سەدر داوا دەكات پەرلەمان هەڵوەشێنرێتەوەو هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێت
  2022-08-03       535       

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات و دەشڵێت، گفتوگۆكردنمان تاقیكردۆتەوە سودی نەبوە.

ئاوێنە: موقتەدا سەدر، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، سكاڵا یاساییە "بێ بنەماكان" كۆسپییان لەبەردەم حكومەتی زۆرینەدا دروستكرد، گفتوگۆ سوودی نییە بەتایبەت دوای ئەوەی گەل قسەی خۆی كرد.

وتیشی، گفتوگۆكردنمان لەگەڵیان ئەزموون كرد، هیچ شتێكی بۆ وڵات نەهێنا، جگە لە وێرانی و گەندەڵی.

جەختیشی كردەوە كە "چاكسازی بەبێ قوربانی نایەتەدی، من لەوپەڕی ئامادەباشیدام بۆ ئەوەی لەپێناو چاكسازیدا شەهید ببم."

لەبارەی خۆپیشاندانەكانیش وتی "شۆڕشەكە بە سەدرییەكان دەستیپێكرد كە بەشێكن لە گەل"و جەختیشی كردەوە كە "شۆڕشەكە چاوپۆشتی لە گەندەڵكارانی نێو رەوتی سەدریش ناكات."

ئاماژەی بەوەشدا كە "بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ رشتنی خوێندا نیم."

وتیشی، پێویستە "شۆڕشگێڕان و مانگرتووان بمێننەوەو بەردەوام بن تا داواكارییەكانیان دێنەدی."

هەروەها داواشی كرد كە هەڵبژاردنی پێشوەخت لەدوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئێستا بكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×