بەزۆری بە دامەزرێنەری کوردۆلۆجیی نوێ دادەنرێت. ئەمە یەکەم مەڵبەند بووە بۆ توێژینەوەی کوردی لە جیهاندا. دەستەی زانایانی کوردۆلۆجی چالاکانە کاریان دەکرد لە سەر زمانی کوردی و دیالێکتەکانی و دووکۆمێنتێکی بەربڵاویان کۆکردەوە لە ڕێگەی کاری مەیدانی و ژمارەیکی بەرچاو مۆنۆگرافیان چاپ و بڵاوکردەوە. لە نێو کوردۆلیجیستەکانی سۆڤیێتدا، مارگەرێتا ڕۆدینکۆ (١٩٢٨ - ١٩٧٧) و زۆر بە بەرفراوانی لەسەر هۆنراوەی زارەکیی نووسیوێتی و لەم ساڵانەی دواییدا، ئۆردیخانێ جەلیل (١٩٣٢ - ٢٠٠٧) و جەلیلێ جەلیل (لەدایکبووی ١٩٣٦) بڕێکی گەورەیان لە کەرەستە و بابەتی ئیتنۆگرافی کۆکردووەتەوە و بڵاوکردووەتەوە و بەتایبەتیش لەسەر ئەو ئیزیدییانەی کە لە ئەرمینیای سۆڤیێتیدا دەژین.
چارەنووسی توێژینەوە کوردییەکان لە ڕووسیای پاش سۆڤیێت و ئەرمینیادا ڕوون نییە، چوونکە بەبێ پاڵپشتی دارایی دەزگا و دامەزراوەکان دادەخرێن و گەنجە خوێندەوارەکانیش وڵات بەجێدێڵن (لیزەنبیرگ، ٢٠١١: ١٠ - ١١؛ ئۆمەرخاڵی، ٢٠١٣: ١٣٦ - ١٣٧).
لە پاش ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیێت: گەڕان بەدوای شوناسدا
لە تائیفییەتەوە بۆ تائیفییەتێک ئیتنییکی
لە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیێتەوە گرژی و ئاڵۆزیی ناسیۆنالیزم و ئیتنیکی زیادی کرد لە ناوچەکانی پشت قەوقازدا و ئەمەش سەریکێشایەوە بۆ جەنگی ناگۆرنۆ - قەرەباخ (١٩٨٨ - ١٩٩٤)٢١، کەوا کاری کردە سەر گەلێ لە کوردەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا. باکۆ سوودی لە فاکتەری ئاینی بینی بۆ دنەدانی موسڵمانە کوردەکان. یەریڤانیش هەمان تەکتیکی بەکارهێنا بۆ جۆشدانی کوردە خۆجێیەکانی ئێزیدی. ئەنجامیش وا کەوتەوە موسڵمان و ئێزیدییەکان بەرانبەر لە یەکتر بگرن لە هەردوو بەرەی شەڕ و ململانێکەدا٢٢. ئەمەش هەڵکشانێکی دا بەوەی کە پێیدەوترێت "مەسەلەی ئێزیدی" لە ئەرمینیادا، چوونکە هەندی لە دەستە و تاقمی ئێزیدی دەیانەێ وای لە قەڵەم بدەن کە ئێزیدی گرووپێکی ئیتنیکیی جیاوازە و هیچ شتێک لەگەڵ کورددا نایانبەستێ بەیەکەوە. زۆرینە کوردە موسڵمانەکانی کە لە ئەرمینیادا دەژیان لە میانەی جەنگەکەدا هەڵهاتن بۆ وڵاتی ئازەربایجان٢٣. لە ناو ئێزیدییەکاندا ناکۆکییەک پەرەیسەندووە لە نێوان ئەوانەدا کە خۆیان وادەبینن لەڕووی ئیتنیکییەوە کوردن بەڵام ئاینیان ئیزیدییە و ئەوانەش کە ئێزیدیزم (ئێزدیاتی) بە ئیتنیکێکی جیا دادەنێن.
لە ماوەی جەنگی قەرەباخدا، گەلێ لە سەربازە ئێزیدییەکان لە بەرەی ئەرمەنە (فیداییەکان) دژ بە ئازەرییەکان شەڕیان دەکرد. ئەم دۆستایەتیی ئەرمەن - ئێزیدییە لە ڕابووردووشدا هەبووە. گۆرانییە داستان ئامێزەکانی ئێزیدی تائێستاش ئەو یادەوەرییانە دووپات دەکەنەوە کە چۆن جەنەراڵە گورج و گۆڵەکانی ئێزیدی بەشداریی شەڕەکانی سەردارئاباد و باش ئەپارانیان کردووە لە ساڵی ١٩١٨دا. ئەندرانیکی جەنەراڵی ئەرمەنی و جەهانگیر ئاغای جەنەراڵی ئێزیدی، کە پێکەوە دژ بە سوپای عوسمانی شەڕیان کردووە، هەردوک قارەمانی نیشتمنی بوون. هەروەها ئێزیدییەکان هاوبەشی ئەرمەنەکانن لە یادەوەریی جینۆسایددا کە تێیدا کەوا کوردە موسڵمانەکان چالاکانە بەشدارییان تێدا کردووە (بۆزئەرسەلان، کێڤۆرکیان و دووکڵەرت، ٢٠١٥؛ کێڤۆرکیان، ٢٠٠٦)، لەگەڵ یادەوەریی هەڵاتن بەرەو قەوقاز لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا بۆ ئەوەی هێزەکانی سۆڤیێت بیانپارێزێت. لە ساڵی ١٩٨٩شدا، یەکێتیی نەتەوەیی/ نیشتمانیی ئێزیدی لە ئەرمینیا دامەزرا لە لایە عەزیز تەمۆیان (سەرۆک) و خدر حاجۆیان (جێگری سەرۆک). ئەم گرووپە ئیددیعای ئەوە دەکەن کەوا ئیتنیکی ئێزیدی جیایە و زمانیش چیتر کرمانجی نییە بەڵکوو ئێزدیکییە. بۆ یەکەم سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیێتەوە (٢٠٠١) "کورد" و "ئێزیدی" وا دانران کە دوو ئیتنیک یان ڕەگەزی جیاوازن و تەنها دەتوانرا یەک وەڵام هەڵبژێردرێت٢٤. ساڵی ٢٠٠٥، پەرلەمانی ئەرمینیا دانی بە ئێزدیکیدا نا وەک زمانێکی جودا. لەو کاتە بەدواە، کەناڵی تەلەفزیۆنی نیشتمانی یەک کاتژمێری پەخش بۆ هەر "کەمینەیەکی نەتەوەیی" تەرخان دەکات، واتە کاتژمێریک بۆ کرمانجی و کاتژمێرێکیش بۆ ئێزدیکی٢٥. مشتومڕ لە سەر شوناس کۆمەڵگەکەی کردووە بە دوو بەشەوە: کوردە ئێزیدەکان و ئێزیدییەکان. لە مەودایەکی دووردا، دەکرێ ببن بە دوو نەتەوە و بە دوو زمانی جیاواز بئاخڤن. ئەو ئێزیدییانەی لە پێدەشتەکاندا دەژین زیاتر بەو لایەدا دایدەشکێنن کە خۆیان بە ئێزیدی دابنێن و بە زمانی ئێزدیکی قسە دەکەن، بەڵام ئەوانەی کە لە ناوچەی ئاپارانی شاخاویدا دەژین بە شێوەیەکی سەرەکی خۆیان بە کوردی ئێزیدی لەقەڵەم دەدەن و زمانەکەشیان بە کرمانجی دادەنێن (واتە کوردی - و). دابەشبوونی جوگرافی دەکرێ بەو ڕاستییە لێکبدرێتەوە کەوا گوندە ئێزیدییەکانی پێدەشت بەزۆری تێکەڵن لەگەڵ ئەرمەنەکان یان مۆڵۆکانەکاندا و تا جەنگیش لەگەڵ کوردە موسڵمان و ئازەرییەکاندا بوون. بەڵام، لە ناوچەی ئاپاران، زۆرێک لە گوندەکان تاڕادەیەک هەموویان ئێزیدین. بێجگە لەوەش، بەشێکی گرنگی ئیتێلێجێنتسیای سۆڤیێتی (کە بەو لایەدا دایدەشکێنن کەوا خۆیان بە کوردی ئێزیدی دادەنێن) لە گوندەکانی ناوچەی ئاپارانەوە هاتوون.
هەر یەکە لەم دوو گرووپە ئەویتر بەو تۆمەتبار دەکات کە نەخشە و پلانیکی سیاسیی لە مێشکدایە. بە لای بزووتنەوەی سەر بە کوردەوە، بزووتنەوەی ئێزدیکی لە لایەن ناسیۆنالیستە ئەرمەنەکانەوە پاڵپشتی دەکرێن و ئامانجیان ڕێگرتنە لە هەوڵی جوداخوازە کوردەکان لە ترانسقەوقازیادا. لەولاشەوە، بزووتنەوەی ئێزدیکی ئێزیدییە سەر بە کوردەکا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پشتگیریی لە پارتی کرێکارانی کورد (پەکەکە) دەکەن. لە ڕاستیدا سیاسەتی ناوخۆییش ئاڵۆزە: دەولەتی ئەرمەنی هانی ئەوە دەدا کە ئێزیدییەکان وەک کەمینەیەکی جیاکار بناسرێن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا چاوپۆشی لە جەنگاوەرانی پەکەکە دەکات کە لە تورکیاوە بێن و لە سەر خاکی ئەرمینیا بوونیان هەبێت. دەگوترێ گوایە ئەم جەنگاوەرانە "خانەنشینن" و بە هیچ ڤیزەیەک لە ئەرمینیادا دەژین و ڕووداوی کولتووری و خۆپیشاندان ڕێکدەخەن. لێرە دوو ئۆفیس بۆ "هەڤاڵانی" خانەنشینی پەکەکە کراونەتەوە لە یەریڤان و ئەلەگەز.
بەپێی بەرەی "ئێزدیکی"، کەوا داواکاریی ڕەوا و درێژخایەنی ئێزیدی بۆ شوناسێکی جودا لە لایەن سیستەمی سۆڤیێتییەوە سەرکوت کراوە. بەپێچەوانەوە "کوردە" ئێزیدییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کەوا کێشەکە نوێیە و بەرهەم و دەرنجامی کەس ژینگەی سیاسیی جەنگی قەرەباخە (فلینت، ١٩٩٨: ٧٧ - ٨٣). ناکۆکییەکە سەخت و تاڵە و لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠کانەوە، خراپترین ڕووداوەکانی توندوتیژی بەرپا بوون٢٦ و تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە، بەڵام بارودۆخەکە لەئێستادا ئارامترە و هەردوو لا تێکەڵ بە یەک دەبن و دەچنە بۆنە و ئاهەنگی یەکترەوە. ناوبەناو گرژی و ئاڵۆزی ڕوودەدەن، بەتایبەتی لە هەندێ مەسەلەی وک خوێندن و قوتابخانە٢٧. بەرنامەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن هەر بە جیا پەخش دەکەن لە نێوان ئێزدیکی Ezdikiو کوردیدا (کرمانجی). ئێزیدییەکانی جۆرجیا پەیوەندیی خێزانییان هەیە لەگەڵ ئەوانی ئەرمینیادا (کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە دەوروبەری تبیلیسین) و ئەمانیش هەمان کێشەی شوناسیان هەیە، هەرچەندە کەش و هەوای گشتی کەمێک ئارامترە لێرە.
گۆڕانکارییە ئاینییەکان
لە عێراق، ژیانی ئاینیی ئێزیدی ئەمشەر و ئەوسەر دەکات لە نێوان سەردانی پەرستگە و مەزارەکاندا. فێستیڤاڵی گەورەی پایز رەنگە گەورەترین کۆبوونەوەی ئاینی بێت بەدرێژایی ساڵ (سپات، ٢٠٠٥: ٥٠ - ٥٩). تاوەکوو کۆتایی یەکێتیی سۆڤیێت، ئێزیدییەکانی قەوقاز هیچ پەرستگەیەکیان دروست نەکرد بەڵام ستێرەکانیان لە ماڵەکانی پیاوە ئاینییەکانیاندا پاڕاستبوو (هەندێ جاریش لە خەڵکە ڕەشۆکی و موریدەکانیش). نەبوونی پەرستگە لە سەردەمی سۆڤیێتیدا تەنانەی جێی پرسیاریس نەبوو چوونکە ئاین بەشێک نەبوو لە ئەجێندای سیاسیی سۆڤیێتییەکان. بەڵام تەنانەت پێشتریش، لە ماوەی سەدەی نۆزدەدا، لە پێش (یان لە کاتی) گەیشتنیاندا بۆ قەوقاز، ئێزیدییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵ پەرستگەیا بنیات نەنابوو. بەگوێرەی ئەڵیسۆن (٢٠١٣ بێ: ١٦١)، ڕوون نییە کەوا لالش چ ڕۆڵێکی گێڕاوە لە ژیانی ئاینیی ئێزیدییەکانی قەوقازدا پێش کۆچکردنیان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە. لە سەردەمی سۆڤیێتدا، لالش بەتەواوی دیارنەبووە لە گوتار و ئایکۆنسازیدا iconography. نوێنەرایەتی کردنی تایبەتمەندیی تەلارسازیی لالش تەنها لە ساڵانی ١٩٩٠کانەوە هاتووەتە ناوناوانەوە. لە حاڵی حازردا بووە بە بەشێک نەخش و نیگار و ڕازاندنەوەی دیواری ماڵە ئێزیدییەکان.
لە کۆتایی ساڵانی ١٩٩٠کاندا، مەسەلەی بنەڕەتی لە ناو کۆمەڵگەی ئێزیدیی جۆرجیدا بنیاتنانی پەرستگەی ئێزیدی و مەڵبەندی کولتووری بوو لە قەراخ ساری تبیلیسیدا (سزاکۆنی، ٢٠٠٧: ١٦). ئەم بیر و ئایدیایە بەتەواوی نوێ بوو بۆ ئەو ئێزیدییانەی کە پێشتر پەرستگەیان نەبوو لە ترانسقەوقازیادا. دروستکردنی پەرستگەکەی تبیلیسی زیاد لەو ماوەی بردا کە چاوەڕوان بوو بە هۆی کۆمەڵێکی جۆراوجۆر لە ناکۆکی و ئاستەنگ٢٨. دواجار، ساڵی ٢٠١٣، پەرستگەکە لە شوێنێکی پەڕی تبیلیسیدا کرایەوە. لە ساڵی ٢٠١٦وە تەلارێک بە تەنیشتی ئەم پەرستگەیەوە ئامادەیە بۆ ئەوەی یەکەم "ئەکادیمیای ئێزیدیی زانستی لاهووتی (تیۆلۆجیی)" تێدا بکرێتەوە، بە ڕابەرێتیی پیر دیمای سەرۆکی ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئێزیدییەکانی جۆرجیا. کردنەوەی مەنهەجێکی ئاینی بەتەواوی شتێکی نوێیە بۆ ئێزیدیزم (یان ئێزدیاتی) کە تێیدا گواستنەوەی ڕێنمایی و ڕاسپاردەی ئاینی هەر بە نهێنی ماوەتەوە لە زنجیرەی پیاوانی ئاینیدا. ئەم فۆرمەڵە نوێیەی خوێندن و فێرکردنی ئاین و باوەڕەکە وابەستەیە بە کردنەوەی پۆلی دەرس وتنەوە بۆ هەر ئێزیدییەک کە پێویستی پێیەتی. بەرنامەی خوێندن و فێرکردنەکە بە کوردی و بە ڕووسییە و لەپاڵ ئەماندا کۆرسی عەرەبیشی تێدەکەوێت. لەم پرۆگرامانەدا، موفرەداتی سروودەکانی قەول و بەیت (کە بەشێکیان لە عەرەبییەوە خوازراون) ڕووندەکرێنەوە. لێرە قوتابییان ڕاهینان لە سەر "ئەرکی" نوێ دەکەن، وەک پاسەوانانی پەرستگەکە٢٩ یان کلێریکەکان (پیاوانی ئاینی) سەرپەرشتی کردنی ڕێوڕەسمی ئاینیی بووک گواستنەوە. ئاهەنگی هاوسەرگیرییش لە پەرستگەدا بەتەواوی نوێیە لە قەوقازدا. لە کۆتاییدا، ئەکادیمیای لاهووت (تیۆلۆجی) پێشنیازی ڕێوڕەسمی نوێی "گەڕانەوە" دەکات بۆ ئێزیدییەت. بەپێی مۆڵەتدان لە ساڵی ٢٠١٢دا لە لایەن بەرزترین دەسەڵاتی ئێزیدیزمەوە (ئیزیدییەتەوە) (کە میر تەحسین بەگ و بابەشێخن) لە کاتی سەردانیاندا بۆ تبیلیسی، ئەم سرووت و ڕێوڕەسمە ڕێگە بە ئێزیدییەک دەدا بچێتە سەر ئاینی کریستیان و(دەکرێت) بگەڕێتەوە بۆ ئێزیدییەت ئەگەر ئەو کەسە هاوسەرگیریی نەکرددبێت (ژن بێت یان پیاو) لەو کاتەدا٣٠. پێدەچێت ئەم گۆڕانکارییانە ئیشارەت بێت بۆ هەوڵدانێکی گێڕانەوەی "ئێزیدییە لەدەستچووەکان" بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدی و ئەمە وەک بەخشینی هەل و دەرفەتێک بێت بۆ هەموو ئێزیدییەکان (تەنانەت ئەگەر لە بنەماڵەی پیاوانی ئاینیش نەبن) بۆ خوێندن و فێربوونی ئاینەکەیان.
لە ئەرمینیا، پەرستگەیەکی بچووکی هاوشێوەی ئەوەی عێراق بنیاتنراوە و ساڵی ٢٠١٢ لە ئەکنالیخ کراوەتەوە لە لایەن میرزا سلۆیانەوە (کە خاوەن کارێکی ئێزیدییە و لە ڕووسیا دەژی). دووەم پەرستگە، کەوا گەورەترین پەرستگەیە لە جیهاندا لە مانگی سێپتەمبەری ٢٠١٩دا کراوەتەوە و نزیکی ئەویترە. لە نزیک پەرستگەکەوە، هۆڵێکی کۆنفرانس، مۆزەخانەیەک و پەیمانگەیەکی خوێندنی ئاینی لە قۆناخی دروستکردندان. هەروەها ئاهەنگی هاوسەرگیرییش لەم کۆمەڵگەیەدا ساز دەکرێت. ناوی پەرستگەکە (قوبا مەرە دیوانێ) دەکرێ وەربگێڕدڕیت بۆ "هەمووان دەتوانن پێکەوە بێن". بنیاتنانی ئەم پەرستگە زەبەلاحە بە هاوکاریی دارایی میرزا سلۆیان و بە هاندانی حکوومەتی ئەرمینیا ئەنجامدراوە وەک ئارەزوویەک بۆ "بە زیندوویی ڕاگرتنی یادگاریی کوژراوانی سنجار و ڕێزگرتن لە ئێزیدییەکانی ئەرمینیا" (کێللی، ٢٠١٧). لە مانگی ئابی ٢٠١٤دا، ئێزیدییەکانی قەوقاز لە ڕێگەی میدیا و هۆکارەکان ڕاگەیاندنەوە بەئاگا هاتن لەو کۆمەڵکوژیانەیە داعش بەرپای کردن لە سنجاردا. ئەوا بە شۆک و ڕاچڵەکین بەوەی کە سەر خەڵکی سنجاردا هات، هەندێکیان لەم ڕووداوانە ئەوە تێگەیشتن کەوا دووبارەبوونەوەی ئەوەیە کە باوباپیرانیان ئەزموونیان کردووە، بەتایبەتی لە جینۆسایدی ساڵانی ١٩١٥ - ١٩١٦دا (هۆهنباڵکن، ٢٠١٨). لێرەوە هەستکردنی هاوبەش بەو چارەنووسە تراجیدییە دروستبوو لە ناو ئێزیدییەکانی قەوقازدا و لە میانەی چەند مانگێکی کەمدا لە پاش ڕووداوەکانی سنجار توانییان یارمەتی و پیتاک کۆبکەنەوە و فریای بەشێک لە ئاوارەکانی سنجار بکەون. نزیکەی پەنجا خێزانی ئێزیدییش لە باکووری عێراقەوە دەرباز بکەن و لە ئەرمینیا نیشتەجێیان بکەن. بەهەرحاڵ، پێنج ساڵ دواتر، نزیکەی هەموو خێزانەکانی سنجار ئەم وڵاتەیان بەجێهێشت. هەندێکیان بەرەو ئەوروپا ڕۆیشتن، بەڵام هەندێکیشیان گەڕانەوە بۆ عێراق. ئەم بڕیاڕەشیان پێدەچیت هۆکاری ئەوە بووبێت کە تاڕادەیەک ئەو ئاستەنگ و زەحمەتییە بووبێت کەوا بەرەوڕوویان بووەتەوە لە تێکەڵبوون بە کۆمەڵگەی ئەرمەنی، چوونکە ژیانی ڕۆژانە و ئاینی لە قەوقاز و عێراق بەتەواوی جیاوازە. کریستۆف بێروێرثی نوێنەری ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ئەوەی ڕوونکردووەتەوە کەوا "ئەوان لە گوندێکی بچووکدا پێشوازییان لێکراوە، لە لایەک مامەڵەیەکی کراوە لە لایەن دانیشتووانی خۆجێییەوە و لەلایەکی ترەوە هەندێک بەهەڵە لێیان تێگەیشتوون ئاخۆ ئەوا بە شێوەی موسڵمان یان شێوەی تر نوێژ دەکەن ... شێوازی ژیان بۆ ئەوان زۆر جیاواز بوو لە چیاکانی سنجار و کۆمەڵگەکانی ئێزیدی لێرە" (کێللی، ٢٠١٧).
دەرەنجام
هەرچەندە کوردەکانی سۆڤیێت بەشێکی بچووکیان پێکدەهێنا لە خەڵکی کورد، بەڵام ڕۆڵێکی گرنگ و گەورەیان گێڕاوە بۆ کورد بەگشتی. ڕۆژنامە و پەخشی ڕادیۆ بە زمانی کوردی بوو بە مایەی شانازی بۆ ئینتێلێجێنتسیای کوردی سۆڤیێت، لەکاتێکدا کەوا کوردەکانی تورکیا بە زەحمەت ڕێگەیان پێدەدرا کە لە سەر شەقامەکان بەکوردی بئاخڤن. ئەمڕۆ بارودۆخی ئێزیدییەکان لە قەوقاز و لە وڵاتانی دوای یەکێتیی سۆڤیێت جێی دڵنیایی نییە. هەڵبەت لە ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیێتەوە، مەسەلەی شوناس یان ناسنامە کۆمەڵگەی ئێزیدیی کردووە بە دوو کەرتەوە و ناکۆکیی زۆری خستووەتە ناویانەوە و لەوەدایە بیانکات بە دوو نەتەوە و بە دوو زمانی جیاواز قسە دەکەن. بێگومان بە هۆکاری باری ئابووریی لاواز، زۆریک لە ئێزیدییەکان لە قەوقاز کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیێتی پێشوو یان بۆ ئەوروپا. زۆرێک لە خێزان و بنەماڵە ئێزیدییەکان لە ئێستادا بە شێوەیەکی بەرفراوان پەرش و بڵاون بەسەر مەودای جوگرافیی زۆر دووردا٣١. هەروەها کەسانی گەنجی سەر بە کۆمەڵگەی ئێزیدی بە هەموو شوێنێکی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و بەتەمەنەکان ترسی مانەوەی کۆمەڵگەیان لێنیشتووە. لە لایەکی تریشەوە، بنیاتنانی پەرستگەکان لە قەوقازدا زۆر بەفراوانی هاوکاری و پاڵپشتیی دارایی دەکرێت لە لایەن ئێزیدییەکانی دیاسپۆراوە. پێدەچێت ئەمەش ئاماژە بێت بۆ وابەستەبوونیان بە هەردوک ئاین و باوەڕەکەیانەوە و ناوچە جوگرافییەکەشیان هێشتا تا ئاستێکی گەورە پەیوەندیی ماوە بە کۆمەڵگە ئێزیدییەکانی تاراوگەوە.
سەرچاوە: The Cambridge History of the Kurds
* ئەستێللە ئامی دێ لا برێتێک Estelle Amy De La Brete`que
خانمە توێژەرێکی ئەنسرۆپۆڵۆجیایە لە مەڵبەندی فەرەنسیی توێژینەوە زانستییەکان (CNRS). توێژینەوەیەکی لە سەر قسەکردنی بەئاواز و گێڕانەوەی خەفەتبار کردووە لە ناو ئێزیدییەکانی ئەرمینیادا و لەسەر ڕێوڕەسمی لاواندنەوەی ئافرەتان لە ئازەربایجاندا و هەروەها لەسەر لاواندنەوەی ژنە کوردە ڕاگوێزراوەکان لە دەوروبەری ئەستەمبووڵ و دیاربەکر. ساڵی ٢٠١٣ کتێبێکی بڵاوکردووەتەوە لەسەر گێڕانەوەی داستان و لاواندنەوە لە ناو ءیزیدییەکانی ئەرمینیادا بە ناوی (وشە میلۆدییەکان و چیرۆکە داستانەکان و لاواندنەوە لە ناو ئێزیدییەکانی ئەرمینیادا (Paroles mélodisées. Récits épiques et lamentations chez les Yézidis d’Arménie, ed.Classiques-Garnier, 2013) بێجگە لە گەلێ باس و بابەت لە سەر دەنگ و ئاواز لە قەوقاز و ئەنەدۆڵدا. لەئێستادا خەریکی توێژینەوەیە لە سەر ئێزیدییەکانی تاراوگە (دیاسپۆرا) لەبارەی کاروباری کۆمەڵایەتی و گۆرانکاریی ئاینییەوە.
پەراوێز
١. لە ڕێنووسی ئەدەبیاتی ڕۆژاواییدا دەنووسرێ یەزیدی و لە کوردیشدا یەزیدییەکان خۆیان بە ئێزیدی دەینووسن و گۆی دەکەن.
٢. لە سەدەی نۆزدەدا، ئێزیدییەکان بە "شەیتان پەرست" ناوزەد دەکران لە لایەن موسڵمانەکانەوە و لە ئەنجامی ئەمەدا بەر چەوساندنەوە دەکەوتن. بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەم نازناوە پڕ لە سووکایەتییە لە نووسینی ڕۆژهەڵاتناسە ڕۆژاواییەکانیشدا ڕەنگی دەدایەوە: بۆ نموونە، بڕوانە ئەینسوێرث (١٨٥٥) و مینگانا (١٩١٦).
٣. کوردەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا لە ماوەی سەدەی حەڤدەدا تێکەڵ بە ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیا بوون کاتێ کە سوپای تساری ئێرانیان بەزاندووە لە ئاسیای ناوەڕاستدا.
٤. بەهەرحاڵ، مەسەلەی ئاین فەرامۆش نەکراوە، لانی کەم لە ساڵانی بەرایی یەکێتیی سۆڤیێتدا. بەو پێیە، گرووپە تائیفییەکان و زمانی دایک وەک ڕەگەزی گرنگی نەتەوە دەبینران (هەردوک ناشناڵنۆست و نارۆدنۆست). لە بارەی ئەو پێوەرەی بەکارهێنراوە بۆ پێناسە کردنی ئەم زاراوانە لە سەرژمێریی گشتیی ساڵی ١٩٢٦ی سۆڤیێتدا، بڕوانە هیرش (٢٠٠٥: ١٠٨ - ١٢٣).
٥. لە ئازەربایجان کوردەکان بە شێوەیەکی سەرەکی موسڵمان بوون و بەزۆری وەک "تاتار" یان "ئازەری" لەقەڵەم دەدران لە سەرژمێریدا. بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی کوردی ئازەرییەوە، بڕوانە مولەر (٢٠٠٠). یەکەم چاپی ئینسکلۆپیدیای گەورەی سۆڤیێت (بۆڵشایا سۆڤێتسکایا ئێنتسیکلۆپێدیا) بەرگی ١، بۆ ساڵی ١٩٢٦ ئەم ژمارەیە دەدا: ٣٤.٠٩٨ کورد لە ازەرباییجان (ئینسکلۆپیدیای گەورەی سۆڤیێت ١٩٢٦: ٦٤١).
٦. لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ئاینی ئێزیدییەوە، بڕوانە کرەینبرۆیک (١٩٩٥)، کرەینبرۆیک و ڕەشۆ (٢٠٠٥) و ئۆمەرخاڵی (٢٠٠٥، ٢٠١٧). بۆ چاوخشاندنەوەیەک بە ئێزیدیزمدا لە دیدێکی جیهانییەوە، بروانە ئەڵیسۆن (٢٠١٧).
٧. لەبارەی ڕۆلی قەواڵەکانەوە لە گواستنەوەی زانیاریی ئاینیدا، بڕوانە ئۆمەرخاڵی (٢٠١٧: ١٣٨) و سپات (٢٠٠٥: ٣٣).
٨. بەردەوامیی بایەخ و گرنگیی ئاین لە هاوپەیمانیی ژن و ژنخوازیدا ڕەنگدەداتەوە لای کوردەکانی یەکێتیی سۆڤیێت، بۆ نموونە. هاوسەرگیریی نێوان کوردە موسڵمان و ئازەرییە موسڵمانەکاندا زۆر باو بوو، لەکاتێکدا کە زۆر دەگمەن بوو لە نێوان کوردە موسڵمانەکان و ئێزیدییەکاندا (دەڤرێشیان، ١٩٨٥). هەروەها کوردە موسڵمانەکان بەزۆری نیشتەجێی گوندەکان بوون کە دانیشتووانیان موسڵمان بوون (کە ئازەری و تورکمان و هیتر)، بەڵام ئێزیدییەکان لە ناو کریستیانەکاندا نیشتەجێ بوون (ئەرمەنی و مۆڵۆکانەکان) (ئۆمەرخاڵی، ٢٠١٣: ١٣٧).
٩. زۆربەی زۆری ئێزیدییەکانی قەوقاز جووتیاری ئاژەڵدار بوون (دەڤرێشیان، ١٩٨٦). لە کۆمەڵگەی شوانکارەییدا دۆشەکی خوری بە کاڵای گرانبەها دادەنرا و بەشێکی گرنگ بوو لە جیازیی بووک، بۆ نموونە.
١٠. بەپێچەوانەی ئێزیدییە عێراقییەکان، پەرستن لە لالش و زۆرێک لە مەزارە بچووکەکاندا کە هەمان شێوازی تەلارسازییان هەبوو.
١١. بۆ شیکارییەکی وردی ستێر و کارلێکی خەڵک لەگەڵیدا، بڕوانە ئامی دێ لا برێتێک (٢٠١٣: ١٥٩ - ١٦٢).
١٢. هەموو گوندەکان لانی کەم ساڵی جارێک یادی مردووەکانیان دەکەنەوە لە حوزێراندا. هەندێ لە گوندەکان دوو جار یادی مردووەکانیان دەکەنەوە: لە حوزێران و ئەیلوولدا. لەبارەی ڕۆژژمێری جەژنی ئێزیدییەکانە وە لە ترانسقەوقازیا، بروانە ئامی دێ لا برێتێک (٢٠١١).
١٣. لەبارەی ڕۆڵی لاواندنەوە لەناو ئێزیدییەکانی ترانسقەوقازیادا، بڕوانە ئامی دێ لا برێتێک (٢٠١١).
١٤. وردەکاری و شیکردنەوەی لە لایەن ئیساهاک مارۆگیولۆڤ (١٨٦٨ - ١٩٣٣) و عەرەبێ شەمۆ - عەرەب شامیلۆڤ (١٨٩٧ - ١٩٧٨).
١٥. وردەکاری و شیکردنەوەی لە لایەن حاجیێ جوندی (١٩٠٨ - ١٩٠٩). ئەم ئەلفبێیە سی و نۆ ئیشارەتی لەخۆگرتبوو (نۆ ڤاوڵ و سی کۆنسۆنانت) (بێننیگسن، ١٩٦٠: ٥١٦).
١٦. بۆ بەراوردێکی وردی ئەلفبێیەکان کە بۆ زمانی کوردی بەکاردەهات لە یەکێتیی سۆڤیێت و دوای ئەویش، بڕوانە حەسەنپوور (١٩٩٢: ٣٧٤ - ٣٧٦).
١٧. بۆ وردەکاریی زیاتر لەبارەی ئەدەبی کوردیی سۆڤیێتییەوە، بڕوانە ئەڵیسۆن (٢٠١٣ ئە)، بلاو (٢٠١٢)، جافەرۆڤا - برووتی (٢٠٠١) و میرزۆییڤ (١٩٩٦).
١٨. بۆ وردەکاریی زیاتر لەم بارەیەوە، بڕوانە لیزەنبێرگ (٢٠١١).
١٩. بۆ وەسفێکی بەرفراوانی پەرەسەندنی کوردۆلۆجی تا ١٩٦٠، بڕوانە کوردۆییڤ (١٩٦٠) و بێننیگسن (١٩٦٠).
٢٠. بۆ نموونە، بڕوانە حاجیێ جوندی (١٩٥٧) فۆلکلۆرێ کورمانجا، بە هەردوو زمانی کوردی و ئەرمەنی.
٢١. لە ساڵی ١٩٨٨دا، بە مەبەستی جیاکردنەوەی لە ئازەربایجان و لکاندنی بە ئەرمینیاوە، جووڵانەوەیەکی بەهێز لە ئەرمینیا و ناگۆرنۆ - قەرەباخ دەستیپێکرد، کە سەریکێشایەوە بۆ شەڕ و ململانێیەکی چەکداری لەنێوان هەردوو کۆمارەکەدا.
٢٢. لە ئەرمینیای تازە سەربەخۆدا، وشەی "کورد" بە شێوەیەکی مورادیفانە لەگەڵ "موسڵماندا" و گومان خرایە سەر موسڵمانە کوردەکان بە پێی پەیوەندییە مەزعوومەکان لەگەڵ موسڵمانە ئازەرییەکاندا. هاوسەرگیری لەنێوان ئازەرییەکان و موسڵمانە کوردەکان باو بوو لە تەواوی سەردەمی سۆڤیێتدا.
٢٣. تەنها نزیکەی هەزار و پێنجسەد کوردی موسڵمان هەر لە ناوچەی ئابۆڤیان مانەوە لە پاش جەنگی ناگۆرنۆ - قەرەباخ (سەردار، ١٩٩٨).
٢٤. سەرژمێریی دانیشتووان (ساڵی ٢٠٠٢) لە جۆرجیا ئەنجامدرا و (ساڵی ٢٠٠٢) لە ڕووسیای فیدراڵدا دیسان کورد و ئێزیدییان وەک دوو گرووپی ئیتنیکیی جیاواز تۆمارکرابوو.
٢٥. لە ڕاستیدا، جیاکردنەوەی نێوان کرمانجی و ئێزدیکی کات دوو ئەوەندە دەکاتەوە لەوەی هەمان سیستەمی زمانەوانی بەکاربیت. لەئێستادا زمانەکە ڕێک هەمان کاتژمێرە بۆ ئێزدیکی و بۆ کرمانجییش، بەڵام ناوەرۆکی ئایدیۆلۆجییان بە شێوەیەکی ڕادیکاڵانە جیاوازن و زۆربەی ئەوانەی زانیارییان داوە بە من تەنها گوێبیستی یەکێکیان بوون (بۆ وردەکاریی زیاتر، بڕوانە ئامی دێ لا برێتێک (٢٠١٣: ٣٥ - ٤٣).
٢٦. لێرەدا دوو ڕووداوی بەدناو هەن: کوشتنی سەید ئیبۆیان، کە پزیشکێکی منداڵانی "لایەنگری کوردە" - بڕوانە لێننۆکس (٢٠٠١: ٤١٨ - ٤٢٣) و بەشداربوونی ئێزیدی بە گرتنی ڕاڕەوی لاچین (کە هێشتا هەر کێشەی لەسەرە)، لە پاش پاکتاوی ئیتنیکیی تاڕادەیەک دانیشتووانە کوردەکەی.
٢٧. کتێبی خوێندنی قوتابخانە بە (زمانی) ئێزدیکی لە قوتابخانەکانی ناوچەی ئاپاران ڕەتکرانەوە و بەردەوام بوون لەسەر فێرکردن و پێخوێندن بە کتێبەکانی سۆڤیێت.
٢٨. سزاکۆنی (٢٠٠٧) ئاماژە بۆ سی هۆکاری سەرەکی دەکات بۆ دواخستن: ١- نەبوونی سەرچاوە لە پاش قەیرانە ئابوورییەکانی ساڵانی ١٩٩٠کان و کۆچکردنی بەرفراوان. ٢- ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی لەبارەی ڕەوایی و شەرعییەتی بنیاتنانی پەرستگەیەک لە دەرەوەی شوینە ئاینییە مێژووییەکانی وەک لالش یان سنجار ٣- بەشداریی نزیکی نێوان دەوڵەت و کەنیسەی ئۆرسۆدۆکسیی جۆرجیا کە بەرهەڵستیی دروستکردنی تەلار و بینا دەکەن ئاین و باوەڕەکانی تر.
٢٩. لە عێراق، پاسەوانانی پەرستگە سەر بە هەمان ڕەچەڵەکن و پەیڕەویی مەشق و راهینانی فەرمی ناکەن.
٣٠. لەبارەی ئەو پەنجا کەسەوە کە ئەم ڕێوڕەسمەیان ئەنجامداوە لە کەمێک کەمتر لە پێنج ساڵدا، بڕوانە (گواردیۆلا، ٢٠١٧: ١٢٩).
٣١. بۆ نەخشەیەک کە نیشتەجێکانی ئیزیدی پیشان بدات لە سەرانسەری یەکێتیی سۆڤیێتی پێشوودا، بڕوانە ئۆمەرخاڵی (٢٠١٧: ٣٤ - ٣٦).
Bibliographyبیبلۆگرافی
Ainsworth, W. F. (1855). ‘On the Izedis; or, devil worshippers’. Transactions of the Syro Egyptian Society, 1 4.
لەبارەی ئێزیدییەکانەوە یان شەیتانپەرستان ...
Allison, C. (2013a). Memory and the Kurmanji novel. In C. Allison and P. G. Kreyenbroek (eds), Remembering the Past in Iranian Societies (pp. 189 217). Wiesbaden: Harrassowitz Verlag. 31 For a map showing Yezidi settlements across the former Soviet Union, see Omarkhali (2017: 34 36).
یادەوەری و گێڕانەوەی کرمانجی ... لە کتێبی ... یادکردنەوەی ڕابووردوو لە کۆمەڵگەکانی ئێراندا.... بۆ نەخشەیەک کە نیشتەجێکانی ئێزیدی پیشان بدات لە سەرانسەری یەکێتیی سۆڤیێتی جاراندا ....
Allison, C. (2013b). Addressivity and the monument: Memorials, publics and the Yezidis of Armenia. History and Memory, 25 (1), 145 81.
Allison, C. (2017). ‘The Yazidis’. In Oxford Research Encyclopedia of Religion.
www.oxfordrecom/view/10.1093/acrefore/9780199340378.001.0001/acrefore-9780199340378-e-254 .
ناونیشان و مۆنۆمێنت: یادەوەرییەکان و شوێنە گشتییەکان و ئێزیدییەکانی ئەرمینیا. یادەوەری و مێژوو...
Amy de la Bretèque, E. (2011). Le Pleur Du Duduk et La Danse Du Zurna. Typologie Musicale Des Émotions et Fêtes Calendaires Dans La Communauté Yézidie d’Arménie. Acta Ethnographica Hungarica, 56 (2), 385 401.
هاواری دوودووک و هەڵپەڕکێی زوڕنا. پۆلێنکردنی مووزیک بۆ سۆزداری و کالێندەری جەژنەکانی کۆمەڵگەی ئێزیدی لە ئەرمینیا....
Amy de la Bretèque, E. (2012). ‘Il y a Quand Même de l’espoir’. Interview with Emerîk Serdar. Etudes Kurdes, 11, 103 108.
"هێشتا هەر هیوا ماوە"، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئەمەریک سەردار ....
Amy de la Bretèque, E. (2013). Paroles Mélodisées. Récits Épiques et Lamentations Chez Les Yézidis d’Arménie. Paris: Classiques Garnier.
ئاواز و گێڕانەوە و لاونەوە و داستان لە ناو ئێزیدییەکانی ئەرمینیادا ...
Aristova, T. F. (1954). Kurdy Irana. Kratkie Soobšcˇenija Instituta Etnogragii, XXI, 98 104.کوردی ئێران...
Aristova, T. F. (1966). Kurdy Zakazkazya. Moscow: Nauka.
Bennigsen, A. (1960). Les Kurdes et La Kurdologie En Union Soviétique. Cahiers Du Monde Russe et Soviétique, 1 (3), 513 30.
کورد و کوردۆلۆجی لە یەکێتیی سۆڤیێتدا...
Blau, J. (2012). La Littérature Kurde. Etudes Kurdes, 11, 5 38.
ئەدەبی کوردی... گۆڤاری توێژینەوە کوردییەکان ....
Bozarslan, H., Kévorkian, R. and Duclert, V. (2015). Comprendre Le Génocide Arménien. Paris: Tallandier.تێگەیشتن لە جینۆسایدی ئەرمەن....
Caratini, R. (1990). Dictionnaire Des Nationalités et Des Minorités En URSS. Paris: Larousse.قامووسی نەتەوە و کەمینەکان لە یەکێتیی سۆڤیێتدا....
Chatoev, K. M. (1965). Kurdy Sovietskoi Armenii. Istoricheskii Ocherk (1920 1940). Erevan: izd. Akademia Nauk Armianskoi CCP.
کوردی ئەرمینیای سۆڤیێتی ....
Chrysanthopoulos, L. T. (2002). Caucasus Chronicles: Nation Building and Diplomacy in Armenia, 1993 1994. Princeton, NJ: Gomidas Institute Books.
تۆماری مێژووی قەوقاز: بنیاتنانی نەتەوە و دیپلۆماسی لە ئەرمینیادا، ١٩٩٣ -١٩٩٤....
Cindî, H. (1957). Folklora Kûrmanca. Yerevan: Aipetrat. فۆلکلۆرا کورمانجا..
Davreshian, M. K. (1985). Zaprety v Brachnikh Obychaiakh KurdovEzidov (Malie I Dispesnie Gruppy v Evropeuuskoi Chasti SSSR).
تابووەکانی نەریتی هاوسەرگیری لای کوردە ئێزیدییەکان (گرووپە بچووک و پەرت و بڵاوەکان لە بەشە ئەوروپییەکەی یەکێتیی سۆڤیێتدا) ...
Davreshian, M. K. (1986). Skotovodcheskoe Xoziaistvo Kurdov Vostochnoi Armenii (L’élevage Chez Les Kurdes d’Arménie Orientale). Yerevan: Akademia nauk SSR Armenii.
ئابووریی شوانکارەیی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەرمینیا (سامانی ئاژەڵ لای کوردەکانی ئەرمینیای ڕۆژهەڵات)...
Flint, J. (1998). The Kurds of Azerbaijan and Armenia. London: Kurdish Human Rights Project.کوردەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا...
Great Soviet Encyclopedia (Bolshaya Sovetskaya Entsiklopedia). (1926). Vol. 1. Moscow.گەورە ئینسکلۆپیدیای سۆڤیێت...
Guardiola, A. (2017). ‘Yézidis En Diaspora: Ethnographie Multi Située d’un Réseau Socio Religieux Transnational [Mémoire de Master Migrinter]’. Poitiers.
ئێزیدییەکان لە دیاسپۆرا: ئیتنۆگرافیای فرەپێگە بۆ تۆڕێکی کۆمەڵایەتی و ئاینیی ترانسناشناڵ (نامەی ماجستێر) ....
Hassanpour, A. (1992). Nationalism and Language in Kurdistan, 1918 1985. San Francisco, CA: Mellen Research University Press.
ناسیۆنالیزم و زمان لە کوردستاندا، ١٩١٨ - ١٩٨٥ ....
Hirsch, F. (2005). Empire of Nations: Ethnographic Knowledge and the Making of Soviet Union. Ithaca, NY: Cornell University Press.
ئیمپراتۆرییەتی نەتەوەکان: زانیاریی ئیتنۆگرافی و پێکهاتەی یەکێتیی سۆڤیێت ...
Japharova Brutti, L. (2001). ‘Littérature Kurde de La Période Soviétique (Années 1930 1990): Prose, Poésie et Dramaturgie Kurdes Avec Leurs Systèmes d’images, Leur Langage et Leurs Thèmes Principaux’. www.theses.fr/111590590.
ئەدەبی کوردیی سەردەمی سۆڤیێتیی، ساڵانی ١٩٣٠ - ١٩٩٠: پەخشان و هۆنراوە و درامای کوردی لەگەڵ سیستەم وێناکردن و زمان و و بابەتە سەرەکییەکانیان...
Kelly, N. (2017). ‘After long trek to Armenia, Iraq’s Yazidi families struggle to fit in’. Reuters, 29 April. www.reuters.com/article/usarmenia-yazidis-idUSKBN17V0TN.
لە پاش گەشتیکی دوور و درێژ بۆ ئەرمینیا، خێزانە ئێزیدییەکانی عێراق هەوڵ دەدەن لەگەڵیدا بگونجێن...
Kévorkian, R. (2006). Le Génocide Des Arméniens. Paris: Odile Jacob.
جینۆسایدی ئەرمەنەکان...
Kreyenbroek, P. G. (1995). Yezidism: Its Background, Observances and Textual Tradition. New York: Edwin Mellen Press.
ئێزیدیزم (ئێزدیاتی): پاشخان و سەرنج نەریتی دەق ئامێز ...
Kreyenbroek, P. G. and Rashow, K. J. (2005). God and Sheikh Adi Are Perfect: Sacred Poems and Religious Narratives from the Yezidi Tradition. Wiesbaden: Harrassowitz Verlag.
خودا و شێخ عادی ڕەها و تەواون: هۆنراوە پیرۆزەکان و گێڕانەوە ئاینییە نەریتییەکانی ئێزیدی ...
Kurdoev, K. K. (1957). Grammatika Kurdskovo Yazyka. Moscow and St. Petersburg: Izdatelstvo Akademii Nauk SSSR.
ڕێزمانی زمانی کوردی ... خانەی بڵاوکردنەوەی ئەکادیمیای زانستیی سۆڤیێتی ...
- Kurdoev, K. K. (1960). Razvitie Sovetskogo Kurdovedenija. Uchenye Zapiski Instituta Vostokovedenija, XXVI, 56 - 7.
پەرەپێدانی توێژینەوە کوردییەکانی سۆڤیێت. تێبینیی زاناکانی ئینستیتیووتی توێژینەوە ڕۆژهەڵاتییەکان ...
- Leezenberg, M. (2011). Soviet Kurdology and Kurdish Orientalism. In S.
and M. Kemper (eds), The Heritage of Soviet Oriental Studies (pp. 86 - 102). London: Routledge.
کوردۆلۆجیی سۆڤیێت و ڕۆژهەڵاتناسیی کوردی ... کەلەپووری توێژینەوە ڕۆژهەڵاتناسییەکانی سۆڤیێت...
- Lennox, G. (2001). Fire, Snow and Honey: Voices from Kurdistan. ushcutters Bay NSW, Melbourne: Halstead Press.
ئاگر و بەفر و هەنگوین: دەنگەکان لە کوردستانەوە ...
- Mahmudov, N. (1959). Kurd Joghovurd. Erevan: Haypethrat.
- Mingana, A. (1916). Devil - worshippers; their beliefs and their sacred books. JRAS, 505 - 525.
شەیتان پەرستان، بیر و باوەڕیان و کتێبە پیرۆزەکانیان...
- Mirzoev, K. (1996). Istoricheskie Sud’by Kurdskoi Literatury (The Historical Destinies of Kurdish Literature). Almaty.چارەنووسە مێژووییەکانی ئەدەبی کوردی
- Müller, D. (2000). The Kurds of Soviet Azerbaijan, 1920 - 91. Central Asian Survey, 19 (1), 41 - 77. https://doi.org/10.1080/713656178.
- Omarkhali, K. (2005). Йезидизм: Из Глубины Тысячелетий. St. Petersburg: Издательский дом Санкт-Петербургского государственного университета.
ئێزیدیزم (ئێزدیاتی) لە قووڵایی هەزارەوە... خانەی بڵاوکردنەوە لە پوتروسبوورگ ...
Omarkhali, K. (2013). The Kurds in the former Soviet states from the historical and cultural perspectives. The Copernicus Journal of Political Studies, 2 (5), http://apcz.umk.pl/czaso pisma/index.php/CJPS/article/view/18255.
کوردەکان لە وڵاتانی جارانی سۆڤیێتدا لە دید و تێڕوانینی مێژوویی و کولتوورییەوە...