پۆلیسی هەولێر ئاشكرایكرد كە لەسەر دو تاوانی جیا توانیویانە چوار تۆمەتبار
دەستگیربكەن. تاوانەكان پێكهاتون لە دزی و رفاندنی جانتای ئافرەتان.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لەبەیاننامەیەكدا
ئاشكرایكرد كە دوای ئەوەی پۆلیس ئاگادار کرانەوە بە بونی دو ڕوداوی جیا لە سنوری
بنکەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی باکور، پۆلیس دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەم دو ڕوداوە
کردەوەو توانی ناسنامەی چوار تۆمەتبار ئاشکرا بکات و دەستگیریان بکات.
لەوبارەیەوە ئومێد عارەب عەبدوڵا، ئەفسەری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی باکور ڕایگەیاند
کەوا ئاگادارکراینەوە بە بونی دو ڕوداوی دزی لەسنوری بنکەکەمان ئێمەش دەستبەجێ دۆسیەی
لێکۆڵینەوەمان بۆ ئەم دو ڕوداوە کردەوە توانیمان چوار تۆمەتبار دەستگیر بکەین.
تۆمەتباران دوای دەستگیرکردنیان دانیان نا بە تاوانەکانیان.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە روداوی یەكەمدا دو تۆمەتبار بە ناوەكانی (ق. ع.
ا.) تەمەن (۲۹)ساڵ، (هـ. ع. ا.) تەمەن (۲۳) ساڵ هەڵسابون
بە دزینی دو ماتۆری سێ تایە، دواتر لەکاتی بڕینی دوکانێک پۆلیس توانی دەستگیریان
بکات.
ئەو دو تۆمەتبار بەپێی مادە (٤٤٦) لە یاسای سزادانی عێراقی بەندن.
ئەوەشی خستۆتەڕو كە لەڕوداوی دوەمدا دو تۆمەتبار بە ناوەكانی (هـ. ک. هـ.)
تەمەن (۱٥) ساڵ، (ئـ. ا. ع.) تەمەن (۱٤ْ) ساڵ هەڵسابون
بە ڕفاندنی جانتای ئافرەتان لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کە لە نێو جانتاکان بڕێکی
زۆر پارەو مۆبایل و ناسنامەی تێدا بوە.
ئاشكراشیكردوە كە ئەو دو تۆمەتبارە بەپێی مادە (٤٤٤) لە یاسای سزادانی
عێراقی بەندن.
