بەهۆی روماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی دوێنێ شەممەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، 23 ڕۆژنامەنوس لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی هەرێمەوە دەستگیرکران، ئەمە جگە لەئەنجامدانی پێشێلکاری بەرامبەر ژمارەیەکی تر لەڕۆژنامەنوسان.
ئاوێنه: ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لەئازادی ڕادەربڕین بەدەنگی ئەمریکای وتووه، "ڕۆژی هەینی و شەممە، 75 پێشێلکاری بەرامبەر بە 57 ڕۆژنامەنوس و دەزگای ڕاگەیاندن کراوە، بەشێوەیەک 23 ڕۆژنامەنوس لەسلێمانی و دهۆک و هەولێرو کەلارو ناوچەکانی تر دەستگیرکراون، 23 ڕۆژنامەنوسیش کەل و پەلی ڕۆژنامەوانیان لێسەندراوە، ڕێگری ڕووماڵکردنیش لەچەندین ڕۆژنامەنوس کراوە."
سنور کەریمی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لەسلێمانی، یەکێک بووه لەڕۆژنامەنوسە دەستگیرکراوەکان، لەکاتی ڕوماڵکردنی ناڕەزایەتییەکانداو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا، دوای چەند کاتژمێرێک هێشتنەوەی لە زیندان و لێسەندنی موبایل و کەل و پەلە ڕۆژنامەوانییەکانی، دواتر ئازاد کرا.
ئەو ڕۆژنامەنوسانەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، براونەتە زیندانەکانی ئاسایش، وەکخۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن، سوکایەتییان پێکراوەو بەزۆر پاسۆردی موبایلەکانیشیان لێوەرگیراوە و تەماشای موبایلەکانیان کراوە.
رەحمان غەریب دهڵێت، "گرنگترین مۆرکی خۆپیشاندانی ئەمجارە، دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس و لێسەندنی موبایل و پاسۆرد و چوونە نێو موبایلەکانیان بووە، لەکوێی دونیادا هەبووە، بەزۆر پاسۆرد لە رۆژنامەنوس وەربگیرێت و بچنە نێو موبایلەکانیانەوە، ئەمە پێشێلکاری یاسا و دەستور و مافەکانی مرۆڤیشە."
محەمەد مەحمودی پەیامنێری ڕادیۆی دەنگ لەناوچەی گەرمیان، یەکێکی تر بو لەڕۆژنامەنوسە دەستگیرکراوەکان، بەپێی ڕاگەیەنراوی ڕادیۆکە، لهو پهیامنێره دراوەو قسەی نەشیاوی پێوتراوەو براوەتە ئاسایش، لەکاتێکدا ئەو رۆژنامەنوسە تەنها روماڵی ناڕەزایەتییەکانی کردووە.
هەرچەندە بەرپرسانی نەوەی نوێ کە لەپشت ئەنجامدانی خۆپیشاندانەوەکەوەبوون، ئاماژەبەوەدەکەن هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران لە زینداندان و ئازاد نەکراون، بەڵام هێشتا ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی لەزینداندان لەبەردەستدا نیە.
رێبوار عەبدولرەحمان، وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگهیاند، "سەروی 30 کەس لەئەندامانی باڵاو ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی و خۆبەخشانی نەوەی نوێ هێشتا لەزیندانن، ئەمە جگە لەوەی خۆپیشاندەرێکی زۆریش هێشتا ئازادنەکراون."
ڕێبوار عەبدولرەحمان دەستگیبرکردنی خۆپیشاندەرانی بەکارێکی "ترسنۆکانە" ناوبرد، وتی، "ئێمە هەوڵی ئازادکردنی خۆبەخشانی نەوەی نوێ و خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکانیش دەدەین."
سەبارەت بە ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی لە کەناڵەکانی سەر بە نەوەی نوێ کاردەکەن و هێشتا لە زیندان هێڵراونەتەوە، ڕێبوار عەبدولرەحمان وێڕای جەختکردنەوە لەسەر مانەوەی هەندێک لە ڕۆژنامەنوسەکانیان لە زیندان، بەڵام ڕەتیکردەوە ژمارەی دروستی لەبەردەست بێت، لەکاتێکدا رەحمان غەریبی رێکخەری سەنتەری میترۆ وتی، "تا ئەم ساتەی قسەی تێدا دەکەم، تەنها عەبدوڵا ئەحمەدی سەرنوسەری سایتی کوردنیوز لەزینداندا ماوەتەوە."
لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانیش لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پاش وەرگرتنی ئیجرائاتی یاسایی لە پێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایش لە هەرێم، هیچ پەرلەمانتار و ڕاگەیاندکارێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرنەکراون.