له ‌كۆبونه‌وه‌كه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بافڵ تاڵەبانی هەڕەشەی كشانەوەی كردووە لە حكومەت
  2022-08-10       1863       

ئه‌مرۆ به‌ ئاماده‌بونى نوێنه‌رى تایبه‌تى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌گه‌ڵ كه‌سى یه‌كه‌م و نوێنه‌رى به‌شێك له‌ حزبه‌كانى هه‌رێم له‌باره‌ى دیاریكردنى واده‌ى هه‌ڵبژاردن كۆبوه‌وه‌ به‌ڵام له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجام له‌باره‌ى دیاریكردنى واده‌ىه‌ك بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان.

ئاوێنه‌: به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم لە هەولێر، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی هەڕەشەی كشانەوەی كردووە لە حكومەت، ئەگەر كێشەی خۆڵ‌و خاشاك و دەرماڵەو نەخۆشخانەكانی سنوری سلێمانی چارەسەر نەكرێت، باسی لەوەكردووە چەند مانگێكە یەكێتی لەبری حكومەت خەرجی ئەو بوارانە دابین دەكات. 

بافڵ تاڵەبانی لەبەردەم كەسی یەكەمی حزبەكان‌و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان باسی دواین دیداری خۆی لەگەڵ مه‌سعود بارزانی كردووە كە رۆژی 4ی ئەم مانگە لە پیرمام بەڕێوەچوو، لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكردووە" ئەوە دیداری نێوان سەرۆكی یەكێتیی‌و سەرۆكی هەموو كورد بووە، چونكە ئەو مه‌سعود بارزانی بە سەرۆكی هەموو كورد دادەنێت".

ناكۆكی پارتی‌و یەكێتی لە كۆبونەوەكەدا‌و لەبەرچاوی جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان، سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی نیگەران كردووە، هەریەكە لە سەلاحەدین محەمەد بەهادین‌و عەلی باپیرو محەمەد حاجی مەحمود وتویانە دەبوو ناكۆكی پارتی‌و یەكێتی لەم كۆبونەوەیەدا قسەی لەسەر نەكرایە‌و پێشتر یەكلابكرایەتەوە. 

بڕیاردراوه‌ له‌سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوو جارێكى تر به‌ئاماده‌بونى نوێنه‌رى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان كۆببنه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌باره‌ى یه‌ك بازنه‌یی یان فره‌بازنه‌یی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو قسه‌ى له‌سه‌ركراوه‌، به‌شێكیان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردن بوون به‌سیستمى یه‌ك بازنه‌یی و پێده‌چێت ئه‌مه‌ ببێته‌ بنه‌ڕه‌تى گفتوگۆكان كۆبونه‌وه‌ى داهاتوو.

تائێستا به‌شێكى زۆرى لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ سیستمى فره‌بازنه‌ین بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كان و پارتى دیموكراتى كوردستان و پێكهاته‌كان له‌گه‌ڵ سیستمى یه‌ك بازنه‌ین و بازنه‌كانى هه‌ڵبژاردن یه‌كیك بوه‌ له‌ خاڵى ناكۆكى نێوان لایه‌نه‌كان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×