وتاربێژی نوێژی هەینیی نەجەف بۆ لایەنە سیاسییەکان: لیژنەیەک بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران پێکبهێنن
  2022-08-05       495       


پێشنوێژ و وتارخوێنی نوێژی هەینی لە شاری نەجەف رایگەیاند، پێشوازی لە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش دەکەن بۆ دیاریکردنی شێوازی دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران،  ده‌شڵێت، "دەبێت هەمووان لەبارەی چۆنێتی دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عیراق رێکبکەون".
 
ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ هەینی 5ی ئابی 2022، سەدرەدین گوبانچی، پێشنوێژ و وتارخوێنی نوێژی هەینی لە شاری نەجەف لە وتاری نوێژی هەینیدا رایگەیاند: "کاری لەپێشینە بریتییە لە یەکخستنی نێوماڵی شیعە، بۆیە دەبێت هەمووان ئامادەبن بۆ نەرمی نواندن بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، بەڵام لە هەمان کاتدا، پێشوازی لە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش دەکەین بۆ دیاریکردنی شێوازی دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران. دەبێت هەمووان لە پڕۆسەی دیاریکردنی سەرۆک وەزیراندا بەشداربن و لەبارەی چۆنێتی دەستنیشانکردنیشی رێکبکەون".
 
ئەم داوایەی وتارخوێنی نوێژی هەینیی نەجەف لە کاتێکدایە، مانگرتنی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەنێو باڵەخانەی پەرلەمانی عیراق رێگرە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و راسپاردنی كاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
 
هەروەها، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر شه‌وی چوارشه‌ممه‌ 3ی ئابی 2022، لە وتارێکدا رایگەیاند: "دەبێت پەرلەمانی عیراق هەڵبوەشێندرێتەوە و جارێکی دیکە هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەبچێت".

هاوکات، داوای لە مانگرتووانی ناو باڵەخانەی پەرلەمان کرد بەردەوام بن لە مانگرتن تا ئەو داواکارییانە جێبەجێ دەکرێن.
 
موهەنەد موسەوی، وتاربێژی نوێژی یەکگرتووی هەینیی لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەغدا، ئەمڕۆ جەختی لەسەر بەدیهێنانی داواکارییەکانی رێبەری رەوتی سەدر کردەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×