وتارخوێنی نوێژی هەینی یەكگرتو: ئەوانەی شكستییان هێنا جارێكی تر ناگەڕێتەوە دەسەڵات
  2022-08-05       657       

موهەنەد موسەوی، وتارخوێنی نوێژی هەینی یەكگرتو كە ئەمڕۆ بە ئامادەبونی سەدان هەزار لایەنگری سەدر لە گۆڕەپانی ئاهەنگەكان لە ناوچەی سەوزی بەغدا بەڕێوەچو، رایگەیاند، مەرجەعییەت دەرگای بەڕوی "حزبە خۆسەپێنەكان"دا داخستوەو ئەوانەی شكستیان هێناوە جارێكی تر ناگەڕێنەوە دەسەڵات.

 ئاوێنە: موهەنەد موسەوی، لە وتارەكەیدا رایگەیاند"عێراق بوەتە دیلی گەندەڵی و حکومەتە تەوافوقییەکان بونە مایەی بەهەدەردانی پارەیەكی زۆر و نەبونی خزمەتگوزارییەكان."

ئاماژەی بەوەشکرد، "بڵاوبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەرهەمی حیزبە خۆسەپێنەكانە."

جەختیشیکردەوە "گەیشتوینەتە ئەنجامێکی شەرمەزارکەر، لەوانەش نەبونی متمانە بە چینی سیاسی".

وتارخوێنەكەی نوێژی هەینی یەكگرتو، دوپاتی کردەوە کە "پرۆژە چاکسازییەكەی موقتەدا سەدر" سەرکردەی رەوتی سەدر، بەردەوام دەبێت.

وتیشی"ئێمە هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ بەڕێز سەدر ڕادەگەیەنین بە داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت".

موسەوی داوای لە "عێراقییەکان کرد بۆ داواکردنی چاکسازی ڕاپەڕن"، ئاماژەی بەوەشدا کە "خۆشەویستی نیشتمان پێویستی بە قوربانیدانی کات و گیان هەیە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×