ئا: ئاوێنە
میخائیل سێرگیڤیچ گۆرباچۆڤ، دواهەمین سەرکردەو دواهەمین یادگاری یەکێتی سۆڤیەتو یەکێک لەکاریگەرترین کەسایەتییە سیاسییەکانی سەدەی بیستەم، رۆژی سێشەمە ٣٠ی ئاب لەتەمەنی ٩١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، هەرچەندە ئەو لەزۆربەی جیهاندا ستایش دەکرا، بەڵام لەسێ دەیەی رابردودا بە"گۆشەگیریی" ژیانی لەزێدی خۆیدا بەسەربرد.
گۆرباچۆڤ لەتەمەنی ٥٤ ساڵیدا لەکەشێکدا هاتە سەر دەسەڵات کە یەکێتی سۆڤیەت لەلایەن پیاوە پیرو نەخۆشەکانەوە سەرکردایەتی دەکرا، گەندەڵی رەگو ڕیشەی لەتانو پۆی یەکێتی سۆڤیەتدا داکوتابو، سەرکردەو پاسەوانە دێرینەکانی سۆڤیەت بەدرێژایی زیاتر لە ٦٠ ساڵ رێگەیان نەدابو چاکسازی لەو وڵاتەدا بکرێت، بەڵام میخائیل دوای هاتنە سەر دەسەڵات لەساڵی 1985 هەوڵیدا یەکێتی سۆڤیەت بکاتە وڵاتێکی نەرمو نزیک لەڕۆژئاوا بەهەنگاونان بەرەو دروستکردنی فەزای کراوەی سیاسیو ئابوری.
گۆرباچۆڤ، بەپەرۆشەوە سیاسەتی چاکسازی لەژێر دروشمەکانی گلاسنۆست (ئازادی رادەربڕین)و پێرێسترۆیکا (بنیاتنانو ئابوری ئازاد)دا داڕشت.
لەسەدەی بیستەمدا کەم سەرکردە هەبون کە کاریگەرییەکی وا گەورەیان لەسەر سەردەمی خۆیان هەبووبێت بەئەندازەی گورباچۆڤ. گۆرباچۆڤ لەماوەی کەمتر لە ٦ ساڵی دەسەڵاتیدا (١٩٨٥ تا ١٩٩١)، سەرتاسەری جیهانو جیهانبینیو کەشوهەوای سیاسی گۆی زەوی گۆڕی. کۆتایی بەپشبڕکێی خۆپڕچەککردن لەگەڵ ئەمەریکا هێنا، پەردەی ئاسنینی نێوان رۆژهەڵاتو رۆژئاوای ئەوروپا لابرد، کۆتایی بەبونی هێزی سەربازیی سۆڤیەتو سوپای سور لەئەفغانستان هێنا، بەبێ توندوتیژیو خوێنڕشتن دیواری بەرلین روخاو هەردو ئەڵمانیا یەکیانگرتەوەو لەساڵی ١٩٨٨دا تاکلایەنە ٥٠٠ هەزار سەربازی یەکێتی سۆڤیەتی لەڕۆژهەڵاتی ئەوروپا کشانەوە، بەدوای ئەوەشدا بۆ یەکەمجار وەک سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت لەگەڵ پاپا یۆحەننا پۆڵسی دووەم کۆبونەوەیەکی مێژوویی ئەنجام دا.
لەپێنج مانگێکی هەژێنەری ساڵی ١٩٨٩دا، شاهیدی داڕمانی سیستەمی کۆمۆنیستی بو لەباڵتیکەوە تا باڵکانو دواجار یەکێتی سۆڤیەتیش هەرەسی هێناو پەیمانی سەربازی وارشۆ هەڵوەشایەوەو سەرەنجام نەخشەی ئەوروپای گۆڕیو بەملیۆنان مرۆڤی لەسایەی سیستەمی تۆتالیتاری تاک حیزبیو دەسەڵاتی پۆڵایینی شیوعیەکان ئازاد کرد.
گۆرباچۆڤ کۆتایی بەگرنگترین قۆناغی مێژوویی سەدەی بیستەم هێنا، کە ئەویش قۆناغی "جەنگی سارد" بو. گۆرباچۆڤ لەساڵی ١٩٩٠ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێنا بەهۆی ڕۆڵی لەکۆتایی هێنان بە جەنگی سارد، ئەو سەرکردەیەکی مێژوویی بو، خوازیاری جیهانێکی دوور لەجەنگو کوشتارو ترس بو، داڕوخانی چەكدارترینو شەڕەنگێزترین سیستەمی تاک حیزبی ئەو سەردەمە، بەرهەمی کارو گۆڕانکارییەکانی ئەو بون.
ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی لەدەیەی هەشتای سەدەی رابردودا "گلاسنۆستوپێرێسترۆیکا" هێنایانە ئاراوە، بەئەندازەیەک دەنگدانەوەو کاریگەرییان لەجیهاندا دروستکرد، کە بیرمەندی ناودارو راستڕەوی کورد "مەسعود محەمەد" کتێبێکی بەناوی "بۆ گۆرباچۆڤی مەزن، لەگەڵ سڵاوو هیواخوازیدا" نوسیو ستایشی ناوبراوی کرد بەهۆی گرتنەبەری ئەو سیاسەتەوە، لەبەرامبەریشدا چەپو شیوعییەکانی کورد گورباچۆڤیان بە"خائینو تاوانبار بەرامبەر بەمارکسیزم" ناوبردوە.
گۆرباچۆڤ، لەساڵی 1931 لەگوندی پریڤۆلنۆی سەر بەناوچەی ستاڤرۆپۆلی باشوری رۆژئاوای روسیا لەبنەماڵەیەکی جوتیار لەدایکبووە، بۆ یەکەمجار لە تەمەنی 19 ساڵیدا بۆ خوێندن لەزانکۆ چوەتە مۆسکۆ.
لە کاتی خوێندنی یاسادا بو بەئەندامی لاوانی حیزبی کۆمۆنیست کە بە"کۆمسۆمۆڵ" ناسراوەو چالاکانە لەو رێکخراوەدا کاری حیزبی کرد.
گۆرباچۆڤ یەکەم سەرکردەی سۆڤیەت بو لەدوای لینینو لەنێو هەشت سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەتدا، یاسای تەواو کردبێتو لەهەڕەتی گەنجێتییەوە لەپال ئاشنا بون بەبیری مارکسو لینین، بەبیری ماکیاڤێلیو هۆبزو هیگڵو ڕۆسۆو چەندین بیرمەندی گەورەی جیهان ئاشنا بوبێت.
گورباچۆڤ بەخێرایی لەو سیستەمە ئاڵۆزەدا پلەکانی گەیشتن بەدەسەلاتی بڕی، لە11ی ئازاری 1985دا بوە یەکەم سکرتێری گشتی حزبی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤیەت، کە شۆڕشی ئۆکتەبەری 1917ی نەبینی بێت.
حزبی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤیەت لەماوەی سێ ساڵی پێش هاتنی ئەودا، لەدوای مردنی لیۆنید برێژنێڤەوە لەساڵی ١٩٨٢ەوە، دوو سکرتێری گشتی بەساڵاچوی ئەزمون کردبو: یۆری ئاندرۆپۆڤ کە تەنها ١٦ مانگ ئەو پۆستەی بەدەستەوە بو، کۆنستانتین چێرنێنکۆ لەشوباتی ١٩٨٤ تا ئازاری ١٩٨٥.
گۆرباچۆڤی تەمەن ٥٤ ساڵ، کە گەنجترین ئەندامی مەکتەبی سیاسی بو بەسکرتێری گشتی حزبی کۆمۆنیست، بەپێچەوانەی سکرتێرەکانی پێش خۆی، بۆی دەرکەوت کە جیهان گۆڕاوەو جیهانی نوێ پێویستی بەسیاسەتێکی نوێ هەیە، "گلاسنۆست"ی پەیڕەو کردو رێگەی بەچاپەمەنیو میدیای سۆڤیەت دا بۆ یەکەمجار لەماوەی حەوت دەیەی دەسەڵاتی تاریکی کۆمۆنیستیدا، باس لەکەموکوڕییەکان بکەنو بەدیدێکی جیاواز لەوەی کە لەلایەن حزبی کۆمۆنیست دیکتە دەکرا، بنوسن.
جۆرج شوڵتز، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کە لەو کاتەدا چاوی بەگۆرباچۆڤ کەوتوە، لەیاداشتەکانیدا دەنوسێت "گۆرباچۆڤ باش لەوە تێدەگەیشت کە یەکێتی سۆڤیەت دەبێت باجێکی قورس بدات بۆ گاڵتەکردن بەدیموکراسی. لەبیرمە سەرۆک ڕیگان هەر لەیەکەم کۆبوونەوەدا پێیوتبو: ئەوەی میللەتێک پێویستی پێیەتی ئازادی قسەکردنو دیموکراسییە، بۆ نمونە هەر هاوڵاتییەکی ئەمریکی دەتوانێت بێتە ئۆفیسەکەمو بەئاسانی ڕەخنە لەڕیگان بگرێت. لهوهڵامدا گۆرباچۆڤ بهگاڵتهوه وتبوی: بهپێچهوانهی بۆچونی ئێوه یهكێتی سۆڤیهت نامۆ نییه بهدیموكراسیو ئازادی رادەربڕین، لەیەکێتی سۆڤیەتیش خەڵک دەتوانن بێنە ئۆفیسەکەمو بەئاسانی ڕەخنە لەڕیگان بگرن!".
گۆرباچۆڤ لەکاتێکدا بوە سکرتێری گشتی، کە کێشەو قەیرانە سیاسیو ئابورییەکانی یەکێتی سۆڤیەت بەرادەیەک کەڵەکە ببون، چارەسەرو چاکسازییان ئەستەمو مەحاڵ بو، بودجەی زەبەلاحی سەربازیو خۆپڕچەککردن، مایەپوچ بونی خەزێنەی دەوڵەتو تەقینەوە لەڕیاکتۆری ئەتۆمی چێرنۆبیلو سەرهەڵدانی گروپە ناسیۆنالیستییەکان لەکۆمارو ناوچە جیاوازەکان، ئەوەندەی تر یەكێتی سۆڤیەتی لەمەرگ نزیک خستەوە.
گۆرباچۆڤ پاش زنجیرەیەک روداوی خێراو دراماتیکی لەیەکێتی سۆڤیەتو ئەوروپای رۆژهەڵاتدا، لە٢٥ی کانونی دوەمی ١٩٩١ دەستی لەپۆستی سەرۆکایەتی کێشایەوەو ڕۆژێک دوای ئەوە یەکێتی سۆڤیەت بەفەرمی هەڵوەشایەوە.
گورباچۆڤ چەند لەلایەن جیهانی رۆژئاواو راستڕەوو دژە چەپەکانی دنیاوە ستایش کراوە، بەهەمان ئەندازەو زیاتریش لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە سەرزەنشت کراوە، ئەو تۆمەتبار دەکرێت بەوەی ئەندازیاری هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەتو وڵاتە سۆشیالیستییەکانی ئەوروپای رۆژهەڵاتو پاشەکشەی بیری چەپ بو لەجیهاندا.
بەشێک لەهاونیشتمانییەکانیشی لەروسیا پێیانوایە دوای روخانی یەکێتی سۆڤیەت، روسیا شکۆمەندی خۆی لەدەست دا، هۆکارەکەشی چاکسازییەکانی گورباچۆڤ بو، کە شکستیان هێنا.
گۆرباچۆڤ دوای روخانی یەکێتی سۆڤیەت وەک هاوڵاتییەکی ئاسایی روسی ژیانی بەسەربرد، ئەو وەک روسەکان دەڵێن لەژیانی خێزانیدا کەسێکی دڵگەرم و بەخشندە بوە، یەکێک لەروداوە هەرە ناخۆشەکانی ژیانیشی مردنی "رایسا"ی هاوسەری بو لەساڵی ١٩٩٩دا بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە، رێسا کە ٤٦ ساڵ لەگەڵ گۆرباچۆڤ پێکەوە ژیان، بەمردنی هەمو ژیانی گۆرباچۆڤی گۆڕی، گۆرباچۆڤ لەیەکەم لاپەڕەی یاداشتەکانیدا کە ساڵێک دوای مردنی رەیسا بڵاویکردەوە، دەربارەی مردنی رایسا نوسیویەتی "ژیانم مانای ڕەسەنی خۆی لەدەستداوە، هەرگیز ئەوەندە هەستم بەتەنیایی نەکردوە".
گۆرباچۆڤ و رایسای هاوسەری