"ژمارەیەك کارمەندی میدیای یەکێتی نامەیەک ئاڕاستەی سەرکردایەتی حیزبەکەیان دەکەن"
  2022-08-19       2461       

ئا: ئاوێنە

 

ژمارەیەك لە کارمەندانی دەزگاکانی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نامەیەك ئاڕاستەی سەرۆک و سەرکردایەتیی حیزبەکەیان دەکەن و رایدەگەیەنن، بڕینی موچەو كەمكردنەوە و سفركردنەوەی موچەی ئەو هەڤاڵ و كارمەندانەی یەكێتی "روداوێكی شۆك هێنەر بو"و دەشڵێن: ئەمەی یەكێتی دەستیداوەتێ ئەو گومانەی بۆ دروست كردوین كە پێدەچێت سەركردەكان بە فیتی حیزب و كەسایەتی دیكەی پارتە دیار و خاوەن پێگە و پارە، پێیان كراوە و ئامانجیش بۆ زیاتر بچوكبوونەوە و كەمبوونەوەی دەنگەكانی یەكێتییە.

ئەو كارمەندانە لە نامەكەیاندا لەژێر ناونیشانی "نان بڕینی سەدان كارمەندی راگەیاندن و ئۆرگانەكانی یەكێتی"، ئاماژەیان بەوەداوە كە "وەك ئاگادارن لەسەرەتای ئەم مانگەوە و كاتێك دابەشكردنی مووچەی مانگی تەموزی دامەزراوە میدیاییەكان و مەكتەب و ئۆرگانەكانی دیكەی (ی.ن.ك) دەستیپێكرد، بڕینی مووچەو كەمكردنەوە و سفركردنەوەی مووچەی ئەو هەڤاڵ و كارمەندانەی كە ساڵانێكی زۆرە خزمەتی میدیا و دامەزراوەكانی یەكێتیان كردووە كە بەشێكیان لەهەمانكاتدا كارمەندی حكومی بوون، رووداوێكی شۆك هێنەر بوو، ناردنەوەیان بۆ ماڵەوەو نانبڕینیان كارەساتێكی ناخ هەژێن بوو."

ئەوەشیان خستۆتەڕو"هەروەها بڕینی بودجەی چەند ناوەند و دامەزراوەیەكی دیكەی یەكێتی لەوانەش دیارترینیان (تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر) كە لەلایەن تێكۆشەرێكی دێرین و هەڤاڵێكی ماندووی یەكێتی سەرپەرشتی دەكرێت هێندەی تر دۆخێكی نالەباری دروستكردووە."

ئەو كارمەندانەی راگەیاندنی یەكێتی ئەوەشیان وتوە"بەهەموو شێوەیەك پشتگیریی چاكسازی و رێكخستنەوەی میلاكات و مووچە دەكەین، بەڵام نەك ئەوانەی كارمەندی حكومەتن راستەوخۆ مووچەیان ببڕێت و سفر بكرێتەوە، بەڵكو دەكرێت بەچاوخشاندنەوە بەو بڕیارە نادادپەروەرە، رێز لەكاركردنی چەندین ساڵەیان بگیرێت و مووچەكانیان لەگەڵ مووچەكانی حكومەتیان بۆ رێك بكرێتەوە رێژەیەك دیاری بكرێت و دەشزانین كە لەهەندێك مەكتەب و ئۆرگاندا پێوەری (800 هەزار تاوەكو 1.200) هەزار دینار دیاریكراوە، واتە دەبێت كارمەندان لەو بڕە مووچە بەهەردوو مووچە حزبی و حكومییەكان تێنەپەڕێت، چونكە زۆر دەزگای تر ئەوەش پەیڕەوە نەكراوە."

ئاماژەیان بەوەشداوە كە "ئەو هەڤاڵ و كارمەندانەشی كە مووچەیەكی حزبیان هەیە و لەحكومەتدا نین، دەكرێت مووچەكانیان بۆ زیاتر بكرێت، تاوەكو بڕی پارەی بەردەستی ئەنجامی چاكسازییەكان شەفافی پێوە دیار بێت."

هەروەها داواشیان كردوە"چاو بەمووچە و نەسریەی هەڤاڵانی دەستەی كارگێر و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەب و ئۆرگانەكانی دیكە بخشێندرێتەوە."

بەبڕوای ئەو كارمەندانەی راگەیاندنی یەكێتی"ئەمە وادەكات هێندەی تر یەكێتی لەرووی راگەیاندن و رێكخستنەوە روو لەپاشەكشە بكات و باجێكی قوڕس دەدات، ئەمجارە لەوەی ساڵی 2009 و جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان كە بووە هۆكاری كەم بوونەوەی كورسی و دەنگەكانی یەكێتی."

هەروەها پێشیان وایە "ئەمەی ئێستا یەكێتی دەستیداوەتێ ئەو گومانەی بۆ دروست كردوین كە پێدەچێت سەركردەكان بە فیتی حیزب و كەسایەتی دیكەی پارتە دیار و خاوەن پێگە و پارە پێیان كراوە و ئامانجیش بۆ زیاتر بچووكبوونەوە و كەمبوونەوەی دەنگەكانی یەكێتیە لەهەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی پەرلەمانی كوردستان."

لەكۆتاییشدا داوایان كردوە كە ئەو بڕیارە چاوی پێدا بخشێندرێتەوە.

دەقی نامەكە:

 

 بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان

‎قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی سكرتاریەتی مام جەلال

‎خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، سەرپەرشتیاری مەڵبەندەكانی یەكێتی

‎مەكتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی یەكێتی

‎دەستەی كارگێڕ و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی

‎ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی

‎ئەنجومەنی باڵای بەرژوەندی و سیاسی یەكێتی

‎بابەت / نان بڕینی سەدان كارمەندی راگەیاندن و ئۆرگانەكانی یەكێتی

 

‎بەڕێزان، وەك ئاگادارن لەسەرەتای ئەم مانگەوە و كاتێك دابەشكردنی مووچەی مانگی تەموزی دامەزراوە میدیاییەكان و مەكتەب و ئۆرگانەكانی دیكەی (ی.ن.ك) دەستیپێكرد، بڕینی مووچەو كەمكردنەوە و سفركردنەوەی مووچەی ئەو هەڤاڵ و كارمەندانەی كە ساڵانێكی زۆرە خزمەتی میدیا و دامەزراوەكانی یەكێتیان كردووە كە بەشێكیان لەهەمانكاتدا كارمەندی حكومی بوون، رووداوێكی شۆك هێنەر بوو، ناردنەوەیان بۆ ماڵەوەو نانبڕینیان كارەساتێكی ناخ هەژێن بوو، هەروەها بڕینی بودجەی چەند ناوەند و دامەزراوەیەكی دیكەی یەكێتی لەوانەش دیارترینیان (تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر) كە لەلایەن تێكۆشەرێكی دێرین و هەڤاڵێكی ماندووی یەكێتی سەرپەرشتی دەكرێت هێندەی تر دۆخێكی نالەباری دروستكردووە.

‎بەڕێزان، ئێمە وەك ژمارەیەكی زۆر لەمیدیاكاران و هەڤاڵانی مەكتەبی راگەیاندن و مەكتەب و ئۆرگانەكانی دیكەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، دەمانەوێت بۆ رایگشتی و هەڤاڵانی بەرپرسی یەكێتی ئەم چەند خاڵە بخەینەڕوو..

‎1-بەهەموو شێوەیەك پشتگیریی چاكسازی و رێكخستنەوەی میلاكات و مووچە دەكەین، بەڵام نەك ئەوانەی كارمەندی حكومەتن راستەوخۆ مووچەیان ببڕێت و سفر بكرێتەوە، بەڵكو دەكرێت بەچاوخشاندنەوە بەو بڕیارە نادادپەروەرە، رێز لەكاركردنی چەندین ساڵەیان بگیرێت و مووچەكانیان لەگەڵ مووچەكانی حكومەتیان بۆ رێك بكرێتەوە رێژەیەك دیاری بكرێت و دەشزانین كە لەهەندێك مەكتەب و ئۆرگاندا پێوەری (800 هەزار تاوەكو 1200) هەزار دینار دیاریكراوە، واتە دەبێت كارمەندان لەو بڕە مووچە بەهەردوو مووچە حزبی و حكومییەكان تێنەپەڕێت، چونكە زۆر دەزگای تر ئەوەش پەیڕەوە نەكراوە.

‎2-ئەو هەڤاڵ و كارمەندانەشی كە مووچەیەكی حزبیان هەیە و لەحكومەتدا نین، دەكرێت مووچەكانیان بۆ زیاتر بكرێت، تاوەكو بڕی پارەی بەردەستی ئەنجامی چاكسازییەكان شەفافی پێوە دیار بێت.

‎3- داواكارین چاو بەمووچە و نەسریەی هەڤاڵانی دەستەی كارگێر و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەب و ئۆرگانەكانی دیكە بخشێندرێتەوە.

‎4- نیگەرانین كە تا ئێستا هیچ هەڤاڵ و سەركردەیەكی یەكێتی لەسەر ئەم پرسە نەهاتوونەتە دەنگ و روونكردنەوەیان نەداوە و بەو هۆیەشەوە وایلێهاتووە سۆشیال میدیا بۆتە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری گەرمی رۆژانە و كاریگەری خراپی لەسەر دەروونی سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتی دروستكردووە بەوانەی دەركراون و نانیان بڕاوە و ئەوانەشی كە هێشتا لەئۆرگانەكان كاری خۆیان دەكەن.

‎5- ئاگادارین لەئێستاوە لەلایەن پارت و كەسایەتییە سیاسیە دیار و سەرمایەدارەكانی كوردستان دەستكراوە بەكڕین و كۆكردنەوەی ئەو كادارانەی مووچەیان كەم كراوەتەوە یان نانیان بڕاوە، دڵنیایی دەدەین ئەمە وادەكات هێندەی تر یەكێتی لەرووی راگەیاندن و رێكخستنەوە روو لەپاشەكشە بكات و باجێكی قوڕس دەدات،ئەمجارە لەوەی ساڵی 2009 و جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان كە بووە هۆكاری كەم بوونەوەی كورسی و دەنگەكانی یەكێتی .

‎لەكۆتاییدا پێمانوایە ئەمەی ئێستای یەكێتی دەستیداوەتێ ئەو گومانەی بۆ دروست كردووین كە پێدەچێت سەركردەكان بە فیتی حیزب و كەسایەتی دیكەی پارتە دیار و خاوەن پێگە و پارە پێیان كراوە و ئامانجیش بۆ زیاتر بچووكبوونەوە و كەمبوونەوەی دەنگەكانی یەكێتیە لەهەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی پەرلەمانی كوردستان.

‎ئومێد دەكەین هاوشێوەی كەناڵی ئاسمانی كوردسات بەرەچاوكردنی دادپەروەری و رێزگرتن لەتێكۆشان و ماندووبون و تەمەن بەخشینی كادران و هەڤاڵان ئەو بڕیارە چاوی پێدا بخشێندرێتەوە تاوەكو لەكاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی 8 هەڤاڵانی رێكخستنەكان كە ئێستا ئەوانیش داوای دوا مووچەی حزبیان لێكراوە وەك هەڤاڵانی راگەیاندنكار و تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێریان لێنەیەت كە تائێستا سەرجەم راگەیاندنكارەكانیان بەحزبی و حكومییەوە مووچەی مانگی 7 یان وەرنەگرتووە و بودجەی دەزگاكەش بەتەواوی لەلایەن ئیدارەی گشتیەوە راگیراوە.

 ‎ژمارەیەك لە میدیاكار و كادران و هەڤاڵانی دەركراوی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×