بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگیی ئەندامێکی بنەماڵەی سەدام حسێن، سەرۆکی دیکتاتۆری پێشووتری عێراق کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە کە تیایدا داوا دەکات، چارەنوسی نەوەکەی کە لە لوبنان دەستگیرکراوە ئاشکرا بکرێت و ڕادەستی عێراقیش نەکرێتەوە.
ئاوێنه: تۆمارێکی دەنگی سەعد سەبعاوی، برازای سەدام حسێن، سەرۆکی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو بڵاوبووەوە کە تیایدا داوای لە ڕێکخراوە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کردووە کە دەستوەردان بکەن بۆ زانینی چارەنوسی نەوەیەکی بەناوی (عەبدوڵا یاسر سەبعاوی) کە لە وڵاتی لوبنان، لە حوزەیرانی ڕابردووەوە دەستگیرکراوە.
ماڵپەڕی عەرەبییە لە زاری سەرچاوەەیەکی باڵای ئەمنیی لوبنانی بڵاویکردووەتەوە، نەوەی برازەکەی سەدام حسێنی سەرۆکی دیکتاتۆری پێشووتری عێراق لەلایەن دەزگای ئاسایشی گشتیی لوبنانەوە دەستبەسەرکراوە، ئەوەش بە تۆمەتی پەیوەندیی بە ڕێکخراوی داعش.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ئەوەی ناوبراو لوبنانی نییە، لە ئەگەری ئازادنەکردنیدا، ئەگەر هەیە کە ڕادەستی عێراق بکرێتەوە.
لە وتەکانیدا لەو تۆمارەی بڵاوبووەتەوە، برازاکەی سەدام حسێن دەڵێت، " عەبدوڵا یاسر کاتێک دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام عێراقی جێهێشتووە تەمەنی هەشت ساڵان بووە و لەوکاتەوە نەگەڕاوەتەوە عێراق، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی دەکرێن ڕاست نین."
هاوکات داواشی کردووە، "ئەو خەڵکانەی بە ویژدانن دەستوەردان بکەن بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی لوبنان نەتوانن عەبدوڵا یاسر سەبعاوی رادەستی حکومەتی عێراق بکەن."