"رۆژئاوای کوردستان"، گرنگترین پرس لەکۆبونەوەی ئەردۆغان‌و پوتین لەسوچی
  2022-08-05       2535       
کۆبونەوەی ئەردۆغان‌و پوتین لەسوچی

ئا: ئاوێنە

 

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری تورکیاو ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا، پاش تێپەڕینی ١٨ رۆژ بەسەر دوا کۆبونەوەیان لەتارانی پایتەختی ئێران، ئەمڕۆ لەهاوینەهەواری سوچی كەناراكانی سەر دەریای رەشی روسیا كۆبونەوە، گرنگترین پرس لەبەرنامەی کار‌و گفتوگۆکانیاندا، سوریاو لەشکرکێشی تورکیاو لەشکرکێشی تورکیا بو بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.

 

ئەردۆغان‌و پوتین کە لەنێو سەرکردەکانی ئەمڕۆی جیهاندا، لەدیپلۆماسی نێودەوڵەتیدا زۆرترین کۆبونەوەو قسەیان لەگەڵ یەکتر کردوە، دیسان ئەمڕۆ لەسوچی کۆبونەوە، ئەم کۆبونەوەیە جێی بایەخی زۆربەی وڵاتانی جیهانە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بەگواستنەوەی گەنمی ئۆکرانیاو رێککەوتنی رێڕەوی دانەوێڵە، هەوڵدانی ئەردۆغان بۆ کۆکردنەوەی پوتین‌و زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لەئەستەنبول‌و گواستنەوەی سەرچاوەکانی وزەو هاوکاری سەربازی‌و تەکنەلۆجی نێوانیان‌و بەردەوام بونی کۆمپانیا روسییەکان لەپڕۆژەی وێستگەی ئەتۆمی لەئاکویۆی شاری مێرسینی تورکیا.

 

بەڵام مەسەلەی هەرە گرنگ بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و کورد، لەسەر مێزی گفتوگۆکان‌و کارنامەی ئەم دو سەرکردەیەدا، پرسی هێرش کردنە سەر باکوری سوریاو رۆژئاوای کوردستانە لەلایەن سوپای تورکیاوە.

 

ئەوەی جێی سەرنجە، دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرملین بەر لەدەستپێکردنی کۆبونەوەی نێوان پوتین‌و ئەردۆغان، رایگەیاند "مەترسییە ئەمنییەکانی تورکیا بەرامبەر بەسوریا رەوان‌و بەدڵنیاییەوە لەبەرچاوی دەگرین".

 

هاوکات پوتین لەکاتی دەستپیکردنی کۆبونەوەکەدا وتی "کۆبونەوەمان لەگەڵ ئەردۆغان، شەپۆلێک گۆڕانکاری لە ناوچەکە دروست دەکات، تورکیا وڵاتێکی گرنگەو ئەوروپا دەبێت سوپاسگوزاری ئەردۆغان بێت".

 

ئه‌ردۆغان-یش وتی "ئەم کۆبونەوەیە پەیوەندییەکانی تورکیاو روسیا دەباتە ئاستێکی بەرزترەوە".

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر ئەردۆغان دوای کۆبونەوەی سێ قۆڵی تاران لەگەڵ رەئیسی سەرۆکی ئێران‌و پوتینی سەرۆکی روسیا لە١٩ی تەموزی رابردودا، رایگەیاندبو "هەردو لایەنی روسیاو ئێرانی سارد بوون بەرامبەر بەوەی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەنجامبدات بۆ دەرپەڕاندنی هەپەگە لەتەل رەفعەت‌و مەنبەج".

 

سەرچاوە دیبلۆماسییەکانی تورکیا رایانگەیاندوە کە چاوەڕوان دەکرێت لەمیانەی کۆبوونەوەی سوچیدا، ئەردۆغان داوا لەپوتین بکات هەڵوێستێکی نەرمتر لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکە بنوێنێت‌، بەو پێیەی ئەو کارە سەربازییە تەنیا بەئامانجی "بەرەنگاربونەوەی تیرۆرەو یەکپارجەیی خاکی سوریا ناخاتە مەترسییەوە"!

 

هەرچەندە ئیبراهیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاندوە کە "تورکیا کاتێک باس لەئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەکات، داوای مۆڵەت لەکەس ناکات، لەکاتی پێویستدا ئەو بڕیارە لەلایەن ئەنقەرەوە دەدرێت"، بەڵام ئەوەی لەبەرئەوەی لەهاوکێشەکانی سوریادا چەندین دۆسیەی هەستیار بەیەکەوە گرێدراون، ئەنجامدانی کردەوەیەکی تاکلایەنەی سەربازی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا بەبێ رەزامەندی لایەنە کاریگەرەکانی ناو گۆڕەپانی ئەو ولاتە، سەخت‌و ئەستەمە.

 

لایەنە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی ئەردۆغان چەند مانگێکە بەڵینی ئەنجامدانی داوە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، ئەگەری زۆرە لەروبەرێکی دیاریکراودا ئەنجام بدرێت، بەڵام کات‌و توندی‌و قەبارەکەی بەپێی ئەنجامی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران‌و روسیا دیاری دەکرێت.

 

لەبەرئەوەی روسیا کۆنترۆڵی ئاسمانی سوریا دەکات، پێویستە تورکیا لەئۆپەراسیۆنەکەیدا سازش لەگەڵ روسیا بکات.

 

لەبەرئەوەی ئێرانیش لەڕوی مەیدانییەوە هێزێکی کاریگەرە لەناو خاکی سوریادا، دەبێت وەڵامێکی ئەرێنی لەئێران وەربگرێت، هەمو ئەمانەش کاریگەرییان لەسەر پلاندانانی ئۆپەراسیۆنەکە دەبێت.

 

بۆیە وەڵامەکانی پوتین بۆ داواکارییەکانی ئەردۆغان لەداڕشتنی هەنگاوەکانی داهاتووی ئەنقەرە گرنگییەکی زۆری دەبێت بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×